فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تێکست

ھیبە فەیسەڵ
نووسەر، دانیمارک

…………………..

وتی، لە ئێوارەی نەگلیسیوە من تەپڵەکێکی ڕزیو، شەق و شڕم لەبەر دەرکی ژوورەکەیان داناوە و دانیشتووم، وەنەوزی چاوەڕوانی دەرکەوتنیان دەدەم. سوێ و ئاگری جەرگم هەنگاوی پێ هەڵگرتم و چوومە ژوورەکەیان. ئەوەتا لەسەر قەراغی قەرەوێڵە ژەنگاوییەکەیان دانیشتووم. چاوەڕێم بێنەوە و بۆم بگێڕنەوە. باسی سەرقاڵی، ڕاکەڕاك، ترس، تووڕەیی، خۆشی ناخۆشییەکانیانم بۆ بکەن. منیش قسەیەکیان پێ ببڕم و بڵێم فیدای ئەم لاژەلاژەتان. زۆر مەراقم بوون و بیرم کردن….
بڵێم؛ بۆ خاتری جوانیمان دە بۆ ئەمجارە بەسەر لەگەڵم مەدوێ.

لێمگەرێ لێتکەوم، بەرتکەوم، تا تۆزی بێدەنگی چەند ساڵەت بتەکێت. ترسی تۆ لە شکانەوە، ژێربڕ و لەسەرخۆ دەمکوژێت. دامدەپڵۆخێنێت، دەمکاتە قەرەبرووت و لەجێی خۆم سارد دەبمەوە. مەگەر تۆ هێشتا نەتزانیوە کە شکانەوە لەم زەمەنەدا، بەرپێی خۆتت پیشان دەدات. لە ئێستایەك کە هەمووی بە سەر و بەژێر و خۆزگە تەنها ڕوو، بەڵکوو چاو و لمۆزیان لە ئاسمانە!. بهێڵە لەم پۆخڵەواتەدا، دڵنەواییەکی دەگمەن بین. ئێستا خراپ بوون ترووکەی چاوێکە. بەڵام باشی بەرانگاربوونەوەیەکی بە گوڕ و بڕیارێکی پۆڵائاسای دەوێت. من بە ئەم تاکڕەویەی تۆ، دەبمە یەکپارجە گومان، هەڵدەکفێم و بۆگەن دەکەم.
سەیرم لێ دێت کە نە تۆ دەتوانی لەگەڵ تەنیایی من بدوێیت و نە منیش لە بێباکی مردەلۆخی تۆ تێدەگەم!

من دەتوانم زیاتر، … نا لەوانەیە جیاوازتر لە هەمووان خۆشمبوێیت. لەگەڵ کورتییەکانت درێژبم. دەیان پاساویان بۆ بهێنمەوە هەتا دەگەمە ئەوپەری بەزەیی، بەڵام تۆ نازانی ئەمە چەند شەکەتم دەکات؟ خەوم دەزڕێنێت و بیناییم سپی دەکات! خۆشەویستی بێمەرج تەنها گورزێکە کە گیانە زیندوو و بەئاگاکانی پێ فریو، سنووربەند و دەمکوت دەکرێت. گلەییش تەنها بۆ تێگەیشتن و دۆزینەوەی بەهای مرۆڤ خۆیەتی لە بەرانبەر.

ئەوە منم لەبری هۆگری، خووگرت بووم. توانیم بە خۆڕاگری ئارەزووەکانم لە درزی سینەما حەشار بدەم. بەڵام لەکۆتادا ئەوانیش سوێراو ڕزاندینی.

لێگەرێ ویست و ئارەزووی من بۆ تۆ، بەردەوام وەك خێراوی ماڵەکەم بێت.. دەستی پێوە نەگرم، بیبەخشم تا زیاتر و زیاتر و زیاتر بکات. من نامهەوێت دەست، بەڵکوو دەمهەوێت لەگەڵت پێهەڵگرم بەرەو ئەوپەڕی بێشەرمی و ئازادی ژەنین.
دەی هەر هیچ نەبێت تۆ ببە بەو بەرەی دەزانم کە هێشتا تاڵە، بەڵام دەستی حەزم بەردەوام بە ڕوویدا دەخشێت.
ڕێگەچارەت چییە؟ من دەزانم گەر سەریشم ببڕیت، خوێنم هەموو ئەو دەڤەرە شین دەکات. لەوانەیە من خوێن، کوردبوون، کەوا و كۆڵوانە بۆماوەکەت بم. یان دوور نییە ئەو نەفرەتییەبم کە لەگەل پێچی بۆینباخەکەتدا مل و گەردنتی گرتووە. نە دەتوانی شلم بکەیتەوە و نە پیاوەتیشت ڕێگە دەدات زایەم بکەیت.

#جەرگەگیان
#💜