نهژاد عزیز سورمێ
“من لە نووری خۆمدا دەژیم ،
ئەو پڕشنگانە دەنۆشم لێم دەبنەوە..
نیتچە”
(1)
زەردەخەنەی ساڵانەم
بەهەور هەڵواسی
هەوارم
لەناوكی گوڵە مێلاقە دایە
لەگریانی ئەو زەردەخەنەیە دەخواتەوە
لەچاوی بارانیی ئەودا
دەڕوانێتە پێدەشت..
((2)
تەمەن وێنەی چەند هێڵێكە
لە شووشەی شكاوی شەراب هەڵبەستراون
چ دەبێ ئەگەر بڕیار بدەین ،
لە ئاوی پێخوستی دڵە شكاوەكان بخۆینەوە؟
(3)
سەرم بە سێبەری
پیاوە بێ سێبەرەكە كردبوو..
پەنجەم بە ئاگر لە گۆ چوو بوون
ئەوە ، ئەو ڕۆژە
خونكاری ژیانی لێ دەتكێ!!
(4)
لەمڕۆوە چاوەڕێی خۆرهەڵاتن ناكەم
لەمڕۆوە بەپێی پەتی ،
بەناو خوناوی مێرگ و كوێستانان ڕادەكەم..
ئەوەتا شوان لە بناریدا ڕەش دەچنەوە
تەم ڕادەدەن..
(5)
ئەو ماهە چ سانتایێكی پێوە ماوە
شكۆی تابانی
لە خوێنی مەییو دەچێ..
كارگەی ژاكان..
ئەو ماهە سوێند دەخۆی كاغەزی قومارە
بەدەست قوماربازێكی شڵەژاوی دۆڕاوەوە.
(6)
شەختە گیانی بەشارەوە نەهێشتووە
ڕێ ئەستەمە
تا ئێستا نازانین
لەو دیو ئاستانە
چ دەبێ ، چ دەگوزەرێ..
(7)
ئەوە چ كارێكە
بەیانییان
لەگەڵ كازیوە هەستی
دەفتەری ئاگر
بۆ پاسەوانی كوێر بنووسییەوە؟
(8)
ئێستا مۆسیقا لە ڕەشەباوە دێ
تریفە بەشیعر دەدوێ
بێ هاوتایە ئاوێنە،
دۆست و نەیار
خۆیانی تیا دەبیننەوە.
بێ هاوتایە…
(9)
لێم دوور مەكەوە
خەونم دیوە
ئەمساڵ گوڵ دەردەكەم ،
گوڵی سوور، زەرد، سپی
لێم دوورمەكەوە
دەستی یەكتر دەگرین
هەستمان پێ ناكەن
بەسەری پەنجەكانمان ڕێ دەكەین
دەڕۆین
تا لەو سنوورە لەعنەتییە دەپەڕینەوە.
(01)
ئەوانەی خۆشیانویستبووی
ناهەق نەبوون.
كانی لەزەت
لە نیگەرانی ژنێك دەچێ
عەشق تاوی بۆ هێناوە
ئەسڵی مەسەلە ئەوەیە
نەخشەی تەمەن..
(11)
دوور لە دەق.
دوور لە دەقنووس.
دوور لە ئاهەنگی كز
دوور لە بەزمی ئاهەنگێڕان.
ڕێگای لمی بیابانی گرتبوو
چاو لە خوێن
بەدوای شوێنپێی (با) وە بوو
دوور لە دەق ، لە دەقنووس..
دوور لە ئاهەنگ ، لە بەزمی ئاهەنگێڕان.
(12)
تەمەنی مانگ
بەقەد تەمەنی كەوانەی
سەرچاوەكانت بوو
ببوورە
مەبەستم ئەو دوو ئەستێرەیە
بەڕۆژیش دەدرەوشێنەوە.
(31)
ئەو شەوە چەند درێژ بووەوە خوایە
ئەو بێدارییە
بۆچی ڕەنگی لە ڕوواندا نەماوە
خوایە، میلی سەعاتەكان بۆ وەستاون
گوڵەكانی ئینجانە
بەو شەوە بۆچی چاوبز لێم دەڕوانن.
(41)
خەمەكانمان لە شەبەنگێك دەچن
لە سمكۆڵی ئەسپ و
ئاسۆی لێڵدا دەردەكەون..
سەرابە
سەرابە
سەرابە
سەرابە ئەو خۆشەویستییە.
(15)
پیاسەم دەكرد
نازانم بۆچی، لەبەر خۆمەوە
بیرم لە مێخەكبەندەكەت دەكردەوە
تۆیش پێت وا نییە سەرەنجی ڕاكێشابم؟
كانوونی یەكەم/ 9002

