فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

لە پشت شاشەکەوە کانیەک وشک بوو

پەروا عەبدولقادر
شاعیر سلێمانی

……………….

 

ئامادەبوونم لەسەر شاشە، کەم دەکەمەوە،
نامەوێ ئەم تینوێتییە زیاد بکەم
رەنگە کۆترێك بیەوێ ئاو بخواتەوە……

دەستم هێمن لەسەر کلیکەکان لادەبەم و
لەناو دوگمەکاندا ئاکار ڕێکدەخەمەوە،
با گوێم لە دەنگی قیرەی بۆقەکان بێ.

وەك بینەرێك، شاشەکە بە ڕووبارێك دەبینم،
بۆ ڕزگارکردنی دڵۆپێك ئاو
ئەوەی نوسیم ئەیکوژێنمەوە…
پێدەچێ مراوییەك مەلە بکات…

کوژاندنەوەی ڕووناکی شاشەکە
ڕزگاربوونی کاتییە و
رووناککردنەوەی بەفیڕۆدانێکی دواخراو
تۆ بڵێی ژنێك بەدەم گۆرانی وتنەوە گوڵەکانی ئاو نەدات؟

بۆ دروستکردنی وێنەیەك بە AI کە شەڕ وەك
دێوەزمەیەك نیشان بدات و
وێنەیەك کە کەزێی کچە شەڕڤانێك بکاتە پەتی سێدارە
پاشگەز دەبمەوە…
دڵۆپێك ئاو بەسە بۆ ئەوەی لێوی وشکی
مرۆڤێك تەڕ بکات…

هێزی بەرگریم بۆ ڕزگارکردنی ڕووبارە
نەک سنور،
جاران شەڕ مرۆڤی ماندوو دەکرد
ئێستا ڕووبار
ئەوە ئێمەین ، بە وێنە دروستکراوەکان و
پارچە ڤیدیۆی درێژ
دەمی کانیمان پڕ کرد
لەو زیخانەی،
کە خەریکی تەماشا کردنی
پەنجەی بچووکی ئاون
لەناو قژی گیادا….
مشتێك ئاو بەسە بۆ ئەوەی ڕۆحی تینووی
چۆلەکەیەك
ڕزگار بکەین بە ڕووبارێك لە بەزەیی