چاپی یەکەم، ساڵی/٢٠٢٥
خوێندنەوە: سەلما تۆما کاکۆ
نووسەر، ئەڵمانیا
پێش دوو ساڵ، کە هێشتا لەگەڵ کاك حوسێن هاوڕێی فێسبووك نەبووم، شیعرێکم بەناوی (کۆست) لە لاپەڕەی فەیسبووکی هاوڕێیانم خوێندەوە، کە بۆ دایکی خۆی نووسیبووی، پێی سەرسام بووم. هەر ئەوکات هەستم کرد یەکێکە لە شاعیرە خامە بەرز و جواننووسەکان. دواتر کە دیوانی (دایە ڕابی) ی چاپ کرد، ناوەکە زیاتر سەرنجی ڕاکێشام و هەوڵم دا لە مەبەست و نهێنی ئەو ناونانە تێبگەم، ئاخر ناونانی دیوانێکی شیعری بەناوی دایك هەروا خۆڕسك نییە و بە بێ بوونی کاریگەرییەکی زۆر و لوتکەی پیرۆزیی دایك نایەتە ئاراوە، هەر بۆیە، سەرەتا پێشەکی کتێبەکەم خوێندەوە و بینیم شاعیر نووسیویەتی:
دایك لای من و لە شیعرەکانمدا سەرتۆپ و سمبولە و پانتاییەکی نووربەخشی هەیە و هەر لەچاوی دایکمەوە و لە چیڕۆك و کۆست و کۆژانەکانی ئەویشەوه گوزارشت لە تەواوی دایکانی کورد دەکەم، بەتایبەتیش ئەوانەی بە هەقیقەت (شەهیدی زیندوون). دواتر شیعرەکە لەناو دیوانەکەیش کەوتە بەرچاوم و لە خوێندنەوەی پەراوێز و پێشەکییەکە لە ئازار و ژانی ئەو دایکە خۆڕاگرە تێگەیشتم، کە چەندە شایانە. ئەمەی خوارەوە کۆپلەیەکە لە شیعری کۆست: لا١٣٦
لەو ڕۆژەوە
کە مناڵ بووم و نەورەسێ
نامەیەكی برینداری بۆ هێنای
ئەی دایەگیان
كۆستم دیت و دیتم ئەتۆی
ئەشکم دیت و دیتم ئەتۆی
برینم دیت و دیتم ئەتۆی
ئەگەر جارێك ئەتۆم دیبێ پێکەنی بی
تەمەنێكە، كە دەتبینم خەفەت دەخۆی!
دڵنیام زۆربەی خوێنەران و بە خۆیشمەوە دایکمان لەو شیعرەدا دەبینینەوە، بەڵام لە توانای دەربڕیندا هەژارین، بۆیە شایانی خوێندنەوەیە.
لەم دیوانە شیعرەدا شاعیر جگە لە دایك، هیچ لایەنێکی فەرامۆش نەکردووە و شیعری بۆ: سروشت و دابی کوردەواری و نیشتمان و پێشمەرگە و شەهید و ئەنفال و هەموو ئەو تراژیدیانەی بەسەر کورددا هاتووە نووسیوە. هەروەها کۆمەڵێك شیعری موناجات و سۆزداری و مینماڵەشیعریش دەکەونە بەرچاوان، کە چێژم لە خوێندنەوەیان بینیوە، بەڵام لەسەرووی هەموویانەوە ئەو شیعرانەن، کە بۆ دایکی نووسیون و باڵایان وەك پیرۆزیی دایك بەرزە.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێم، تێکڕای شیعرەکانی ئەم دیوانە جوان و چێژبەخشن و خوێنەر لە خوێندنەوەیان بێزار نابێت، وەك لەو نموونانەی خوارەوەدا هاتووە:
شاعیر لە لا٣٧ لە کۆپلەیەکی شیعری (لە شەوقیدا شەوقم دایەوە)، کە شیعرێکی درێژی بە سەروایە نووسیویەتی:
وەك مانگ نیت، دیوێ تاریك و یەك ڕۆشن
وەک خـۆر نیت، تاوێ دەرکەوی، تاوێ ون
وە هیـچ ناچـی، هەتـا وەسـفێ لـە تـۆ کـەم
سـەرووی وەسـفی، لەکوێ بێنم وەسف من؟
هەروەها لە شیعری (تابلۆی پاییزی) لا٦٨ نووسیویەتی:
بـارانــى پەڵــە و هــەورى نیســانـێ
پۆخى داربەڕوو و هەواى کوێسـتانێ
تاســەى غوربەتیــم بەخــۆ دەشــکێنن
مــن بــەڕێ دەکــەن، خۆیـان دەمێنــن!
ناوەڕۆکی دیوانەکە:
شاعیر شیعرەکانی کە (١٢٦) شیعری ئازاد و ستوونی و بە سەروان و بەسەر پێنج بەش دابەشی کردوون، کە بۆ مەبەستی جیا جیا نووسیویەتییەوە، وەك چۆن پێشتر ئاماژەم پێکردووە، لەگەڵ پێشەکییەکی زۆر جوان، کە خوێنەر بەمەبەستی شیعرەکان ئاشنا دەکات، لە دووتوێی کتێبێکی (٣٢٠) لاپەڕە کۆی کردوونەتەوە.
زمانی شیعری و نووسین:
١ـ شاعیر زمانێکی زۆر سادە و ڕوونی لە نووسینی شیعرەکان بەکار هێناوە، کە هەموو چین و توێژێك لێی تێبگەن و خوێنەر ناچار ناکات بەدوای کردنەوەی کۆدی شیعردا بگەڕێت تا لێی تێبگات، لەپەراوێزیشدا مانای هەموو ئەو وشانەی، کە ڕەنگە بەلای خوێنەری نەوەی ئێستادا نامۆ بن، لە شێوەی فەرهەنگۆکێك ڕوونکردۆتەوە، بەمەیش خزمەتێکی زۆری خوێنەری کردووە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە شیعرەکان.
٢ـ شاعیر زیاتر جەختی لە نووسینەوەی وشە کوردییە ڕەسەنەکان کردۆتەوە، کە ئێستا کەمتر لەسەر زارن، ڕەنگە بەمەیش زۆر لەو وشانەی لە فەوتان و لەناوچوون پاراستبێ.
٣ـ شاعیر بۆ نووسینەوەی شیعرەکانی گرنگیی بە مێژوو و ڕووداوەکانی ڕابردوو داوە و لەوەدەچێ تا ڕادەیەکی زۆر ئیلهامی لە ڕووداوەکان وەرگرتبێ، بۆ نموونە (تاخمەتراشی باوکی و کراسێکی دەستچن….تد) کردۆتە کەرەستەی خاوی شیعر و بەجوانترین شێواز دایڕشتوون، کە هەریەکەیان چیڕۆکێك دەگێڕێتەوە.
تێبینی:
١ـ من تەنها وەك خوێنەرێك ئەو دیوانە بە خوێنەرانی دیكە دەناسێنم، چونکە باسکردنی تەکنیكی شیعری و ڕەخنەگرتن تایبەتن بە کەسانی پسپۆڕ لەو بوارە و باسکردن لە دیوانەکە زۆر زیاتر لەمە هەڵدەگرێت.
٢ـ شاعیر گرنگییەکی زۆری بە زمان و داڕشتنەوەی وێنەی شیعری داوە و کەمترین هەڵەی نووسین بەرچاو دەکەون، کە ژمارەیان ناگاتە پەنجەکانی دەستێك، ئەمەیش شایانی دەستخۆشییە، چونکە زیاتر چێژی خوێندنەوە دەبەخشێت.
٣ـ هێنانەوەی ئەو نموونە شیعرانە تەنها بۆ زیاتر حاڵیبوونی خوێنەرە لە شێوازی شیعرەکان، هیوادارم لە گەورەیی و جوانیی دیوانەکەم کەم نەکردبێتەوە.


