فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

تا بڵێسەی پێماوە ئەشق پێ ئەکەنێ بە دەمییەوە گۆرانی

سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە

………………

ئەوە منم ئەوینداریتانم داوە بە کۆڵی شێعرما
بێ هیچ گرێیەک لە ترس
خەونەکانتانم کردووە بە چەتر
بێ هیچ سڵ کردنێک لە گومان
(گومانێک کە قورستر ئەبارێ لە تەرزە)
هەنگاوم پڕە لە پەلە و وێرەم دێ
هەناسە ئەدەم لە پەلک بە پەلکی بیرەوەریتانەوە
ئەوە ئێوەن کە سەوز دەمێننەوە
بە فرمێسک
ئوکسیژن دەپشکوێن و چاو هەڵدەگڵۆفن لە تەم
بەو پێیە ئێوە دارن و
بەم ڕوانگەوە من زیندووم
هیچ داوێنێ ناموەستێنێ من کە دەستم ناوەتە ئێخەی شاخ!
بە کۆڵمەوەیە هەگبەیەکی چل تیکە
لە نەخشەیەک ئەچێ
بۆ جوگڕافیایەکی لەتلەت
کە چندراوە بە پەلکە
ڕەنگ کراوە بە خوێن
بادراوە لە ئەشکەنجە و خۆی خواردۆتەوە هەنگوینی
هەنگاوم قورسترە لە متمانە
بەڕێوەیان دەبەم خەون و ئەوین و
هەڵدەگەڕێم بە ئەندیشەیەکدا
کە ڕەگی لێ داکوتاوە بەڕوو
پاڵی پێوەداو شاخ و
لەبەری دەڕوا ڕووبار
کێ ئەزانێ بۆچی سەری خۆی پێ بەرز نابێتەوە ڕووبار؟
هێندەم لەخۆوە پێچاوە ڕێ
دڵۆپە ئەکا شەکەتیم و لووزەوەی بەستووە زام
سەرنجم هەر لەبەر پێمە و بڕناکا هەنووکە نیگام بۆ لووتکە
خەیاڵم بەڵام ئاوێزانترە لە بەفر
لووتکەترە بە باسەرەوە هیوام
ئاوێزانم بەم خاکەوە ڕنووتر
زستان دەست شل دەکا لەبەرم
دەتوێتەوە تووڕەیی
وەرز ئەگۆڕێ
وەک زەوی لە سێبەرەوە بۆ ڕووناکی
لە شەوەزەنگەوە بۆ خۆرەتاو
ئەوە ئێمەین کە ئەبێ بچەرخێێن
لە خەیاڵەوە بۆ هزر
لە خەونەوە بۆ هەنگاو
دەلاقەکان وەکەن
ئەوە منم کە بە کۆڵمەوە چل پارچەم لە ئومێد
چل تیرێژم لە بڕست و
چل تریفەم لە خەون و
هەتا زیاتر لێم وەکۆڵن هەساوم
هەتا بمدوێنن ڕووناکیم
هەتا بمدۆزن بیرەوەری و ڕێگام ئەگەر شوێنم بگرن ڕێم!
ناونیشانتان ئەدەمێ بمگەڕێن
ئەوە ئێوەن کە ئەتوانن نەهێڵن مەودا؛
ئەگەر ببزوون
دڕدۆنگی وەسڕن؛ ئەگەر یەکگرن
باوەڕ وەقۆزن؛ ئەگەر ڕوون وەبن
من بەم هەناسە سوارییەوەم
ئادرەستان ئەدەمێ لە دار
نیشانەتان ئەدەمێ لە بەرد
تیکە بە تیکە لەم هەگبەی بەکۆڵمەوەیە لە ئێوە، ڕێتان ئەخەمە بەردەم
نزاربەنزار بۆ تیشک و بڕگەبەبڕگە بۆ هەتاو
لێوتان بدەن بە خۆر
ماچێک بکەن لە ڕووناکی
نیشتمان تینووترە بە تیشك لە بەفر
کۆپلە بە کۆپلە بۆتان ئەگێرمەوە ڕابردوو
جیهانێکتان لەگەڵ ئاشت دەکەمەوە:
– کە لێی دابەزیبێ داهاتوو
– کە پاڵی لێ دابێتەوە بەیانی
ڕۆژژمێر هەر بەم هەنگاوانەوە لە دایک دەبێت
کە خۆشەویستی ئەینووسێ
و ڕچەی پێ ئەشکێنێ شێعر!