فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئامێری بەدیهێنانی خەونەکان

 عەلی حەمەڕەشید
شاعير، سلێمانی

داهێن هەمیشە حەزی بە کار و چالاکیی نوێ دەکرد، ئەوخولیای داهێنانی ئامێری سەیروسەمەرەی هەبوو. بۆ ئەو مەبەستە، هەموو هەوڵەکانی خۆی خستبووەگەڕ. رۆژێک لە ژوورەکەی خۆیدا، بە بەکارهێنانی چەند پارچە تەختەیەک، وایەری رەنگاوڕەنگ و چەند دووگمەیەکی بریقەداری رەنگاوڕەنگ، ئامێرێکی سەیری دروستکرد و ناوینا (ئامێری هێنانەدی خەونەکان).
کارکردنی ئەم ئامێرە وابوو، هەر خەونێک لەمێشکدا بێت، بە داگرتنی یەکێک لە دوگمەکان کە رەنگەکەی دیاریی کرابوو، دەبوو بە راستی! داهێن دانیشت و بە قووڵیی بیری کردەوە: باشە، من خەونم زۆرە… حەز دەکەم بفڕم، یان ببم بە خاوەنی کۆشکێک لە شوکولاتە، یان ببمە فڕۆکەیەک و بەجیهاندا بگەڕێم و منداڵانی وڵاتانی تر ببینم، بەڵام سەرەتا کام خەونەم بکەم بە راستی؟!
لە شوێنی خۆی هەستا و لە پەنجەرەکەوە تەماشای دەرەوەی کرد، پاشان چوو بۆ سەربان و راما؛ دارای هاوڕێی بینی لەبەر دەرگا، لەسەر کورسییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دانیشتبوو،  بە غەمبارییەوە سەیری ئەو منداڵانەی دەکرد لە کۆڵانەکەدا یاریی تۆپێنیان دەکرد. دارا هەمیشە خەونی بەوەوە دەبینی بۆ تەنیا جارێکیش بێت، لەگەڵ هاوڕێکانیدا رابکات و یاریی بکات.داهێن لە دڵی خۆیدا وتی: ئەها، دۆزیمەوە! ئەمەجوانترین خەونە کە یەکەمجار بیکەم بە راستی. خێرا خۆی گەیاندەوە ژوورەکەی و بۆ ئەوەی لەتەنیشت ئامێرە تایبەتەکەی دابنیشێت. وێنەی دارای کێشا کە بە پەلە رادەکات، پاشان چاوەکانی نوقاند و پەنجەی نا بە دوگمە سوورە گەورەکەدا (تەق! تەق!)، دەنگێکی خۆشی مۆسیقی لە ئامێرەکە بەرز بووەوە و تیشکێکی سپی بەرەو کۆڵانەکە فڕی.
لەپڕ، دارا لەسەر کورسییەکە هەستا! هەستیکرد قاچەکانی وەک پەڕی باڵندە سووکبوون. بەسەرسوڕمانەوە هەنگاوێکی نا، پاشان یەکێکیتر و دواتر رایکرد! داهێن لە پەنجەرەکەوە بەدڵخۆشییەوە هاواری کرد: دارا، دارا! خێرا وەرە بۆلای من، با پێکەوە یاریی تۆپێن بکەین.
ئەو رۆژە، خۆشی و شادیی وەک نمەی باران، بەسەر دارا و هەموو منداڵانی گەڕەکدا داباری. هەموو شوێنێک پڕبوو لە قاقا و ئاوازی پێکەنین، دەتوت جەژنە. داهێن تێگەیشت کە گەورەترین ژیریی ئەوە نییە ئامێرێک دروست بکەیت، تەنیا سودی بۆ خۆت هەبێت، بەڵکو بتوانیت خەونی کەسانی تر بکەیتە راستی و دڵخۆشیان بکەیت، چونکە لە دڵخۆشیی ئەوانەوە، شەماڵی خەندە بە نەرمی ختوکەت دەدات و دڵت پڕ دەکات لە ئارامی.