دێرین جەمال
چیرۆکنووس، سلێمانی
…………………….
لەناو حەوشەی زانکۆدا، لەو شوێنەی کە تیشکی خۆر بەناو گەڵای چنارەکاندا ڕێگەی خۆی بۆ سەر زەوییەکە دەدۆزییەوە، هەڵوێست وەستابوو. ئەو کوڕە باڵابەرزەی کە هەمیشە وەک هێمایەک بۆ تاقانەیی و دەوڵەمەندیی بنەماڵەی حاجی ئەحمەد دەبینرا. بەڵام دڵی ئەو لە شوێنێکی دیکە بوو، لە لای نیشتمان کچێک کە جیاواز لە هەمووان، نەک بە نازی کچێنی، بەڵکوو بە شکۆی دارشەقەیەکی دارینەوە هەنگاوی دەنا. نیشتمان کچێکی هەژار بوو، بەڵام چاوە گەشەکانی وەک دەریایەک لە ئارامی، هەموو غروورەی هەڵوێستی تێدا نوقم ببوو..
دوای جەنگێکی زۆر لەگەڵ ناخی خۆیدا هەڵوێست بڕیارێکی دا.
کاتێک هەڵوێست :بابەتەکەی لەگەڵ باوکی، حاجی ئەحمەد، باس کرد، کۆشکە گەورەکەیان بوو بە گۆڕەپانی جەنگ. حاجی ئەحمەد، کە پیاوێکی لوتبەرز و خاوەن شکۆ بوو، تەسبیحە کارەبا ئاڵتونییەکەی لە دەستدا توند کرد و وتی:
چۆن دەبێت بوکی من، کچێکی قاچبڕاو بێت؟ من ئەم هەموو موڵک و ماڵەم بۆ ئەوە کۆنەکردۆتەوە کە کچێکی هەژار و پەککەوتە بێتە ناو ئەم ماڵە و ناومان لەکەدار بکات!
بەڵام هەڵوێست، بەو سووربوونەی کە تەنها لە خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕووبەڕووی باوکی وەستایەوە. مانگەکان تێپەڕین و هەڵوێست بە هەزار ناخۆشی و بەربەست، دواجار حاجی ئەحمەدی ڕازی کرد تەنها بۆ یەکجار سەردانی ئەو ماڵە بکات.
ڕۆژێکی باراناوی بوو، ڕێک وەک ئەو شەوەی بیست ساڵ لەمەوبەر. کاتێک حاجی ئەحمەد چووە ناو ژوورە بچووک و ساردەکەی نیشتمان، هەستی بە نائارامییەکی غەریب کرد. بۆنی چای خەڵوز و وێنە کۆنەکانی سەر دیوارەکە، دڵە بەردینەکەی ئەویان دەهەژاند. نیشتمان بە عەزێیەکی سادەوە هاتە ژوورەوە و بە ڕێزەوە دارشەقەکەی لە تەنیشت خۆی دانا.
حاجی ئەحمەد، کاتێک چاوی بە وێنەی دایک و باوکی نیشتمان کەوت لەسەر ڕەفەکە، ڕەنگی پەڕی. دەستەکانی دەستی کرد بە لەرزین. نەنکی نیشتمان، بە دەنگێکی خەماوییەوە دەستی کرد بە گێڕانەوەی چیرۆکەکە:
ئەم کچە بێتاوانە، بیست ساڵ لەمەوبەر لە ڕووداوێکی پێکدادانی سامناکدا، هەم دایک و باوکی لەدەستدا، هەم قاچی. شۆفێرەکە پیاوێکی دەوڵەمەند بوو، لەجیاتی ئەوەی یارمەتییان بدات، لە ترسی ناو و زیندان، ئەوانی لەناو خوێندا جێهێشت و ڕایکرد..
ئەوکاتە دەستەڵات و پارەکەی ئەوەندە زۆر بوو، توانی بە زەبری پارە هەموو بەڵگەکان ون بکات و خۆی لە یاسا بدزێتەوە، بەڵام بێگومان ناتوانێت لە یاسای خودا ڕابکات
لەو ساتەدا، هەموو دنیا لەبەر چاوی حاجی ئەحمەد ڕەش بوو. ئەو شەوەی کە بیست ساڵ بوو وەک مۆتەکە لە خەونەکانیدا دەردەکەوت، ئێستا لەبەردەمیدا بە زیندوویی وەستابوو. ئەو شۆفێرە هەڵاتووە، هەر خۆی بوو. ئەو پیاوەی ئێستا نیشتمانی بە کەمئەندام ناوزەند دەکرد، خۆی هۆکاری ئەو کەمئەندامییە بوو.
بێدەنگییەکی کوشندە ژوورەکەی گرتەوە. حاجی ئەحمەد هەڵستا، بەڵام نەک بۆ ڕۆیشتن. چوو لەبەردەم نیشتماندا لەسەر چۆک نیشتەوە. فرمێسک بە ڕوومەتە ماندووەکانیدا دەهاتە خوارەوە. هەڵوێست بە سەرسامییەوە سەیری باوکی دەکرد کە چۆن غەروورەکەی شکاوە.
حاجی ئەحمەد بە دەنگێکی پڕ لە گریان وتی:
نیشتمان… کچم… من ئەو بکوژەم کە بیست ساڵە ژیانی تۆم وێران کردووە. من ئەو شەوە ڕامکرد، بەڵام خوا تۆی هێنایەوە سەر ڕێگەم تا نیشانم بدات کە هیچ هەڵاتنێک لە ویژدان نییە. من ناتوانم خەزوورت بم، چونکە شایەنی ئەوە نیم، بەڵام دەبم بەو باوکەی کە لێم دزیوی.
حاجی ئەحمەد نەک هەر ڕازی بوو، بەڵکوو بڕیارێکی دا کە هەموو شار پێی سەرسام بوون. ئەو ڕایگەیاند کە نیوەی هەموو سامانەکەی بە ناوی نیشتمانەوە دەکات و گەورەترین نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری ئێسقان و پەلی دەسکرد لەسەر ئاستی ناوچەکە بە ناوی نیشتمانەوە کردەوە.
ڕۆژی هاوسەرگیرییەکە، کۆشکەکە بە جۆرێک ڕازێنرابووەوە کە پێشتر کەس نەیبینی بوو. بەڵام جوانترین دیمەن ئەوە بوو، کاتێک حاجی ئەحمەد، بە دەستی خۆی و بە شانازییەوە، دارشەقەکەی نیشتمانی گرتبوو و وەک باوکێک هاوکاری دەکرد تا بەرەو لای هەڵوێست بڕوات.
ئەو دارشەقە دارینەی کە ڕۆژێک حاجی ئەحمەد بە سوکایەتییەوە تەماشای دەکرد، ئێستا وەک نیشانەی شکۆ و لێبوردەیی لە ناوەڕاستی هۆڵی کۆشکەکەدا پارێزرابوو. نیشتمان بوو بە بووکی ئەو ماڵە، بەڵام زیاتر لە بووک، ئەو بوو بەو ڕووناکییەی کە تاریکیی ویژدانی حاجی ئەحمەدی ڕاوەدوونا و سەلماندی کە مرۆڤایەتی بە قاچەکان نییە، بەڵکوو بەو دڵانەیە کە دەتوانن لە گەورەترین تاوان خۆش ببن.

