فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئایـندەی پایـیز

 

نه‌ژاد عزیز سورمێ

شاعير، هەولێر

 

 

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵـبووە
وێـنەی ڕێـژنەی گریانی جودایی…
وەك خەمی نیشتمانی دوور…

سێبەری كز…
مۆسیقای ناخ
بێداری هەمیشە بێـدار
دەڵـێی سێوە دێـرینەكانی باپـیرمن
بەسەر كەلاری مێژوودا ،
بەو تاڵە قژانە نووساون
بە شەوبا دەلەرێـنەوە…

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵـبووە
بوونەوەرێكی بێ سەرەتا و بێ كۆتایی
نە لە خوا دەترسێ
نە شەرم لە ئادەمیان دەكا
بە بەرچاوی با
بە بەرچاوی بەفر
بە بەرچاوی باران
ڕاوی پەپوولان دەنێ…
بوونەوەرێكی بێ سەرەتا و بێ كۆتایی
نە لە خوا دەترسێ
نە شەرم لە ئادەمیان دەكا…

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبووە
خەم نزیك و نیشتمان دوور…
تەم لە دڵاوایی چاوی ڕێگا
بەرەو دۆزەخی تاریكی ،
یا فیردۆسی نوور بچێ؟
من بە كوێدا بڕۆم؟
ئاسمان كوێـر
ئاسمان لاڵ
من بە كوێدا بڕۆم؟
لەو هەموو سێبەرە
كام سێبەر هی خۆمە؟

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵـبووە
هەموو قەڵەمەكان تێكەڵ بوون…
هەموو خەنجەرەكان ،
شمشێرەكان
تێكەڵ بوون.
نیگاكان ڕووەو ژوور
سەرەداوەكان پچڕاو…
چیا ،
نیشتمانی پایز
دوا تاڵی شەفەق داڵدەی نەداین!
ڕووبار بۆ سەمای دڕكاوی
ئوتووی كراسەكەی تێك نەدا…!!
ئاسمان كوێر
ئاسمان لاڵ
ئاسمان كەڕ
من بە كوێـدا بڕۆم
لەو هەموو سێبەرە
كام سێبەر هی خۆمە؟

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵـبووە
ئاراستەكان لە نووكەوە بەرەو نیگا
نیگا،
جێ پێی بەسەر فەرشی ئومێدەوەیە
نیگا
تامی پرتەقاڵێك دەدا
كە لە چاودا وەك هەتاوێك وایە…
نیگا،
لە بەرەبەیاندا خەو دەیباتەوە…

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵـبووە
شار تینوو…كولافە
شەقام لە وەرزی نمەكگیریدا
هاڕمۆنیای خاكەشین و مێـرگی ترس…
برینەكان لەوەیان زیاتر پێ نەدەكرا
مانگ ،
بێداری هەمیشە بێدار
چ پەیوەندی بە سێوێك هەیە
سێوێك هەموو دنیا تووڕ دەدا
پاشان كۆی دەكاتەوە…
مانگ ،
چ پەیوەندی بەوە هەیە
پاییـز لە شاخ بووە یا لە شار
خەباتی ژێرزەمینی هەبووە یان نا؟
مانگ،
چ پەیوەندی
بەو برووسكە گەرمانەوە هەیە
هەمیشە لە باتی نان ودەرمان
لە هاوارمانەوە هاتوون…
ئەی هەوری نزیك
گەوهەری ڕوناهی!
خانەخوێی میواننەوازی مەرگ!
سوپاكان بێـرەدا ڕۆیشتن…
جوانییەك
هێشتا شوێنەواری مابوو
لەم ڕێگایەدا درایە بەر نێزان…
زامەكان وەكو خۆیان لێ هاتەوە!!
هەوری نزیك
گەوهەری ڕوناهی
خانە خوێی میواننەوازی مەرگ!
شكۆمان بە ساتێكی فڕیندا
بۆیە لە ژاڵەمان زیاتر نەدی
چاومان لێ دابگرێ
پیاڵەمان لێوان لـێوكا…
بەم جۆرە ئیتر پێداهاتین
درەختەكانمان یەك یەك بڕین
تا لە چاومان ڕوانەوە…
(نوور)مان بە شەوی دەیجوور سپارد
هەوری نزیك ، گەوهەری ڕوناهی
خانەخوێی میواننەوازی مەرگ!
خۆر ئاوا نەببوو
ئێمە بووین لە جوانی تێـر بووین…
ئێمە بووین ڕۆژگارمان تا دواچۆڕ خواردەوە
خۆر ئاوا نەببوو…
هەوری نزیك ، گەوهەری ڕوناهی
لەو ساوە ،
زەردەخەنەیەك
لە قووڵایی برینەكانەوە هاتووە
خەنجەرێك
لەگەڵ هەڵكردنی باهۆزدا هەڵكـێشراوە…
پەیژەی ئومێد ،
بە ئاوازە كپ كراوەكان
بە مۆسیقای ناخەوە
لەو ساوە ،
چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵبووە
لەڕێوڕەسمی خۆپیشاندانێكی ئاشتیانەدا
جانتای دەستمی پڕ لە شەوق كردووە
چاو چاو
چ شەوقێكی ڕەش و جوانە
لە دڵە بۆشەكان دەدرەوشێتەوە…؟
چاوچاو چ شەوقـێكی بێ ترس و گومانە
لە لێوە بە بارەكاندا نووقم دەبێ…

چرایەك لە حوسنی تۆ هەڵـبووە
سپێدەدەمان
گوڵەمێخەك ،
دارەبەنەكانی پاڵ پاردە
بە سەمای ئەفسووناوی
شازادە لە خەو هەڵدەستان…
شار تینوو…كولافە
شەقام لە وەرزی نمەكگیریدا
هاڕمۆنیای خاكەشین و مێرگی ترس…

من ڕۆیشتم
سەرم لە تاریكەبازاڕی ئاشنایاندا بەجێ هێشت
دامەوە كۆڵانە خۆڵەمێشیەكانی (ئەكبادان)
ئەفسووس
نە كەژاوەی سوڵتانم دی
نە بۆنی شازادە ڕوومەت گوڵیەكانم كرد
بەڵام گوێـم لە مۆزارت بوو
پەردەی حەرەمی دەلەراندەوە…
ئەو دەمە تێگەیشتم
ئایندەی پاییز لە كوێڕا دێ.
تێگەیشتم
چرا بۆچی لە حوسنی تۆدا هەڵبووە
ئەی هەوری نزیك…گەوهەری ڕوناهی
خانەخوێی میواننەوازی مەرگ !

 

كانوونی یه‌كه‌می 2001