نووسینی: خالید کاکی
وەرگێڕانی: گرفتار کاکەیی
نووسەر و هونەرمەند، ئەڵمانيا
……………………………….
ئەو لە هەموو وێنەیەکی یادگاریدا دەردەچێت، ملی وەک مارێکی پێچخواردوو درێژ کردووەتەوە، کاتێک کە کۆمەڵە کەسێکی بەناوبانگی ئەدەب و هونەر پێکەوە وێنەیەک دەگرن، یان دەستەسڕێکی سپی لەپشت سەری شاعیر یان ئەدیبێکی دیارەوە ڕادەوەشێنێت، یان بە زەردەخەنەیەکەوە، وا خۆی پیشان دەدات کە بە زۆرملێ لە دیمەنەکەدا بەشدارە، وەک ئەوەی ئەوانەی تر کە لە وێنەکەدا دەرکەوتوون بەزۆر قۆڵیان گرتووە و هەڵپەیان بووە بە تکا و پاڕانەوە، تەنها بۆیان تا ئەو کاتە ڕاوەستێت کە وێنەگرەکە دەست بە دوگمەی وێنەگرتنی کامیراکەدا دەنێت.
یان مەنسووغ، ئەو مەنسوورەی کە (ڕا ) دەکات بە (غێ) کە هەر مۆزیکژەنێکی ناسراو و سومبلی ولاتەکە؛ بۆت دێنێت و دەیپەستێنێتە ژووەرە تەسکەکەتەوە و داوا لە سۆزت دەکات کە باشترین ڕاخەرت بۆی ڕاخەیت و ئەو تاکە هێلکەیەشت دەرخوارد بدەی کە بۆ قاوەڵتی بەیانیت پاشەکەوتت کردبوو، بەیادت دێنێتەوە کە مێژوو سۆنەیەکە کە بە پێچەوانەی شەپۆلەکانەوە مەلە دەکات، گەر تۆ ئەمڕۆ بەهانای گرفتارییەکانی گەورەی مۆزیکژەنانەوە هاتی، ئەوا سبەی لە نەفرەتی ڕەخنەگرە خوێڕییەکان ڕزگارت دەبێت ساتەوەختی ژماردنی چاکەکانی ئەم پیاوە بلیمەتەی کە مەنسووغ شەرەفی ئەوەی پێ بەخشیت جێگای بۆ ڕابخەیت، تەنانەت گەر بۆ یەک شەویش بێت لە ژوورە گەنیاکەت لە ناوچەی (سەقفی سەیل) یان گەڕەکی (حەدادە) دا جێی بکەیتەوە، چاکەیەک لەگەل شێخی مۆزیکژەناندا بکەیت، ئەوا لە وشەی ئاوازێکی داهاتودا دیاردەکەوێت، ئەویش لای خۆیەوە سەرزوان بەناوی مەنسووغەوە دەگرێت، یان بە پیتێک لە ناوی تۆ، لە خراپترین بارودۆخەکاندا، شەوەکەت بەسەردەبەیت تۆيش سەرسامی بە خانەدانیی ئەم کوڕە قۆزە و، ئەو سەیر و سەمەرییە کە ئەوەی بۆ ڕۆژگار و ڕێککەوتەکانی ڕوودەدات کە وا بکات لە زستانێکی بێ بەزەییدا فڵانەکەس میوانی ناوەختت بێت، تۆيش لە بەر ڕێزگرتنێکی بێ سنوور لە سەر پێکانت وەستاویت بۆ ئەو شارەزایەی میوزکە کە ڕێگەکانی لێ تەسک بووتەوە، زەمانەی بەنەفرەت گیرۆدەی دەستی مەنسووغی کردووە.
پێش ئەوەی ماڵەکەت جێبێڵێت هەردوو دەستت دەگرێت – بزەیەکی بەدفیساڵییشی بە سەر لێویەوەیە – داوای (غوبع دیناغ)ێکت وەکوو قەرزێکی کاتیی لێ دەکات؛ چونکە نیو مامرێک، لە ئارگەدانێکدا بە سوورەوەکراوی (داغتغ لە ئاگغ) چاوەڕوانی دەکات، دەیەوێت ئاهەنگ بگێڕێت وبە چارەکە بوتڵێکی (عەغەق) لە مارکەی زەحلاوی کۆتایی بە شەوە ڕوونەکەی بێنێت. پاشان لە ساتێکی بێ ئاگایی لە یاساکانی سروشت، نازانیت چ هێزێکە لەم گەردوونەدا ئەوەی کەوا پاڵ بە دەستتەوە دەنێت بۆ ناو گیرفانت تاکوو بۆ ئەم پەشدراوە، ئەو دوایین چارەکە دینارەی لات دەرکەیت و لە مستی بنێیت و هێشتا دەبێت تۆ قەرزاری ئەو خواوەندە بیت کە ئەم بەخشینەی کردە نەسیبت، وەک ئەوەی بێ هۆشێک بیت، بێ چارە، پەرداغێ لە خوێنی پاکی خۆی ببەخشێتە ئەهریمەن.
هەموو دەرگایەک گیرخواردوو دەکاتەوە، ڕێگاگەلێک دەگرێتەبەر، خەیاڵی هیچ سەرگەردانێک پەی پێنەبردبێت.
بۆ ماوەی دوو سێ ڕۆژ یان هەفتەیەک بزر دەبێت تا ئامادە دەبێت و لەپڕ دەردەکەوێت و لەیەکێک لەو گردانەی عومانی پایتەختەوە هەڵدێت. دێت و دوو شوشە ڕۆنی زەیتون و گۆزەیەک مەکدووس و تووتنی شام و نانی تابونی گەرمی تازە لە تەنور دەرچوو بۆ هێناوی.
-ئەم هەموو خێر وخوایەت لەکوێ هێنا مەنسووغ؟
– لە “زەغگە” بووم لای خێزانێکی دۆم لە مرۆڤە بێگەردەکان.
“مەغێکی” قەڵەویان بۆم سەربڕی و سوێنیاندام کە لە “شیغی” حوشترەکەشیان بخۆمەوە. دوو ڕۆژی خۆشمان پێکەوە بەسەغبغد وخۆم لەدەسیان قورتارکرد و بەرەو عومانی پایتەخت هەڵفڕیم.
دواتر ناغافڵت دەکات بە پرسیاێک کە مەخابنی لێ دەتکێت وباسەکە سەرەونخون دەکاتەوە:
– ئایا هەواڵی ئەو کەنجە عێغاقییەت بیستووە کە نازیییەکان لە بەغلین سەغیان بغیوە؟
– کام گەنج، ئەی خوایە!
– سەغتاشغاوە توندغەوەکان وێنەکێشێکی عێغاقیان سەغبغی، کاغی وێنەکێشانی لە گۆغەپانی هونەغمەندان دەکغد لە بەغلین.
نازانم مەنسووغ لە کوێ بیرۆکەی ئەوەی هێنا کە لە بەرلین گۆڕەپانێک هەیە بۆ وێنەکێشان ڕەنگە مەبەستی، گۆڕەپانی “مۆنتمارتەر” ئەوەی پاریس بێت، لەوانەیە فێڵەکانی لا تێکەڵ و پێکەڵ بووبن.
دوای ئەوە، هەر ڕێک لە ناوەڕاستی مەتەڵەکەدا بە ئەدەبەوە داوای(سیگاغەیەت) لێ دەکات، دەترسی گەر پاشگەز بوویتەوە مەتەڵەکەت بۆ تەواو نەکات. سیگارە پێچاوەکەی دادەگیرسێنێت، قسەکەی تەواو دەکات وفوو لە دووكەڵەکە دەکات هەر وەک ئەکتەرێکی سینەمایی بەغێز:
– ئەو لە گەنجە بێگەردەکان بوو کە لە ساڵی 91 لە تەنوومە ناسیم. ئەو وێنەکێش و فریشتەیەک بوو لە هەمان کاتدا. ئەی خوایە! ئەو چ بێگەرد بوو! مەنسوور ئا بەم شێوەیە باسی گەنجە کوژراوەکە دەکات. تۆ و خوات پێم بێژە، کێ چیرۆکێکی ئاوا کاری لێ ناکات: وێنەکێش و پەری و بێگەردی بێگەردان، “غەگەزپەرستان” لەناو گۆڕەپانێکی گشتیی لەناوجەرگەی ئەوروپا سەریببڕن؟!
ئینجا هەر کە زەنگی ڕۆیشتن لێیدا، مەنسووغ لەماڵەکەت گومەرە دەبێت، هەر وەک کشانەوەی خۆر لە پەنای خانوو، کش و مات و بێدەنگ، ئیتر چیرۆکەکەيش بڕا، یان تەواو بوو، یان لە ڕاستیدا تۆ هەر نازانیت ئەگەر ڕاست بێت، یان درۆیەکی سپی، ئەوە هەمووی، تەنها؛ بۆ ئەوەی سیگارێکت لا بەدەس بێنێت لێت.
مەحاڵە ڕاستی و درۆکانی مەنسوور لێک جیا بکەیتەوە؛ چونکە ئەوە بەیەک چاو چوقانێک ، دەتبات بۆ ” بەغلین”، و “واغشۆ”
ئینجا لە ماوەی یەک کاتژمێردا دەتفڕێنێ بۆ” دیواغی چین” و “ئیستنبوڵ” و کییف، تۆيش دەست بەبان دەستا دەدەیت، سیگار و چای و هەندێ پارەی دەدەیتێ؛ بۆ ئەوەی ساندەویچێکی فەلافلی لەناوەندی شار پێ بکڕێت.
کێ چوزانێ، ڕەنگە ئێستا خاوەن کۆشکی فەلافلەکە بفڕێنێ بۆ “سەمەغقەند” و تۆسکانیا پێش ئەوەی نامەیەکی بە دەسخەتی چشی ” گیڤاغا” پێشان بدات و باوەڕی پێ بێنێت کە پشکی ئەو لە فرۆشتنی نامەکەدا پارێزراوە گەر توانی کڕیارێکی چەوری بۆ بدوزێتەوە.
ئایا تۆ پێت وایە خاوەن فەلافلەکە پارەی ئەو ساندەویچە لە مەنسووغ وەردەگرێت، کە ئەو بەرامبەر ساتەوختێکی مێژوویی وەکوو فرۆشتنی بەڵگەنامەیەکی ترسناکی وەک ئەوەدایە: نامەیەک چەن تکە خوێنێکی شۆڕشگێڕ گیڤارەی پێوەیە. هاوڕێ جادووگەرەکەمان ئەو دوو عانەیەی کە لە تۆ ڕاوی کرد پاشەکەوت دەکات، لە لەلایەک، و خاوەن فەلافلەکەيش لەلایەکی ترەوە لە خەونێکی جوان، بە هیوای بڕە پارەیەکی گرنگەوە جێدەهێڵێت، لێرەدا – سەرەڕای هەموو شتێک- ئەو لای تۆ قاوەڵتی کرد و جگەرەی بە تووتنەکەی تۆ کێشا و، بڕە پارەکەی تۆيشی دەسکەوت و، لەبازاڕیش بە خۆڕایی نانی خوارد، هەروا بەو دوو عانەیەوە چوو بۆ کۆشکی ڕۆژنامە فرۆشەکە؛ بۆ ئەوەی – وەک کۆنە ڕۆشنبیرێک- ڕۆژنامە دڵخوازەکەی خۆی بکڕێت، ئێوارەيش لە قاوەخانەی سەنتراڵ دادەنیشێت و ڕۆژنامەکە بەرامبەر چای و جگەرە دەداتە لای ئەم و ئەوەوە.
– لەکوێ هونەری دەرهێنانی شانۆییت خوێندووە، مامۆستا مەنسوور؟
کەماڵ ئەلبەحر لێی پرسی، ئەو شاعیرەی
کە تازە لەبەغداوە هاتە، هەروا – لەبەدبەختی- تازە- لەو قاوەخانەیەی کە ڕووی لە چێشتخانەی هاشمە لەناوەندی عومانی پایتەختە بە مەنسووغ ئاشنا بوو.
– دەغهێنانم بەواتای نەغیتی وشەکە نە خوێندووە، دەتوانین بڵێین من وەک حەزێک هۆگری شانۆ بوومە.
بەڵگەکان بۆ کەسێک کە نەیناسێت هەموو ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم کوڕە ڕاست دەکات، ئەو تەنها شانۆی نەخوێندووە بەڵکوو شەیدايشی بووە.
بەڵام ئەو ڕابردووی نادیارە، مەتەڵێکە و هەڵهێنانی سەختە، هیچ بەلای مەنسووغەوە زەحمەت نییە بۆ ئەوەی قەناعەتت پێ بێنێت کە ئەو لە چەک فرۆشتندا لە حەبەشە دەسباری ئەرسەر ڕامبۆی داوە، گەرچی جیاوازی دەیان ساڵيشیان لەنێواندا هەبێت.
ئینجا قسەکەی لەسەرخۆ و بە حیکمتەوە لە حزووری شاعیری تازە لە بەغداوە هاتوو تەواو دەکات، و لە بالەکۆنی قاوەخانەکەوە تەماشای پیرەژنێک دەکات، کە لەسەر چەقی شوستەکە بنێشت و چنجکی تورمس و فستق دەفرۆشت:
– تەماشا، بەڕێز کەماڵ – وشەی “بەڕێز”ی به وریاییەوە هەڵبژاردبوو – ئەو شانۆیەی سەر شەقامەکە بکە. ئایا ئەم خانمە بەتەمەنە لە دایکەکانمان ناچێت؟
لەو کاتەدا فرمێسک لە چاوەکانی کەمال ئەلبەحر پڕ دەبێت لە ڕەوەندک، هەموو هەستی بە وردی خستە سەر ئەو چرکە ساتە، سەرسام بوو بە دەربڕینی ئەم شانۆکارە فوراتییە کە نهێنی ئەو گلگامیشەی کە بەدوای گیای نەمرییدا دەگەڕێت، لە قەفەسەی سینەیدا هەڵدەگرێت.
– بڕوانە، سەید کەماڵ، تخوا بە وردی سەیری بکە.
کەماڵیش بێ وچان هەوڵی دەدا چاوی نەتروکێنێت، سەری ڕەزامەندی دەجوولێنێت، مەنسووغیش بەردەوام دەبێت:
– ئایا ئەمە دایکی ئێمە نییە؟! ئایا ئەم دایکی من و تۆ نییە؟! ئەم دونیا چییە گەر ئێستا ئوتومبێلێکی سەرەڕۆ هات و شێلای؟ ئێستا؛ هەر ئێستا.
مەنسوور ئەوە دەبێژێت، و بە پەنجەی دۆشاومژەی. چەند جارێک بەشێوەیەکی خێرا ئاماژە بۆ زەوی دەکات.
لەم کاتەدا، شاعیر و شانۆکارێک دەبنە شایەتحاڵی مەرگی دایکیان کە لە سووچێکی جادەکەدا خەریکی فستق، یان تۆوی ترمس فرۆشتنە. ئایا ئەمە خۆی لەخۆیدا شانۆ نییە؟!
کەماڵ ئەلبەحریش بەردەوامە لەسەر تەکاندن وەکوو هێمای ڕەزامەندی و لەگەڵیدا دەکۆکێت و دەمی دەدا بەیەکدا.
– ئاخە کێ دەتوانێت دوای مردنێکی دڵتەزێنی بەم قەبارەیە جوانترین شیعر نەنووسێت؟! مردنە تایبەتەکەت، یەکەمین مردنت لەسەر شانۆی ڕۆژ، و بەرامبەر هاتوچۆکەرانی شەقامەکە، بەبێ ڕتووش و بێ ئاراییش، و بێ خۆ ئامادەکردن و بێ پرۆڤە و ڕاهێنان.
پیرۆزی بۆ ئەو هونراوەیەی کە لە کاتێکی ئاوادا لەدایک دەبێت.
– چایەکی تر بۆ مامۆستا مەنسوور، تکایە.
کەماڵ – کە تازە لە دۆزەخەوە هاتووە- داوای چایی دووەم و سێیەم بۆ مەنسووغ دەکات، ئەمەی دوایی پیرەژنەکە لە دیمەنەکەدا زیندوو دەکاتەوە و، گیانی بەرز دەکاتەوە بۆ بەهەشتی نەمران، گەر بشیەوێ دایدەبەزێنێتە سەر گەڵای دارێک لە زەمینێکی دوور، دوور.
– بەڕێز کەماڵ، ئایا بیرت کردەوە کە لە عومان لە کوێ بژێیت؟ من لێت لە مناڵ و تواڵی خراپ و لە هوتێلی پڕ لە کۆکە و نەخۆشییەکان دەترسم .
– بەخوا، دەمێنێتە سەر کات، مامۆستا مەنسوور.
– تکایە، بە مامۆستا بانگم مەکە، من نۆکەری تۆم.
مەنسووغ گەورە دەبێت، و لە پێش چاوەکانی کەماڵ ئەلبەحریش گەورە دەبێتەوە؛ ئەمە چ خێر و بەرەکەتێکی ئاسمانییە ئەمەی کە ئەم فریشتەیەی لەسەر ڕێگاکەم دابەزاندووە؟! بەخۆشێیەوە بیردەکاتەوە.
– شاعیرێکی بوودەڵەی بەغدا دەناسم، بە بەشکردنی ژوورەکەی و هاوڕێتیی دڵخۆش دەبیت.
زاراوەی”بوودەڵە” کەماڵ جادوو دەکات، لەگەل مەنسووغی فریشتەی باشدا پێکەوە دەچن بۆ ژێرزەمینێک لە خانوویەکی گەوردا، کە خێوەکانی شیعری تێدا دەژێن.
یەکێکیان داوەتی دانشتنێکی مەستیی و شیعرت لێ دەکات، مەنسووغ لەوێ پێش تۆ لە دانشتنەکەدا دەبینیت، داوەتی شاییت دەکەن، دەبینی مەنسووغ لەپێش چاوت هەڵدەپەڕێت. نەیزەکێک لە بیابانی ئوسترالیا لە زەوی دەدات، هەواڵی یەکلاکەرە لای مەنسووغە، دوکتۆرەکان جمکێکی سیامین لە هیندستان لەیەک جیادەکەنەوە، مەنسووغ وێنەیەکی خۆی لەگەل ئەو دکتۆرەدا لایە کە ئۆپراسیۆنەکەی ئەنجام داوە، پاپای فاتیکان دەمرێت، دەبینیت منسووغ لە ڕیزی پاشا و سەرکردەی وڵاتەکاندایە بەهۆی کۆچی دوایی پاپای مەزنەوە سەرەخۆشی لە ئەنجوومەنی قەشەکان دەکات.
منسووغ خۆشەویستێکی هەیە، ماوەیەک جارێک یەکتر دەبینن، خاتوونێکی بەشووە، هیچ کەسێک دیرۆکەکەی بەدروستی نازانێت چییە، کەسیش نەیبینیوە، تەنها ئەوەندە دەڵێت کە گوایە چاوی پێی دەکەوێت، هیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەوە نییە تەنها قسەی خۆی نەبێت. مەنسووغ هەر سێ هەفتە یان چوار هەفتە جارێک لە شوێنێکی نوێدا دەژێت؛ لەبەر ئەوەی گوریسی فێڵ و درۆ کورتە. ئەو بەهیچ شێوەیەک بە کراسێکی کۆن یان ئوتوونەکراوەوە دەرناچێتە سەر شەقام، یان بەبێ چاکەتێکی خۆڵەمێشی و قەرەوێتەیەکی سوورەوە، ئەوانە کەرەستەی کارەکەی و بەڵگەی باوەڕپێکردن و متمانەن. کێشەکەت هەرچەندێ گەورەيش بێت بۆت چارەسەر دەکات، بەڵام تۆ -یەکسەر- هەست بە جۆرە زیانێک دەکەیت. تەنها گەر ڕێنماییەکيشی کردیت، یان گەر لە کێشەیەک ڕزگاريشی کردی، ئەو هەمیشە هەر براوەیە، ئەوەیە ئەو نەهێنییەی کە کەس پێی نازانێت. وات لێ دەکات هەر لە یەکەم ساتەوە هەست بە خۆشیی سەرکەوتن بکەیت، بەڵام تۆ ناگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە پێش ئەوەی قەبارەی ئەو خەڵەتاندنە نەزانیت کە ئێستا پێت گەیشت، ئەو هەرگیز پارەکەت نادزێت، تۆ گەر ئەو هەر شتێکی بیەوێ دەیدەیتێ، بە تەواوی ویستی خۆت، تەنها ئەوەی بۆت دەردەکەوێت – دوای تێپەڕبوونی هەندێک کات – ئەویش ئەوەیە مەنسووغ ئەهریمەنێکە لە بەرگی فریشتەدا، بەڵام بەهەرحاڵ ئەهریمەنێکی خۆشەویستە.
مەدرید 2008


