فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کولێرەی گەرمی خۆشەویستیم

بورھان بەرزنجی
شاعیر، کەرکووک

……………….

 

( ١ )

گەنم ڕەنکەکەم

وێنەی خۆتم بۆ بنێرە ،
پێی بژیم و
قسەکانی دڵی خۆمی بۆ باسبکەم ،
هەناسە تاق و تەنیاکانی ژیانمی
پێ بسپێرم .
وەکو شاخ
تەنیام و
لەدامێنیدا
دروێنەی گەنجێتی خۆم دەکەم .
وەک گوڵە بەڕۆژە
تاچاوم بڕ بکات ،
لەدەورت دەگەڕێم و
تەماشات
دەسپێرمە چاوەکانم .
داسی تەمەن دەمبڕێ و ،
مەڵۆم ،
دەدەنە دەستی خەرمانی ڕۆژگاران .
خەرمانم جەنجەڕی بێ تۆیی
دەیکوتێ ،
ناوت لەبڕکم دەردێنێ و
تۆ دەچڕم .
شەنم دەکەن و
بای نەناس
برینەکانی دووریتم دەکولێنێتەوە .
قەشمەری بە
پارچە شکاوەکانی دڵم دەکات .
کۆمنەکەیتەوە ،
هەزارەها
گوڵی دەروونم
چۆلەکەی غەریبی دەیخوات .
کولێرەی گەرمی خۆشەویستیم
بەدەستی
تەنوورێکی نەفام ،
نابرژێ نا .
زوو وەرە زوو
گەنم ڕەنکەکەم ،
بە نان و ماستێکی دڵت ،
نوقمی خۆتم بکە ،
بە برسێتی کۆرپەی خەندەمان ،
جارێکی تر
ڕانەچڵەکێین .!

( ٢ )

تۆ دەبێ ( ٩٨ ) ناوت هەبێ

بەکام ناو
بانگت بکەم ؟
دامنیشێنی لە ناو
ژوورە جوانەکانی دڵتدا ،
لەناو
باخچە خەنجلانەکەی چاوتدا .
لەوانەیە
حەزبکەم
ناوەکانت لە سەر جەستەت بسڕمەوە ،
ڕووتبیتەوە
لە ناو و نازناوان .
تۆ دەبێ
( ٩٨ ) ناوت هەبێ
لەخوداوەند یەک ناو کەمتر .
من و تۆ
کۆیلەی خوداوەندین ،
بۆیە
لەحزووری عیشقدا
پێڵاو دادەکەنین .
ئەو کردنی بەباران و
جەستەمان
ئاو پرژێنی خۆشەویستی بکەین .
ئەو کردنی بە نان و
وەک
کولێرەی خۆشەویستی ببرژێین .
ئەی پیرۆزترینی من .. پیرۆز ،
لەم نۆمینەی حاجیانەدا
خۆت بکە ئیحرام و
بە دەوری
ئەم دڵەمدا
بگەڕێ .!