فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شێعر و دەرەوەی زمان: خوێندنەوەیەکی پۆست‌مێتافیزیکی لە شێعری «ئامستردام لێم دەپرسێ» لە نووسینی تاهیر مەهابادی

ياداشت ، عەبدولقادر نيازی
نووسەر، مەهاباد
……………………..

دە مێژووی شێعری هاوچەرخی کوردی دا هەندێک دەق هەن کە نە تەنیا دەچنە ناو بازنەی جوانیناسیی ئەدەبی، بەڵکوو بە شێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەندیی نێوان زمان، بوون، مێژوو و سووژە دەخەنە ژێر پرسیار. شێعری «ئامستردام لێم دەپرسێ» لە نووسینی شاعیر” تاهیر مەهابادی”، لەو دەقانەیە کە لە یەکەم خوێندنەوەدا وا دەردەکەوێ دەربارەی کۆچ، دووری و ناسنامە و شوناس دا بێ بەڵام، دە ئاستێکی قووڵتر دا دەردەکەوێ کە ختۆکەی شێعرەکە، پتر لەوەی بەشوێن ئەوە دا بێ کە هیچ کام لەو چەمکانە بکاتە ناوەند، سەرقاڵی ئۆپێڕاسیۆنێکی مەعریفی و ئانتۆلۆژیکە لەحاست مەنفا و نەرێنییەت دا. ناوەندیی دەق دەو شێعرەی ” تاهیر مەهابادی” دا، خودی نامومکینیی گواستنەوەی ئەزموونی بوونە. واتە شاعیر باس لە برینێک ناکا؛ باس لەوە دەکا کە برین لە کوێوە دەست بە هەڵوەشاندنەوەی خودی زمان دەکا.

ئەوە ئەو خاڵەیە کە شێعرەکە لە شێوازی خوێندنەوەی ڕۆمانتیکی یان ناسیۆنالییەوە دەگۆزێتەوە بەرەو قۆناخێکی ئانتۆلۆژیک. شاعیر دە هیچکام لە شوێن/کاتەکانی ئەو شێعرە دا، هەوڵی ئەوەی نییە شوناس وەک جەوهەرێکی لەخۆوە ئامادە بپارێزێ؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە، هەموو شێعرەکە بریتییە لە ڕووخاندنی ئەو جەوهەرگەراییەی کە شوناس، مێژوو و نیشتمان وەک تەواوییەت ئاراستەی دەکەن. بۆیە «ئامستردام» لێرەدا ناوی شارێک نییە، بەڵکوو ناوی ئەو گوتارە مۆدێرنەیە کە باوەڕی بە گەردوونیبوونی زمان هەیە؛ گوتارێک کە وا دەزانێ هەموو شتێک بۆی هەیە لە ڕەهەندی مانا و وەرگێڕانەوە بگوازرێتەوە. شێعر، لە یەکەم دێڕەوە، ئەو باوەڕە تێکدەشکێنێ کە سووژە بە تەواوییەت گەیشتووە و سووژەیەکی ڕووشاو نییە. لە ڕوانگەی هایدگەرەوە، زمان «ماڵی بوون»ە. مرۆڤ لە زماندا نیشتەجێ دەبێ، نەوەک تەنیا زمان بەکار بێنێ. بەڵام شاعیر لە دێڕێکی وەک «کاتێک زمانت بگرن» دا شتێک وێوەتر لە قەدەغەکردنی ئازادیی قسەکردن دەچێتە پێش. گرتنی زمان، لێرەدا، واتای گرتنی خودی بوونە. ئەوەی دەگیرێ، وشە نییە؛ ئەوەی دەگیرێ، ئەو ئاسۆیەیە کە مرۆڤ تێیدا خۆی و جیهان دەناسێ. هەر بۆیە، دوای گرتنی زمان، جەستە بە گڕکان، چاوەڕوانی بە تۆفان و هەناسە بە لافاو دەگۆڕێ. ئەوانە مێتافۆری جوانکاری نین؛ وەسفی تێکچوونی پەیوەندیی نێوان بوون و زمانن دە بەستێنی مەنفایەکی وەک ئامستردام دا. ئەو شوێنە، هەمان شوێنی دەستپێکی شکافی لاکانییە. لاکان سووژە بەو شوێنە دەناسێ کە دال ناتوانێ تەواوی کا یا بە تەواوییەتی بگەیێنێ. سووژە هەمیشە لە کەمییەکی بنەڕەتی درووست دەبێ. شێعرەکە بەردەوام ئەو کەمییە دەنووسێ، نەک بە شێوەی چەمکی فەلسەفی، بەڵکوو بە شێوەی ئەزموونی جەستە. جەستەمەندکردنی زمان و شێعر دەو قۆناخەی “ئامستردام لێم دەپرسێ” دا بە جوانی دیارە. «چاوت بگرن»، «دەستت بگرن»، «خۆت بگرن»؛ ئەو پلەبەندییە دە ڕاستی دا دیالێکتیکیی لەناوچوونی سووژەیە دەنێو بازنە و سیستەمی سیمبولیک دا. لە کۆتایی ئەو دیالێکتیکەدا، سووژە بوونی خۆی لە ڕێگای ناسنامە و شوناسی ئامادە ناناسێ، بەڵکوو لە ڕێگای برینەکەی دەناسێ. لەبەر ئەوەیە شاعیر ناوی خۆی بە «کەشتیی نووح» دەگۆڕێ؛ واتە بوونی خۆی دەکاتە شوێنی کۆبوونەوەی ئەو شتانەی کە مێژوو نەیتوانیوە لە خۆی بگرێ. لێرەوە دەقەکە دەچێتە ئاستێکی تر؛ ئاستی ڕەخنە لە خودی مێژوو. مێژوو لە شێعرەکەدا بریتی نییە لە زنجیرەی ڕووداوەکان، بەڵکوو بریتییە لە جەستەیەکی بریندار و ترۆماتیک کە هەرگیز تەواو نابێ. کاتێک شاعیر دەڵێ «من زەمانێک لووتکە بووم و کردیانم بە دەشتایی»، ئەوە تەنیا وەسفی دۆخێکی سیاسی نییە؛ ئەوە ڕەخنەیە لەو بەشەی فەلسەفەی مێژوو کە دەیەوێ هەموو شتێک بە قۆناخ و پێشکەوتن بناسێ. لێرەدا، مێژوو پێش ئەوەی پێشکەوتن بێ، تڕۆمایە؛ پێش ئەوەی گێڕانەوە بێ، برینە و پێش ئەوەی ببێتە دەق، بوونی جەستەیە. ئەگەر شێعری” ئامستردام لێم دەپرسێ” تەنیا لە چوارچێوەی یادەوەری کۆمەڵایەتی یا مێژووی سیاسی دا بخوێندرێتەوە، ئەوا ئەوەی لە بنەڕەت ڕا ڕوو دەدا لەبەرچاوی خوێنەر ون دەبێ. چونکە شاعیر نە مێژوو دەگێڕێتەوە و نە ناسنامە دەپارێزێ؛ بەڵکوو ئیمکانەکانی گێڕانەوەی مێژووی ترۆماتیک و مێژووی ترۆما دەخاتە ژێر پرسیار. ئەو خاڵە لە فەلسەفەی والتر بنیامین نزیک دەبێتەوە. بنیامین پێی وایە مێژوو لەسەر بنەمای بەردەوامی و پێشکەوتن ناناسرێ، بەڵکوو لە ناو وێرانەکان، شکستەکان و دەنگە بێدەنگکراوەکان دا دەبینرێ. شاعیریش لە شێعرەکەدا بەدوای “ڕووداو” ناگەڕێ، بەڵکوو بەدوای ئەو “ئازار”ە دەگەڕێ کە هیچ مێژوونووسێک ناتوانێ بیخاتە ناو گێڕانەوەیەکی یەکڕیزی و لۆژیکی مێژووییەوە. لەو ڕووەوە، دێڕی «ئەخر مێژوو لە زمانی کۆتەڵەوە چۆن دەگێڕدرێتەوە؟» تەنیا پرسیارێکی شاعیرانە نییە؛ ئەوە ڕەخنەیەکی مەعریفی ناسانەیە لەسەر خودی چەمکی “مێژوو”. ئەگەر مێژوو هەمیشە لە زمانی زاڵ، لە زمانی دەسەڵات و لە زمانی سەرکەوتووانەوە گێڕدرابێتەوە، ئەوا زمانی کۆتەڵ، زمانی برین، تێک شکان و بێدەنگکراوان، چۆن دەتوانێ خۆی بکاتە ناو گوتار؟ شاعیر لێرەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕەخنە لە هەر ئەو مێژووناسییە دەگرێ کە دەیەوێ هەموو شتێک پەیوەست کا بە ئەرشیڤ، بەڵگە و بەڵگەنامە. چونکە برین پێش ئەرشیفە؛ جەستە پێش دەقە و هەناسە پێش گێڕانەوە. بە خوێندنەوەی ژاک درێدا، ئەو شێعرە لەسەر بنەمای “ئامادە نەبوونی مانا” درووست بووە. هیچ دالێک لە شێعرەکەدا لە وێستگەیەکی سەقامگیر و جێگیر ناوەستێ. «قەندیل» تەنیا ناوی شوێن نییە، «زاگرۆس» تەنیا چیا نییە، «زەردەشت» تەنا کەسایەتییەکی مێژوویی نییە و «ماد»یش تەنیا ئاماژەیەکی نەتەوەیی نییە. هەموو ئەو دالانە بەردەوام لەگەڵ یەکتر مانا وەردەگرن و هەرگیز لە خاڵێکی کۆتایی دا ناوەستن. مانا لێرەدا بەرهەمی جیاوازییە، نەک بەرهەمی ئامادەبوون. هەر بۆیە، خوێندنەوەی ئەو شێعرە هەرگیز ناتوانێ ئیجازەی فام کردنی یەک مانای کۆتایی بدا، چونکە خودی دەق لەسەر دواخستنی مانا بنیات نراوە. ڕەنگە قووڵترین ئاستی شێعرەکە لەو شوێنەدا بێ کە شاعیر “خەیاڵ” لە جێگای “یاد” دادەنێ. لە فەلسەفەی کلاسیک دا، یاد پەیوەندی بە ڕابردووەوە هەبوو، بەڵام لەو شێعرەدا خەیاڵ جێگای بیرەوەری گرتووەتەوە. ئەوە واتای ئەوەیە کە ڕابردوو وەک ڕابردوو ناگەڕێتەوە؛ بەڵکوو هەمیشە لە شێوەی خەیاڵێکی نوێ دا خۆی دووبارە بەرهەم دەێنێتەوە. بۆیە شاعیر دەتوانێ لە یەک سات دا زەردەشت، ماد، نووح و ئەستێرە لە یەک تۆڕی مانادا کۆ کاتەوە. ئەو جۆرە لە مێژوویی بوون، مێژوویی بوونێکی هیستۆریکاڵ و بایۆلۆژیک نییە؛ بەڵکوو فانتازمی مێژووییە، واتە مێژوو وەک هێزێکی زیندوو لە ئێستادا کاردەکا، نەک وەک شتێکی تەواوبوو و دەپێشدا ئامادە. لەو شوێنەدا دەقەکە لەگەڵ فەلسەفەی لاکان دەگەنە خاڵێکی گرینگ. سووژە هەرگیز خاوەنی مێژوو نییە؛ مێژوو خاوەنی سووژەیە. مرۆڤ ناتوانێ بە دڵی خۆی مێژوو بگێڕێتەوە، چونکە خودی ئەو دە زمانێک دا قسە دەکا کە پێش لەدایکبوونی، بوونی هەبووە. بۆیە شاعیر هەوڵی گێڕانەوەی مێژوو نادا، بەڵکوو هەوڵ دەدا ئەو شکافە و کەلێنە بنووسێ کە مێژوو دە نەست و جەستەی سووژەی خستووە. ئەو شکافەش هەر ئەو شوێنەیە کە شێعر تێیدا لەدایک دەبێ؛ چونکە شێعر، پێش ئەوەی زمانی واتا بێ، زمانی ئەوەیە کە واتا ناتوانێ بیگرێتە خۆ.

«ئامستردام لێم دەپرسێ» لەو دەقانەیە کە هەر لەسەرەتاوە خۆپارێزی دەکا لە خوێندنەوەیەکی سەرەکی و تاک ڕەهەندی و تاک واتایی . ئەو شێعرە ناچێتە ژێر چەتری شێعری نیشتمانی، کۆچیاری یان بیرەوەری بە واتا باوەکەی؛ بەڵکوو دەقێکە کە لە بنەڕەت ڕا سنوورەکانی زمان، مێژوو و شوناس دەخاتە ژێر ڕەخنە. ئەوەی شاعیر دەینووسێ، ڕووداو نییە؛ نامومکینیی گێڕانەوەی ڕووداوە. ئەوەی دەریدەبڕێ، مێژوو نییە؛ ئەو برینەیە کە مێژوو دە جەستە و زمانی سووژەدا بەجێی هێشتووە و سووژە خەریکە قۆناخ بە قۆناخ لەگەڵ خۆی دەیگێڕێ بە داڵانەکانی مەعریفە و مێژوو دا. لە ڕوانگەی هێگڵ، ئەو شێعرە دیالێکتیکییەکی بەردەوامی نەفی و بوونەوەیە؛ لە ڕوانگەی هایدگەر، تاقیکردنەوەی سنووری زمان و بوونە؛ لە خوێندنەوەی لاکان دا، گوتاری سووژەی ڕووشاو و شکاوە کە لە شکافی نێوان ڕەگەتۆڕی سیمبولیک و واقیع دا دەژی؛ لە ڕوانگەی ژیژەک، ئاشکراکردنی ئەو زیادەیەیە کە هیچ ئایدیۆلۆژییەک ناتوانێ بیئەنگێوێ و لە خوێندنەوەی درێدا دا، دەقێکە کە هەمیشە مانا دوا دەخا و هەرگیز ڕێگا بە ئامادەبوونی واتای کۆتایی نادا. هەر بۆیە، ئەو شێعرە زیاتر لەوەی دەقێکی ئەدەبی بێ، دەقێکی فەلسەفییە کە دەنێو خودی شێعرەکەدا بنەماکانی مێتافیزیکیی ئامادەن و جەوهەرگەرایی و ئێسێنشیالیزمی ئەرەستوویی هەڵ دەوەشێنێتەوە. ڕەنگە گرینگترین تایبەتمەندیی ئەو دەقە ئەوە بێ کە شێعر لە ئاستی وەسفکردنی واقیع دا ناوەستێنێ، بەڵکوو خودی واقیع دەکاتە کێشە. شێعر لێرەدا ناوچەی بەرهەمهێنانی مانا نییە؛ ناوەندی دەرخستی زیادەیە دە مانا دا(مازاد). بۆیە هەموو وێنەکان، لە ڕووبار و هەتاو و قەندیلەوە بگرە تا زەردەشت، ماد و کەشتیی نووح و .. وەک نیشانەیەکی جێگیر ناکارن، بەڵکوو وەک دالگەلێکی کراوە کار دەکەن کە خوێنەر ناچار دەکەن مانا لە نوێوە بەرهەم بێنێتەوە. دە چوارچێوەی شێعری هاوچەرخی کوردی دا، «ئامستردام لێم دەپرسێ» دەتوانرێ وەک نموونەیەکی دیار لە شێعری پۆست‌مێتافیزیکی بخوێندرێتەوە؛ شێعرێک کە لە جێی وڵام، پرسیار بەرهەم دێنێ؛ لە جێی شوناس و سووژەی بە تەواییەت گەیشتوو، شکاف و درزی مەعریفی نیشان دەدا و لە جێی گێڕانەوەی مێژوو، برین و ترۆما دەنووسێتەوە. لەبەر ئەوە، بەهای ئەو شێعرە تەنیا لە جوانیی زمان یان دەوڵەمەندیی وێنەسازییەکەی نییە، بەڵکوو دەوەدایە کە دەتوانێ خوێنەر بخاتە نێو پرسیارێکی بنەڕەتی: ئایا هەموو ئەزموونێک دەتوانرێ بخرێتە ناو زمان، یا هەمیشە بەشێک لە بوونی مرۆڤ هەیە کە تەنیا شێعر دەتوانێ وەک شکاف و بێدەنگی نیشانی بدا؟ بەو هۆکارانەوە، ئەو دەقە تەنیا شێعرێک بۆ خوێندنەوە نییە؛ بەڵکوو ڕووداوێکی فکرییە کە خوێنەر ناچار دەکا دووبارە بیر لە بنەمای باوەڕەکانی خۆی سەبارەت بە زمان، مێژوو، ناسنامە و خودی بوون بکاتەوە. لەو ڕووەوە، «ئامستردام لێم دەپرسێ» شایستەی ئەوەیە وەک دەقێکی گرینگی شێعری هاوچەرخی کوردی بخوێندرێتەوە؛ دەقێک کە دەنێو خۆی دا شێعر، فەلسەفە و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بە یەکەوە دەبەستێتەوە. لەلایەکی تریشەوە، ئەگەر شێعری «ئامستردام لێم دەپرسێ» تەنیا وەک دەربڕینی دڵتەنگیی دووری، نۆستالۆژیا یا ئەزموونی کۆچ بخوێندرێتەوە، لە ڕاستی دا هەموو قووڵاییی تیۆریی دەقەکە لەدەست دەچێ. ئەو شێعرە، پێش هەر شتێک، گوتارێکە لەسەر نامومکینیی وەرگێڕانی ئەزموونی بوون دە وێژمانی مەنفا دا؛ ئەو شوێنەی کە زمان، مێژوو و ناسنامە لە توانای خۆیان بۆ بەرهەمهێنانی مانا دا وە شک دەکەون. لەو شوێنەی کە مەنفا لەلایەک خەریکی سڕینەوەی شوناسە و لەلایەکیش خەریکە بە هۆی فانتازمی شوناس، خودی شوناس پەیتاپەیتا بەرهەم دێنێتەوە. ئەوە مێکانیزمی مەنفایە. بۆیە پرسیاری «ئامستردام» لە بنەڕەت ڕا پرسیاری جیهانی مۆدێرنە؛ جیهانێک کە بە هەڵە وا دەزانێ هەموو شتێک دەتوانرێ ڕاگوێزی زمان و مانای ڕووماڵ بکرێ. شێعرەکە بە هەموو هێزی خۆی ئەو گریمانەیە ڕەت دەکاتەوە. لە ڕوانگەی هێرمنۆتیکییەوە، «ئامستردام» لە شێعرەکەدا شوێنێکی جۆغڕافیایی نییە، بەڵکوو شوێن/کات و ئاسۆی تێگەیشتنە؛ ئەو ئاسۆیەی کە دەیەوێ دە ئەزموونی سووژە بگا. بەڵام هەموو شێعرەکە وەڵامێکی لەناکاوە بۆ ئە پرسیارە: هەندێک ئەزموون لە دەرەوەی ئاسۆی تێگەیشتن دەژین. لەبەر ئەوەش، شاعیر بەردەوام پرسیار، بە پرسیار وەڵام دەداتەوە، چونکە برین، کۆچ، تێکچوونی ناسنامە و تڕۆمای مێژوویی، بابەتگەلێکن کە ناتوانرێن بە زمانی ڕاپۆرت یان بە زمانی مێژووی فەرمی بوترێن و فام بکرێن. وەک وترا، شێعری” ئامستردام لێم دەپرسێ”، دە خوێندنەوەی لاکانی دا دەقێکی سایکۆئانالیزییە. لاکان سووژەی لە بنەڕەت ڕا بە بوونێکی ناتەواو و ڕووشاو ناساند، نە بە تەواوی. سووژە هەمیشە دە شکاف دا لەدایک دەبێ. دە شێعرەکەدا «زمانت بگرن»، «چاوت بگرن»، «دەستت بگرن» و لە کۆتاییدا «خۆت بگرن»، هەموویان نیشانەی گواستنەوەی سووژەن لە ناو تۆڕی سیمبولیک بۆ ناو ئەو «واقیع» ــەی کە هیچ دالێک ناتوانێ بیگرێتەخۆ. ئەوەی دەسووتێ، ئەوەی دەبێتە تۆفان و ئەوەی دەبێتە لافاو، جەستە نییە؛ خودی بوونی سووژەیە. بۆیە شێعرەکە لەسەر دەستبەرکردنی زمان نییە، بەڵکوو لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی مرۆڤە لەگەڵ ئەو بارگراوەندییەی کە بەهیچ شێوەیەک پێملی زمان نابێ.

ـــــــــــــــــــــــــــــــ

شێعری “ئامستردام لێم دەپرسێ”، دە کتێبی “شەوێک میوانی گڵکۆی دایە گەورەم” دا چاپ بووە. ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی2024/49book