سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە
……………….
سوور وەبێ بەسەرگڵکۆوە
یان سپی بەسەر گۆڕێکەوە لە چۆڵەوانی
سروودێکە مەییو
یان گازێکە درێژ
هەر ئەوەندە بڕیکردووە دوای شەهید
شێعر سپی بێ یان کێش دار
بە درێژایی هەموو هەناسەکانی ژنێک
کە جێ مابێ تەنیا
نە هیچ چەشنێک لە شمشاڵ ئەیژەنێ
نە گەرووی هیچ چەکێک ئەیچڕێ
من چیبکەم
لەم هەموو بەردەنووسەی کە بەستوویە لە مێشکمدا
شەڕ!
کە دابارێتە سەرت،
تۆ هەر بانگی لێ هەڵدە بۆ گۆوەند
زەرد و سوور
هەر لە “سڵێمانبەگ”دەوەشێتەوە بۆ گوڵ
بانەش
وەک هەموو نیشتمان
هەر ئەبێ دستی وەربێنێ لە کێل
هەر ئەبێ بەرد بتاشێ ” قوربانی “!
من چ هونەرێک شک نابەم
کە باڕووت بکاتە ڕستە
گەرووی ئەم پێنووسە دەربەستەم
هەر شێعر دەر ئەکات
سپی بێ یان کێشدار
هەر ئەوەندەش بڕ ئەکات
تا سەر سینەی بەرد
خۆم بنێژن
لە ژێر باڵا پیاوێک خاک
ئێوە کە شێعر ناخوێننە مەگەر لەسەر کێل
شێعری پێ قەتیس نابێ کەس
ئاوی بەسەرداکەن یا گڵ
سەوز ئەبێتەوە ئارام
گەرووتان پڕ ئەکا لە هاوار
دەستتان پێ گرێ ئەداتەوە لە یەک
دواجار!

