(1)
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
بۆ ڕۆژهه‌ڵات..
سۆمه‌رییه سه‌رڕه‌شه‌كان،
به پـێخواسی،
خاكی قه‌ده‌غه‌كراو ته‌ی ده‌كه‌ن…
تا چاو بـڕ ده‌كا شه‌وه:
به‌یانی شه‌و
نیوه‌ڕۆ شه‌و
ئێواره شه‌و
شه‌ویش هه‌ر شه‌و..
خۆر هه‌ڵیشبـێ
ئه‌و خۆره نییه ڕووناهی،
له سنگی سه‌رڕه‌شان بـپه‌ڕێـته‌وه..
كازیوه نابیندرێ
له‌وێ،
له ڕێدا،
له خاكی قه‌ده‌غه‌كراو
ڕێبواران نازانن سپێده چییه..
ئێواره و نیو‌ڕۆژ ناناسن.
تا چاو بڕ ده‌كا شه‌وه…
سۆمه‌رییه سه‌رڕه‌شه پێخواسه‌كان
له شه‌وی بێ سه‌ره‌تا و بێ كۆتایی
ته‌نیا په‌ی،
به‌ناخی خۆیان ده‌به‌ن
له داڵانه‌كانی ئه‌وێدا،
به‌ده‌م ڕێگاوه :
ئه‌ستێران به دا‌و وه‌ده‌كه‌ن..
دره‌ختان ده‌دوێـنن..
ئه‌و كتێبانه ده‌خوێننه‌وه ؛
له دواییدا ده‌یاننووسن :
كتێبی چه‌شه
كتێبی چزوو
كتێبی یه‌كته‌نی و
كتێبی مه‌رگ و نه‌مریی..
سۆمه‌رییه سه‌رڕه‌شه پێخواسه‌كان
به‌درێژایی ڕێ
به درێژایی شه‌وی دوانه‌بڕاو
به دره‌وشانه‌وه‌ی ناخـیان
بیر له نان، له باران
له گیروگرفته‌كانی دڵ و
له مه‌ستبوون ده‌كه‌نه‌وه..
بیر له خونچه‌كانی ڕاست و چه‌پی ڕێ ده‌كه‌نه‌وه
كه به تـینی تاریكایی ده‌پشكوون..
بیر له ئاسمان ده‌كه‌نه‌وه
به كه‌زییه ئاڵۆزه‌كانی شه‌و
كێشمانه‌ی خۆی ئه‌دا..
ئیتر نه‌ما
شه‌و سیپاره‌یێكی چه‌ند په‌ڕی بێ،
له‌پـێچی مێزه‌رێـكدا بخوێنرێته‌وه.
شه‌و ئه‌سكه‌نده‌رنامه‌یه…
چه‌ندی لێ ده‌خوێـننه‌وه
دوو ئه‌وه‌نده،
ده ئه‌وه‌نده‌ی دێته سه‌ر..
شه‌و داستانێكه،
كه‌س نازانێ كه‌ی ده‌ستی پـێـكراوه و
كه‌ی ته‌واو ده‌بێ.
(2)
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
بۆ ڕۆژهه‌ڵات
(خۆرێكی چه‌ند زه‌رد و گه‌رمۆكه‌مان
هه‌بوو
ئه‌و ده‌مه‌ی له دارودره‌خت ده‌چووین..
ئه‌و ده‌مه‌ی خۆمان پـێـك هه‌ڵده‌واسی و
گه‌ڵامان تێكه‌ڵ ده‌بوون..
ڕه‌گمان
له یه‌ك سه‌رچاوه‌ی ده‌خوارده‌وه.
ئه‌و ده‌مه‌ی
خۆرێكی زه‌رد و گه‌رمۆكه‌مان هه‌بوو،
چه‌ند مرۆڤی ساده بووین
پڕ له ئاره‌زوو.. له مانا
به‌تاڤگان هه‌ڵده‌گه‌ڕاین
ترسمان له بناران گڕده‌دا.. )
ئه‌و شه‌وه تایبه‌ته مه‌حاڵه‌یان
له كوێ بۆ سه‌رڕه‌شان هێنا؟
له كوێیان هێنا ئه‌و شه‌وه؟
بۆ هێنایان؟
كه نه به هاوار
سه‌دای نووزه‌ی
شه‌وقێكی كز ده‌بینرا،
نه‌شكۆفه خه‌واڵووه‌كان
جیلیوه‌یه‌كیان لێ ده‌بووه‌وه..
شه‌و، شه‌و
هه‌میشه شه‌و
به‌یانی شه‌و
نیوه‌ڕۆ شه‌و
ئێواره شه‌و
شه‌ویش هه‌ر شه‌و..
(3)
له ڕۆژهه‌ڵاته‌وه
بۆ ڕۆژهه‌ڵات..
سۆمه‌رییه سه‌رڕه‌شه‌كان
له‌دونیای شه‌ودا
خاكی ڕه‌نگینیان
له ناخی خۆیاندا ده‌دی..
ئاینده‌یان ده‌خوێنده‌وه
پێشبینی كه‌ش و هه‌وایان ده‌كرد و
له زه‌ماوه‌ندی،
شه‌پۆل و ڕووباران به‌شدار ده‌بوون..
سه‌رڕه‌شه‌كان،
جار هه‌بوو له‌خۆشییا ده‌گریان
جاریش هه‌بوو له خه‌مان پێده‌كه‌نین.
سه‌رده‌مه سه‌خیفه‌كانی دوای خۆیان ده‌دی
فێرببوون ڕقیان له شه‌ڕ ببێـته‌وه
سیمای سه‌قه‌تستان و
بوونه‌وه‌ره‌كانی
وێنه‌ی زامی درۆزنانه‌ی بكوژ و ببڕان بناسنه‌وه..
هاتن (گه‌لگامش)یان
له ئه‌شكه‌وت و دڕاڵه‌كانی
شانیده‌ر و زرزی و هه‌زارمێرد و
ده‌شتاییه‌كانی چه‌رمۆدا برد..
(ئه‌نكیدۆ)یان،
له لووتكه‌كانی زاگرۆسه‌وه هێنایه‌خوار.
ئه‌و ده‌مه
مه‌یخانه پاڵی به‌مه‌یخانه‌وه دابوو
كه‌س نه‌یده‌زانی مه‌رگ چییه..
گه‌لگامش له مه‌یخانه داده‌نیشت،
سێوی به په‌لكه‌وه ده‌خوارد..
گوێی بۆ حیكایه‌تی
ئه‌و سه‌رده‌مانه ڕاده‌دێرا
هێشتا نه‌هاتبوون.
حیكایه‌تی
ئه‌وه‌ی پاشان،
ناوی لێ‌نرا بـێهووده‌یی…
ئه‌وه‌ی ناوی لێ‌نرا شه‌ڕ:
شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خۆ..
له‌گه‌ڵ ئه‌و..
له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی..
له‌گه‌ڵ ئه‌وانی دی….
حیكایه‌تی
ئه‌و قه‌سیدانه‌یش
ده‌نووسرێن و
له‌گه‌ڵ دووكه‌ڵی جگه‌ره‌دا به با ده‌كرێن..
(4)
ئه‌وه، خه‌ونی من بوو
پڕ به قووڵایی خۆشه‌ویستیم
له شه‌وێكی سپی‌دا بینیم
پێیان گوتم :
ئێمه،
مـرۆڤ،
پێویستیمان به كه‌شتییه‌كی دیكه هه‌یه.
تشرینی یه‌كه‌می 2014

