سەردار جاف
شاعير و ڕەخنەگر، ئەڵمانيا
………………………….
شۆڕەبييەک لە هەراسانی
چرکەی کاتژمێرەکە
هەڵاتووە و
خۆی بە چناری نامۆیی گرتۆتەوە
شەتەک و مانوو
چاوەکانی حەسرەتکێشە
سێڵاوی بارانێکی
بۆ دێراوی بردۆتەوە
شۆڕەبييک دوای ئێوارە بەرەو
جانتا خاڵييەکەم دێ
لە تەک هەناسەی هەنارا
چۆڕاوگەی شيلاوی
بە جۆگەی حەزم دەسپێرێ
شۆڕەبييەک هەموو شەوێ
بەرەو گوێسەبانەی با
تا دێ هەنگاوەکانی نەرمتر دەبێ
عەوداڵی غوربەتێکە
لە گەڕانەوەیدا
مەيلی بە نەرمە بايەک سپارد و
مانەوەی شيڵگيرانەتر دەنوێنێ
شۆڕەبييەک هەموو نيوە شەوێک
بە ئاه و نزولەی تەنهایی
فرمێسکەکانی بوونە نووکی
قەڵەمەکەم و لە تەکم دەدوێ
بە دووی شوانێ وێڵە
سەفەرێکی لە ڕێيە و
لە خەڵوەتی کڕنووشا دێ ودەچێ
شۆڕەبييەک هەموو دەمەو بەيانييەک
ئامبازی ئامێزی
بێداری شەوە
لە گەرمی باوەشدا
بوخچەی پاکيزەیی دادەماڵێ و
لەرەی قريوەی متبوونی
نغرۆی خوليا و هەڵوەرينی خەوە
شۆڕەبييەک وجودی خۆی
بە باوەشێنێک شيتاڵ شيتاڵ دەبینێ و
نازانرێ کەنگێ
بەرەو خوار خوار شۆڕبێتەوە
چاوەکانی لە ئاسمانی ئەستێرەکانی پياوێک دەبريسکێ و
بۆ داماڵينی جوانی خۆی لە ڕێگايە و
وا دێتەوە
٩ / ٧ / ٢٠٢٦

