فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئەنفال… لە دوای بێدەنگی

ناسک نەسیری

……………..

 

کێ دەڵێت چیا بێدەنگە؟

چیا گوێی لە دەنگی
ئەو منداڵەیە
کە هێشتا لە ژێر خاک
دایکی بانگ دەکات.

گوڵە کێویلە بیابانەکان
ڕەنگیان سوورە و بۆنی مێخەکی سەر سنگی دایکی گەرمیانیەکی گرتوە .
باران ببینن چۆن بە خوڕ دەبارێت
ئەوە
فرمێسکی پڕ لە هەستی ئاسمانە،
کوڵی گریانی گەردونە
بۆ نەسرینی تازە بوکی دەست بە خەنە
کە تەنها شەۆێک لە ئامێزی زاوای کاکۆڵ شیریندا بوو
چاو لە بـــــــــا کەن
چاو لە بـاکەن
ناوی گوندە سووتاوەکان سەرحەدو خاڵتەو شنگال ی
لەسەر شانەکانی خۆی هەڵگرتوە بە گژ کێو و ڕوبار و دار بەڕوەکاندا هاوار دەکات
شیوەنی هەزاران ئەنفالی شنگال و بارزان و گەرمیان و هەڵەبجە و دەکات .

ڕوبار ساڵانێکە بارگەی خۆی لە کۆڵ ناوە
زاڵەتەری
ئەو کۆرپە بوو
لە ڕۆژانی نۆ ڕۆژەیدا بەر لەوەی ڕوی دنیا بینێ
لەگەڵ دایکی بە زیندوی لە خاک نرا
هۆ خەڵکینە
هۆ خەڵکینە
دەزانن ژانی ئەنفال چیە ؟
ئەنفال تەنها کۆمەڵکوژی مرۆڤ نەبوو ،
لە گۆڕ نانی سفرە و نان
زەماوەند بوو ،
ئەنفال
کۆتایی بەهارو
ووشک کردنی کانی و ڕوبارو
سوتانی دەغڵ و باخات بوو
لەو ڕۆژەوە
خۆر لە دڵمان دا هەڵنایە
مانگ ئازاری تەواو کوردی لە دڵدایە .

 

ئەنفال تەنها ناوێک نیە
دەریایەکە
لە فرمێسک،
هاوارێکە لە دڵی دایکان
ئەو دایکانەی
هەرگیز کوڕەکانیان نەگەڕانەوە.

لەو ڕۆژەدا ،خۆر خۆی حەشارداوە
مانگ
ڕووخساری خۆی داپۆشی،
مێژوو
بە خوێن
لاپەڕەکانی خۆی نووسی.
هەرگیز مەگەرێن بەشۆێن گۆڕی ئازیزانتان
لە بیابانی نوگرەسەلمان لە لای هەر سەوزاییەک لە لای هەر چاوگە کانیەک سڵاو بکەن
چڕکەیەک بوەستن بزانن ئازادی
هێشتا هەناسە دەدات .