نهژاد عزیز سورمێ
شاعير و نووسەر، هەولێر
……………………….
‘’چ بەدبەختییەكە لە گیرفانێت بدەنێ و
لە دڵت لێت وەربگرنەوە’’
جوبران خەلیل جوبران
(1)
سێبەری مێژوو ، دەستی لەكەلەكێ گرتووە..
لەگەڵ بارانی بەهاراندا بڕۆ!
هەمیشە خۆرێك هەیە
لێوارە ماسكدارەكانی دونیا
دەلاوێنێتەوە..
هەمیشە سپێدەیەك هەیە بێباك
لە گومڕایی جەنگەڵان دەمانپارێزێ..
مەكۆی ئەرخەوان بوو ئەم وڵاتەی ئێمە
هاتن چاوتان
لەلاتی و خەتی خێڵاتیشمان بڕی..
هاتن مۆسیقای خاوەن شكۆتان لێ تۆراندین
بە كوێتاندا هەڵبڵێم؟
بە ویندۆزە ڤایرۆسدارەكانتان
یاڕوانینی باڵدار ئاسا؟
بە كوێتاندا..؟
(2)
/ تابلۆی بەردەرگای پزیـشكان/ نەخۆشیان دەژماردن../
گڵۆپەكان/ لە ڕووناكیان كوێر ببوون/ كۆخەكۆخی گزۆزە هەناو ڕەشەكان/
ئێستا وەختی / نووستنی / گوڵە سوور و سپیەكانە/
سەیری چ لەخۆنووسان و دەكۆڵخۆداهاتنێكە/
بە ئومێدێكی شێتەوە دەستم درێژكرد
بە ئومێدێكی شێتەوە باوەشم واڵاكرد
ئەفسووس لە دەنگی ڕۆحم نەگەیشتن
ئەفسووس دۆسیەی نێرگزتان نەخوێندەوە..
لە بیرتان كرد بە نوێژی نیوەڕۆ
چرای شەیداییمان،
لە ناوەڕاستی شەقامدا بۆ پێ كردن..
لە بیرتان كرد
پیاڵەی بە تاڵ بۆ خۆمان و
هی پڕمان بۆ ئێوە دانا..!!
(3)
/ ئهو چركە ساتانە/ لە یادەوەریمدا/ دادەكەم../
دەنگێك/ وێنەی مەستیی ئێواران / نامۆیی
هەڵیدەلووشێ../ پەی چی / بیر/ لەوە بكەمەوە/
سۆمای چاوم/ پێشكێشی ئێوە بكەم..؟
شەڕ هەڵیخەڵەتاندین../ شەڕ كوێری كردین/ لاڵی كردین/
شەڕ كەڕی كردین/ كەری كردین.. /
/ ڕەوی كوللەیش ، بە بێشەڵاندا هاتن../
كارگەی ماسك و ڕووبەندانن
بۆ خۆیان لە هەموو شتێك دەگەن
لە نەزمی پۆشتەكردنی با..
لە ڕازاندنەوەی ئینجانەی بەر دەرگا..
ناسۆریش،
لە سەنگتراشیی ئەوانەوە
كە چەندین دەریا و ئاسمانیان بڕیوە
لە پرۆسەی (فرێندلی فایەرfriendly fire –) دا
مەدالیای بێهاوتای ئێمە بووە..!
(4)
/ من ون نەببووم/ لێ/ قاچم/ لە هەر كوێ دانا/
زەنەك دەرچوو.. / من/ ون / نەببووم/ تەنیا/ ئەوەندە بوو/
ناسنامەكەم/ لە گیرفانی كراسەكەمدا/ لە بیرچووبوو../
ئاسمانێكی بەتاڵ دەرچوو
ئەو ئاسۆیەی ،
لە سەنتەرە بێ دووبانكە و بەرهەڵەكانتانەوە
دەتانویست بیبینن..
چوارگۆشەكانتان تێك شكان
سێ گۆشەتان ڕاست كردنەوە..
مێژوو؟..
مەپرسە لە چ قوڕگێكی گیراودا ئاخنراوە..
بێ وچان
مەیدانگر.. نەورەس.
لەوە كارەساتتر هەموومان تاوانبار بین؟
لەوە كارەساتتر هەموومان ژاڵە خواردوو..؟
ئەی كوا لاپرسەنی و بێباكی (شەكسپیر) و
بۆنی پەلكەگیای (وایتمان) و
هاوارە كپكراوەكانی (ڕامبۆ) و (ڤرلین) و
بنیاتە پتەوە سانتاكانی (نیتچە) و
درەختە بەبەرەكانی (دانتی) و
فریسكۆكانی (داڤینشی) كوانێ؟
كوا شینگێڕییەكانی (ئیڵییەت) و
هەرێ و پەیمانەكانی (ڕۆسۆ) و
عەشقی ڕۆژهەڵاتیانەی (گۆتە) و
شێوازە دڵنشین و دڵشكێنەكانی
(بیكاسۆ) و (سیزان) و (براك) و
ماسكە خەمبارەكانی مۆدلیانی؟..
(5)
/ سرووتەكانی دوورگەی (كرێت)/ بە ڕووباری چەوردا /
/ چوون / گەیشتنە (سكڵیا)/ پەڕینەوە (ئیسپانیا)../ ئەو
پرۆسەیە/ تا ئێستا/ بۆراییشی/ دەرنەكەوتووە/ بۆ
ئاگاداریتان / ئێمە/ لە/ خەربەندەییمان / زیاتر / پێ/
/ دەكرێ/..
ویستم ئاگر لەسەر پشتی ماسییان بكەمەوە
گۆڕستانی (ئوور)
خانووە لە ناویەك و بە گەوەكانی (چەرموو)
برۆنزكارییەكانی (لوڕستان)
لە چیایه قژ درێژەكانی (ئیتاڵیا)دا دەدرەوشانهوە..
ئەی مانگی تاراوگان!
مانگی بێ هێللانە و بێ سێبەر..
ئێمە بە تەنێ بووین
كە ئەوان ئاسمانیان تەی دەكرد
ئێمە بەتەنێ بووین
كە زەویان بە هەناسەبڕكێی
برسییەكانی ئەفەریقیا و
كۆستەكانمان دەدێرا..
ئەی مانگی تاراوگان!
مانگی بێ هێللانەو بێ سێبەر!
ڕۆژێ نەمدی
هاتبن فێری كێڵانمان بكەن
ڕۆژێ گوێم لێ نەبوو ، نەم خوێندەوە
لە سۆتەڵ و نیگەرانی و دەستخەڵەتدان زیاتر
لە سەفەرە كورتەكانیان لە دوومابێ..
نەمدی ئەی مانگی تاراوگان
ڕۆژئاوای (مانێ) و (كلیمت) و (كامۆ) و
(كافكا) و (ئاراگۆن) و (دالی) و (دێلاكڕوا)
بواریان دابین بەمردنی خۆمان بمرین..
ئەدی ئەوە ئەسەف نییە، مانگی تاراوگان؟
نەهێڵن شیعرێك بۆ شاروێرانی خۆمان و
هەنیەی ئارەقاویمان بنووسین..؟
ئەدی ئەوە ئەسەف نییە، هۆڵی ئاهەنگان
بەگریان بۆیە بكرێ؟!
مانگی بێ هێللانە، مانگی بێ سێبەر..!
باس هەر باسی گڵۆپ و چراخانی پایتەختانە
باس باسی نهێنییە ئاشكراكانە،
كە زانیارییان بە بەرقەڵایێ سەردەخەن
تا پێڕا بگەن سەحەری لالەزار و مرواریان
غافڵكوژ كەن..
ئێمەش بێ ئاگا..
خەریكی پیشەی بێ هوودەی فەرهادین.
ئیتر تەواو مانگی تاراوگان ، كوورەی نوور!
ئیتر تەواو ئەو ساتە تێكچڕژاوە بێ (تاو)انە
لە یادەوەریمدا هەڵدەگرم..
ئەو ساتانە، لەو چاوە مەستانە هەڵدەگرم
ڕۆژێ لە ڕۆژان سروودم بۆ دەگوتن..
ئەو جار هەڵدێم ئەی مانگ
بە كوردی هەڵدێم
خۆشەویستیش لەگەڵ خۆمدا دەبەم
ئیتر شتێك نامێنێ بەو ناوە
پرسیار ئەوەیە:
ئەو كاتە ئێوە چۆن دەژین؟
نیسانی 2007

