دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
………………………..
لە داوێنی گردەکانی شارۆچکەیەکدا کە کزەبای ئێواران و خوڕەی ئاو تێكەڵ ببوو، ماڵێکی بچووک ڕێک بەرانبەر ڕووبارێکی مەنگ و لێڵ بەپێوە ڕاوەستابوو. لەو ماڵەدا ژنێک دەژیا بە ناوی شەپۆل. قژێکی تێکئاڵاوی هەبوو و چاوەکانی وەکوو قووڵایی ئاوەکە بەئاگابوون، ناویان نابوو شەپۆل چونکە نە ڕەشەبا دەیخست و نە تەمەڵی دەیگیرساندەوە. لە کەناری ئاوەکەدا بەلەمێکی دارینی کۆنەساڵی بەستبووەوە کە ناوی نابوو (بەلەمی هیوا). شەپۆل بۆ هەر ئامانجێک، بۆ هەر هەنگاوێکی ژیانی، دەبوایە سواری بەلەمەکە بێت و جەرگی ڕووبارەکە شەق بکات تا دەگاتە کەناری ئەوبەر.
لە دەمەوئێوارەیەکدا، کاتێک تەمێکی سووک سنگی ڕووبارەکەی دابۆشیبوو، شەپۆل سەوڵی دەستەکانی خستەکار و بەلەمەکەی خستەڕێ. لە ناوەڕاستی ئاوەکەدا، لەپڕ بەلەمەکە وەک ئەوەی لە بەردێک گیر ببێت، وەستا و لەنگەری گرت. شەپۆل لەسەر چۆک دانیشت و خۆی چەماندەوە، بە ناو ئاوە ساردەکەدا تەماشای کرد، گوریسێکی ئەستووری ئەڵقەکراو بە ژێر دارەکانی بەلەمەکەوە ئاڵابوو. بە هەردوو دەستی گوریسەکەی ڕاکێشا، جەستەی کچ و کوڕێکی گەنج سەر ئاوەکە کەوتن، دەستەکانیان بەو گوریسە توند بەیەکەوە بەسترابوو، چاوەکانیان داخرابوو و ڕەنگیان پەڕیبوو.
شەپۆل بە پەلە ڕای کێشانە ناو بەلەمەکە، سنگی دانە دانەیانی دەشیلا تا ئاوەکەیان هەڵهێنایەوە و هۆشیان هاتەوە بەر. کوڕەکە بە دەنگێکی لەرزیوەوە، کاتێک دەستی کچەکەی گووشی، گوتی: ئێمە عاشق بووین… بەڵام ماڵەوەمان بەڵێنی پێشتریان شکاند و ڕازی نەبوون بەیەک بگەین. بڕیارماندا بێکەس و بێهیوا پێکەوە بچینە بن ئاوەکە…
شەپۆل بە دەستەکانی، جلی تەڕی سەرمابردوویانی جەستەیانی داپۆشی، چاوی بڕییە ناو چاوەکانیان و بە هێمنی گوتی: گەنجینە، ژیان کورتترە لەوەی بە هۆی بەڵێنی شکاوی خەڵکەوە دەستبەرداری ببن. خۆشەویستیی پاک شایەنی ئەوەیە لەسەر زەوی ململانێی بۆ بکرێت، نەک لە ناخی ئاودا بپوکێیتەوە. ئێستا لەسەر ئەم بەلەمە پارێزراون، لە دونیای مندا خۆشەویستی ناخنکێت، دەبێتە کانیی ژیان.
ڕۆژێکی تر، شەپۆل کاتێک سەوڵی دەدا، دیمەنێکی سەیر جەرگی هەژاند، مامۆستایەکی پیر، جلی کۆنی لەبەردا بوو، بڕوانامە و کتێبەکانی تا هێزی تیابوو فڕێی دەدانە ناو ئاوەکە. پەرەی کتێبەکان وەکوو پەپوولەی مردوو لەسەر ئاوەکە دەکەوتن.
شەپۆل بەلەمەکەی نێزیک کردەوە، دەستی درێژ کرد و دەستە لەرزیوەکانی مامۆستاکەی گرت: مامۆستا، بەو ڕەنجی تەمەنەوە بۆچی زانست دەدەیتە دەست ڕووبارەکە؟
مامۆستاکە بە گەروویەکی پڕ لە هەنسکەوە گوتی: ئەو خوێندکارەی جاران تەمبەڵ بوو و هیچ بەڵێنێکی زانستی نەدەبردە سەر، ئێستا بووە بە دەسەڵاتدار و هەڕەشەی نانبرینم لێ دەکات! ئیتر فێرکردن چ نرخێکی ماوە؟
شەپۆل چووە پەنای و دانیشت، دەستی خستە سەر شانی و گووتی: دەسەڵاتی زاڵمان وەکوو کەفی سەر ئاو وایە، بەڵام زانیاریی تۆ وەکوو گەوهەری بن ڕووبار دەمێنێتەوە. تۆ ئەقڵت پێیە و من دونیایەکم هەیە برسیی زانستە. وەرە گۆشەیەکی دونیای من ئاوەدان بکەرەوە، چونکە هیچ نەزانێک ناتوانێت چۆک بە زانستی ڕاستەقینە دابدات. مامۆستاکە سەیری چاوە پر لە بڕواکانی شەپۆلی کرد، بڕوانامەکانی لە ئاوەکە دەرهێنایەوە و شوێنی کەوت.
لە پەڕینەوەیەکی تردا، کاتێک تەمێک سنگی کەناری ڕووبارەکەی داپۆشیبوو، چەتەیەک بە چەکێکی زەبەلاحەوە لە پشت بەردێکی گەورەی کەنارەکەوە بازیدا و هاواری کرد: تەواوی پارەکانت دەربێنە ئەگەرنا لێت دەدەم! شەپۆل بێ ئەوەی چاوێک بتروکێنێت، کەوانەی پشتی ڕاست کردەوە و گووتی: تۆ بەڵێنت بەم ژیانە دابوو پارێزەری هێزی خۆت بیت، کەچی ئێستا بوویتە دیلی ترسی خۆت و ڕێگری لە خەڵک دەکەیت؟ پەیمانی پیاوەتی پارێزگارییە، نەک تاڵانی. چەتەکە کاتێک جەستەی هێمن و بێترسی شەپۆلی بینی، چەکەکەی لە دەست کەوت وبە شەرمەزارییەوە سەری داخست، شەپۆل دەستی گرت تا هێزەکەی لە ناو ماڵە نوێکەی ئەوبەردا بۆ ئاوەدانی بەکاربهێنێت.
ڕۆژێکی تر، لەسەر بەردێکی سارد، پیرەمێردێکی تەمەن نیشتووی بینی کڵاوەکەی خستبووە سەر چاوی و بە کوڵ دەگرییا و دەیگووت: تەمەنم بە بەڵێنی پووچی خەڵکی بەفیڕۆ دا، لە نیوەی ڕێگەدا هەموویان جێیان هێشتم. شەپۆل لە پەنایدا دانیشت و گووتی: مامە گیان، قورسیی پەیمانی شکاو لەسەر شانی ئەوانەیە کە بەڵێنیان داوە و نەیانبردۆتە سەر، نەک تۆ. وەرە ئەزموونی تەمەنت ببارێنە بەسەر ئەو گەنجانەی سەرگەردانن.
لەڕۆژێکی پایزدا کە ڕەشەبا جەنگی لەگەڵ گەڵای دارەکان دەکرد، کاتێک شەپۆل لە بەلەمەکەی دابەزیبوو تا هەندێک پێداویستی بێنێت، دوای گەڕانەوەی دیمەنێکی سەیری بینی، کۆمەڵێک منداڵ بە پەڕۆی شڕ و جلی دڕاوەوە، هێزێکی زۆریان بەکار دەهێنا تا پاڵ بە بەلەمە دارینەکەیەوە بنێن، بیدەن بەدەمی ئاوەکەوە و بشکێت. شەپۆل بە هێمنی لێیان نێزیک بووەوە و پرسیاری لێ کردن. لەگفتوگۆ کردنیانەوە تێگەیشت کە ئەم منداڵانە بێسەرپەرشت و ئاوارەن، لە تووڕەیی و بێپەناییدا پەنایان بۆ تێکدان بردووە.
شەپۆل بزەیەکی میهرەبانانەی بۆ کردن، دەستەکانی گرتن و گووتی: منداڵینە، بۆچی ئەو هێزە زۆرەی لە دەستتاندایە بۆ تێکدان و شکاندنی ئەم بەلەمە بەکاری دەهێنن؟ وەرن سواری بەلەمەکەم ببن، ئەو هێز و ئیرادەیەی لە ناختاندایە لەگەڵ من بەکاری بهێنن تا لە دونیای نوێدا بەلەم و داهاتوویەکی جوانتر دروست بکەین. منداڵەکان کە میهرەبانیی چاوەکانی شەپۆلیان بینی، دەستەکانیان لێبەردا و بە خۆشحاڵییەوە سواری بەلەمی هیوا بوون. شەپۆل نیشانی دان کە هێزی ڕاستەقینەی خانمێک لەوەدا نییە تووشی سەختی نەبێت، بەڵکوو لەوەدایە هەر ڕووبارێک بێتە ڕێی، بە ئیرادە و ژیریی خۆی بیپەڕێنێتەوە و شوێنپێکانی بکاتە جیهانێکی پڕ لە ئاوەدانی و هیوا.

