فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

من ئەزانم دەستێکت هەیە لە باران دا

سۆران حوسێنی
شاعیر، بانە

…………………..

وەک ماسییەک
کە لە ئاکواریۆم بیهەوێ دەرپەڕێ
خوایەتیت ئەپشکنم
لە زمان دا
وشەکان ژێرەو ژوور ئەکەم
دێڕەکان درێژ و کورت
ڕێکەوەندان ئەدەم بە یەکدا
لێکدا
لێکدا
لاپەڕە لا ئەدەم لە مێشکمدا
لێوم ئەڵێم نەهاوێمە بن ددان
با باشترە بدا لە بنباڵم
تا ئەوەی کە بخزێتە ناو کەللەم
هەوایی
هێزێکە، نەک هەر سەر
کە گیانیش ئەڕفێنێ لە هەرچی خواخوازە و نا
ئێستا خوازەیەک خەریکە شکڵ بگرێ بێ زمان
خەریکە بدوێ
لە ئازارێک کە بڤەیە و
هەزاران ساڵە سەری مرۆڤ ئەیژێنێ

ڕاستی!
لە کام وشەت هەڵکێشم کە بەژن
بە بەژنت بوەستێ و جوانتر بێ لێت
من جوانیتم چێشتووە و ناتوانن لە بنی زمانمی دەرکێشن، وشە!
من لە جوانیتا تەمەنێک پەلم کوتاوە
مەلەم کردووە و دەزانن وشەکانیش کە بە تۆوە زیندووم
پووڵەکە دەربدا پێستم
باڵ دەربێنم
خۆم لە وشە هەڵاخنم
یان بشۆمەوە چاوم بەردەوام
ناتوانم ڕووت وەبم لە تۆ
دەستێک؛
ئەم گۆمە ئەشڵەقێنێ
لێڵ ئەبم
تاریکایی دادێ
دەست ئەنێنە بینمەوە بە ناوی تۆ
ناهێڵن نە ئاو ڕوون وەبێ نە ناو
چاوم جوانتر نییە لە ڕۆژ
کە بەری پێ ئەگرن بە دروشم
لە تۆیش پەیکەرێک ئەتاشن مۆن!
تۆ بەجێ ئەمێنی لە شێعرمدا، پیت
هەر حیزبە و
ڕەنگێک ئەدەن بە ڕووت
لە ناو لەپ و
لە ناو پەنجەکانتەوە هەڵدەڕژێ خوێن
سوور دائەگیرسێی و ویشک
مێزەرێک نەماوە بێ پڵە
جا ڕەش بن یان سپی یان سەوز
زەرد هەڵگەڕاون هەموویان لە بەر پێت
ڕۆژ نییە
خەڵک نەڕژێنە سەر شەقام و
چراش نەماوە چاو دەرنەپەڕێنن سوور
من هەر قەڵەم دەردەهێنم لە گیرفانم
دروشم بە دروشم ئەتنووسمەوە زوو
تا لە بیرم نەچێتەوە کە بە کام ناوە بانگت کەم
بارانێک کە ئەزانم لە تۆوەیە شەقام ئەشۆرێتەوە لە خوێن
دڵ ئەشۆرێتەوە لە گومان
ئەڵێم باشە هەموو ئەم ساڵانە بۆخۆت لە کوێی؟!
هەموو وا ئەزانن مێزەرێکت بە سەرەوەیە تۆش سپی
کەچی من ئەزانم
تۆ دەستێکت هەیە لە باراندا
دەستێکت هەیە لە ڕۆژدا
هەر کە دەستبەردار ئەبی شەو دادێ
دە چاوێک بشۆرەوە بۆ مانگ, لانیکەم!