د. صەباحی غالب
نووسەر، بەريتانيا
…………………..
چ كار و پیشه‌یه‌ك، هیچ پاره و پله‌یه‌ك، هیچ هه‌ڵدان و ئافه‌رێنێك نه‌بوو، هیچ هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یه‌ك و هیچ حیزب و به‌ندیخانه‌یه‌ك نه‌بوو، حسێن عارف له نووسین، له چیرۆك و ڕۆمان داببڕێ، یا ده‌ستبه‌رداری سه‌ر به‌رزی و بیركردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستانه ببێ.
چیرۆكی “چای شیرین”
له پۆلی دووی ناوه‌ندی بووم، له گۆڤاری شه‌فه‌قدا كه له كه‌ركووك ده‌رده‌چوو، چیرۆكی “چای شیرین”ی حسێن عارفم خوێنده‌وه، ته‌مه‌نم هی ئه‌وه نه‌بوو كوڕێنی بكه‌م یا به كچاندا هه‌ڵڕوانم، دوای خوێندنه‌وه‌ی “چای شیرین”، پێمزانی هه‌ستم له خۆم گه‌وره‌تر بووه، جیهانم باڵا ده‌گرێ، فڕینی نێگاكانم له ئاسمانێكی بێ‌سنوور و بێماندووبووندا له باڵ ده‌ده‌ن، ناخم چ بۆ قووڵایی و چ بۆ دوندی ڕێگا ده‌گرێ، گیانم ختوكه‌ی دێ و هه‌ژانێك سه‌ره‌تاتكێم له‌گه‌ڵ ده‌كا، تێڕامان و سه‌رنج و هێما به‌ره‌و دڵ و ناخم ڕێچكه‌یان به‌ستووه.
وێنه و دیمه‌نه‌كانی كامێرای نیگا سیحراوییه‌كانی حسێن عارف بوونه‌ته تابلۆیه‌كی وا كه په‌ڕه‌موچه‌كه‌ی به ئاوی دڵ، به قه‌رزكردنی هه‌زار ڕه‌نگه‌ی سروشتی گه‌رمیان و كوێستان، له‌سه‌ر ته‌ختی ئاوریشمینیی ده‌وروبه‌ر و خه‌یاڵ، تابلۆی خۆشه‌ویستی ڕازاندۆته‌وه. منێكی مێرمنداڵی ئه‌و كاته نه‌مده‌زانی كه ئاخۆ حسێن عارف به قه‌ڵه‌م وشه و ڕسته ده‌نوسێ یا به توێی ئاوی دیده‌كانی ڕاز هه‌ڵده‌ڕێژێ. ئێستايش نازانم و ده‌زانم. كه ده‌زانم هه‌ر بۆخۆم ده‌زانم، به‌ڵام ناتوانم بۆ كه‌سێكی دیكه‌ی باس بكه‌م.
له چای شیریندا، له نێوان ئێستا و دوێنێدا، قاره‌مانه‌كان به پێی كات و جێگه و ڕێگه، هه‌سته‌كانیان گه‌شه ده‌كه‌ن و ئاره‌زووه‌كانیان چرۆ ده‌گرن، دوێنێ، دوێنێیه‌كی دوور و درێژ و پێكه‌وه دانیشتن و چاخواردنه‌وه، “مه‌حمود” كوڕه پاڵه‌وانه‌كه‌ی چیرۆكه‌كه، كه لای وه‌ستا و وه‌ستاژنی، دایك و باوكی “ئافتاو”ی كچه پاڵه‌وانه‌كه‌دا، چوار به چوار، پێكه‌وه داده‌نیشن و چا ده‌خۆنه‌وه، چوار كه‌سی چیرۆكه‌كه ڕۆژانه كۆده‌بنه‌وه، كۆڕ و به‌زمی چاخواردنه‌وه ده‌گێڕن، له سه‌ره‌تادا، كات ئاسایی تێده‌په‌ڕێ. ئه‌وجا، ده‌م به ده‌م گه‌شه ده‌كا، زه‌مین خۆی ڕاده‌خا و گه‌زۆی فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌ت له‌سه‌ر په‌ڕی دڵان ده‌بارێ، دواتر تێكه‌ڵاو ده‌بێ و تام ده‌گرێ، له دواییدا ده‌بێته حه‌لقه‌ی زیكری عیشقی كچ و كوڕێك.
“مه‌حمود و ئافتاو” بێ ئاگا له دنیای خۆشه‌ویستی و دوور له ته‌قه‌ی سه‌ر، دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕۆژان و مانگان و دانیشتن بۆ چاخواردنه‌وه، دڵی ئافتاو له ده‌ره‌وه‌ی سنگی، بێ ئۆقره هه‌ڵده‌په‌ڕی، سه‌رنجی كچ یا ژن، به‌رامبه‌ر به كوڕ یا پیاو، گه‌لێك وردتر و پڕ سۆز‌تره، هه‌ست و نه‌ستی ئه‌وان گه‌لێك هه‌راشتر و كاریگه‌رتره، له باڵدانی هه‌نگی نیگا شیله‌ییه‌كانی كچێك، گه‌ڕانه به دوای شانه‌ی كوڕێكدا، تا كۆڵی به‌رهه‌می هه‌نگوینی دانه‌نێ، ناحه‌سێته‌وه. له‌و گه‌ڕانه‌دا، باڵه‌كانی باوه‌شێنی ڕووی كوڕه‌كه ده‌كا، ئه‌گه‌ر كوڕه زۆر هه‌ستیار و حاڵی نه‌بێ، ئه‌وا پێوه‌ی ده‌دا و جۆره ئازارێكی وریاكردنه‌وه‌ی پێده‌به‌خشێ، لێره‌دا، مه‌حمود پێویست بوو له چزووی نازی ئافتاو تێ‌بگا، به‌ڵام جارێ مابووی دڵی ڕاپه‌ڕێ، نازی هه‌ڵگرێ، مه‌حمود حه‌قی بوو، چونكه زۆر كاری قورس و گه‌لێك ده‌ربڕینی ئه‌سته‌م و فره ئازایه‌تی له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی و جیهانی تایبه‌تی هه‌ر یه‌كێكماندا هه‌یه، به‌ڵام هیچی ناگاته گه‌رمه ساتی ده‌ربڕینیی (تۆم خۆشده‌وێ) به‌رامبه‌ر به كچێك، هیچ ئازایه‌تییه‌كیش له ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی دلێرتر نییه، ئه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه حسێن عارف له خۆشه‌ویستی “چای شیرین”دا ده‌ریبڕیوه، ئه‌و خۆشه‌ویستییه ڕاسته‌قینه ئه‌زه‌لیه‌یه كه به‌ستێنی بۆ پیرۆزی و مانه‌وه و گه‌شه‌كردن و گرشه‌ی بۆ ژیان بنیاد ناوه.
ئامانجی حسێن عارف له چیرۆكی “چای شیرین”دا، فێركردنی خۆشه‌ویستی پاكی ئینسانی، دامه‌زرانی په‌یوه‌ندی كچ و كوڕی كورده بۆ پێكهێنانی خێزان، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه له‌سه‌ر بناغه‌ی خۆشه‌ویستی، پاكی و ڕێزی به‌رامبه‌ر هه‌ڵبچنرێ، له سه‌رچاوه‌ی دڵ و ناخ، له هه‌ست و ویژدانه‌وه به تێكه‌ڵاویی له‌گه‌ڵ ژیریی، سه‌رچاوه هه‌ڵبگرێ.
چیرۆكی “چاڵی جه‌رگی پیرێژن“
له “چاڵی جه‌رگی پیرێژن”دا، باسی ڕۆژانی قه‌ده‌غه گه‌وره‌كه‌ی 9ی حوزه‌یرانی ساڵی 1963ی شاری سلێمانی ده‌كا، ئه‌و ڕووداوه كاره‌ساتاوییه‌ی كه تا ئێستايش تین و تاوی له‌سه‌ر خه‌ڵكی شار و له‌سه‌ر مێژوویی سیاسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به تایبه‌تی له باشوور به‌جێهێشتووه. حسێن عارف به هه‌ستی ڕووناكبیرێكی گه‌وره‌ی سیاسی و به گیانێكی لێزانینی ڕه‌هه‌ندی مێژوویی، به تێكه‌ڵاوییه‌كی شاره‌زایانه‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتێكی به‌رز، مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ڕووداوه دڵته‌زێنه‌كه كردووه. چیرۆكه‌كه له لایه‌كه‌وه تۆمارێكی مێژوویی و سیاسییه، له لایه‌كی دیكه‌وه، پارچه‌یه‌كی یه‌كجار گرشه‌داری هونه‌ری به باڵای كاره‌ساته‌كه‌دا بڕیوه.
چیرۆكی “چاڵی جه‌رگی پیرێژن” له ڕێگای كه‌سه سه‌ره‌كییه‌كه‌یه‌وه كه پیرێژنێكه، به‌وپه‌ڕی گیانی دایكایه‌تییه‌وه، به ئه‌ندازه‌ی بێ بنی زه‌ریا، په‌رێشانی بێسنوری ناخی دایك بۆ كوڕه شه‌هیده‌كه‌ی ده‌ربڕیوه، نه‌ك ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شه‌هیده، به‌ڵكوو بۆ گه‌ڕان به دوای تووره‌كه‌یه‌ك كه پارچه‌كانی جگه‌ری تێدا كۆبكرێته‌وه و له گڵكۆیه‌كدا بیاننێژێ، تا جار به جارێك لایه لایه‌ی سه‌رده‌می منداڵی بۆ كۆرپه‌كه‌ی بڵێته‌وه. پیرێژنه‌كه، له‌ناو چه‌ندان گۆڕی به كۆمه‌ڵی ئه‌م دۆڵ و ئه‌و شی‌و، دڵ پڕ له ئازار، وێڵ و سه‌رگه‌ردانه به دوای ئێسك و پروسكی جگه‌رگۆشه‌كه‌یدا.
له چیرۆكه‌كه‌دا، پیرێژنه‌كه “به‌ردی به با ده‌كرد. چنگی له ئاسمان گیر ده‌كرد و به‌سه‌ر زه‌مینیدا داده‌ڕمان”
هاوار هاوار، پیرێژنه‌كه به قوڕگی پڕ له هه‌نیسك و گریانه‌وه، ده‌یوت و ده‌یوته‌وه:
“خه‌ڵكینه بۆ خوا، حه‌مه‌كه‌ی منیش بدۆزنه‌وه، ته‌نیا ئه‌وم هه‌بوو.” به‌و حه‌سره‌ت و ناسۆره‌وه، “ناخی زه‌ویی به برژانگی هه‌ڵده‌كۆڵی.”
ئه‌وه چیرۆكی گه‌ڕانه به دوای كۆمه‌ڵه ئێسقانی جگه‌رگۆشه‌یه‌كدا، به دوای ڕانك و چۆغه‌ی شه‌ڵاڵ شه‌ڵاڵ له خوێنی شه‌هێدێكی به كۆمه‌ڵی ناو شاری سلێمانیی 9ی حوزیرانی 1963، مخابن ئێمه تا ئێستا نازانین چه‌ند شه‌هیدمان كردۆته قوربانی ئازادی، ئه‌و نه‌زانینه‌يشمان له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه كه نازانین بۆ، چۆن و تا كه‌ی و چه‌ندی دیكه قوربانی بده‌ین و كێش دوژمنمانه و چۆن له‌گه‌ڵیان بجوڵێينه‌وه ….!
له پاشخانی چیرۆكه‌كه‌دا، مێژوویه‌كی دارا و سه‌رمایه‌یه‌كی هزر و هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی خاوێن هه‌یه، یه‌كڕیزی یه‌ك به یه‌ك و كۆمه‌ڵ به كۆمه‌ڵی خه‌ڵكی شار و خه‌ڵكی دێهات هه‌یه، ده‌سته و چینی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز، به بوونی پێشه‌وایه‌ك كه مه‌لا مسته‌فا بارزانی بوو ده‌بینرێ، به ڕێكخستنێكی دڵسۆزانه و لێزانانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان په‌یوه‌نددار بوو. پێش دووبه‌ره‌كییه پڕ كاره‌ساته‌كه‌ی 1964، هه‌موو كورد بۆ هه‌ڵاتنی خۆری ئازادی له باشووری وڵاته‌وه، له چاوه‌ڕوانیدا بوون.
له‌و چیرۆكه‌دا، حسێن عارف ده‌یه‌وێ مانای مردنی جه‌سته‌یی شه‌هیدێكی كاره‌ساتی 9ی حوزه‌یران وه‌ك هه‌ر شه‌هیدێكی كورد له هه‌ر شوێنێكی كوردستان، بكاته مانایه‌كی مه‌عنه‌ویی هه‌تا هه‌تایی، هاوكات ویستویه‌تی بیسه‌لمێنێ كه سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه، ڕه‌مزی پێشه‌وای بزوتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه و ڕێكخستنێكی به‌هێز، ئه‌وه ده‌هێنێ كه قوربانییان له پێناودا بدرێ. حسێن عارف ڕووداوه‌كه‌ی له یاده‌وه‌ریدا هێشتۆته‌وه، زۆر چاكیش ئه‌وه‌ی زانیوه كه بێ پاراستنی یاده‌وه‌ری، خه‌ڵك نابێته نه‌ته‌وه، ئه‌وه‌يشی زانیوه كه ئه‌گه‌ر كورد و ڕێكخسته‌نه‌كانی، له‌سه‌ر گه‌وره‌یه‌ك ڕێك نه‌كه‌وین، هه‌موومان بچوكین، كه‌چی، دوای تێپه‌ڕبونی 63 ساڵ به‌سه‌ر 9ی حوزه‌یراندا، هێشتا، نازانرێ كه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران سه‌ر ده‌نێن به خزمه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه له پێناوی كورد و كوردستاندا خۆیان كرده قۆچی قوربانی.
من وا ده‌زانم حسێن عارف چیرۆكنووسێكی گه‌وره‌ی دارای هۆشیاری و هزری ئینسانی و كوردییه، خاوه‌نی بیر و تێڕوانینێكی فراوانی ڕۆشنبیرییه، سیاسییه‌كی به ئه‌خلاق و دڵسۆز بوو، براده‌رێكی باش و دڵسۆزی هاوه‌ڵه‌كانی بوو. كه ده‌گه‌ڕامه‌وه سلێمانی، ده‌چوومه دیده‌نی، هه‌موو جارێكیش ده‌یگوت: صه‌باح تۆ نه‌بێ كێ سه‌رم ده‌دا! منیش هیچ چارێكم نه‌بوو، ئه‌وه نه‌بێ دڵیم ده‌دایه‌وه. هه‌زار هه‌زار مخابن، دیار بوو، حسێن پێش مردنه‌كه‌ی فرمێسكی بێ نازی بۆ خۆی ده‌ڕشت.
ئه‌مه كاره‌ساته! بۆیه، با پێش مردنی هه‌ر پیاوێكی گه‌وره، خۆیان بۆ خۆیان بگرین، با پێش مردنیان، ئه‌وانه‌ی دڵسۆزی یه‌كدین و یه‌كدییان خۆشده‌وێ، چله‌ی ماته‌مینی بۆ خۆیان بگێڕن! دوای ئه‌وه شه‌رمه‌زارییه چله‌یان بۆ بگرن و وتاری بێ مانا و پێداهه‌ڵدانیان بۆ ڕێكبخه‌ن.
ڕۆژ ڕۆژی داڕمانی پیرۆزی ڕه‌وشت و داب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوو، زمان و ئه‌ده‌بیاتی كوردییه، بێ ئه‌وانه‌يش سیاسه‌ت ناتوانێ به پێوه خۆ ڕابگرێ.
حسێن عارف نووسه‌رێكی هێند به ئه‌ده‌ب و به‌رز بوو، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورده‌وه له ساڵی 1970وه، پشتگیر و یاریده‌ری هه‌موو ئه‌و لاوانه بوو كه تروسكه‌ی ئه‌ده‌بییان تێدا ده‌رده‌كه‌وت، هانده‌ریان بوو، ئیمزای بوونه ئه‌ندامیانی بۆ ده‌كردن، له گۆڤاری نووسه‌ری كورد و ڕۆژنامه‌ی هاوكاریدا، نووسین و شیعری بۆ بڵاو ده‌كردنه‌وه، به مانایه‌كی دیكه، ڕۆحی ئه‌و، ڕۆحی به‌خشنده‌یی و هه‌ڵنان و بردنه پێشه‌وه‌ی لاوان و به‌هره‌مه‌ندان بوو.
به‌هه‌ر حاڵ، حسێن عارف، یه‌كێكه له‌و پیاوه گه‌ورانه‌ی كورد، دواتر ده‌ناسرێ، خۆی ئه‌وه‌ی ده‌زانی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌يشدا وه‌ڕز نه‌ده‌بوو، بۆیه ئه‌و به‌رده‌وام شمشاڵی بۆ گه‌وره‌یی مرۆڤی كورد و بۆ ئازادی كوردستان و بۆ به‌خته‌وه‌ری ئینسان لێ ده‌دا.

