فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چیرۆکی پۆلەکەم، قوتابخانەی زەند

چرۆ زەند

……………….

 

https://chrozandauthor.com/

ژیان چیرۆکێی سەیرە، لە ژیانی هەر مرۆڤێکدا چیرۆکێک هەیە. هەندێ جار خەیاڵ و ئەندێشەکانمان دەبنە چیرۆک. لەپشت نیشتمانێکی داگیرکراوەوە گەلێ چیرۆک دەبیستین، وە هەندێکیان نابیستین، ئەو چیرۆکە نەبیستراوانە مێژووی قەدەغەکردنی ڕاستیی و جوانین. لەپشت هەموو ڕووداوێکەوە چیرۆکێک هەیە، هەندێکیان لە زاری چیرۆکخوانێ دەبیسترێ، هەندێکیتر لەزاری خۆمان دەبیسترێ.

 

لە یادمە کاتێ منداڵ بووم، گەلێ جار لەگەڵ باوکم سەفەرم دەکرد. لەو ڕۆژگارانەدا باوکم دەچوو بۆ لادێ و شارۆچکەکان لە نیشتمان، زۆرێک لەو سەفەرانە بۆ قوتابخانەکان بوو، وانەی زمانی کوردی بە خۆبەخشی دەوتەوە و خەڵکی ئاوایی فێری نوسین و خوێندن دەکرد. من بە کارەکەی باوکم سەرسام بووم. بە دیمەنی جوانی شاخ و داخ و هەردوو کێوو دۆڵ و کانی وڕووباری شارو گووندی وڵاتەکەم سەرسام بووم، بە پێشوازی خەڵکی ئاوایی زیاتر سەرسام دەبووم. لە پۆلدا دادەنیشتم، گوێبیستی وانەکانی باوکم دەبووم، پاش تەواو بوونی پۆل، خەڵکی ئاوایی کۆدەبوونەوە، سڵاویان لە مامۆستا (باوکم) دەکرد. میوەو بەروبوومی کێلگەکانیان دێنا پێکەوە دەمانخوارد، دەمەو ئێوارە  لەگەڵ باوکم  ملی ڕێمان دەگرتە بەر بەرەو ماڵ بۆ سلێمانی. هەندێ لە قوتابیان و خەڵکی دێ تا قەراغ ئاوایی لەگەڵمان دەهاتن، ماڵئاواییان لێ دەکردین تا چاو بڕکات و تەواو دوور دەکەوتینەوە دەستیان بڵند دەکرد. ئەو دەم زۆر دڵخۆش بووم ودەمگووت کاری مامۆستا پیرۆزرە، ئەو کارە بەبەهایە لە هزرمدا مایەوە، داوام لە باوکم دەکرد دەمگووت، بابە گیان جارێکی دیش لەگەڵت دێم، باوکم بەخۆش حاڵیەوە داواکەی وەردەگرت، دەیگووت ڕۆحی بابە دێینەوە. نەم دەزانی چارەنووس بەرەو کوێم دەبات، وە ڕۆژێ دێت بەتەنیایی سەفەر دەکەم، بەڵام سەفەرەکەم بۆ شارۆچکەی وڵات نابێت.

 

ڕۆژگار ڕۆشت، دوای ئاوارەیی گەلەکەم، زێدم جێهێشت، پێم بە ڕێگاکان نەدەبرد. لێم ڕوون نەبوو کەی دەگەڕێمەوە، یان هەر ڕۆژێ بێت بگەڕێمەوە. ژیانم بوو بە چاوەڕوانی، خۆزگەکانم دەبوون بە ئەستێرەو لە ئاسماندا خۆیان نیشان دەدام، دەبوون بە هەورێکی سپی، سپیتر لە سەرپۆشەکەی دایکم، پاشان هەورەکان دەبوونە بارانێکی لێزمە لە فرمێسکەکانی دایکم دەچوو بەدوامدا دەیڕشت لەسەر سنوور کاتێ نیشتمانم جێهێشت.  ڕۆحم  وەک پەپولەیەک باڵەفڕەی دەکرد لە نیشتمانێکی دوور وسارددا. لە دوورە وڵات و لە غوربەتدا وەختبو زمانی دایکم لەبیربچێتەوە. بەگوومانەوە پرسیارم لەخۆم دەکرد، لەم بەهاری تەمەنەدا بڵێی بەرگەی ژیان بگرم؟ لە کۆتاییدا، رۆژگاری سەخت و ژیان فێریان کردم، لە برسیەتی و تەنییای و بێماڵیدا خۆڕاگربم.

 

ڕۆژگار هات و پۆل دوای پۆل گەلێ مامۆستا وانەیان پێ وتم، گەورەبووم و ڕێکەوتی  مامۆستای جیاوازم کرد گەلێ مامۆستای باش و زۆر کەم مامۆستای خراپم دیت. گەورە بووم مامۆستای وڵاتی دیکەم دیت، گەلێ ساڵ و لە گەلێ شوێن وانەی جودام خوێند، بەڵام بۆ من هیچ وانەیەک شیرینتر نەبوو لە وانەکانی باوکم، هیچ پۆلێ تامی پۆلەکەی باوکمی نەدا. مامۆستایەکیش نەبوو تاکۆتایی هاوڕێی هەمیشەییم بێت، هیچ مامۆستایەک بۆنی باوکمی لێنەهات. کەسیان وەک ئەو گفتی شیرین نەبوو، بە ڕۆحی لێبووردن و ساکاری و نیشتمان پەروەری هیچ کات وەک ئەو نەدوان.

 

لە هزرمدا یادی ئەو ڕۆژگارانەم دەکردوە کە لەنیشتمان بووم . لە سەرەتادا لە منداڵیمدا لە کاتێ باوکم دەستبەسەر بوو، زمانی کوردیم لێ قەدەغەکرا، وە ئەو دەمەی لە ئامادەیی سلێمانی بووم،  بەزۆرەملێ زمانی عەرەبیان بەسەرماندا سەپاند.  لەیادمە لەو ڕۆژەدا قوتابیان هاتینە دەر لە پۆلەکان، یەک بەدوای یەک پۆلمان جێهێشت، ترسمان شکاند، دەرگای قوتابخانەمان کردەوە، ڕۆشتین بەرەو سەرا.  لەبەر سەرا دام ودەزگای داگیرکەرمان بەرد باران کرد بۆ وەرگرتنی سەرەتایی ترین مافی مرۆڤ، مافی فێربوون بە زمانی دایک.  پاشان بوو بە زنجیرە خۆپیشاندان، لەدوای خۆپیشاندانەکان بەڕاکردن دەگەڕامەوە ماڵەوە، دەچوومە ژوورەکەم.  ژوورە ڕەنگینەکەم نیشتمانم بوو، شوێنی نهێنیەکانی تافی لاویم ودیداری هاوڕێکانم بوو، لەماڵەوە ئامێزی دایک و باوک پەناو حەشارگەم بوون، ماڵەکەشمان بەهەشتێکی بچکۆلە بوو.

 

لەو ڕۆژگارانەدا، ڕووداەوکان چیرۆک بوون، لە کورتە فلیمەکانی بەردەرکی سەرا دەچوون، ئەو دەمەی سەرای سلێمانی بەرد باران دەکرا.  لەشۆڕشی کیژەکان دەچوو، خۆپیشاندەرەکان ڕایان دەکرد خۆیان دەکرد بە نزیکترین ماڵ لەسەر شەقامەکەدا نەبا دەستگیربکرێن بەدەستی داگیرکەر،  لە فلیمی دارتووەکە دەچوو، جەنگاوەرەکان لە پشتی دارتووەکە خۆیان حەشاردەدا پێش ئەوەی گوولەیان بەرکەوێ.

 

دووبارە بە خەیاڵ دەگەڕامەوە بۆ نیشتمان لە دوورە وە نەخشەی نیشتمانم لە دڵدامدا نەخشان تا بۆ ساتێک لێی نەڕەنجێم، لە یادی نەکەم. ئەو کاتە قوتابی بووم، لە کۆلێج لە شاری تۆرنتۆ بۆ زمانی ئنگلیزی ئەکادیمی وانەم دەخوێند. لەکاتی  پەیوەندی تەلەفۆنیدا لەگەڵ باوکم هەندێ وشەم لەبیرنەدەما و بۆم نەدەوترا، ژمارەکانم لێ تێک دەچوو کاتێ بە کوردی دەمخوێندەوە. باوکم نیگەران بوو، هانیدام هەنگاو بنێم بۆ کردنەوەی پۆلێ بە زمانی کوردی، چەند پەڕتووکێکی بۆ ناردم، من بیرم لەوە کردوە کە چۆن  کار بۆ زمانەکەم و کار لەسەر خۆم بکەم لە کاتێکدا بۆ دەکەیەک دوور بووم لە نیشتمان، تاکۆتایی ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆر.

 

کۆتایی نەوەدەکان و سەرەتایی دووهەزار بوو ملی ڕێم گرتەبەر بەرەو وەزارەتی پەروەردەو فێرکردن لەدەرگای وانم دا. لە دوورە وڵات، بڕیارم دا کار بۆ زمانەکەم بکەم، ڕێگا چارێک بدۆزمەوە بۆ کردنەوەی پۆلێکی زمانی کوردی. لەو هەوڵەدا بووم، داوا بکەم  زمانی کوردی لە سیستەمی خوێندندا بێت. لە کەنەدا ژمارەی کورد کەم بوون. بەڕێوەبەری پەروەردە و فێرکردن پێی گووتم هەرگیز کوردێک داوای زمانی کوردی  نەکردوە  لە سیستەمی خوێندندا بێت.  تۆ یەکەم کەسی، بۆ یەکەم جار کە لە سیستەمی خوێندندا بێت دەبێت کۆمەڵی خاڵ پەیرەوی کەی.  من خاڵەکانم یاداشت کرد، خاڵەکان ئاسان نەبوون،  دەبوو قوتابخانەیەک بدۆزمەوە لە گەرەک و ناوچەیەک کوردنیشنی لێبێت. ژمارەی کورد نشین بە ئامار، ناوی بیست و پێنج قوتابی کوردم لابێ لەگەڵ ناوی قوتابخانەکان کە ناونووسکراون لەکەنەدا، خۆم بەدوو تاقیکردنەوەدا بڕۆم زارەکی و ڕێنووس. بڕوانامەی زمانی ئنگلیزی وەرگرم تا توانام بێت نامەکان  بە ئنگلیزی بخوێنمەوە و وەڵام بدەمەوە. گەلێ خاڵی تریش پەیڕەوی کەم  بۆ دەسپێکی پۆلەکەم بۆ ئەوەی زمانی کوردی بچێتە سیستەمی خوێندن.

 

کردنەوەی پۆلێک بەتەنها، کات و کاری زۆری پێویست بوو، هەندێ جار پێم وابوو ئیتر ڕەنگە نەتوانم بەردەوام بم هەرچەندە بەردەوام هەوڵم دەدا.  ئەو کارە سێ ساڵی خایاند تا خاڵەکانم گشتی جێ بەجێ کرد، بڕوانامی مامۆستای نێودەوڵەتیم وەرگرت. لە کۆتایی پایزی ٢٠٠٣ کاتێ چووم بۆ پرۆگرامی فێربوونی زمانە جیاوازەکان تاهەواڵی پۆلەکەم ببیستم، لیستی زمانەکان هەڵواسرابوون،  بۆ یەکەم جار لە لیستی زمانەکاندا زمانی کوردی دانرا بوو.  ئەو ڕۆژە مێژووییە لە یادی ناکەم، بۆ من گەلێ گرنگ بوو.  ئەو ڕۆژ و کاتەم پیرۆز کرد. بۆ یەکەم جار دەرگای پۆلەکەم کردوە من یەک بووم لە دڵخۆشترین مرۆڤەکان مامۆستاکانی دنیا و یەکەم مامۆستای زمانی کوردی لە تۆرنتۆ، لەو دمەوە بیست و پێنج ساڵ تێپەڕی پۆلەکەم گەشەی کرد. لە قووتابخانە و کۆمەڵگای کوردی و لە ماڵەکەی خۆمدا وانەم وتەوە. گەلێ پەڕتووک و چیرۆکی منداڵانی بەنرخم بەدەست گەیشت، یەکەمیان پەڕتووکەکەی ئەمین باڵدار بوو. کتێبخانەکەم بوو بە سەرچاوەیەک بۆ سەدان و هەزاران قوتابی، پۆلەکەم وەک باڵندە، باڵەفڕەی کرد، پەرەی سەند. لە دووهەزارو بیست و لەپاش ڤایرۆسی کرۆنا لە ڕێگای ئۆنلاین وانەم وتەوە، هەرگیز کۆلم نەدا و پۆلەکەم تا دەهات ژمارەی قوتابی زیاد دەکرد.  پۆلەکەم هەر لە شاری تۆرنتۆ نەمایەوە، لە سنووری شار تێپەری، قوتابی شارەکانی تری کەنەدا لە هێلدا بوون بۆ فێربوون.  پۆلەکەم بوو بە دوو پۆل وسێ پۆل و قووتابی لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دەهاتنە سەر هێل بۆ فێربوون.

 

من بێ پاداشت کاری مامۆستایم کرد، پاداشتی من زەردەخەنەی قوتابیەکم بوو کە بەرەوڕووم دەهات و دەیووت مامۆستا من ئێستا ناوی خۆم بەکوردی دەنووسم سوپاس بۆ تۆ کە فێرت کردم.  پۆلەکەم ناوی ڕۆشت بوە پۆلێ لە پەروەردەی هەرێمی کوردستان. کارم لەسەر زمان کردو بوومە دەستەی دامەزرێنەری فیدراسۆنی زمانی کوردی، بەشداریم کرد لە یەکەم کۆنفرانسی زمانی کوردی لە ئەڵمانیا وەک ئەندام ودەستەی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی زمانی کوردی.  پۆلەکەم  گەلێ مامۆستای خۆبەخشی پێناساندم. هەریەکەیان چیرۆکێکی میهرەبانی مامۆستاکان بوو لە وڵاتانی دنیا دەبوون بە تەواوکەری چیرۆکی پۆلەکەم.

لە سەرەتاو لە کۆتایی، من ویستم ناوێک هەڵبژێرم  بۆ پۆلەکەم ناوازە بێت، شایستیەی چیرۆکی پۆلەکەم بێت.  وەک لە بەلەمێکدا بم سەوڵ لێدەم، سەرەتای هەر شەپۆلێک کۆتایی بە شەپۆلێکی تر دێنێت سەرەتاو کۆتای و بەردەوامی، بیرم بۆ مامۆستای یەکەم ڕۆشت باوکی میهرەبانم، ئەمرۆ مامۆستاکەم لە ژیاندا نەما، بەڵام لە هەر کوچەیکی شاردا یادەوەریەکی جێهێشت، لە پەرتووکخانەکانی شاردا پەڕتووکەکانی خانەیەکیان داگیرکرد، لە کارەکانیدا جێپەنجەیەکی جێهێشت، لە ژیانی هەر مرۆڤێک واتەیەکی لەگەڵ وت، یادگاریەکی جێهێشت، لای من لە دەرونمدا خۆشەویستی دروستکرد، هەر کاتێ گوێم لە گورانیەک یان نەغمەی میلۆدیەکی خۆشەویستی دەبێت تێدەگەم کە خۆشەویستی نانێژرێ، هەرچەند خاوەنەکشی نێژرا. لە سەرەتاو دواجاردا قوتابخانەکەم ناونا (قوتابخانەی زەند).

 

*

تێبینی: سوپاس بۆ یەکەم مامۆستام باوکی نەمرم (کریم زەند) کە بوو بە ڕابەرو ڕاهێنەرم، سوپاس بۆ هەموو ئەو مرۆڤە جوانانەی بچووکترین هەوڵیاندا بۆ پەرەپێدانی پۆلەکەم، گەلێ لە چیرۆکنووسی منداڵان کە پەڕتووکەکانیان بەخشی بە پۆلەکەم، هاوڕێ دڵسۆزەکانی منداڵیم لە نیشتمان پاڵپشتیان کردم لە بەدەستهێنانی فەرهەنگی کوردیدا، سوپاس بۆ ئەو مرۆڤانەی تەنها بە وشەیەکی جوان پۆلەکەمیان بەسەرکردەوە. سوپاس بۆ فیدراسێۆنی زمانی کوردی کە ڕەنجی بیست و پێج ساڵەمی بە بەها گرت، بووم بە یەک لە دەستەی دامەزرێنەری زمانی کوردی لە فیدراسێۆن، هەروەها وەک نوێنەری زمانی کوردی لە دیاسپۆرا کار دەکەم،  ئێستا زیاتر خۆم بە بەرپرس دەزانم بۆ خزمەتی زمانی کوردی.

 

 

 

August 7, 2026

Toronto, Canada

 

Home