فه‌همی کاکه‌یی
نووسەر، سويد
جگه‌ره‌کێشان، گۆشتی به‌راز، خواردنه‌وه
له ناو یارسانییه‌کاندا جگه‌ره‌کێشان مه‌شروبخواردنه‌وه جایز نییە، هەروەها گۆشتی به‌رازیش ناخۆن، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که بۆیان هه‌ڵبستوون کە گوایە گۆشتی بەرز دەخۆن، ئەمەیش تەنیا بۆ له‌که‌دارکردنیانە. ئه‌گه‌ر له سرووده ئایینیه‌کاندا باسی شه‌راب کرابێت دیاره بۆ مه‌به‌ستێکی دیکه‌یه، هه‌روه‌کوو بابا ناووس ده‌فه‌رموێ:
پیاڵه‌ی ڕه‌حمه‌تم وارده‌ن، نه‌وارده‌ن شه‌راو
کاوه‌ی مێرد “جه‌م”ه‌ن مه‌لای وه مه‌حراو
(الهی، ١٣٦١: ٤٦٢)
هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی خواردنه‌وه‌ی ئه‌و پیاڵه‌یه مه‌ستیی بێت، ئه‌وه بێگومان مه‌ستیی عیشقێکی ئێزدانییه. شاخۆشین مه‌ره‌مۆ:
مستم ز خرابات ولی از می نه
نقلم همه نقلست حریفم شیئ نه
(الهی، ١٣٦١: ٤٦٢)
” مه‌ستی باده‌ی یه‌کبوونم نه مه‌ستی مه‌ی. مه‌زه‌ی ئه‌م مه‌ستییه‌ی من ئه‌و قسانه‌ن که ده‌یانکه‌م و حه‌ریفه‌که‌م هیچی پێ نییه”.
دەربارەی جگەرەکێشان، لە ئایینی یارساندا (دووکەڵ) بە هەموو جۆرەکانییەوە ژاراوی و زیانبەخشن، بۆیە دووکەڵ هەوێنی (بەد)ەکانە و ڕووناکی هەوێنی (نێک)ەکانە، واتە چاکان.
سوڵتان سەهاک دەفەرموێت:
نێکانم چا نویر کوورە ڕەژیانێ
بدانم چا دوود ساجم زیانێ
(هەردەوێڵ، ٢٠١٢: ٧٩٦)
(واتە: چاکانم لە ڕووناکی ئاگری کوورە و بەدانم لە دووکەڵەکەی ئافراندووە)
هەر لەم بارەیەوە، خان ئاتەش بە زمانی تورکی باسی هەر سێ لە قەدەغانە دەکات و دەڵێت:
بیغ دوتان قلیان چکان
خنزیر صف دوزبر اولدی
(خواجەالدين، ١٣٦٢: ١٣٢)
واتە: ئەوەی سمێڵ ببڕێت، ئەوەی جگەرە بکێشێت، لە ڕیزی بەرازدا خۆی دەبینێتەوە.
ده‌رباره‌ی ژیان و مه‌رگ
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یارسانییه‌کان باوه‌ڕیان به دۆنایدۆن هه‌یه، واته گه‌ڕی ڕۆح له له‌شدا، مردن به ئاسانی وه‌رده‌گرن، چونکه به مردنی ئه‌و که‌سه ڕۆح له‌ناو ناچێت، به‌ڵكوو ڕۆح ده‌چێته قاڵبێکی دیکه‌وه و جارێکی تر دێته‌وه سه‌ر دونیا، ته‌نیا هیوایه‌کی ئه‌و که‌سه‌ی ده‌مرێت ئه‌وه‌یه جارێکی دیکه بێته‌وه به‌ر قاپی(دەرگا)ی یارسان، واته له خێزانێکی یارسانی له دایک ببێته‌وه. یه‌کێک له یارانی ئه‌م ئایینه ده‌رباره‌ی مردن ئێژێت:
مێردان نه‌ته‌رسان چه‌ی سیاسه‌ته
تەسلیمی گیانان چوون قویته‌ی به‌ته
(تاهیری، ٢٠٠٩: ١٤١)
واته: با یاران، باوه‌ڕمه‌ندان، له‌م سیاسه‌تی مردنه نه‌ترسن، مردنی یاری وه‌ک خۆنوقمکردنی مراوی وایه که له شوینێکی دیکه‌وه سه‌ر ده‌رده‌کاتەوە.
که منداڵێک له دایک ده‌بێت ئه‌و خێزانه به خۆشحاڵییه‌وه پێشوازیی لێ ده‌کات، که ده‌شمرێت نابێت خه‌فه‌تی بۆ بخورێت، چونکه ئه‌وه‌ی ده‌مرێت ته‌نێ قاڵب یان له‌شی ئه‌و که‌سه‌یه، ڕۆح نامرێت و جارێکی تر ده‌ژیێته‌وه، هه‌ر بۆیه له کاتی ناشتنی مردووه‌که له‌گه‌ل ژه‌نینی ته‌میره سروودی ئایینی ده‌خوێنرێت و چه‌پ وده‌ست ده‌کرێت. هه‌ندێک له باوه‌ڕمه‌ندانی ئه‌م ئایینه دوای ناشتنی مردووه‌که ئیدی سه‌ر له گۆڕه‌که‌ی ناده‌ن، به‌و پێیه‌ی ئێستا ئه‌و له شوێنێکی دیکه‌یه و ده‌ژیت.
ئه‌و دونیا
به‌هه‌شت و دۆزه‌خ له‌سه‌ر ئه‌م دونیایه‌یه، باوه‌ڕمه‌ندانی یارسان چاوه‌ڕێی پاداشت و سزا له دونیایه‌کی دیکه‌دا ناکه‌ن، هه‌ر پاداشت و سزایه‌ک هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌مینه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نییه له‌م دۆنه‌دا بێت، ڕه‌نگه بکه‌وێته دۆنی داهاتووه‌وه. ئه‌وه‌ی سزا ده‌درێت یان پاداشت وه‌رده‌گرێت ڕۆحی ئه‌و که‌سه‌یه نه‌ک له‌شی، که ئه‌ندامێکی له‌ش ئازاری پێ ده‌گات ڕۆحی ئه‌و که‌سه‌یه هه‌ست به ئازاره‌که ده‌کات. ڕۆژی زیندووبوونه‌وه به‌و مانایه‌یه که مه‌ولا په‌یدا ده‌بێته‌وه، زوڵم و سته‌م و ناهه‌قی له‌ناو ده‌بات، دادپه‌روه‌ری به‌رقه‌رار ده‌کات، مه‌ولا له شاره‌زوور په‌یدا ده‌بێت.
توێژه ئاینییه‌کان
له ناو کاکه‌ییدا چه‌ند توێژێک هه‌یه، که پێویسته ئه‌م توێژانه به ژن و ژنخوازی تێکه‌ڵی یه‌کتر نه‌بن، چونکه هه‌ر توێژێک ئه‌رکی ئایینی خۆی هه‌یه:
پیر
ده‌لیل
باوه
ئۆمی (مورید)
چاکه و خراپه
یارسانییه‌کان سوێند ناخۆن. هه‌ر سوێند خواردنێک ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که سوێندخۆر جێگای گومان بێت، به‌ڵام به‌پێی ئه‌م ئایینه باوه‌ڕمه‌ندانی نابێت کارێکی وا بکه‌ن که گومانیان لێ بکرێت، چونگه ئه‌مان پێویسته خۆیان له کاری خراپه دوور بگرن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته دڵ و ده‌روونی خۆیان بکه‌نه حاکم به‌سه‌ر خۆیانه‌وه، دڵ و ده‌روون زیاتر به مانای ویژدان دێت، هه‌ر کاتێ تۆ ویژدانی خۆت کرد به حاکم به‌سه‌ر خۆته‌وه ئیدی کاری خراپه ناکه‌یت.
پیر حەسەنی خوراسانی دەفەرموێت:
دەس و دلێ وێت بکه‌ره شه‌ره
هه‌ر کارێ به‌ده‌ن ئانه مه‌که‌ره
(تاهیری، ٢٠٠٩: ١٢٣)
هەروەها شێخ ئەمیر دەفەرموێت:
هەر کەس دەس و دڵ چەنەش یار نییەن
نە دوکانی یار خەوەردار نییەن
(تاهیری، ٢٠٠٩: ١٢٣)
ئافرەت لە کۆمەڵگەی یارساندا
بەپێی فەلسفەی ئەم ئایینە کە بڕوای بە دۆنایدۆن هەیە، پیاو و ژن یەکسانن، لێرەدا ڕوح دەگیریتە بەر چاو نەک ڕەگەز. پیاو بۆی نییە لە هەمان کاتدا لە یەک ژن زیاتری هەبێت. ژن و پیاو لە میراتدا یەکسانن. ژن هەر وەک پیاو لە بۆنە ئایینییەکاندا مۆسیقا دەژەنێت. لە ئەلقەی (هەفت تەن)دا هەمیشە ژنێکی تێدایە. ژنان شیعری ئایینی دەهۆننەوە.
لەو ژنانەی لە ئایینی یارساندا ناوبانگیان هەیە: دایە تەورێزی هەورامی، جەلالە خانمی لوڕستانی(دایکی شاخۆشین)، فاتمە لوڕە، لزا خانمی جاف، خاتوو مەیزەرد، دایە خەزانی سەرکەتی، خاتوو دایراکی ڕەزبار(دایکی سوڵتان سەهاک)، یای حەبیبەی شارەزووری، پیر نازدار خاتوونی شیرازی و چەندین ژنی دیکە.
جەلالە خانم دەفەرموێت:
نە بەرەی شایی،
ئارۆ نیشتە بیم نە بەرەی شایی
مێردان و ژەنان مەشین وە شایی
پەرێ شاخۆشین مەدان گەوایی
(صفی زادە، ١٣٧٠: ٩٤)
هەروەها لزا خانمی جاف دەفەرموێت:
وەفران بی وە ئاو،
وەهار چوون ئاما وەفران بی وە ئاو
گوڵ و وەنەوشە هۆرێزان جە خاو
پەرێ ئارایش دەشت و کۆف و کاو
(صفی زادە، ١٣٧٠: ١٠٥)
مۆسیقا
مۆسیقا یەکێکە لە پایە گرنگەکانی ئەم ئایینە و هیچ مەراسیمێکی ئایینی بەبێ موزیک بەڕێوە ناچێت. ئاڵەتی تەمیرە لای یارسانییەکانی پیرۆزە و بڕوایان وایە لە پێش خوڵقاندنی مرۆڤەوە تەمیرە هەبووەو هەر بە هۆی تەمیرەوە ڕۆح چووەتە ناو تەنی یەکەم دروستکراوەوە.
لەناو یارساندا یەکەمین گرووپی موزیک کە ناوی برابێت گرووپی (نۆسەد نۆسەد)ی (شاخۆشین)ە، هەموویان ژەنیار بوون و خودی شاخۆشین تەمیرەی لێ داوە و ئەوانی تریش ئامێرەکانی تر. لە دەورەی پردێوەریشدا سوڵتان سهاک گرووپی (حەوت سازچی. حەوت ژەنیار و گوتارخوێنی) هەبووە.
لە دەفتەرەکانی یارساندا ناوی زیاتر لە شەست ساز براوە، کە هەموویان سازەکانی کوردستان بوون، گرنگیی موزیک بەگشتی و تەمبوور/تەمیرە بەتایبەتی لای یارسان لە پایەیەکی مەزندایە. لە کڵامی یاریدا هاتووە:
یار دیدەکانی بنیامین سازە
پیرموسی سیم و داود ئاوازە
(هەورامی، ٢٠١٣: ٧٤-٧٥)
دیدی یارسان ده‌رباره‌ی ئایینه‌کانی دیکه
یارسانییه‌کان به چاوی ڕێزه‌وه ته‌ماشای هه‌موو ئایینه‌کانی دیکه ده‌که‌ن و پێیان وایه گشت ئایینه یه‌کتاپه‌رستییه‌کان هه‌مان ئه‌رزشیان هه‌یه و هه‌مووان له‌به‌ر ده‌رگای ئێزدان یه‌ک ده‌گرنه‌وه، ته‌نیا جیاوازییه‌ک ئه‌وه‌یه که ڕێگای جۆراوجۆریان گرتووه‌ته به‌ر و سه‌رچاوه‌ی گشت ئایینه‌کان هه‌ر یه‌که، لە دەفتەری یاریدا هاتووە:
هه‌فتاو دووه دین گشت یه‌ک مه‌قامه‌ن
سه‌رچه‌شمه‌ی گشتش دین بنیامه‌ن
مه‌به‌ست له بنیام (پیر بنیامین)ه، که‌واته سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئایینه‌کان ئایینی یارسانه، ئایینی یارسان به مانای ئایینی خوداپه‌رستان، که‌س نییه باوه‌ڕمه‌ند بێت و بێژێت من خوداپه‌رست نیم، که‌واته هه‌موومان یارسانین، هه‌موومان ئه‌هلی حه‌قین.
دەربارەی ڕێزلێنان لە ئایینەکانی تر، شێخ ئەمیر دەفەرموێت:
ئەگەر ئایین وێت وە خاس مەزانی
وە ئایین کەس بەد نمەوانی
(تاهیری، ٢٠٠٩: ١٢٣)
واتە: ئەگەر ئایینەکەی خۆت بە باش دەزانیت، نابێت قسەی خراپ بە ئایینی کەس بڵێیت. ئەمە ڕێک باس لە ئازادیی باوەڕ دەکات.
سەرچاوەکانی ئەم بەشە:
(1) الهی، نور علي. (١٣٦١) برهان الحق ، چاپ ششم.
(2) کاکەیی، هەردەوێڵ. (٢٠١٢) پەیامی کاکەیی، ئامادەکردن و شیکردنەوە، چاپی یەکەم، کەرکووک.
(3) خواجەالدين، سید محمدعلی. (١٣٦٢) سرسپردگان، تاریخ و شرح عقاید و آداب و رسوم اهل حق (یارسان) کتابفروشی منوچهری.
(4) طاهری، طيب. (٢٠٠٩) تاریخ و فلسفە سەرئەنجام، شرحی بر نحلەهای فکری و اعتقادی در کردستان، فرهنگ یارسان. گردآوری، تحقيق و ویراستە. چاپخانه ڕۆژهەڵات/هەولێر.
(5) بۆره‌که‌یی، صدیق (صفی زاده). (١٣٧٠) مێژووی وێژه‌ی کوردی، جلد اول، چاپخانه: چهر تبریز، إنتشارات ناجی، بانه/کوردستان.
(6) هەورامی، نامیق. (٢٠١٣) هەورامی زمانی ئایینی یارسان، چاپخانەی لەریا، سلێمانی.

