فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

خەونەکـانی منـداڵان لە خـەودا

 رەزا شـوان

نووسەر، نەرويج

 

دوو جۆرە خەون هەیە، زیندەخەن و خەون لە خەودا. لەم نووسینەمدا، زۆر بە کورتی و بە چـڕی و بە شـێوەیەکی گـشـتی، باس لـە خـەونەکانی منـداڵان لـە خـەودا دەکـەیـن.

خـەون چـییە؟

خەونەکان بـرتین لە بیرکردنەوە و وێنـە یان هـەستەکان، کە لە کاتی خەودا روودەدەن. بەشـێکە لـە چـالاکـییەکانی مـێـشکی مـرۆڤ لـە کـاتی خـەودا. خەونـەکان دیـاردەیـەکی تەندروستن، گوزارشتێکی هـێمایین بۆ پاڵـنەر و ئارەزووەکان کە لە نائاگادا کۆدەبنەوە. پەیـوەنـدییان بە ژیانی رۆژانەمـانەوە هـەیە. لە کاتـێکـدا کە جەسـتەمـان پـشوودەدات، مێـشکـمان کاردەکات. خەونەکان بە زۆری لە کـاتی خـەودا، لە قـۆناغـێکـدا روودەدەن کە پـێی دەوتـرێـت (جـووڵـەی خـێرایی چـاو). ئـەو قـۆناغـەیە کە جەسـتەمـان ئـارام و خاودەبـێتەوە، بەڵام مێشکمان چـالاک دەبێـت. زانایان پێیانوایە، مێشک لەم قـۆناغەدا، چارەسەری زانیارییەکان دەکات و یادەوەریی سـۆزداری و هـەستەکانیـش رێکـدەخات. دوو جۆرە خەونـمان هـەیە، خەونی خـۆش و دڵخـۆشکەر و رۆمانسی، لەگەڵ خەونی ناخـۆش و ترسناک و دڵـتەنگکەر. هـەنـدێک جاریـش لەوانەیە خـەونەکانمان نامـۆ و سەیر و سەمەرەبـن. سەرەڕای پـێشکەوتنی زانـستی، بەڵام تا ئەمـڕۆش زۆر شت لە بارەی خەونەکانەوە نادیارن. پرسیارە بنەڕەتییەکەش ئەوەیە: بۆچی خـەون دەبینین؟ هـێـشتا بە شێوەیەکی بەرفـراوان مـشتومـڕ، لەسەر یەکـلایکـردنەوەی خـەون هـەیە.  

خەونەکانی منـداڵان لە خـەودا:

زۆرجار دایکان و باوکان، دەبینن منداڵە ساواکانیان، بەدەم خـەوەوە بـزەخەنە دەکەن یان پێدەکەنن، لەوانەیە خەونێکی خۆش ببینن. یان گرژ و خەمناک دەبن و رادەچەنن
و لە خەو هـەڵـدەسن. لەوانـەیە خـەونـێکی ناخـۆشـیان بیـنيبێت. خـەونەکانی منـداڵان رەنگـدانەوەی بـاری دەروونی منـداڵانـن. ئـەم خەونانە بێـدەنگـن، چونـکە کـۆرپەکان هـێشتا زمانیان نەگرتووە. ناتوانن بە قسەکردن، خەونەکانیان بۆ دایکانیان بگێڕنەوە.

دکتۆر (جودی مێندێل) لە سەنتەری خەوی منداڵان لە نەخۆشخانەی منداڵانی ڤیلادلڤیا، دەڵـێت:”ئـێـمە بە تەواوی نازانـین، منـداڵان خـەون بە چـییەوە دەبـینن، بەڵام رەنگە خەونەکانیان بێدەگـبن، بەوپێـیەی کە کورپـەکان زمانیان نەگـرتووە، خەونـەکانیان لە  خەیـاڵکـردنی بێ گـفـتوگـۆن “.

منـداڵانیش وەکو گەورەکان خەون دەبینن. بەڵام خەونەکانی منـداڵان کورت و سادە و ساکارن، بەشێکی سـروشتییە لە ژیـانی منـداڵان لەگەڵ گەشکـردن و پێـشکەوتنیانـدا.
دەکرێـت خەونەکان یارمەتیی منـداڵان بـدەن، بـۆ گوزارشتکـردن لە هەستەکانیان، کە ناتـوانـن بە قسەکـردن دەریان ببـڕن.

لە ئەمـڕۆدا خەونەکانی منـداڵان، بوونە بە بابەتێکی سەرنجـڕاکـێش و لیکـۆڵـینەوەی زانـستییانە. بەو پێیەی جیهانی خەونەکانی منـداڵان بە نهـێنی داپۆشراون و پرسیاری زۆر دەرورووژێـنن. لە سـەردەمی نـوێـدا، لـێکـۆڵـیـنەوە لە خـەونـەکان، لە زانـستیی دەروونناسی و دەمارەکانـدا، تیشک دەخاتە سەر تێگەیـشتن لە بناغە بایـلـۆژییەکان و پێشکەوتنە دەروونییەکان، کە رەنگـانەوەیان لەسەر دیاردەی خەوبینی منداڵان هەیە.

لێکـدانەوەی (سیگمۆنـد فـرۆید)، لە پەرتووکی (لـێکـدانەوەی خەونەکان) کە لە ساڵی (١٩٠٠) دا نووسیوێتی و چاپیکردووە، بۆ خەونەکانی منداڵان جەخت لەوە دەکاتەوە، کـە خەونـەکانی منـداڵان بەیەکەوە گـریـدراو و روونـن، راسـتەوخـۆ پەیـوەنـدییـان بە ژیـانی رۆژانەیانەوە هـەیە، ئەو پێیـوایە خەونەکانی منـداڵان، گوزارشت لە ئارەزووە سەرکوتکـراوەکانیان دەکەن. تێبینی ئەوەشی کردووە، کە خەونەکانی منداڵان زۆرجار سادە و کورتـن، زیـاتـر گوزارشـت لە ئارەزووە مەکـیزییـەکان دەکەن.

دکتۆر (هـانـز هـۆپـف) یەکێکە لە دیارتـرین دەروونناسە ئەڵمانییەکان. کە پسپۆرە لە دروونناسی منـداڵان. نووسەری پەرتـووکی ” تـێگەیـشتن لە خەونەکانی منـداڵان” ە. کە (٢١٧) پەڕەیە، لە ساڵی (٢٠١٦) دا چاپیکـرد و بـڵاوی کـردەوە. هـۆپف ئامـاژە بەوە دەکات، کە خەونەکانی منداڵان پـڕن لە خەیاڵ و لە رەنگەکان و لە وێنەکان. کە دەتـوانـن یارمـەتـیی دایـکان و باوکـان و پـزیـشکان بـدەن، لە تـێگەیـشـتن لە دۆخی دەروونی منداڵان. لە سەرچاوەکانی ترس و شادی و کێشەکانی منـداڵەکانیان تێبگەن.
هـۆپف دەڵـێـت:”گـەر دایکان و باوکان پەرتـووکەکەی بەکـاربهـێین، پێویـستـییان بە توێـژینەوەی دەروونی پێشوەخـتە نییە، بۆ شیکـردنەوەی خەونەکانی منـداڵەکانیان”.
هـانـز هـۆپـف، تا ئـێستا (
٢٥) پەرتـووکی لەسـەر دەرووننـاسیی منـداڵان نووسـیوە. بەشداریی لە زیاتر لە (١٠٠) پەرتـووک و تـۆژینەوە لەسەر هەمان بابەت کردووە.
لەلایەن کۆمەڵەی پـزیشکانی دەروونناسی ئەڵـمانیاوە، خەڵاتی دیـۆتیـما بۆ شیکاری دەروونییان پـێـبەخـشی.

خەونـەکانی منـداڵان، جیهـانێکی تـری پـڕ لە نامـۆیی و نهـێـنـییە. ئاوێنـەی دەروونی منـداڵانە، دەرگایەکی سەرەکـییە بۆ ناو جیهـانی دەروونییان. دەکـرێت لە میانەیانەوە، لەوە تێبگەین، کە لە مێشکی نائاگایی منداڵانـدا چی دەگوزەرێـت. خەونەکانی منداڵان، رەنگــدانـەوەی دۆخـی دەروونــین، لە ئـەو هـەڵـوێـستانەی کە لە ژیـانی رۆژانەیانـدا تـووشـیان دەبـن. زۆربەی خەونەکانی منـداڵان، گوزارشـتن لە خـواست و ئارەزوو و
لە هـیواکانیان دەکەن. یان لەوشتانەی لـێیان دەترسن. منداڵان لە ژیـانی رۆژانەیانـدا، خەون بە زۆر شتی تـرەوە دەبینن. وەک ئەو بەڵـێنانەی کە دایکان و باوکانیان پێـیان دەدەن. وەکو بەڵـێـنـدان بە کـڕینی پاسکـیـل، یان بـردنیـان بـۆ سـەیـران، یان…هـتـد. ئاژەڵە ماڵییە کێوییەکان و باڵـندەکانیش، دیـنـە خـەونەکـانی بەشـێکی زۆری منـداڵان.
لە توێـژینەوەیەکی ئەمـریکـیدا، کە زانکـۆی ڤـێرجـینیا ئەنجـامی داوە، تیشک دەخاتە سەر خەونەکانی منـداڵان. پسپۆران بۆیان دەرکەوتـووە، کە ئـاژەڵ و باڵـندەکان، زیاتر لە خەونەکانی منداڵاندا دەردەکەون، بەراورد بە خەونی گەورەکان. لەوانەیە ئەمەش
بە هـۆی ئەو بیـرۆکەیەوە بێـت، کە منـداڵان بە پـلەی یەکـەم، ئاژەڵـیان خۆشدەوێـت.
وەک دەبینین بەشێکی زۆر لە منداڵانی جیهان، کە دەخەون، دەست لە ملی ورچـۆڵە قـەدیـفـەییەکانیان دەکـەن. وەک ئەوەی هـاودەم و هـاوڕێیەکی خۆشـەویـستـیان بـن.
بەشێکی زۆریش لە منداڵان، خەون بە فـڕیـن لەسەر رۆکـێتـێکی تیـژفـڕی خەیـاڵی،
بـۆ سـەر مانـگ و هـەسارەکـان دەبـیـنن. بەپـێی شیکـردنـەوەی خـەونـەکان، ئەمـە گوزارشـتە لە شـادی و لە هـیواخـوازی بـۆ ئـازادییەکی زیـاتـر.

 مـاوەی خـەونکانی منـداڵان و جـۆری خەونـەکانیان، بەپـێی رەگەز و قـۆناغـەکانی تەمەنیان جیاوازن. زانراوە کە بە زۆری خەونـەکانی کچـان، لە خەونەکانی کـوڕان درێژترن. کچان بە زۆری خەون بە دایک و باوک و بە جلوبەرگی جوانەوە دەبینن. بەڵام کـوڕان لە خـەونەکـانیانـدا، زیاتـر سـەرنجـیان لەسـەر شـتەکانی رۆژانـەیانە.

گرنگی خەونەکان لە گەشەکردنی دەروونی منـداڵان:

تـوێـژینـەوەکان ئاماژە بـەوە دەدەن، کە خەونەکان رۆڵـێکی بەرچاو دەگـێڕن، لەگەڵ گەشەکـردن و پێگەیـشتنی منـداڵانـدا پەردەسەنـن. شارەزایان پیانـوایە کە خەونەکان یارمەتیی منـداڵان دەدەن کە ئەزموون و هەستەکانی رۆژانەیان پرۆسێس بکەن. کە رەنگە نەتـوانن بە وشـە و قـسەکردن دەریان ببـڕن. هەروەهـا خـەونەکان یارمەتیی منداڵان دەدەن، کە فـێربن چۆن رووبەڕووی دۆخە نوێیەکان یان ترسناکەکان ببنەوە. ئەمەش توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ ژینگەکەیان بەرز دەکاتەوە. هەندێک جاریش رەنگە خەونەکان، رێگەیەکبن بۆ ئازادکردنیان لە تـرس و دڵەڕاوکی یان لە هـەستە نەرێنییەکانی تری. لـێرەدا بە کورتی چەنـد خاڵـێکی سەرەکی، سەبارەت بە گـرنگی خـەونەکانی منـداڵان دەخـەینەڕوو:

١ـ دەربـڕینی هـەست و ئەزمـوونەکان: خەونـەکانی منـداڵان ڕێگایەکە بـۆ دەربـڕینی ئـەو هەسـت و ئـەزمـوونـانەی، کە لـە ژیـانی ڕۆژانەیـانـدا ڕووبـەڕوویـان دەبـنەوە. ڕەنـگە خەونەکان هـەستی خـۆشی و شـادی دەربخـەن و هـەنـدێک جـاریـش ڕەنگە دڵـەڕاوکێ، تـرس، یان گـرژی دەرببـڕن.

٢ـ پـرۆسێـسکـردنی ڕووداو و بەرۆکگـیریـیەکان: خەونەکان وەک ئامـرازێکـن، بۆ پرۆسێسکـردنی ڕووداو و بەرهەڵـستەکان، کە منـداڵان لە ژیانیانـدا ڕووبـەڕوویان دەبنەوە. ڕەنگە ناوەڕۆکی خەونـەکان، پەیـوەنـدیـیان بە بـارودۆخی دڵـەڕاوکێ یان گۆڕانکاری لە ژینگەی منداڵاندا هـەبێت، خەونەکان یارمەتیـدەرن لە شیکـردنەوە و لـێکـدانەوەی ئـەم ڕووداوانە و پـرۆسێسکـردنی هـەستەکـانی پەیـوەنـدیـدار.

٣ـ گەشەکردنی دەڕوونی: خەونەکانی منداڵان گوزارشتن له پێـشکەوتنی دەڕوونی و گەشەکـردنیان. ڕەنگە شـێواز و ناوەڕۆکی خەونەکان بگـۆڕێـت لەگەڵ گەورەبوونی منـداڵان و گەشەکـردنی تـوانا دەروونی و سـۆزداری و کـۆمـەڵایەتییەکانیـان.

٤ـ خەیاڵ و داهـێنان: خەونەکانی منداڵان فەزای خەیاڵ و داهـێنانن. ڕەنگە راستی و فانتازیا لە خەونەکانیانـدا تێکەڵ ببن. منـداڵان دەتـوانـن چـیرۆک و کارەکتەری نـوێ دروست بـکەن، بەدواداچـوون بـۆ تـوانا داهـێـنەرەکـانیان بکەن.

قـسەکـردن لەگـەڵ منـداڵەکانتان و گـوێگـرتـن لە نیگەرانـییەکانان و لەهـەستەکـانیان سەبارەت بە خەونەکانیان دەتوانن تێگەیشتن و پەیوەندی سۆزداری پەروەردە بکەن.

لە کەیـەوە منـداڵان خـەون دەبـینن؟

کۆرپـەکان خەون بە چـییەوە دەبینن؟ زانایان لەم قـۆناغـەدا نەیانتوانیوە بگەنە هـیچ ئەنجامێکی یەکلایکەرەوە، سەبارەت بە خەونەکانی کۆرپەکان. بەو پێیەی خەونەکان
بە سەرچاوەی دەروونی نائـاگایی دەزانـن و بە ئەنجامی ئەو شتانەی دەزانـن، کە لە رۆژدا بەسەر مـرۆڤـدا دێت. بەڵام کۆرپەکان تووشی ڕووداوێک نەبووە، کە خەونی پێـوە ببینن. ئەمەش وایکـردووە دیاریکـردنی ئـەوەی کە ڕەنـگە خـەون بە چـییەوە دەبـیـنن قـورس بێـت. سەرەڕای ئـەوەش، بەپـێی تیـۆرییەکانی ئـێـستا، خـەونـەکانی کـۆرپەکان لەوانەیە بـریتـیبن لە: دیـمـەن یـان وێنـەی ئەنـدامانی خـێزانـەکان و ئـەو کەسانەی کە کارلـێکـیان لەگەڵـدا دەکەن. زانست و زانایان پشتڕاستی دەکەنەوە، کە منـداڵان لە مانگی حـەوتەوە لە سکی دایکـیانـدا دەسـت بە خـەوبیـنین دەکـەن.
بەڵام زۆرینەی زانایانی دەروونناسی منداڵان، پێيانوایە منداڵان لە دوو ساڵییەوە بە راستی خەون دەبینن. تا ئەمڕۆش لێکۆڵینەوە و تویژینەوەکان لە بارەی خەونەکانی منـداڵان و شیکـردنەوەیان درێـژەیـان هـەیـە، چـونکە خـەونـەکانی منـداڵان، لـەلای دەروونناسیی منداڵان گرنگییەکی زۆریان هەیە. بۆ تێگەیشتن لە دەروونی منداڵان.

لە کۆتاییدا، پێویـستە دایکان و باوکان و پزیـشکانی پسپۆری دەروونناسی منداڵان، هـانی منـداڵانی خەونبین بـدەن، بۆ گێڕانەوەی خەونەکانیان و تێگەیـشتنێکی زیاتر لـێیان. گـرنگـییەکی زیاتـریـش، بـەو پەیـامە دەروونییانەی منـداڵەکانیان بـدەن، بۆ یارمەتیدانیان بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان و بەرزکردنەوەی هاوسەنگیی دەروونییان.

(*) بۆ ئەم نووسینەم سوودم لە چەندین سایتی ئینگـلیزی و نەرویـجی و عەرەبی وەرگـرتووە.

نەرویـج: ٢٠٢٦