گۆریان ھەڵەبجەیی
نووسەر، ھەڵەبجە
………………..
ئەو شوێنەی لێی ئەژیم پێی ئەوترێت شار
شار پڕە لە تەنی ڕەق
لێوڕێژە لە دراو … لە مامەڵە
کانگایە لە هونەری درۆکردن
پڕە لە ماکیاجی ناشیرینی
پێش ئەوەی بڕۆیتە شار
ڕوحت تەهلیلە ئەکات
کاتێ گەڕایتەوە
ڕێ نابەیتەوە ماڵی عاریفان
شار وات لێ ئەکات فێری ماراسۆن بیت
کاتت ناداتێ گوێ لە خوڕەی چەم بگریت
ئەستێرەیە بکەیتە هاوڕێ
لە شاردا نازانی کەی مانگ هەڵدێ
لە نوێژەکانتا شتی ون بوو ئەدۆزیتەوە
نهۆمی خانوەکەت ئەخەیتە سەر ماڵە دراوسێ
نازانیت بەختەوەریت لە کوێ جێهێشوە
لە شاردا دکتۆر و دەرد زۆرە
گومان لە پێشی پێشەوەی پەرستگاکانە
ئەڤین زوو ئەخرێتە ڕستەوە
کێ هەیە شار بەرێتە دادگا ؟
ئەو لە کوشتن ناوەستێ

