فه‌همی کاکه‌یی
نووسەر، سويد
……………….
شوێنی نیشته‌جێبوونی په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م ئایینه له لوڕستانه‌وه سه‌ری هه‌ڵداوه و له کوردستاندا بڵاوبووته‌وه، بۆیه لوڕستان و کوردستان به کانگا و سه‌رچاوه‌ی ئه‌م ئایینه ده‌ژمێردرێن و ئێستايشی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌م دوو شوێنه مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌کیی په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه‌ن. به‌ڵام به گوێره‌ی هه‌ندێک سه‌رچاوەی ئایینی، یارسان له ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بڵاوبووه‌ته‌وه، هه‌ر له هیندوستان و پاکستان و ئه‌فگانستانه‌وه بیگره تا ده‌گاته ئێران وعێراق تورکیا و ئازه‌بایجان. ئه‌مڕۆکه په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه جگه له ڕۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان، هه‌رچی له ئێرانه له شاره گه‌وره‌کانی شیراز و تاران و ته‌ورێز و هه‌رچی له عێراقیشه له به‌غدا و مووسڵ، هه‌روه‌ها له تورکیايش هه‌ن. له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئو‌ستانی کرماشان و شار و شارۆچکه‌کانی و له باشووریش که‌رکووک و ده‌وروبه‌ری به مه‌ڵبه‌ندی سه‌ره‌کی په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه ده‌ژمێردرێن، به‌ڵام له باکوور له شاره‌کانی ئورفا و هه‌کاری و وان و دێرسم به ناوی دیکه‌وه هه‌ن.
ڕه‌نگه سه‌رژمێرێکی ته‌واوی یارسانییه‌کان به ده‌سته‌وه نه‌بێت، به‌ڵام دکتۆر گوڵموردای مورادی که خۆی کوردێکی یارسانییه پێی وایه که ژماره‌ی په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه ته‌نێ له ئێران 2،5 ملیۆن ده‌بێت و له شوێنانی دیکه‌يش نزیکه‌ی ملیۆنێک هه‌ن (مورادی، ١٩٩٩: ٥١). به هه‌ر حاڵ ده‌توانین بڵێین له باشووری کوردستان ئه‌مڕۆکه خودی شاری که‌رکووک به پایته‌ختی کاکه‌ییه‌کان ده‌ژمێردرێت.
فه‌لسه‌فه‌ی یارسان
فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م ئایینه له‌سه‌ر چوار کۆڵه‌که وه‌ستاوه:
یاری چار چێوه‌ن باوه‌رێ وه جا
پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕ‌دا
(الهی، ١٣٦١: ٢٢)
پیرموسی مەرەمۆ:
یارستان وە ڕا
ڕای حەق ڕاستییەن بڕانان وە ڕا
ڕاستی و پاکی و نیستی و ڕ‌دا
قەدەم وە قەدەم تا وە مەنزڵگا
(تاهیری، ٢٠٠٩: ٣٣٩)
هەمان ئەم کڵامە لای سەفیزادە بە ناوی شاخۆشین بڵاو بووتەوە.
پاکی: لێره‌دا به شێوه‌یه‌کی موتڵه‌ق گوتراوه و مانایه‌کی گشتی ده‌دات و زاهیر و باتن ده‌گرێته‌وه، بۆیه له مانا تایبه‌تییه‌که‌ی دەرباز ده‌بێته سه‌ر پاکی و چاکیی هزر و گوفتار و ڕه‌فتار. ئه‌م بنه‌مایانه سێ کۆڵه‌که‌ی گرنکی فه‌لسه‌فه‌ی ئایینی زه‌رده‌شتین.
ڕاستی: به مانای گرتنه‌به‌ری ڕێگه‌ی ڕاست، خووگرتن به ئاکاری چاک و دوورکه‌وتنه‌وه له خراپه.
نیستی: به مانای نابوودکردنی هه‌وا و هه‌وه‌سی نه‌فسانی، دوورکه‌وتنه‌وه له خۆپه‌رستی و خۆپه‌سه‌ندی، زاڵبوون به‌سه‌ر ئاره‌زووی دونیایی و ته‌سلیمبوون به ئێزدان یان توانه‌وه له ئێزداندا که قۆناخی فه‌نایه له ته‌سه‌وفدا.
ڕ‌دا: به مانای گیانی هاوکاری و فیداکاری به‌رامبه‌ر به مه‌خلووقاتی ئێزدان، با ڕه‌نجی تۆ له پێناوی حه‌سانه‌وه‌ی یاراندا بێت. (الهی، ١٣٦١: ٢٣-٢٤)
کتێبی پیرۆز
کتێبی هه‌ره پیرۆزی یارسانییه‌کان (سه‌ره‌نجام)ه، کە بە هەڵە بە شه‌ش به‌ش یان ده‌فته‌ر دایان ناوە: ده‌وره‌ی هه‌فته‌وانه، بارگه بارگه، گڵێم وه کۆڵ، ده‌وره‌ی چلته‌ن، ده‌وره‌ی عابه‌دین، ورده سه‌ره‌نجام. ئەمە لە حاڵەتێکدا دەورەگەل کڵامی لە سەردەمی پردێوەردا لەمە زیاترە.
سه‌ره‌نجام له سه‌ده‌ی هه‌شته‌م و نۆیه‌می کۆچیدا نووسراوه، واته له ده‌وره‌ی سوڵتان سهاکدا. جگه له سه‌ره‌نجام چه‌ندین کتێبی دیکه هه‌ن که پێش یان پاش ئه‌و سه‌رده‌مه نووسراوه هه‌ر له سه‌ده‌ی دووه‌می کۆچییه‌وه بیگره تا ده‌گاته سه‌ده‌ی سیازده‌هه‌می کۆچی. واته له ده‌وره‌ی بالوولی ماهییه‌وه تا دەگاته کڵامی ده‌روێش قولی که ژماره‌ی ئه‌و کتێبانه 24 ده‌فته‌ره. (صفی زادە، ١٩٨٢: ١٧-١٨) به شێوه‌یه‌کی گشتی به‌و سروودانه ده‌گوترێت کڵام و به‌و که‌سه‌ی که له‌به‌ری کردووه و ده‌یڵێت ده‌گوترێت کڵامخوان. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌و کتێبه پیرۆزانه به زاراوه‌ی گۆران نووسراون.
تەیب تاهیری، لە کتێبی (سرانجام) تەواوی دەقەکان دەکاتە سێ بەشەوە:
1. کڵامەکانی پێش دەرکەوتنی سوڵتان سەهاک، کە بریتین لە: دەورەکانی بەهلوول، شاخۆشین، بابا سەرهەنگ، بابا جەلیل، بابا ناوس، ساجناری، پیر و پیرالی و سەیدەی شەیانی.
2. کڵامەکانی دەورەی (پردێوەری) کە لە کاتی گەیشتنی شێخ عیسا و شێخ مووساوە بۆ بەرزنجە دەست پێ دەکات، کە دەورەی بەرزنجە و دەورەی پردێوەر دەگرێتە خۆی. بەم دوو دەورەیە دەگوترێت دەورەی سوڵتان سەهاک و تەواوی کڵامەکانی ئەم دەورەیە بە (سەرەنجام) ناسراوە.
3. کڵامەکانی پاش سەردەمی پردێوەری، ئەمانە لێکدانەوەی کڵامەکانی سەرەنجامن. (تاهیری، ٢٠٠٧: ١٠-١٢)
شایه‌تمان
یارسانییه‌کان شایه‌تمان ناهێننه‌وه، چونکه ئه‌وان له دایکوباوکێکی یارسانی له دایک بوون و سه‌ریان به‌و ئایینه سپێردراوه، له جیاتیی ئه‌وه ده‌ڵێن:
ئه‌وڵ یار، ئاخر یار، وه دین یار
واته سه‌ره‌تا خودایه، کۆتایی خودایه، باوه‌ڕمان به ئایینی خودایه.
مه‌راسیمی دینی
یارسانییه‌کان هه‌فته‌ی جارێک کۆبوونه‌وه‌ی ئایینی‌یان هەیە، شه‌وانی پێنجشه‌ممه له‌سه‌ر هەینی له شوێنیک به ناوی جه‌مخانه کۆ ده‌بنه‌وه، خودی کۆبوونه‌وه‌که پێی ده‌گوترێت جه‌م، دانیشتووانی جه‌م پێیان ده‌گوترێت جه‌منشین. له‌و کۆبوونه‌وانه‌دا سروودی ئایینی ده‌خوێنرێت و ته‌میره ده‌ژه‌نرێت، هه‌روه‌ها نیاز ده‌کرێت که بریتییه له دابه‌شکردنی میوه و نوقڵ و مێوژ و خورما شتی له‌و بابه‌ته. هه‌روه‌ها مانگی جارێک کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌تر ده‌کرێت، له‌وێدا خواردنیش ده‌خورێت. ئەم جۆرە کۆبوونەوانە جگە لەوەی مەراسیمێکی ئایینییە هەروا کۆمەڵایەتیشە، لەوێ خەڵکەکە بە دڵێکی پاکەوە کۆ دەبنە و ناخی خۆیان لە خڵتەی ژیانی ڕۆژانە و کەماسییەکان وەک خێزانێکی گەورە، پاک دەکەنەوە.
ڕۆژوو
یارسانییه‌کان ساڵی دوو جار و هەر جارێک سێ ڕۆژ به ڕۆژوو ده‌بن و دوای ڕۆژووگرتن یه‌ک ڕۆژ جه‌ژن ده‌گرن. ڕۆژووی یارسانییه‌کان ده‌که‌وێته چله‌ی زستانه‌وه. له لایه‌ن خواردن و خواردنه‌وه و مه‌رجه‌کانی ڕۆژوو هه‌ر وه‌ک ڕۆژووی موسڵمانه‌کان وایه. پێویسته ده‌م و چاو و گوێ و له‌ش و هزری مرۆڤ به ڕۆژوو بێت. شایانی باسە ئەهلی حەقەکانی ڕۆژهەڵات و کاکەییەکانی باشوور لە دوو کاتی جیاوازدا بە ڕۆژوو دەبن، هەندێک هەن هەر دوو جارەکە ڕۆژوو دەگرن.
خوشک و برای یاری
هه‌ر کاکه‌ییه‌ک ئه‌گه‌ر بیه‌وێت خوشک و برایه‌کی یاری بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت، زیاتر ئه‌و که‌سه‌ی که لێوه‌ی نزیکه یانیش خه‌ویان به یه‌که‌وه دیوه. ئه‌م خۆشک و برا یارییه له خوشک و برای دایک وباوکی نزیکترن بۆ یه‌ک و له کاتی پێویستدا یارمه‌تیی یه‌کتر ده‌ده‌ن، ده‌کرێت بگوترێت که مرۆڤ له ژیاندا ده‌که‌وێته سه‌ختی و نه‌دارییه‌وه و پێویستی به یارمه‌تی ده‌بێت، خوشکی برای یاری وه‌ک بیمه یان زه‌مانه‌تێکن بۆ یه‌کتر. مناڵانی خوشک و برای یاری نابێت شوو به یه‌کتر بکه‌ن. خوشک و برای یاری ده‌کرێت له توێژێکی دیکه‌ش بێت.
خوشک و برای یاری بۆ بەهێزبوون و بتەوکردنی ڕیزەکانی یارسان و پاراستنیەتی، هەروا ئەگەر یارسانییەک خوشک و برای دایک وباوکیی خۆی نەبووبێت، ئەمانە جێگەی ئەوانی بۆ دەگرنەوە و ئیتر هەست بە نەبوونی خوشک و برا یان بێکەسی ناکات. (هەردەوێڵ، ٢٠١٢: ٣٥٩)
ڕیش و سمێڵ
کاکه‌یی سمێڵ ده‌هێڵنه‌وه، به‌ڵام ڕیش ناهێڵنه‌وه، جگه له هه‌ندێک پیر و ده‌روێش و سۆفی که ڕیش و سمێڵ ده‌هێڵنه‌وه، من پێم وایه ئه‌مه له سه‌رەتاوه هه‌ر بۆ ئه‌وه بووبێت خۆیان له خه‌ڵکی تر جیا بکه‌نه‌وه، دیسانه‌وه‌ش وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بۆ یه‌کتر ناسینه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایینه‌که نهێنییه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه موسڵمانه‌کان به‌رسمێڵیان کردووه و ڕیشیان هێشتووه‌ته‌وه، دیاره ئه‌مان واته یارسانییه‌کان به مه‌به‌ستی خۆجیاکردنه‌وه به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانیان کردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نێ سمێڵ هێشتنه‌وه نابێته نیشانه‌ی ئه‌وه‌ی که ئه‌و که‌سه سه‌ر به ئایینی یارسانه.
پیر بنیامین مەرەمۆ:
سیوێڵ مۆرشان پەی دین نیشانا
نیشانەی تەوفیر یار چە غەیرانا
تا کە بناسان کاکا و برانا
تا یار چە خاران بودێ جیانا
(هەردەوێڵ، ٢٠١٢: ٤٩٩)
واتە: سـمێڵی مۆر (دەستلێنەدراو) نیشانەی ئایین و خۆجیاکردنەوەیە لە غەیرە، هەروا بۆ ئەوەی باوەڕمەندانی ئەم ئایینە یەکتر بناسنەوە.
سەرچاوەکانی ئەم بەشە:
1. مرای، دکتر گولمراد. (١٩٩٩) نگاهی گوذرا به تاریخ و فلسفه اهل حق، کتابفروشی ارزان، سوئد.
2. الهی، نور علي. (١٣٦١) برهان الحق ، چاپ ششم.
3. طاهری، طيب. (٢٠٠٩) تاریخ و فلسفە سەرئەنجام، شرحی بر نحلەهای فکری و اعتقادی در کردستان، فرهنگ یارسان. گردآوری، تحقيق و ویراستە. چاپخانه ڕۆژهەڵات/هەولێر
4. بۆره‌که‌یی، صدیق (صفی زاده). (١٩٨٢) دوره هفتوانه، جزوی از نامە مینوی سرانجام، کتابخانه طهوری، تهران.
5. طاهری، طيب. (٢٠٠٧) سرانجام آیین یارسان، گردآوری، تحقیق و ویراستە ، چاپخانه آراس، اربيل.
6. کاکەیی، هەردەوێڵ. (٢٠١٢) پەیامی کاکەیی، ئامادەکردن و شیکردنەوە، چاپی یەکەم، کەرکووک.

