دەریا قادر خۆشناو
نــەرویج
……………….
شاڵاوی ئەنفال (١٩٨٨) گەورەترین پڕۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی بوو لە سەدەی بیستەمدا کە دژ بە نەتەوەی کورد ئەنجام درا. ئەم تاوانە تەنیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو بەپێی بڕیاری ژمارە (٤٠٠٨)ی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعس لە (٢٠ی حوزەیرانی ١٩٨٧)دا ڕەزامەندی لەسەر درا؛ تێیدا ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان وەک ناوچەی قەدەغەکراو ناسێندران و فەرمانی کوشتنی هەر مرۆڤێک یان زیندەوەرێک درا کە لەو ناوچانەدا بژی.

ستراتیژیی سەربازی و سەرکردایەتی تاوان
ئەم شاڵاوە لەلایەن عەلی حەسەن مەجید (ئەندامی سەرکردایەتی بەعس و لێپرسراوی نووسینگەی ڕێکخستنی باکوور) سەرپەرشتی دەکرا. هێزە بەشداربووەکان پێکهاتبوون لە سێ فەیلەقی سوپا (یەک، پێنج و دوو)، هێزە ئاسمانییەکان، هێزەکانی پیادەی مەغاویر و هێزەکانی دیفاع وەتەنی.
قۆناغەکانی ئەنفال؛ لە دۆڵی جافایەتییەوە تا بادینان
١. قۆناغی یەکەم (دۆڵی جافایەتی): ٢٣ی شوبات – ١٨ی ئازاری ١٩٨٨. هێرشەکە لە سێ قۆڵەوە بۆ سەر بنکەکانی سەرکردایەتی شۆڕش لە (سەرگەڵو و بەرگەڵو) دەستی پێکرد و ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی، چەرخ، قمچۆغە، ماوەت و چوارتای گرتەوە.
٢. قۆناغی دووەم (قەرەداغ): ٢٢ی ئازار – ١ی نیسانی ١٩٨٨. ئەم قۆناغە ناوچەکانی تەکیە، سێوسێنان و قەرەداغی گرتەوە. لە ٢٢ی ئازاردا گوندی سێوسێنان کیمیاباران کرا و قوربانییەکی زۆری لێکەوتەوە.
٣. قۆناغی سێیەم (گەرمیان): ٧ی نیسان – ٢٠ی نیسانی ١٩٨٨. ئەمە کارەساتبارترین قۆناغ بوو کە تێیدا نزیکەی ٥٠٠ گوند خاپوور کران و ٧٠ هەزار کەس ڕاپێچی زیندانەکان کران. ڕۆژی ١٤ی نیسان وەک هێمایەک بۆ ئەم کارەساتە دیاری کراوە.
٤. قۆناغی چوارەم (دۆڵی زێی بچووک): ٣ی ئایار – ٨ی ئایاری ١٩٨٨. ناوچەکانی کۆیە، تەقتەق، دێگەڵە و شێخ بزێنی گرتەوە. گوندەکانی گۆپتەپە و عەسکەر بە چەکی کیمیایی بۆردومان کران.
٥. قۆناغی پێنج، شەش و حەوت (ناوچە شاخاوییەکان): ١٥ی ئایار – ٢٦ی ئابی ١٩٨٨. ناوچەکانی شەقڵاوە، ڕەواندز، باڵەکایەتی، قەندیل، ڕانیە و قەڵادزێی گرتەوە.
٦. قۆناغی هەشت و کۆتایی (بادینان):٢٥ی ئاب – ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨. دوای وەستانی شەڕی عێراق و ئێران، سوپا هێرشی کردە سەر دهۆک، زاخۆ و ئامێدی. چەکی کیمیایی بە بەرفراوانی لە بناری گارا بەکارهێنرا.
وێستگەکانی مەرگ، زیندان و بیابانەکان؛
ئەو خەڵکەی دەستگیر دەکران، هەنگاو بە هەنگاو بە زنجیرە پاڵاوتنی مەرگدا تێدەپەڕین،
هەنگاوی کۆکردنەوە: لە سەربازگەکانی تۆپزاوا و قۆیتاس.
هەنگاوی جیاکردنەوە: دابڕانی گەنجان و پیاوان لە ژن و منداڵ.
هەنگاوی زیندانیکردن: ناردنیان بۆ قەڵای (نوگرەسەلمان) لە بیابانی سەماوە و (دوبز) لە کەرکووک.
هەنگاوی گۆڕە بەکۆمەڵەکان: کۆتا وێستگە بیابانەکانی (عەرعەر و حەزەر) بوو کە قوربانییەکان بە زیندوویی دەخرانە ژێر خاک.
ئامارەکان؛
قوربانیانی مرۆیی: ١٨٢,٠٠٠ مرۆڤی بێتاوان.
داڕمانی ئابووری: خاپوورکردنی ٤,٠٠٠ گوند، ١,٧٥٤ قوتابخانە و ٢٧٠ نەخۆشخانە.
ژینگە: سووتاندنی هەزاران دۆنم دارستان و کوێرکردنەوەی کانییەکان بە چیمەنتۆ.
ئەنفال تەنیا یادکردنەوە نییە، بەڵکو بەڵگەی ئەو باجە گەورەیەیە کە نەتەوەی کورد بۆ مانەوە و ئازادی داویەتی. ئەم تاوانە هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی ڕەگ و ڕیشەی نەتەوەیەک، تاقیکردنەوەیەکی بەئازار و سەختی مرۆڤایەتی بوو کە تێیدا ویژدانی جیهان بێدەنگ بوو. ئەمڕۆ ئەرکی نەتەوەیی هەموو تاکێکی کوردە، بەتایبەت چینی لاو و تازەپێگەیشتوو، کە ئەم مێژووە بخوێننەوە تا ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە ستەمێک.
سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی کوردستان دادەنەوێنین.
١٤/٤/٢٠٢٦

