فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

ئای چ شەوێک بوو!

سوپا ھەمزە
شاعیر، ڕانیە

……………..

کلیلی ژەنگاوی و شکاو بەسەر دەربەدەریمدا خۆشی نەدەکردەوە.
وەک پشیلەیەکی ڕەشی ترساو،
وەک قەرەجێکی دڵشکاو،
ئاوەدانی تارمایی قوربانییەک بوو پڕی دەدایە ئارامیم.

خۆم هەڵدەدێرا و نەدەکەوتم،
خۆم دەهاویشتە دەریا و لە چاڵی کەنارێکدا دەمردم.
پرچی خۆم لە پەنجەم دەئاڵاند و وەک تەزبیح سەری خۆم بادەدا.
دەستم دەخستە گیرفانمەوە، شڵپەی خەمم دەهات؛
گیرفانەکانم پڕ بوون لە گریان.

گڵۆپەکانی شار وەک چاوی گەلە گورگی برسی،
پڕن لە حیکایەتی خوێن.
خۆم دەدایە دەم ڕەشەبا،
بە تەل دڕووی دەسپارم،
تا ئەژنۆ لە بریندا ڕۆچوو.

هاوارم دەکرد، ژیان لە گەروومدا گیر دەبوو.
بە نێو گۆڕمدا دەهاتم و دەچووم،
ڕادەکشام و دەمردم،
کەچی تەلقینیان نەدەدام.

گۆڕهەڵکەنێکی پیر بە ژیانم پێدەکەنی،
دەیگوت: “چەند مردوویەکی ناشرینی ڕەنگی کوفرت گرتووە!”
پاچەکی دەستیم لێ ستاند و کێشام بە ڕووحدا؛
ئەویش ئەوەتا لە دڵمدا ڕۆچووە.

شەوێک بوو لە ژێر ڕەهێڵەی مردندا
هەموو گیانم لاشە بوو.
لە پەنجەرەکەی تۆم دا،
دەرگاکان پێدەکەنین.
نا، هەرگیز مۆتەکە نەبوو؛
لەو شەوەدا ژیانم بینی.
…………