فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستانی دياسپۆرا کۆنگرەی يەکەم ” هەژار موکريانێ ” لە ئەڵمانیا بەست

 

لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی ڕێزدار سەرۆک بارازانی و بە ئامادەبوونی رێزدار شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانیی لە بارەگای بارزانی،  رۆژانی ٢٤-٢٥ی تەمووزی ٢٠٢٦، یەکەمین کۆنگرەی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستانی -دیاسپۆرا، لەژێر ناوی هەژار موکریانی، لە (ڕاتینگن)ی دوسلدۆف، بەست.

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی ٢٤ی مانگی حەوتی ٢٠٢٦ لە لايەن ليژنەيەکی تايبەتەوە، لە هۆتێلی گراند ئەيەرپۆرت لە شارۆچکەی ڕاتينگينی سەر بە شاری دۆسلدۆرفی ئەڵمانيا کە بۆ حەوانەوەی میوانان و ئەندامانی کۆنگرە دابينکرا بوو، پێشوازی لە میوانان و ئەندامان کرا، لە ئێوارەی هەمان رۆژدا بە ئامادەبوونی د. ئەمير چالی بريکاری وەزيری خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان و د. ئیسماعیل کامل، سەرپەرشتیاری رەوەندی کوردستانی، ئێوارە کۆڕێکی ئەدەبی لە هۆڵی هۆتێل گراند ئەيەرپۆرت بەڕێوەچوو کە تێیدا کۆمەڵە بابەتێکی ئەدەبی پێشکەش کران، کۆڕەکە لە لایەن خاتوو دەریا قادر خۆشناو و عەبدولباقی حوسەینی بەڕێوەچوو.

هەر لەهەمان کۆڕدا وێڕای خوێندنەوەی شیعر لە لایەن ئەندامانی کۆنگرەوە، کورتەی دوو توێژنەوەی زانستی پێشکەش کران، یەکەمیان لەلایەن میوانی کۆنگرە (د. ئەحمەدی مەلا) لەژێر ناویشانی (( لە درزی قاپییەوە ))، کە توێژینەوەیەکە لە لایەن د. ئەحمەد مەلا لەبارەی (شێخ رەزای تاڵەبانی)یەوە نووسراوە، لە بارەی ناوەڕۆکی توێژینەوەکە د. ئەحمەدی ئەوەی ئاشکرا کرد ” توێژینەوەکە ئەو تێڕوانینە گشتییانە تێکدەشکێنێت کە لەبارەی شێخ ڕەزا هەیە کە ئەو شاعیرە تەنیا وەک شاعیرێکی هەجوو دەناسێنێت”. توێژینەوەی دووەم لە لایەن (د. حوسێن حەبەش)، لە ژێر ناونیشان گاتاکانی زەردەشت، پێشکەشی ئامادەبووان کرا. کۆڕەکە درێژەی کێشا و شەوانە شيعری ئاوێتە بوو.

سەرلەبەیانی رۆژی شەممەی ٢٥/ ٠٧ / ٢٠٢٦ لە هۆتێلەوە بە پاسێکی تايبەت و بە دومودووی کوردانەوە بەرەو هۆڵی کۆنگرە ، کە هۆڵی هۆتێل رامادا بوو لە هەمان شارۆچکە، لە هۆڵی کۆنگرە پێشوازی لە میوانان و ئەندامانی کۆنگرە کرا، پاشان کاتژمێر ١٠:٠٠ی سەرلەبەیانی، بەپێی بەرنامەی کۆنگرە بە خولەکێک وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و بیستی سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەست بە کاروبارەکانی کۆنگرە کرا.

ئامادەبوونی میوانان، بەخشینی میدالی سەربەرزییە

سەرەتا وتاری بەخێرهاتن لەلایەن بەڕێز سەردار جاف، سەرۆکی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستانی دياسپۆرا پێشکەش کرا و تێیدا بەخێرهاتنی میوانان و ئەندامانی کۆنگرە کرا.

لە وتاری بەخێرهاتندا سەردار جاف ڕووی کردە میوانان و وتی:”ئامادەبوونتان، میداڵی سەربەرزی پێ بەخشین، بوونی ئێوە لێرەدا ئەوپەڕی ترۆپکی ئەوینێکە بۆ وێژە و زمانی کوردی، درک بە ماندوبوون و زەحمەتیتان دەکەین کە لەم ساتەوەختەدا کاتتان بۆ ئێمە تەرخان کرد، سەری خاکەڕاییمان لە ئاست هەنگاوەکانی هاتنتان دادەنەوێنین”.

لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆکی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستانی – دیاسپۆرا وتی “ئێمە دەرگامان بەڕووی ئایدیۆلۆژیادا کلۆم دراوە و پەنجەرەمان لەئاست قەڵەمە جوانەکانی بیری پاکتان ئاوەڵا”. 

دواتر وتارێکی بەپێز لەلایەن رێزدار شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانیی لەبارەگای بارزانی پێشکەشی ئامادەبووان کرا، لە وتارەکەیدا وێڕای بەخێر هاتنی میوانان بەڕێزیان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ ئامادەبوونیان لەم کۆنگرەیە.

 

نووسەران بوونەتە دەنگی شۆڕش و بەرهەڵستکاریی

هەروەها ئاماژەی بەوەيش کرد کە “ناونانی ئەم کۆنگرەیە بە ناوی شاعیر و نووسەری مەزنی کوردستان «هەژاری موکریانی»، ئەو واتایە دەگەیەنێت کە نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا ڕۆڵێکی گەورەیان لە پاراستن و پێشخستنی زمان و کولتووری کوردیدا گێڕاوە. ئەوان بوونەتە دەنگی شۆڕش و بەرهەڵستکاریی گەلەکەمان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات؛ توانیویانە ڕۆحی نەتەوەیی و بەرگری لە دڵ و مێشکی هەر کوردێکدا بچێنن و ببنە دەنگی ئازادی لە دەرەوەی وڵات.”

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا بە شێوەیەکی سیستماتیک باسی لە مێژووی خەباتی بێوچانی نووسەران و پێنووس بەدەستانی کورد کرد هەر لە سەردەمی یەکەمین رۆژنامەی کوردستان لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە و تا دەگاتە ئەمڕۆ.

دواتر باسی لە رۆڵی بنەماڵەی بەدرخانییەکان کرد لە بواری رۆژنامەوانی و داڕشتنی نووسین بە زمانی کوردی لاتینی و دەرکردنی گۆڤارەکانی هاوار و رۆناهی بەو زارە و بەو ڕێنووسە تازەیە کە بوەتە بناغەی پتەوی نووسین تا ئێستايش.

ئینجا دوای ئەوەی ئاماژەی بە بواری رۆژنامەگەری و بەکارهێنانی زمانی کوردیدا جەختی لە پەروەردە و دامەزراوە فەرمییەکان لە سەردەمی کۆماری ديمۆکراتی کوردستان لە مهاباد کرد، هاتە سەر باسی رۆڵی نووسەران لە دیاسپۆرا لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم.

 

فیدراسیۆنی نووسەران دەبێتە هێزێکی هاوبەشی نووسەرانی کوردستانی

پاشان بەڕێزيان هاتە سەر فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستانی – دیاسپۆرا و وتی “ئەمڕۆ، کاتێک باسی دامەزراندنی فیدراسیۆنی نووسەران دەکەین، باسی ڕێکخراوێکی نوێ ناکەین، بەڵکوو باسی بەردەوامیی ئەو مێژووە دەکەین کە لە قاهیرە دەستی پێکردبوو، لە شام و کۆماری ديمۆکراتی کوردستان لە مەهاباد گەشەی سەندبوو، و لە ئەورووپا و وڵاتانی ڕۆژاوا بەردەوام ببوو. ئێستايش دەبێتە هێزێکی هاوبەشی نووسەرانی کوردستان، بۆ ئەوەی خەباتی خۆیان بگەیەننە قۆناغێکی نوێ و خزمەتی دۆزی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد “دەبێت ئەم فیدراسیۆنە ببێتە ماڵی هەموو نووسەرانی کوردستان، بەبێ جیاوازیی شێوەزار، بیروباوەڕی سیاسی و ئایینی. دەبێت ببێتە پردێک لە نێوان شێوەزارەکانی کوردی، لە نێوان ئەدەبیات و زانستدا، لە نێوان کوردستان و ڕەوەنددا، و لە نێوان مێژوو و پاشەڕۆژدا.

دواتر وەکوو رێنماییەکیش بۆ ئەندامانی کۆنگرە و دەستەی بەڕێوەبەریی داهاتوو وتی ” دەبێت ئێوەيش لەم سەدەیەدا بە هێزی پێنووس، زانست و ڕۆشنبیری، زمان و ناسنامەی کوردستان بپارێزن و دەنگی گەلی خۆتان بە سەربەرزییەوە بگەیەننە ناوەندەکانی بڕیاردانی جیهانی.

 

بەهێزکردنی پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانی نێوان شێوەزارەکانی کوردی ئەرکێکی گرنگە

دواتر بەڕێز سەرپەرشتياری گشتی ڕەوەندی کوردستانی سەبارەت بە ئەرکی دەستەی نوێی فیدراسیۆنی نووسەران وتی “ئەرکێکی دیکەی گرنگی ئێوە، بەهێزکردنی پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکانە لە نێوان شێوەزارەکانی کوردیدا. دەبێت جیاوازیی شێوەزارەکان وەک دەرفەتێک بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەدەبیاتی کوردی ببینن، نەک هۆکاری دابڕان و دوورکەوتنەوە.

لە کۆتایی وتارەکەيشیدا سوپاسێکی تایبەتی پێشکەشی کۆمیتەی ئامادەکار کرد و وتی “بەتایبەتی سوپاسی کۆمیتەی ئامادەکار دەکەم کە بە هەوڵ و کۆششی خۆیان ئەم ڕۆژەیان خوڵقاند.

بە ناردنی رێز و سڵاوی بۆ ئەو نووسەرانەی کە لە پێناو پێنووس، زمان و هەڵوێستی کوردانە رووبەڕووی ئەشکەنجە و زیندان و شەهیدبوون بوونەتەوە، کۆتایی بە وتارەکەی هێنا.

دواتر وتاری وەزارەتی رۆشنبیری لە لایەن بەڕێز د. ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا، تێیدا ئاماژە بە رۆڵی نووسەران لە دیاسپۆرا و بایەخی فیدراسیۆنی نووسەران لە دیاسپۆرا کرا.

نووسەران بەشیان لە ژیان ڕاوەدوونان و دەربەدەریی بووە

لە بەشێکی وتارەکەی بریکاری وەزیری رۆشنبیرییدا ئاماژە بەوە کراوە “بە درێژایی مێژوو، ڕۆشنبیران، نووسەر و شاعیرانی کورد، ئەوانەی هەڵگری خەم و شەیدای ناوی کوردستان و خەبات لە پێناو ڕزگاری نیشتمانییدا بوون، بەشیان لە ژیان ڕاوەدوونان، دوورخستنەوە، زیندان و ئەشکەنجەدان تا دەگاتە ئاوارەیی و دەربەدەری بووە.”

 

دواتر ئاماژەی بە مێژووی رۆژنامەگەریی کرد و وتی: “جگە لە کۆچی شاعیرانی سەرقافڵەی شیعری کوردی، چیرۆکی دەرچوون و بڵاوکردنەوەی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی، بە نێوی (کوردستان) لە قاهیرە شاهێدێکی گەورەی ئەو ئازار و مەینەتیانە بووە، کە ڕووبەڕووی دەستەبژێری نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بووەتەوە”.

 

نووسەران پێشمەرگە ئاسا ڕۆڵیان گێڕاوە

 

بریکاری وەزیری رۆشنبیریی وتیشی: “بە درێژایی وێستگە مێژووییەکانی ژیان و خەباتی سیاسی و چەکداری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، نووسەران شانبەشانی پێشمەرگە گیان لەسەر دەستەکانی نیشتمان، پێشمەرگە ئاسا ڕۆڵیان گێڕاوە لە بەرەنگاربوونەوەی ستەم و چەوساندنەوە، بە وشە لە ڕێگەی بەرهەمە ئەدەبی و هزری و سیاسییەکانییانەوە بەرەنگاری شاڵاوەکانی سڕینەوەی ناسنامە و جینۆسایدی کولتووری دژ بە کورد بوونەتەوە”.

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ئاریان سەلاحەدین ئاماژەی بە هەلبژاردنی ناوی کۆنگرە کرد و وتی: “هەڵبژاردنی ناوی هەژاری موکریانی بۆ یەکەم کۆنگرەی فیدراسیۆن، بیرهێنانەوە و ڕێزگرتنە لە هەموو ئەو قەڵەمە کوردییانەی بە وشە و بەرهەمەکانیان کاریان بۆ سڕینەوەی بەربەستەکان دەکرد و لە خەمی پێشخستنی فەرهەنگی نەتەوەسازی و سەرخستنی بزاڤی ڕزگاریخوازی نیشتمانییدا بوون”.

 

ڕۆڵەکانی کوردستان بە چاوی ڕێز و شکۆوە دەڕواننە خەبات و تێکۆشانی نووسەران

بریکاری وەزیری رۆشنبیریی لە وتارەکەیدا جەختی کردەوە لەوە کە “حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت جەنابی سەرۆک وەزیران ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی و قەوارەی دەستووریی کوردستان هەمیشە پشتیوانێکی بەهێزی نووسەر و ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و هونەرمەندان و وەرزشوانانی کوردستانە لە هەر کوێیەکی جیهاندا بن”.

 

بريکاری وەزيری ڕۆشنبيریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕووی کردە نووسەران و ئەوەی هێنایە زمان “قەڵەمە بە بڕشتەکانتان و بەرهەمە هزری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەرییەکانتان گەنجینەیەکی بەهادار و سەرمایەی کولتووری گرنگی کۆمەڵگەی کوردستانن، هەمیشە نەوە لە دوای نەوە ڕۆڵەکانی کوردستان بە چاوی ڕێز و شکۆوە دەڕواننە خەبات و تێکۆشانتان لە پێناو پاراستنی زمان و پێشخستنی فەرهەنگی نەتەوەیی و نیشتمانیی کوردستان”.

 

دواتر ڤیدیۆیەکی بەڵگەیی لەبارەی مێژووی ئەدەب لە کوردستان نیشان درا، کە تێیدا تیشک خرابووە سەر مێژووی ئەدەبی کوردی بە زاری سۆرانی و باس لە قۆناغ و سەردەمەکانی ئەدەبی کوردی کرابوو.

79f9d2d4-cb29-4509-803f-ce7e5de04c5d.mov

دواتر وتاری فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لەلایەن د. ئیسماعیل کامل پێشکەشی ئامادەبووان کرا و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەناوی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان کە زیاتر لە ٤٠ ناوەند و ١٢٠ کۆمەلەی رۆشنبیریی تێیدا ئەندامن، پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە ئەندامانی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان لە دیاسپۆرا کرد.

 

نووسەرانی کورد رۆڵیان هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردیدا

لە سەرەتای وتارەکەیدا، تیشکی خستە سەر رۆڵی نووسەران و وتی “بێگومان نووسەرانی کورد ئەتوانن رۆڵێکی زۆر گەورە بگێڕن لە دیاسپۆرا، هەم بۆ پشتگیریی لە داخوازییە رەواکانی گەلی کوردستان و هەم بۆ یەکڕیزیی رەوەندی کوردی لە دیاسپۆرا”.

باسی لەوەيش کرد “نووسەرانی کورد بەبێ جیاوازی ئایدیۆلۆژی دەتوانن دانوستاندن لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا هەبێت و دەتوانن ئەو ڕۆلە بگێڕن” ئەويشی خستەڕوو کە “نووسەرانی کورد وەک نووسەرانی گەلانی دیکە رۆڵیان هەیە لە پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردیدا”.

لە کۆتایی وتارەکەیدا دووبارە پیرۆزبایی خۆی پێشکەشی فیدراسیۆنی نووسەران و ئەندامانی بەشداربوو لە کۆنگرە کرد.

 

پاشان پەیامی یەکێتی نووسەرانی ئەڵمانیا کە لایەن خاتوو یانا ئێنگلێس تایبەت بە بەستنی کۆنگرەوە نێردرابوو، بە زمانی ئەڵمانی بە شێوە ڤیدیۆ پێشکەش کرا و بە زمانی کوردیش خوێندرایەوە.

 

دڵخۆشین بە دامەزراندنی فیدراسیۆنی نووسەرانی کورد- دیاسپۆرا

لە وتارەکەی یەکێتی نووسەرانی ئەڵمانیادا، هاتبوو”لەسەر ناوی یەکێتیی نووسەرانی ئەڵمانیا لە ویلایەتی ڕاین- وێستفالیای باکوور (NRW)، زۆر دڵخۆشین بە دامەزراندنی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردی دیاسپۆرا. دەستپێشخەرییەکی لەو شێوەیە، کاری ئەدەبیی نووسەرانی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەکات و دەرفەتی نوێ بۆ ئاڵوگۆڕ و هاوکاری دەڕەخسێنێت”.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا نووسیویانە”هیوادارین کۆمەڵەکەتان ببێتە دەنگێکی هاوبەش بۆ نووسەرانی کورد. هەروەها هیوای ئەوە دەخوازین کە ئاڵوگۆڕی ئەدەبی لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا زیاتر گەشە بکات”.

 

بە پەرۆشەوە چاوەڕێین لە کاتێکی گونجاوی دیکەدا لەگەڵتاندا لە پێوەندیدا بین

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی یەکێتی نووسەرانی ئەڵمانیادا هاتووە “نووسین لە دیاسپۆرا و تاراوگەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و بەرپرسیارێتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. زۆرێک لە نووسەران لە نێوان زمان و ئەزموونە کولتوورییە جیاوازەکاندا دەژین. ئەوان نەک هەر یادەوەرییەکان دەپارێزن، بەڵکوو باسی گۆڕانکارییەکانیش دەکەن و فەزایەک دەخولقێنن کە تێیدا ڕابردوو و ئێستا پێکەوە گرێ دەدرێن. ئەم تێڕوانینانە دیمەنی ئەدەبی دەوڵەمەند دەکەن و هاوکارن بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە ڕاستییە جیاوازەکانی ژیان.

هیوای سەرکەوتنی گەورەتان بۆ دەخوازین لە کار و پڕۆژەکانی داهاتووتاندا، و بە پەرۆشەوە چاوەڕێین لە کاتێکی گونجاوی دیکەدا لەگەڵتاندا لە پێوەندیدا بین.

 

 

پاشان وتاری نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەڕێز د. کارۆخ خۆشناو خوێندرایەوە، تێیدا وێڕای پیرۆزبایی لە بەستنی کۆنگرە، ئاماژە بە پێویستیی کۆنگرە کرد و وتی: “بەستنی ئەم کۆنگرەیە پێویستییەکی هەنووکەییە و رێزگرتنە لە قەڵەم و هزر و بەرهەم و بەخششی کاروانی نووسەرانی دیاسپۆرا کە هەمیشە لە سەنگەری گەلەکەیاندا بوون لە ڕێگای خامەکانیانەوە بەشێکی گرنگ بوون لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان”.

 

سەرۆکی هەرێم جەخت لە پاڵپشتیکردنی نووسەران دەکاتەوە

 

لە بەشێکی وتارەکەیدا، نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی لە نووسەران دەکات لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان، هەروەها وتیشی: “سەرۆکی هەرێم لە چەندین بۆنەدا جەختیان لە پاڵپشتیکردنی نووسەران کردوەتەوە”.

 

هەروەها سەبارەت بە دامەزارندنی فیدراسیۆنی نووسەران- دیاسپۆرا نەیشاردەوە کە “دامەزراندنی فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستانی – دیاسپۆرا، بەڵگەیەکی گرنگە لەسەر گرنگیپێدانی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە نووسەرانی دیاسپۆرا تاکوو بەردەوام بن لەسەر پرۆسەی نووسین لەسەر کولتور، زمان، ئەدەب و داهێنان”.

 

مرۆڤی جوان، بیری جوان، زادەی ژینگەیەکی ئازادن

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی بەڕێز نوێنەری سەرۆکی هەرێمدا هاتبوو “باوەڕی تەواومان بەوەیە، مرۆڤی جوان، بیری دوان، زادەی ژینگەیەکی ئازادن، هەموو هەوڵێکیشمان لە ئێستا و داهاتوويشدا بۆ رەخساندنی ئەو ژینگەیەیە، چونکە ژینگەیەکی دروست نووسین و داهێنان ئەوەیە کە تیایدا ئازادی بیروبۆچوون و ڕادەبڕین بەهایەکی بەنرخ بێت، ژیان و جوانی رێز لێ گیراو بن”.

 

هەروەها لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بە رۆڵی نووسەرانی دیاسپۆرا کرد لە پێشخستن و خزمەتکردنی ئەدەبیات و زمانی کوردی لە دەرەوەی وڵات کرد و وتی “چاوەڕوانی ئێمە لە نووسەرانمان لە دەرەوەی وڵات گێڕانی رۆڵی کاریگەریانە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی پتەو لەنێوان هەندەران و کوردستان لەسەر بنەمای لێبوردەیی، پێکەوژیان، یەکسانیی، خۆشەویستی نیشتیمان و کۆمەڵگەکانی دیاسپۆرا و کوردستان”.

 

نووسەران و ئەدیبان پرد و رایەڵەی نێوان گەلانی خۆیان و جیهانن

 

بەڕێز د.کارۆخ خۆشناو، لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر رۆڵی نووسەران لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان کۆمەڵگەکان و وتی “نووسەران و ئەدیبان پرد و ڕایەڵەی نێوان گەلانی خۆیان و جیهانن، ئامادەیی هەر نووسەرێکی کورد لە کتێبخانەکانی دنیادا، ئامادەبوونی ناسنامە و مێژووی گەلێکە، بۆیە گرنگە نووسەرانمان هەولی جددی بدەن بۆ تێپەڕاندنی سنووری وڵاتان و وەرگێڕانی بەرهەمەکانیان بۆ زمانە زیندووەکانی دونیا و نەخشاندنی جێدەستی کوردستان لە جیهانی داهێنان و جوانیدا”.

 

لە کۆتایی وتارەکەیدا هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەی خواست و درودی بۆ گیانی نووسەرانی شەهید نارد و وتی “لەم کۆنگرە پڕ شکۆیەدا، دروود بۆ گیانی پاکی ئەو نووسەرە شەهیدانەی لە سەنگەری بەرگریی و زیندانە تاریکەکاندا گیانی پاکیان بە خاک و گەل و وشە بەخشی”.

 

دوای وتارەکەی نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێم، بڕگەیەکی تایبەت بەڕێوەچوو کە تێیدا تابلۆیەکی هونەریی وێنەی مامۆستا هەژار موکریان کە بە دەستوپەنجەکانی هونەرمەند گرفتار کاکەیی نەخشێندرابوو، پێشکەشی جەنابی سەرۆک بارزانی کرا و لەلایەن ڕێزدار شفا بارزانییەوە وەرگیرا.  هەر لەم بڕگەيەدا ڕێزدار سەرپەرشتياری گشتی بڕوانامەی ڕێزلێنانی فيدراسيۆنی بەخشييە هەر يەک لە بەڕێزان عەبدوڵڵای حەسەنزادە و جەليلی جەليل لە پای بەخشينی تەمەنی جوانيان بە زمان و ئەدەبياتی کوردی.

 

وتاری ناوەندی پێنی کورد، لە لایەن رۆمانووس میران ئەبراهام، سەرۆکی ناوەندی پێنی کورد لەژێر ناونیشانی (نیشتمانی نێو جانتای نووسەرانی کۆچبەر)پێشکەش کرا.

ئێمە پارچە پەرشوبڵاوەکانی جەستەی نەتەوەیەکین

سەرۆکی ناوەندی پێنی کورد بەم پەرەگرافە دەستیپێکر “کاتێک ئێمە لێرە و لەم جوگرافیا نامۆیەدا کۆدەبینەوە، ئێمە تەنیا کۆمەڵە نووسەرێک نین کە لە دەوری مێزێک بۆ گۆڕینەوەی چەند دەستەواژەیەکی باو و سواو کۆبووبێتینەوە، بەڵکوو لە ڕاستیدا ئێمە پارچە پەرشوبڵاوەکانی جەستەی نەتەوەیەکین کە لە ئاوێنەی غەریبیدا، بەدوای وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا دەگەڕێت و هەوڵی کۆکردنەوەی مانا پەرتەوازەکانی (بوون) دەدات.”

 

بۆچی ناتوانین ببینە جیهانی؟

سەبارەت بە پرسیاری ئەوەی بۆچی ناتوانین ببینە جیهانی؟ ئەبراهام لە درێژەی وتارەکەیدا، بە ڕەخنەوە وەرامی مەسەلەی خەونی “بەجیهانیبوون”ی دایەوە و وتی “لێرەدا دەبێت بپرسین بۆچی ناتوانین ببینە جیهانی؟ جیهانیبوون بە مانای لاساییکردنەوەی میکانیکیی تەکنیکەکانی ڕۆژئاوا نایەت، بەڵکوو بە مانای “قووڵبوونەوە لە ناوخۆ” و گەیشتن بە لوتکەی گەردوونیی مرۆڤایەتییە، بەڵام کێشەی بونیادیی ئێمە لە “هونەری گێڕانەوە”دایە. ئێمە نەتەوەیەکی پڕ لە چیرۆکی تراژیدین، بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە ئەم چیرۆکانە بە زمانێک بگێڕینەوە کە مرۆڤێکی ئەوپەڕی جیهان خۆی تێدا ببینێتەوە، چونکە گێڕانەوە لای ئێمە زۆرجار لە دوو بازنەی بەرتەسکدا دەخولێتەوە: یان تەنیا “شین و ڕۆڕۆ” و لاواندنەوەی ساکاری قوربانییە، یان گوزارشتێکی سیاسیی وشک و ئایدۆلۆژییە. بۆ ئەوەی خەونی جیهانیبوون بێتە دی، دەبێت ئێمەی “مرۆڤی کورد” لە ناو تێکستەکانماندا وەک “مرۆڤ” دەربکەوین، نەک تەنیا وەک “سواڵکەرێک بۆ چنینەوەی سۆز و بەزەیی”، چونکە جیهان گوێ لە هاواری قوربانییەکی لاواز و بێپڕۆژە ناگرێت، بەڵکوو سەرسام دەبێت بەو کاراکتەرەی کە لە ناو جەرگەی مەرگ و جینۆسایدەوە، مانا بۆ “بوون” دەدۆزێتەوە.

 

خەونی گەورە

سەرۆکی ناوەندی پێنی کورد، لە درێژەی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد “ئێمە پێویستمان بە “خەونی گەورە” هەیە و جێگای داخی قووڵە کە هەندێک لە نووسەرانی ئێمە شەرم لە ناوهێنانی گوند، شار و مێژووی خۆیان دەکەن، لە کاتێکدا مەزنیی ئەدەب لە ڕەسەنایەتییەوە دەست پێ دەکات؛ ئەگەر گابریێل گارسیا مارکێز توانی گوندێکی وەک “ماکۆندۆ” بکاتە پایتەختی خەیاڵی و فیکریی جیهان، بۆچی ئێمە نەتوانین چیاکانمان، ئەشکەوتەکانمان و برینە ئەنفالکراوەکانمان بکەینە ڕووبەرێکی جیهانی بۆ بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی؟”

لە کۆتایی وتارەکەيشیدا هیوای ئەوەی خواست کە ئەم کۆنگرەیە ببێتە بەردی بناغەی سەنتەرێکی فیکر نیشتیمانی و وتی “با ئەم کۆنگرەیە تەنیا کۆبوونەوەیەک یان ڕێوڕەسمێکی کاتیی نەبێت، بەڵکوو ببێتە بەردی بناغەی “سەنتەرێکی فیکریی نیشتمانی” کە تێیدا نووسەری تاراوگە و ناوخۆ لە یەک خاڵدا یەکبگرنەوە: کە ئەویش پەیڤێکی ئازاد و فیکرێکی سەربەخۆ بێت.”

 

پاشان بەڵگە فیلمێک لەبارەی مێژووی ئەدەبی کوردی زاری کرمانجی نمایش کرا.

 

دواتر لە بڕگەیەکی هونەریدا چەند گۆرانییەک لە شیعرەکانی مەلای جزیری بە دەنگی هونەرمەند زوبێر ساڵح پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

 

دوای بەشە هونەرییەکە، ژمارەیەک بڕوانامەی رێزلێنان و سوپاسنامە بەسەر چەند کەسێکدا دابەش کران.