فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

نیـگــا

نه‌ژاد عزیز سورمێ

نووسەر، هەولێر

………………………..

ئه‌ویـن هه‌میـشه‌ بڕێــك شێـتایه‌تی تێدایه‌

به‌ڵام شێـتایه‌تیش ‌ هه‌ندێ عه‌قـڵی تێدایه‌

                                             نیتچه‌

·    ئاوازی شه‌كه‌ت ..

      ئیكسیری خۆشه‌ویستی ،

تا بڵێی قووڵ ، تا حه‌ز بكه‌ی ساده‌

      له‌ كوانووه‌ سارده‌كانه‌وه‌ نایێ ..

     چرات هه‌میشه‌ هه‌ڵبێ ..

    هه‌رده‌م،

    تا تێـتدا بێ به‌ ته‌نیا نیگایێ

    ڕه‌شانگی ئه‌و بۆره‌ دڵانه‌ ببینی ،

   ته‌نیا له‌سه‌ر كـاغه‌ز و ڕووی ڕۆژنامان سپی ده‌چنه‌وه‌ ،

   ئه‌وانه‌ی، 

   نه‌ له‌زمانی ته‌نیایی ده‌گه‌ن ،

   نه‌ سیپاره‌یه‌كی خه‌میان خوێندووه‌ته‌وه‌ ،

   نه‌ ڕۆژێ له‌ ڕۆژان

   باده‌ی سپێده‌ و ڕۆژپه‌ڕیان هه‌ڵداوه‌..

·    ئه‌مجاره‌ش

   ئه‌و نیگایه‌

   له‌ زرنـگانه‌وه‌ی شكۆفه‌ نایلۆنییه‌كانی پاراستم ..

       به‌رده‌وام ده‌بم له‌ سه‌ما ..

      خۆشه‌ویستی،

      به‌بێ شه‌ره‌نگی جودایی و ئه‌سته‌می ژوانان

      لێڕه‌وارێكی سووتاوه‌  ..

     مرۆڤه‌ به‌ عیشووه‌كان ،

     ئه‌وانه‌ی (( له‌ مانای گریه‌ نازانن)) و

    به‌ هێزی پێناوی و خۆهه‌ڵخستن

    به‌ڕێی ده‌كه‌ن ،

    گوناهه‌ ده‌ستی له‌رزۆكیان بگیرێ و

    به‌ بازی كـێوییان و

    نمه‌ی باران

    بسپێررێن ..

·    له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه‌ ئه‌و نیگایه‌ هه‌یه‌ .

سترانێـك،

له‌ شارای (نان)ـه‌وه‌

       تا سه‌ما و له‌یزینی (جیـهانایه‌تی) ..

       ئه‌وه‌ی به‌ ڕاستی عاشق بووبێ ،

      قه‌ده‌ر باهۆزێـكی له‌ لایه‌ك بۆ هه‌ڵ كردووه

      بایی دوو ڕێژنه‌ی هه‌ور بۆ هێنابێ و

     ژه‌نگی به‌ردیده‌ی ڕاماڵیبێ ..

     نیگاكانی تۆ له‌ به‌دخه‌ویدا

     دژوار ،

    پشێو و بێ نه‌خش

    ده‌بیندرێن ،

   به‌ڵام بارانی نوورن ،

  كانیی له‌زه‌ت و تێكه‌ڵبوون

   ده‌ته‌قێننه‌وه‌ ..

  ئه‌وه‌ی ده‌ڕوانێ ،

هیچ وه‌ختێ بێ هیوا نییه‌

هه‌میشه‌ ئاسۆیه‌كی لێ دیاره‌

هه‌میشه‌ پڕشنگی لێ ده‌بنه‌وه‌ ..

ئه‌وان له‌ تاریكیدا گۆش كـراون

به‌ په‌نجه‌ره‌دا دزه‌یان كردووه‌ ،

لێ خۆشبه‌ختانه‌ دیارن

نه‌ مه‌مله‌كه‌تی عه‌شقیان لێ ده‌كه‌وێ ،

نه‌ ده‌توانن ته‌نیا ساتێك

ئاشنای نهێنییه‌كانی سووتان بن .