عەبدوڵڵا سەڕاج
نووسەر و ڕۆماننووس
سويد
…………………….
بە ئاشتەوایی و هەم بە تەبایی. ئەمە دەستووری کۆڵان و گەڕەك و هەموو شار بوو بگرە دەستووری هەموو کوردستان بوو . ئاخر مەبەستم ٩٠ تا ١٠٠ ساڵی پێشووە خێزانێك گشت پێداویستيیەکانی ژیانیان نەبوو بۆیە لە یەکتریان دەخواست. خێزانانی ئەوتۆيش هەبوون ئەو شتومەکانەیان بۆ خێری مردووانیان دانابوو . با باسێکتان لەو بارەوە بۆ بکەم:
١– دەستاڕ: بۆ هاڕینی ساوەر و قەرەخەرمان، وردەی ساوەرەکە بە بڕوێش ناوی دەبەن و بۆ کفتە هەڵدەگیرێ، وردەی قەرەخەرمانەکەيش بە پیرخەنیلە ناوی دەبەن و بۆ شۆربای بەیانیان.
٢– بێژنگ و سەرەند: هەموو ماڵێك هێڵەکی خۆی هەبوو بەڵام بێژنگ و سەرەند لای چەند خێزانێکی کۆڵانەکە دابین دەکرا. بێژەنگەکە بۆ تەتەڵەکردنی ساوەر و قەرەخەرمان و شتی تر بوو.
٣– بیر: لە یادمە دوو بیر لە دوو ماڵی بەرامبەر یەك هەبوون چونکە هەر ماڵەو جوتێ مانگایان هەبوو لەگەڵ تەنووربان بۆ فرۆشتنی نان لە بازاڕە بچکەی پێش مزگەوتی نائب ئەو ماڵەی پێویستی بە ئاو هەبوایە دوو سێ دۆڵکەی ئاوی لە بیرەکان هەڵدەکێشا.
٤– مەنجەڵی گەورە بۆ ساوەر کوڵاندن و چێشتی شین و شایی و زەماوەند و مەولود. ئەوسا هەموو مەنجەڵی ماڵان لە مس بوو بازاڕی مسگەڕان هەرمێن بوو بەڵام مەنجەڵ و قاپی فافۆنی کارگەکان ئەو پیشەیەی لە ناوبرد.
٥– لۆکس: چەند ماڵێکیش لۆکسیان هەبوو بۆ خێر دەیاندایە ئەو ماڵانەی پرسە یان مەولود یان زەماوەندیان هەبوو، زۆرینە فانۆسیان بەکاردەهێنا، کەمێکیش لالە، وەکوو ماڵی ئێمە کە باوکم لەبەر ڕووناکی لالەکە کتێبی حکایاتی بۆ خەڵکی کۆڵان دەخوێندەوە.
٦– قسناغ ( کەویژ): بۆ پێوانی گەنم و جۆ و دانەوێڵە لە داری پتەو دروست دەکرا. یەك کەویژ و دوو کەویژ و نیوە کەویژشیان هەبوو. نزیکەی ١٦ کیلۆی ئەمڕۆ دەبوو.
٧– تەرازوو: بۆ کێشانی برنج و سەوزە و مێوە ، ئەڵبەتە ئەوسا کێشی حۆققە و باتمان هەبوو. پاشان کیلۆ ئەو کێشانەی لەناوبرد، هەر وەك چۆن مەتریش گەز و یاردەی لەناوبرد ، باتمانێك ٦ حۆققە بوو . نیو حۆققە و ١٠٠ درهەم و ٥٠ درهەم هەبوون.
تێبینی: ئەو کەرەستانەی ناوم بردن لە شوێنانی دیکە ناویان جودایە هەروەها کێشەکان.

