شیرین پەرویزنیا
شاعیر، مەھاباد
………………
دەریا ،دەریا
لەسەر خۆبە شەپۆل مەدە بێوچان
مەند بە لە خۆبایی مەبە لەسەر کۆرپەی بێزمان
بۆ نازانی هەموو ڕۆژێ بوویە هومێد
بوویە باوەش ،ڕێگای نەجات
خۆت باش دەزانی کە ئێمە
پەروەردەی وڵاتی خۆرین
ئێستا بۆچی دژ بەرمانی
لێمان بووی بە پردی سیڕات
هۆ خەڵکانی وڵاتی هومێد
بۆ کۆچەرانی وڵاتی ون
ئەو کاتانەی دەچنە بەستێن بۆ گەشت و سەیران
لەسەر خۆ پێداگرنە خیزەڵانی کەنارئاو
نەک دەریا ئەمڕۆش لە جیات گوێ ماسی
لایدا بێتە کەنار ئالانێکی دی
دەریا، دەریا
لێت تێک نەچێ خێڵی ماسی دەگەڵ خێڵی وڵاتی ون
تۆ بیانناسە
من پێت دەڵێم ناونیشانیان
چاویان گەشە وەک خۆرەتاو
پڕ لە حەسرەت وەک گۆمەزەی سەر ئاو
ماسی ،ماسی
لێت تێک نەچێ بسکی پەخشانی دایکی ون
دەگەڵ بووکە دەریایی
ماسی گر بە هێمنی تۆڕەکەت هەڵکێشەوە
نەک ڕاوی ئەمڕۆت کۆچبەری ون بێ.
٩٤ هەتاوی

