فه‌همی کاکه‌یی
نووسەر، سويد
……………………..
سه‌رهه‌ڵدانی ئایینی یارسان
لێره‌دا که باس له‌م ئایینه ده‌که‌ین له ده‌وره‌ی “سوڵتان سهاک”ه‌وه باسی لێ ده‌که‌ین و له‌وێوه به کورتی چه‌ند قۆناخێک ده‌چینه دواوه تا سه‌رهه‌ڵدانی ئایینه‌که له دوای په‌یدابوونی ئیسلام، ئیتر له‌مه به‌ده‌ر ئه‌گه‌ر ئه‌م ئایینه به‌ر له ئیسلام هه‌بووبێت یان نا، له‌م گوتارەدا جێگای نابێته‌وه.
به پێی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دوورودرێژ ده‌رباره‌ی سوڵتان ئیسحاق، یان سوڵتان سهاک، ئه‌م زاته کوڕی شێخ عیسای به‌رزنجییه، هه‌ر وه‌ک سوڵتان به خۆی ده‌فه‌رموێت:
عیسێ باوه‌ما
(داود) باب عیسێ، (عیسێ باوه)ما
(شێخ) و (به‌رزنجه)، حاجی (کاوه)ما
واتە: لێرەدا سوڵتان سهاک بە پیر داود دەڵێت کە عیسا باوکیەتی، ئەو شێخی بەرزنجە بووە و حەجی کابەی کردووە.
ئه‌م سه‌رچاوه‌یه دوای لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی فراوان ساڵی له‌دایکبوونی سوڵتان سهاک ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ 716ی کۆچی و ساڵی 796 بۆ کۆچکردنی ئه‌م زاته ده‌ستنیشان ده‌کات.
شێخ عیسا و شێخ مو‌سا هه‌ردووکیان کوڕی (بابه عه‌لی هه‌مه‌دانی)ن، به‌پێی په‌ڕاوی (بحر الأنساب) باوباپیری شێخ عیسا له هه‌مه‌دانه‌وه باریان کردووه‌ته به‌رزنجه. ئه‌م دوو برایه له ساڵی 686ی کۆچیدا له به‌رزنجه مزگه‌وتێکیان دروست کردووه. (هاشم کاکەیی، ١٩٨٨: ١١٢-١١٣)
سوڵتان سهاک به هۆی که‌ڵکوه‌رگرتن له بیروبڕوای تایبه‌تی و به‌هره‌مه‌ندبوون له ئایینه‌کانی زه‌رده‌شتی و مه‌زده‌کی و مانه‌وه‌ی، ڕێ و ڕچه‌ی یاریی به‌دی هێناوه و یارانی خۆیی کردووه‌ته چه‌ند تاقمێکه‌وه و بۆ هه‌ر کامێکیان ئه‌رکێکی تایبه‌تیی داناوه. ناوی ئه‌و تاقمانه‌ش به‌م چه‌شنه‌یه: هه‌فت ته‌ن، هه‌فته‌وان، چلته‌ن، یارانی قه‌وه‌ڵتاس، هه‌فتاودوو پیره، هه‌فت خه‌لیفه، هه‌فت خادم، هه‌فت هه‌فته‌وان، چل چلته‌نان، نه‌وه‌دونۆ پیری شاهۆ، شه‌ست و شه‌ش خوڵامی که‌مه‌رزێڕین، هه‌زارو یه‌ک به‌نده‌ی خه‌واجه سیفه‌ت، به‌یوه‌ر هه‌زار به‌نده، بێوه‌ن به‌نده.
لێره‌دا ناوی دوو ئەڵقی سه‌ره‌کی ده‌هێنین، که ئه‌مانه‌ن:
هه‌فت ته‌ن: که بریتین له:
1. سه‌ید خدری شاهۆیی، نازناوه‌که‌ی (بنیامین)ه، یان پیر بنیامین، پیری هه‌موو یارسانه
2. موسی سیاوه، یان موسیاوه، ناسراو به دواد که‌وه‌سوار، ده‌لیلی یارسانه
3. مه‌لا روکنه‌ددینی دیمه‌شقی، ناسراو به پیر موسی، ده‌فته‌رداری سوڵتان سهاکه
4. موسته‌فا داودانی، به‌رپرسی کاروباری به‌جێگه‌یاندن
5. خاتوون دایراک، ناسراو به دایه ڕه‌زبار، که دایکی سوڵتان سهاکه
6. شا ئیبراهیم کوڕی محه‌مه‌دی گه‌وره‌سوار، جێگری سوڵتان بۆ کاروباری عیرفانی
7. باوه یادگار، جێگری سوڵتان بۆ کاروباری عیرفانی
هه‌فته‌وانه: که بریتین له
1. سه‌ید محه‌مه‌دی گه‌وره‌سوار
2. سه‌ید ئه‌بو ئه‌لوه‌فا
3. حاجی بابوعیسی، یان سه‌ید باوه‌یسی
4. سه‌ید میر ئه‌حمه‌دی سوور، میری سوور
5. سه‌ید مسته‌فای شاره‌زووری
6. شێخ شهابه‌ددین، یان شێخ شابه‌ددین
7. شێخ حه‌بیب شا
(الهی، ١٣٦١: ٤٨-٥١)
وه‌ک پێشتر گوتمان سوڵتان سهاک، یان سان وه‌ک له هه‌ورامان پێی ده‌گوترێت دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م ئایینه نییه به‌ڵكوو نوێکه‌ره‌وه و یاسادانه‌ریه‌تی، چو‌نکه ئه‌م باوه‌ڕه که پاشتر بووه به ئایین به چه‌ند قۆناخێکی دیکه‌دا ده‌رباز بووه، وه‌ک:
ده‌وره‌ی بالوولی ماهی
یه‌که‌م گرۆیه‌ک که ده‌ستی کردبێت به بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕێکی سۆفیگه‌رانه که له‌وه‌و پاش ناوی لێ‌نرا (یارسان، یارستان) یان کاکه‌یی گرۆی (بالوولی ماهی)یه که ناوه ڕاستییه‌که‌ی (عومه‌ری کوڕی له‌هه‌ب)ه، ئه‌مه‌ش له سه‌ده‌ی دووه‌می کۆچیدا ڕووی داوه. به‌پێی کتێبی پیرۆزی (سه‌ره‌نجام) بالوول یه‌کێکه له ناودارانی ئه‌م ئایینه. بالوول و هاوبیرانی له هه‌ورامانه‌وه ده‌ستیان کردووه به بڵاوکردنه‌وه‌ی باوه‌ڕه‌که‌یان. پاشتریش خۆی و یاوه‌ره‌کانی که هه‌ر هه‌موویان لوڕستانی بوون سه‌ردانی ئیمام جه‌عفه‌ری سادقیان کردووه له به‌غدا و پاشتر گه‌ڕانه‌ته‌وه بۆ کرماشان و له‌وێوه ده‌ستیان کردووه به بڵاوکردنه‌وه‌ی یاری و خه‌ڵکێکی زۆر دوایان که‌وتن. (صفی زادە، ١٣٧٠: ٤٧-٤٨)
له کتێبی (دائرة المعارف)ی بوترس بوستانیدا، به‌رگی پێنجه‌م، هاتووه که بالوول له شێته‌کانی کوفه بووه و کوردێکی ئێرانی بووه، هه‌روه‌ها یه‌کێک بووه له قوتابییه‌کانی ئیمام جه‌عفه‌ر ئه‌لسادق. هه‌روه‌ها له کتێبی (المنجد في الأدب و العلوم)دا هاتووه که بالوول له ده‌ورانی هارون ئه‌لڕه‌شید ژیاوه و به یه‌کێک له عاقڵه شێته‌کان ده‌درێته قه‌ڵه‌م و له ساڵی 219ی کۆچی وه‌فاتی کردووه.
ده‌روێش نه‌ورۆزی سۆرانی له باره‌ی بالووله‌وه ده‌ڵێت:
بالوول زاتێوه‌ن زات یه‌کدانه
عامیان ماچان بالوول دێوانه
کێ دی دێوانه وه‌ی ته‌ور دانا بۆ
مه‌رکه‌و نه مه‌یدان گه‌ردوون ڕانا بۆ
(صفی زادە، ١٣٧٠: ٤٩)
واتە: بالوول زاتێکی یەکدانەیە و خەڵک پێیان وایە شێتە، کێ دیویەتی شێتێک بەم شێوەیە دانا بێت و کەشتیی خۆی لەم گەردوونەدا بەم شێوەیە لێ بخوڕێت.
بالوول خۆی و هاوبیرانی له لوڕستانه‌وه ده‌رکه‌وتوون و به‌ناو خێڵ و تیره کورده‌کاندا گه‌ڕاون بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕه‌که‌ی خۆیان بڵاو بکه‌نه‌وه، بالوول ده‌فه‌رموێت:
ئه‌و واته‌ی یاران
ئێمه دێوانه‌ین ئه‌و واته‌ی یاران
هه‌نی مه‌گێڵین یه‌ک یه‌ک شاران
تا زینده که‌ریم ئایین ئێران (ئایین کوردان)
واتە: بە قسەی یاران بێت ئێمە دێوانەین، ئێمە وا بە شاراندا دەگەڕێین بۆ زیندووکردنەوەی ئایینی ئێران(کوردان).
یارانی بالوول ئه‌مانه بوون:
بابه لوڕه‌ی لوڕستانی
بابه ڕه‌جه‌بی لوڕستانی
بابه حاته‌می لوڕستانی
بابه نجومی لوڕستانی
(صفی زادە، ١٣٧٦: ٣٨-٤١)
بالوول یه‌که‌م که‌سێک بووه (جه‌م)ی دامه‌زراندووه، هاوبیرانی ئه‌و هه‌فته‌ی جارێک کۆ بوونه‌وه‌ته‌وه بۆ گوێگرتن له سرووده ئایینییه‌کان که له‌سه‌ر ئاوازی ته‌میره گوتراون، ئه‌و شوێنی گردبوونه‌وه‌یه پاشتر به جه‌مخانه ناسراوه. جه‌مخانه شوێنی خواپه‌رستی و ئه‌نجامدانی ڕێوڕەسمەکانی ئایینی یارسانه.
من پێم وایه سه‌رهه‌ڵدانی یه‌که‌می ئه‌م ئایینه له‌سه‌ر ده‌ستی بالوولی ماهی و یارانی له سه‌ده‌ی دووه‌می کۆچیدا بووە که هێشتا ئایینی ئیسلام له کوردستاندا به ته‌واوی جێگیر نه‌بووبوو، ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی ناوچه‌که تووشی خه‌ڵکێکی بێگانه بوون که ئایینێکی بیگانه‌یان بۆ هێنا بوون به زمانێکی بێگانه، که هه‌ڵگری فه‌رهه‌نگێکی بێگانه‌یه. هه‌موو ئه‌مانه وای له‌و خه‌ڵکه کردووه به‌رامبه‌ر به‌م باره نوێیه ڕاپه‌ڕن، به‌ڵام ڕاپه‌ڕینێکی تا ڕاده‌یه‌ک له‌سه‌رخۆ و شاراوه ئه‌ویش له ترسی کوشتن و بڕین و زوڵم و سته‌می هەڵگرانی ئه‌و ئایینه نوێیه، هه‌ر بۆیه به هۆی دۆنایدۆنه‌وه ناودارانی ئایینی ئیسلامیشیان خستووه‌ته ناو ئایینه‌که‌وه. له‌وه به‌ده‌ر که ئایا ئه‌م ئایینه ئایینێکی ئه‌زه‌لییه یان نا، ئه‌مه‌یان ناخه‌مه به‌ر تیشکی لێکۆڵینه‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ی که ئایینه‌که خۆماڵی بووه و به زمانی خه‌ڵکه‌که و هه‌ڵگری فه‌رهه‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه بووه، خزمه‌تێکی زۆری به زمان و فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریتی کورد کردووه. هه‌رچه‌نده زمانی ئایینه‌که کوردی بووه، به‌ڵام ڕێگا له‌وه نه‌گیراوه که باوه‌ڕمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه به زمانی خۆیان سروود داڕێژن، به‌ڵام له ئه‌نجامدانی ڕێوڕەسمە ئایینییه‌کاندا ته‌نێ زمانی کوردی/زاراوه‌ی گۆران به‌کار هاتووه و تا ئێستایش به‌کار ده‌برێت.
ده‌وره‌ی شاخۆشین
پاشان زاتێکی دیکه به ناوی موباره‌ک شای لوڕستانی که به شاخۆشین ناسراوه له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێنجه‌می کۆچیدا له دایکێکی باکیره به ناوی جه‌لاله خانم که کچی میرزا ئا‌مانه‌ی فه‌ر‌مانڕه‌وای لوڕستان بووه، په‌یدا بووه. ئه‌م زاته هاوچه‌رخی بابه تاهیری هه‌مه‌دانی بووه، چاکتر بڵێین بابه تاهیر و فاتمه لوڕه له یارانی شاخۆشین بوون. شاخۆشین و یارانی دیکه‌ی وه‌ک:
بابه بوزورگ، کاکه ڕه‌دا، خوداداد، هندۆله، میرزا ئامانه، رێحان خانمی لوڕستانی، لزا خان جاف و هتد.. به ده‌نگی خۆش و به ئاوازی ته‌میره سرووده‌کانی خۆیان بۆ یارانیان چڕیوه. باوه خۆشین له ته‌مه‌نی شه‌ست ساڵێدا له ڕووباری گاماسب(هه‌ندێک ده‌ڵێن مه‌عزاو یان مه‌سه‌ناو) غه‌یب ده‌بێت و به‌ڵێن ده‌داته یارانی که دوای سێسه‌د ساڵ په‌یدا ببێته‌وه، به‌م پێیه دوای ئه‌و ماوه‌یه شاخۆشین له دۆنی سوڵتان سهاک له به‌رزنجه په‌یدا ده‌بیته‌وه و ئایینی یاری نۆژه‌ن ده‌کاته‌وه.
ئیدی (شاخۆشین) سڕ(نهێنی) ده‌بێت، تا پاش سێسه‌د ساڵ سه‌رله‌نوێ له شاره‌زوور په‌یدا ده‌بێته‌وه و باره‌گای خۆی ده‌باته هه‌ورامان. به‌و ماوه‌ی غه‌یب بوونه‌ی ده‌گوترێت: سێسه‌د ساڵ سڕ.
پیر حەمزە بەرەشاهی مەرەمۆ:
ئه‌و کۆی هه‌ورامان
بارگه‌ی “شا”م وه‌سته‌ن، ئه‌و کۆی هه‌ورامان
زاتە و خالقی، خوانی غوڵامان
سیسه‌د ساڵ سڕ بی، که‌س پێش نه‌زانان
(تاهری، ٢٠٠٧: ٣٧٦)
سەرچاوەکانی ئەم بەشە:
(1) کاکەیی، هاشم. (١٩٨٨) ئه‌ستێره‌گه‌شه‌ی ئاسمانی شاره‌زوور “سوڵتان ئیسحاقی به‌رزنجی” به‌شی یه‌که‌م ، گۆڤاری کاروان. ژماره ٦١
(2) الهی، نور علي. (١٣٦١) برهان الحق ، چاپ ششم.
(3) بۆره‌که‌یی، صدیق (صفی زاده). (١٣٧٠) مێژووی وێژه‌ی کوردی، جلد اول، چاپخانه: چهر تبریز، إنتشارات ناجی، بانه/کوردستان.
(4) بۆره‌که‌یی، صدیق (صفی زاده). (١٣٧٦) دانشنامه نام آوران يارسان، احوال و آثار مشاهیر، تاریخ، کتابها و اصطلاحات عرفانی. تأليف و تفسير، چاپ اول، إنتشارات هيرمند، تهران.
(5) طاهری، طيب. (٢٠٠٧) سرانجام آیین یارسان، گردآوری، تحقیق و ویراستە ، چاپخانه آراس، اربيل.

