فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

غەریبی

ئاژوان ڕۆژھەڵاتی
شاعیر، نەرویج

……………….

پیاسەیەک لە سروشتی
تەم ومژی غەریبیدا!
لەنێو ئاپۆرای خەیاڵ و
دابڕانی ئازیزاندا!
بووە بە هەورازی دژوار!
ئەستەمە پێدا هەڵچوونی!
وەک جاڵجاڵۆکە تەنیومی
مەحاڵە لێی دەربازبوونی!
بێ هیوایی و بێ وڵاتی
ئۆقرەی لێهەڵگیراوم!
لە کاروانی هیواکاندا
وەک بەردی بن ئاو جێماوم!
جارجارێکیش، ئەکەم لومەم!
ئومێد ئەبەخشم بە گیانم!
ئەڵێم ئاسۆ ڕۆژێ هەڵدێ!
شاد دەبم بە نیشتمانم!
بوخچەی تاڵی غەریبی خۆم!
فڕێ دەدەم لە سەر شانم!
شنەی ئازادی نیشتمان
ساڕێژ دەکات زامەکانم!
سوجدە دەبەم بۆ خاکەکەی
ئەیخەمە سەر چاوەکانم!
ئەمڕۆ سبەی هەر دێمەوە
شاد دەبم بە نیشتمانم!
باری قورسی غەریبی خۆم
فڕێ دەدەم لە سەر شانم !
خاکی پیرۆزی نیشتمان
ئەخەمە سەر چاوەکانم !

2/6/26