فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لەبەردەم ئاوێنەی تەمەن

دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی

……………………..

 

​بەیانییەک لە خەو هەستام، بەیانییەک کە وەک هیچ کام لە بەیانییەکانی تری ژیانم نەبوو. جەستەیەکم هەڵگرتبوو پڕ لە بێهێزی، دەست و قاچەکانم هێندە شەکەت بوون، وەک بڵێی بارگرانیی تێپەڕبوونی ساڵانێکی درێژم بەکۆڵمدا دابێت. بەرەو ئاوێنەکە چووم تا بە زەردەخەنەیەکەوە بەیانی باش لە خۆم بکەم، بەڵام کە تێبینیی ئاوێنەم کرد، بۆ ساتێک مات و سەرسام ڕاوەستام… ئەوەی لە بەرامبەرمدا بوو، وێنەی ڕابردووم نەبوو!
​ئەو ڕووخسارەی هەمیشە بە گەشاوەیی و سۆزەوە دەمبینی، ئەمڕۆ بەرگێکی تری پۆشی بوو، ڕووخسارێک ڕەنگپەڕیو و ماندوو. چاوە گەشاوەکانم وەک دەرگای ژوورێک لەبەردەم با کە بەرەو داخستن بچێت، کەمێک بەکراوەیی مابوونەوە. ئەو ڕوومەتانەی پێشتر کاتی زەردەخەنە هێڵی شادییان تێدا بەدی دەکرا، ئەمڕۆ هەموویان ببوونە نەخشەی چڕچی و ماندوێتی، هەریەکەیان یادگاریی برینێک، خەمێک، یان زەردەخەنەیەکی لەمێژینەیان هەڵگرتبوو. ئەو قژەی جاران وەک پەلکەزێڕینە بە ڕەنگاڵەیی خۆی دەنواند، وەک لۆکەی ناو گوڵەپەموو سپی هەڵگەڕابوو، ئیدی تۆزی کات لەسەر تاڵەکانی نیشتبوو. پەنجەکانم، کە پێشتر بە کەزییەکانمدا دەهاتنە خوارێ، هێزیان تێدا نەمابوو، ڕێک وەک ئەو منداڵە ماندووەیان لێهاتبوو کە دوای یارییەکی زۆر، لە سووچێکی باخچەکەدا دادەنیشێت و مات و کز سەیری گەرمی یاری هاوڕێکانی دەکات.
​ویستم زەردەخەنەیەک بکەم تا درەوشانەوە لە ددانەکانمدا بگەڕێتەوە، بەڵام ئەوانیش وەک سێبەری مانگەشەوێک لە ئاوابووندا بوون، تەنها کەمێکیان لە شوێنی خۆیان مابوونەوە. ویستم ئاوێنەکە جێبهێڵم، چونکە جەستەم بەرگەی بینینی ئەم شکانە ڕووکارییەی خۆمی نەدەگرت، بەڵام لەو ساتەدا، دەنگێک لە ڕووخساری ناو ئاوێنەکەوە هێمنی کردمەوە و پێی وتم:
​بۆ کوێ دەڕۆیت؟ تۆ ناتوانیت بەم ئاسانییە لە جەوهەری خۆت هەڵبێیت! ئاوێنە تەنها ڕووکار دەشکێنێت، نەک ناوەوە. ئەوەی ئێستا لێی دەڕوانیت، نزای هەزاران ئازیزت بوو کە داوای تەمەندرێژییان بۆ کردوویت. ئەم هێڵانەی سەر ڕووخسارت درکی ڕاستەقینەی ژیانن، خەونی هەزاران مرۆڤن کە هەرگیز پێی نەگەیشتن و لە نیوەی ڕێگادا مامەڵەی ڕۆژگاریان کۆتایی پێهات.
​ژیان ژمارەی ساڵەکان نییە، بەڵکوو قووڵی ئەو ساتانەیە کە تێیدا ژیاوین، تەمەن ئەو ڕۆژانەن کە نەمان ناسیون و تێمانپەڕاندوون، بێ ئەوەی سوپاسێکی تایبەت پێشکەشی تێپەڕبوونیان بکەین. جەستە تەنها بەرگێکی کاتییە و بەپێی وەرزەکانی تەمەن هەڵدەوەرێت، بەڵام ڕۆح بێپایانە. گرنگە مرۆڤ فێری ئەم ڕاستییە بێت: تا کۆتایی ڕێگاکە، دەبێت بە شکۆمەندیی ڕۆحەوە مامەڵە بڕوات نەک بە داڕمانی جەستە، چونکە لە کۆتاییدا هەر ڕۆحە وەک جەوهەر دەمێنێتەوە.
​دوای چەند خولەکێک لە ڕامان و سێرکردنی خۆم لە ئاوێنەکەوە، ئیتر نەک هەر نەمدەتوانی خۆم ڕابگرم، بەڵکوو هەستم بە ڕازیبوونێکی قووڵ کرد. ئەسرینی گەرم بە چاوە ماندووەکانمدا هۆن هۆن دەهاتە خوارێ… لەو ساتەدا بەدەم گریان و ئاشتبوونەوەیەکی نوێوە لەگەڵ ڕۆحم، لە خەو بەئاگا هاتم.