گۆریان ھەڵەبجەیی
شاعیر، ھەڵەبجە
………………….
ژیان هەرگیز نەهاتە ژوانم
پەپولەیەکی ئاشت نەکردەوە
بە بادە سەرمەستی نەکردم
ناوی تارژەنەکەی پێ نەوتم
ئەو نەیبردمەوە بۆ ماڵی عاریفان
گوێی نەدا بە شکانی دڵم
هەر بە پرچی ئاڵۆسکاو خۆی دا نیشانم …..
ژیان ……..
قوڕی کرد بە سەرما
نەیهیشت بچمە میرگ گوڵان
هەرگا دەمویست هەستمەوە سەرپێ
گلانیکی ئەکرد بە نسیبم
قەت پێی نەوتوم
لە مەرکانەکەما ئاو هەیە
لە ئینجانەکەما میهر سەوز ئەبێ
ئەو بە هەمیشە غەددار بوە لە گەڵم
بیباک بوە لە خەمگینیم
ساڵ وە ساڵ سڵاوی بۆ نەناردوم
دڵی نەداومەتەوە
لە ماڵەکەی خۆیا بەخیرهاتنی نەکردوم
ژیان …..
درۆیە هیچ ئاینیکی نیە
گاڵتە بە ئایدیا ئەکا
سەر بە هیچ نیشتیمانیک نیە
هەر شەوەو لە گەڵ کەسیکا ئەخەویت
زیکزیکەرەیەکە
ناهێڵێ خەو بچێتە چاوم
قاتڵیکه لیوەکانی سورە
ئەو کلیش نەکاتە چاوی هەر ڕەشە
ژیان …..
بۆ یەک جار ئاشتی نەکردمەوە
سەری نەخستمە سەر سینەی
ئەو وشەی بە قوربانی
لە فەرهەنگا دەرهینا
گیانی لە سەفەرا جێهێشت
هەر کات پیویستم پێی بوبێت
لە جەللاد دڵ ڕەقتر بوە
بێ ماریفەتی کردوە بەرانبەرم
لای ئەو تەنیکی زیادە بوم لەم کەونا

