نەژاد عزیز سورمێ
……………………..
(1)
سیدۆری!
چرای خەراباتان
دەرگام لێ دامەخە !
ئەوە منم
دەستم لە کوانوواندا گێڕاوە
پەرۆشیم بە کاڕکی ڕنیوە
تەنیا باڵ
بەخشندە لە بەرامبەر ڕۆژپەڕدا
دڵڕوون لە ڕووی بای وادە ..
پیاڵەی بادەم بەنیوە نەکردبوو سیدۆری !
گۆزەم بەسەردا بەربوونەوە
ڕەنگی نەخشەکانییانم لە دڵدا توانەوە
کسپەی پەژموردەیی ،
تەدارەکی ڕووخان بوون ..
پیاڵەی بادەم بەنیوە نەکردبوو
لە نەشئەی سپێدەیان کردم
نەیانھێشت گڕوگاڵی ھەتاو
بەسەر ڕوومەتی چیایانەوە ببینم .
(2)
سیدۆری
دەرگام لێ دامەخە !
بووم بە ئەشقیای دارستانان
کولافە ، بەسۆز ..
چووم ڕەشەبام پۆشتەکرد
ڕووبارم ئاودان
بەڵام چ لەگەڵ جودایی ئازیزاندا دەکرێ سیدۆری!
وەک دەمبینی ڕەنجبەخەسار
بە لێڕەوار و ھەڵەتاندا
دڵ بێ ئامان ژێرداگەڕام ..
ئای سیدۆری
چرای خەراباتان
فرمێسکەکانم چیان لێ ھات؟
ئیتر چاوەڕوانی چی بم؟
دەرگام لێ دامەخە سیدۆری گیان..!
شووباتی 2009

