فه‌همی کاکه‌یی
نووسەر، سويد
…………….
بەشی یەکەم
پوختە
یارسان، کە چەند ناوێکی تریشی هەیە وەک: کاکەیی، ئەهلی حەق و تایفە، ئایینێکی کوردییە و پەیڕەوانی زیاتر لە کوردستاندا دەژین، بەڵام لە دەرەوەی کوردستانیش هەن. ئەگەر فەلسەفە سەرەکییەکەی ئەم ئایینە بگرینە بەرچاو کە ئەویش مەسەلەی (دۆنایدۆن)ە، ئەو کاتە باس لە سێیەم ئایینی گەورەی جیهان دەکەین کە باوەڕمەندانی بڕوایان بە (دۆنایدۆن) هەیە. یارسان وەک خۆی کە لە لوڕستان و کوردستان دەرکەوتووە و بڵاو بووەتەوە و گەشەی سەندووە (بەم شێوەیەی ئێستای) لە پاش هاتنی ئایینی ئیسلامەوە کاری بۆ کراوە. ئەم ئایینە لەسەر ئەو باوەڕانەی پێشتر لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا بڵاو بوون سەری هەڵداوەتەوە. کە دەڵێین کاری بۆ کراوە واتە باس لە گەشەکردنی ئەم ئایینە دەکەین لە ماوەی پێنج سەد ساڵدا، ئەویش لە سەدەی دووەمی کۆچییەوە تا سەدەی حەوتەمی کۆچی، کە ئیتر لەسەر دەستی سو‌ڵتان سەهاکی بەرزنجی نۆژەنکراوەتەوە و پایە و بنەما سەرەکییەکانی جێگیر کراون. سەرهەڵدانی ئەم ئایینە لە پاش ئیسلام بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵکی ناوچەکە ڕووبەڕووی باوەڕ و زمان و فەرهەنگێکی نوێ بوونەتەوە کە بە لایانەوە نامۆ بووە، ئەویش زمان و فەرهەنگی عەرەبییە. بۆ پاراستنی زمان و فەرهەنگی خەڵکی ناوچەکە و لەسەرپێهێشتنەوەی باوەڕی خۆیان هاتوون ئەم ئایینەیان بنیات ناوە و زمانەکەیان دەستنیشان کردووە کە ئەویش زمانی کوردی/ زاری گۆران (هەورامی) بووە. تا ئێستایش ئەم ئایینە هەموو مەراسیمەکانی خۆی بەو زمانە جێبەجێ دەکات. هەڵبەتە خەڵکێکی تریش کە زمانیان کوردی نەبووە، وەک فارس و ئازەر کە سەریان بەم ئایینە سپاردووە ئەوانیش هەر بە زمانی کوردی مەراسیمی ئایینی‌یان بەڕێوە بردووە. لایەنێکی تری فەرهەنگ جگە لە زمان مۆسیقای ئایینیی ئەو سەردەمە بووە کە ئەویشیان تا ئەمڕۆ پاراستووە و گەشەیان پێی داوە. دەکرێت بگوترێت ئەم ئایینە گرنگییەکی زۆری بە فەرهەنگی خەڵکی ناوچەکە داوە و بە زیندوویەتی پاراستوویەتی.
پێشەکی
فه‌لسه‌فه و مێژووی ئایینی یارسان وه‌ک زۆربه‌ی ئایینه باتنییه‌کانی دیکه زۆر ته‌م و مژاوییه، له لایه‌که‌وه ئه‌م فه‌لسه‌فه و مێژووه و ته‌واوی نووسراوه‌کانی به نهێنی پارێزراون و ڕێوڕه‌سمه‌کانی به نهێنی ئه‌نجام ده‌درێن و له لایه‌کی دیکه‌وه یارسان ئایینێکی ته‌بشیری نییه، واته به دوای ئه‌ندامانی نوێ‌دا ناگه‌ڕێت، بۆیه پێویستی به‌وه‌يش نییه باسی خۆی بۆ که‌سانی غه‌یره‌دین بکات. ئه‌وه‌ی له دایک و باوکێکی یارسانی له دایک بووبێت دوای به‌ده‌ستبردن(سەرسپاردن) ده‌که‌وێته سه‌ر ڕێبازی ئه‌م ئایینه. له‌به‌ر ئه‌و هۆیانه باوه‌ڕمه‌ندانی ئه‌م ئایینه به خۆیان تا ئەم ساڵانەی دواییش باس و لێکۆلێنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئایینه‌که نه‌کردووه و ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئایینه‌که‌يش نه‌یانتوانیوه لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستیی له‌سه‌ر بکه‌ن. ڕاسته له سه‌ده‌ی پێشوودا چه‌ندین بڵاوکراوه له شێوه‌ی کتێب و لێکۆڵینه‌وه خراونه‌ته به‌ر ده‌ستی خه‌ڵک، به‌ڵام دیسانه‌وه ئه‌و نووسراوانه یه‌کبیر و یه‌کگوفتار نین و وێنه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک لێڵ به خوێنه‌ران ده‌ده‌ن و هه‌ریه‌که و ده‌یه‌وێت به‌پێی بیروبۆچوونی خۆی باس له‌م ئایینه بکات. زۆربه‌ی جاریش به بێ ئه‌وه‌ی په‌نا ببرێته به‌ر ده‌قه ئاینییه‌کان بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی بۆچوونەکان. من هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌م گوتارە سادەیەدا به‌پێی توانا و به پشتبه‌ستن به سرووده ئاینییه‌کان ده‌روازه‌یه‌ک به ڕووی ئه‌م ئایینه‌دا بکه‌مه‌وه بۆ که‌سانێک که خۆم وای بۆ ده‌چم ده‌یانه‌وێت هێڵه گشتییەکان و بنەما سەرەکییەکانی ئەم ئایینه‌که بزانن. بۆیە گوتارەکە بە شێوەیەکی سادە دەبێت و دید و بۆچوونی خه‌ڵکی تر که له‌مه‌وپێش له‌سه‌ر ئه‌م ئایینه نووسراون هێندە ناخەمە به‌ر تیشکی لێکۆڵینه‌وه و له ڕه‌گوڕێشه‌ی لەمێژینه‌ی ئایینه‌که هێندە ناکۆڵمەوە.
ناوەڕۆک
ئایینی یارسان جگه له‌وه‌ی ئایینێکی یه‌کتاپه‌رستییه، وه‌ک لە پێشەکییەکەدا ئاماژەمان پێی دا ته‌بشیری نییه و به نهێنی پارێزراوه، هه‌روه‌ها ده‌توانین بڵێین چ په‌یامبه‌رێکی نییه (بە شێوە زاهیرییەکەی) که له لایه‌ن ئێزدانه‌وه نێردرابێت، هۆی ئه‌مه‌يش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایینی یاری یان یارسان باوه‌ڕی به دۆنایدۆن هه‌یه و مه‌ولا (خودێ) خۆی دێته سه‌ر زه‌وی و ئەو کاتە یارانیشی له‌گه‌ڵدایه. هاتنی مه‌ولا په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه که مرۆڤ خۆی له خۆیدا گیانه‌وه‌رێکی به‌گومانه و بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به شته‌کان بکات پێویستی به به‌ڵگه‌ی بینراو هه‌یه، ته‌ناته‌ت پێویستی به‌وه‌يش هه‌یه جار جار خودا له شێوه‌ی مرۆڤدا خۆی پیشان بدات.
نەبوونی پەیامبەرێک بە ئاشکرا، هەبوونی پەیامبەرێک بە شێوەی (باتنی) ئینکار ناکات. هەردەوێڵ کاکەیی لە کتێبی (پەیامی کاکەیی)دا دەفەرمووێت: لە سەدەی حەوتەمی کۆچی، لە سەردەمی پردێوەر و سو‌ڵتان سەهاکدا بنیامین(پیر بینیامین) بوو بە پایەمبەری و ڕەجاچی هەر هەموو یارسان، ئایینی یارسانیش بە تەواوی بووژایەوە، ئەمەیش چەند کڵامێکە پەیامبەریی (پیر بنیامین)مان بۆ ئیسپات دەکات:
· پیر ئیبراهیمی تەورێزی لە “بارگە بارگە”ی ژمارە (٧٢)دا، دەفەرمێ:
بنیام وە یاران بی وە پێغەمبەر
پەی شفاخوازیی جوملەی نامەوەر
واتە: بنیامین بۆ یاران بوو بە پێغەمبەر و رجاچیی هەموو یارسان.
· داودی دیوان لە (دیوانی بابا یادگار)دا دەفەرمێ:
پیر بنیامینەن وە یار پێغەمبەر
دەریای ڕەحمەتەن پەی گرد نامەوەر
واتە: پیر بنیامین پەیامبەر و دەریایەکی ڕەحمەتە بۆ یارانی نامەوەر(هەڵگری نامە/باوەڕدار). (هەردەوێڵ، ٢٠١٢: ٦٢٠، ٦٢١)
ئه‌ی بۆ ده‌ڵێین ئایینێکی نهێنییه کاتێ که مه‌ولا ده‌بێت خۆی ئاشکرا بکات؟ له ڕاستیدا سو‌ڵتان سهاک که نۆژه‌نکه‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئایینه‌یه به ئاشکرا بانگه‌وازی بۆ ئایینه‌که کردووه، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی وا به‌ر له ئه‌ویش هاتوون، وه‌ک بالوولی دانا، شاخۆشین، بابا ناووس و بابا سه‌رهه‌نک، به‌ڵام له‌به‌ر ڕاونان و ئه‌زیه‌تدانیان، سو‌ڵتان سهاک ناچار بووه بۆ پاراستنی ئایینه‌که و یارانی بیکات به نهێنی، ئه‌مه بۆچوونی منه، چونکه ئه‌گه‌ر هه‌ر له سه‌ره‌تاوه نهێنی بووبێت ئه‌دی ئه‌و خه‌ڵکه چۆن که‌وتنه سه‌ر ئه‌م ڕێبازه؟ به‌ربه‌ره‌کانێی ئه‌م ئایینه له سرووده‌کانی ده‌وره‌ی سو‌ڵتان سهاکدا ڕوون و ئاشکرایه.
عابه‌دینی جاف که یه‌کێک بووه له زاناکانی هه‌ره به‌رزی سه‌ده‌ی هه‌شته‌می کۆچی و له لای مه‌لا ئه‌لیاسی شاره‌زووری فقهی ئیسلامی خوێندووه و پاشان سه‌ری به ئایینی یاری سپاردووه، له‌لایه‌ن خەڵکی دیکه‌وه زۆر ئه‌زیه‌ت دراوه و دژایه‌تی کراوه. عابه‌دینی جاف له یه‌کێک له سرووده‌کانی ده‌فه‌رموێت:
ئێوه هه‌ر چه‌ند داتان لێمان
ئه‌جر و گونا نه‌ما پێمان
کرده‌ی قه‌دیم هاته ڕێمان
وه‌کوو کووره‌ی ناری حه‌دداد
قاڵ بووین به دار قه‌ومی شه‌دداد
ئه‌مجار وه‌خته بێینه فه‌ریاد
وەختە شالیار بێ بە دەسگیر
بچین بۆ لای ئاغەی ئەمیر
ئەم مەخلووقە دەرچی لە ویر
دڵخۆشیمان بدەن لە جەم
بە شادی بێ ئەم کوورەی غەم
زوڵاڵ ببین لە تۆز و تەم
(بۆرەکەیی، ١٣٧٠: ٣٠٣)
ناوی ئایینه‌که
ئه‌م ئایینه و په‌یڕه‌وانی زۆر ناویان لێ نراوه، باوترینیان سێ ناون که لێره‌دا لێیان ده‌کۆڵینه‌وه، ئه‌ویش: کاکه‌یی، ئه‌هلی حه‌ق و یارسان.
کاکه‌یی: هه‌ر وه‌ک دیاره بۆ هه‌موو لایه‌ک ئه‌م ناوه له وشه‌ی (کاکه)ه‌وه سه‌ر‌چاوه ده‌گرێت، کاکه لێره‌دا به مانای براگه‌وره دێت، هه‌رچه‌نده له هه‌ندێ شوێنی کوردستاندا به تایبه‌تی له گه‌رمیان وشه‌ی کاکه له جیاتی (بابه)يش به‌کار ده‌برێت. لەوە دەچێت په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه به وشه‌ی (کاکه) یه‌کتریان بانگ کردبێت له لایه‌که‌وه وه‌ک ڕێزلێنان، واته تۆ کاکه‌ی منیت، یانی براگه‌وره‌ی منیت، له‌لایه‌کی تره‌وه وه‌ک هاوباوه‌ڕ، یان هاوبیر. ڕیشه‌ی ئه‌م وشه‌ی( کاکه)یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ورانی سو‌ڵتان ئیسحاقی به‌رزنجی، که له شارۆچکه‌ی به‌رزنجه‌ی سه‌ر به پارێزگای سلێمانی، له باشووری کوردستان، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی هه‌شته‌می کۆچیدا، هاتووه‌ته دونیاوه. سو‌ڵتان ئیسحاق به نوێکه‌ره‌وه و یاسادانه‌ری ئه‌م ئایینه ده‌ژمێردرێت.
له لایه‌کی دیکه‌وه وشه‌ی (کاکه) یان (کاکه‌یی) له هه‌ندێک له سرووده ئاینییه‌کانی ده‌وره‌ی سو‌ڵتان ئیسحاقدا ناو ده‌برێت. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م بۆچوونه هه‌ندێک له‌و سروودانه وه‌ک نموونه ده‌هێنینه‌وە. شا ئیبراهیم که کوڕی سه‌ید موحه‌ممه‌دی گه‌وره‌سواره، له یه‌کێک له سرووده ئاینییه‌کانیدا که به زاری (گۆران)ه و باسی دۆنایدۆنی خۆی ده‌کات، ده‌فه‌رموێت:
ئيبراهيم نه‌سه‌ر، ئيبراهيم نه‌سه‌ر
به‌قای ده‌ور دين یاریم که‌فت نه‌سه‌ر
ئیبراهیم بیانم فه‌رزه‌ند ئازه‌ر
بتم شکست دا بیم وه پێغه‌مبه‌ر
کاکام یادگار، ئیسماعیل بیانی
سه‌رش بی وه ڕای حه‌ق وه قوربانی
(بۆرەکەیی، ١٣٧٠: ١٧٩)
لێکدانه‌وه: له سه‌ره‌تاوه من ئیبراهیم بووم (مه‌به‌ست ئیبراهیم په‌یامبه‌ر)ە، من بته‌کانم شکاند و بووم به په‌یامبه‌ر، کاکه یادگار له دۆنی ئیسماعیل بوو (مه‌به‌ست ئیسماعیل کوڕی ئیبراهیم)ه که له‌ڕێی (حه‌ق)دا کرایه قوربانی. کاکه یادگار، ناوی سه‌ید (ئه‌حمه‌د)ه و به (باوه یادگار) ناسراوه، یه‌کێکه له گه‌وره‌پیاوانی کاکه‌یی و هاوچه‌رخی سو‌ڵتان بووه، ئه‌ندامی بازنه‌یه‌کی ئاینییه به ناوی (هه‌فته‌ن)، هه‌روه‌ها به‌رپرسی کاروباری عیرفانییه.
عابه‌دینی جاف که له سه‌ده‌ی هه‌شته‌می کۆچی ژیاوه و سرووده‌کانی خۆی به زاری کوردیی ناوەندی/جافی نووسیوه، ده‌فه‌رموێت:
ئه‌ز که وێڵ بووم له جێ و شارم
به‌ڵه‌دمی کرد شای شاسوارم
منی خسته سه‌ر ڕێی ڕاسی
هه‌تا بژیم به بێکاسی
من (عابه‌دین)ی کاکه‌ییم
ئاخر به مه‌رامی خۆم گه‌ییم
(بۆرەکەیی، ١٣٧٠: ٣٠٣)
لە لایەکی ترەوە بۆچوونی مێژوویی دیکەیش هەن دەربارەی کاکەیی، لەوانە: لە کتێبی (آريا القديمة و کوردستان الأبدية) نووسینی (سەلەوات گولیامۆف) باس لە هەبوونی کاکەیی دەکات لە هیندوستانی کۆن و دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەدەی چوارەم و پێنجەمی بەر لە زایین: هیچ ڕۆژێک زاناکان گومانیان لە هەبوونی کوردی کاکەیی یان هۆزی کاکەیی نەبووە، شانبەشانی بەهلەوییەکان و شاکییەکان و یاڤییەکان و داردوويیەکان(هەرێمی داردستان لە باکووری هندوستان) … بە هەر حاڵ هیچ گومانێک لەوە نییە کە کاکەییەکانی مهابرات بە تەواوەتی لەگەڵ کوردی کاکەیی(Kakey) ئەوانەی ئێستا لە ئێران و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ دەژێن لە لایەنی ئەتنیکییەوە یەکن. (گولیامۆف، ٢٠١١: ٥٤٩).
ئەم قسەیەی گولیامۆف کە دەڵێت کاکەیی هۆزن لەگەڵ بۆچوونی هەندێک لە کاکەییەکانی ئەمڕۆ یەک دەگرێتەوە، بەڵام گرنگە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە ئەمڕۆکە ئیدی کاکەیی لە قاوغی هۆز(ئەگەر لە لایەنی مێژووییەوە ڕاستیش بێت) دەرچووە و چەندین هۆز دەگرێتە خۆی، وەک:
جاف، چۆڵمه‌ک، له‌ک، زه‌نگه‌نه، قه‌ره‌سه‌نی و هی دیکه‌یشن، هەڵبەتە ئەمە تەنێ لە باشووری کوردستان. په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه، هەموو ئه‌وانه‌ی له پانتاییه‌کدا ده‌ژین که ئه‌مڕۆ به باشووری کوردستان ناسراوه به‌م ناوه‌وه ناسراون، واته کاکه‌یی. که‌چی هه‌موو په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئایینه، ئه‌وانه‌ی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌ژین، پییان ده‌گوترێت (ئه‌هلی حه‌ق).
ئەهلی حەق: مه‌به‌ست له وشه‌ی حه‌ق لێره‌دا خودایه، یان ئێزدان، یان مه‌ولا، که‌واته ئه‌هلی حه‌ق، به مانای خه‌ڵکی خودا دێت، یان خوداپه‌رستان. وشه‌ی حه‌ق له سرووده ئاینییه‌کاندا زۆر دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام من به خۆم (ئه‌هلی حه‌ق) وه‌ک ده‌سته‌واژه‌یه‌ک به‌رچاوم نه‌کەوتووه. ڕەوانشاد فەلەکەددین کاکەیی ئێژێت: کاکەیی پەیڕەوی ڕێبازی ناسراوی سۆفیگەرییە کە دەڵێت ئینسان بە چوار قۆناغدا تێدەپەڕێت : شەریعەت، تەریقەت، مەعریفەت و حەقیقەت. لە پلەی حەقیقەتدا ڕۆشن دەبێتەوە و لە دەرگای پەروەردگار نزیکتر دەبێتەوە، واتە: خۆی دەناسێ و خوا دەناسێ. لێرەوەیە کە کاکەیی لەگەڵ زۆربەی فیرقە سۆفییەکانی جیهانی ئیسلام یەک دەگرێتەوە. چەندین فیرقە و گرووپی سۆفیگەریی لە جیهانی ئیسلامدا هەن کە هەر یەکە خۆیان بە ئەهلی هەق دەزانن، واتە: هەق لە لای ئەوانە، یان بە هەق گەیشتوون. هەق ناوێکی دیکەی خوایە. (فەلەکەددین، ٢٠١١: ٤).
یارسان: دوو لێکدانەوە هەن بۆ وشەی یارسان:
لێکدانه‌وه‌ی یه‌که‌م : ئه‌م وشه‌یه لێکدراوه له دوو وشه‌ی (یار) و (سان)، وشه‌ی یار به مانای خۆشه‌ویست، دڵبه‌ر، دڵداده، هاوڕێ، هاوبیر و هتد..، وشه‌ی (سان) سووککراوەی وشه‌ی (سو‌ڵتان)ه، مه‌به‌ست له سو‌ڵتان ئیسحاقی به‌رزنجییه که پێشتر ئاماژه‌مان پێی دا، له ناوچه‌ی هه‌ورامان وشه‌ی سو‌ڵتان سووک ده‌کرێته‌وه یان کورت ده‌کرێته‌وه بۆ (سان)، به‌م شێوه‌یه (یارسان) واته یارانی سو‌ڵتان ئیسحاق، ته‌نانه‌ت ئیسحاقیش ده‌کرێت به سهاک، ئه‌م ناوه له سرووده ئاینییه‌کاندا زۆر دووباره ده‌بێته‌وه،
لیکدانه‌وه‌ی دووه‌م : وشه‌ی (یارسان) سووککراوەی وشه‌ی (یارستان)ه، که لێره‌دا پاشگری (ستان) به بۆچوونی من به مانای شوێن یان وڵات نایه‌ت، وه‌ک له وشه‌ی کوردستان و هیندوستان و پاکستان و ئه‌وانی دیکه، به‌ڵکوو به مانای په‌یڕه‌وان یان باوه‌ڕمه‌ندان دێت، مه‌به‌ست له وشه‌ی (یار) خودایه، که‌واته یارستان به مانای خه‌ڵکی خودا، یان خوداپه‌رستان دێت، که له‌گه‌ڵ ئه‌هلی حه‌قدا یه‌ک ده‌گرێته‌وه. بەڵام بیرمەندی مەزن فەلەکەددین کاکەیی، دەڵێت : (یارستان) وەک کوردستان، ئەفگانستان و ئینگلستانە، کە مانای مەڵبەند و نیشتمان دەدات. کەوابێ یارسان(یارستان) واتە : مەڵبەندی یاران. بۆ کورتکردنەوە لە جیاتیی یارسان دەنووسن (یاری). وشەی (یار) دەکەنە سەرچاوە. (فەلەکەددین، ٢٠١١: ٤-٥). هەڵبەتە ئەمە دوو بۆچوونی جیاوازە، بەڵام کە من دەڵێم بە مانای شوێن نایەت چونکە یارسانییەکان لە شوێنێکی جوگرافیایی یەکگرتوودا ناژین، بەڵکوو بە سەر وڵاتان، شاران، شارۆچکە و گونداندا پەرت و بڵاوبوونەتەوە.
من پێم وایە لێکدانه‌وه‌ی دووەم له ڕاستییه‌وه نزیکتر بێت وه‌ک له‌وه‌ی یه‌که‌م، به‌ڵگه‌م ئه‌وه‌یه که ئه‌م ناوی(یارسان)ە، به‌ر له په‌یدابوونی سو‌ڵتان سه‌هاکیش هه‌بووه، به تایبه‌تی له سرووده‌کانی موباره‌ک شای لوڕستانی که به شاخۆشین ناسراوه و نزیکه‌ی سێسه‌د سال به‌ر له سو‌ڵتان سه‌هاک ژیاوه.
شاخۆشینی لوڕستانی (٤٠٦- ٤٦٧ کۆچی) له یه‌کێک له سرووده‌کانی که باس له فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م ئایینه ده‌کات ده‌فه‌رموێت (بۆرەکەیی، ١٣٧٠: ٨٢):
يارسان وه ڕا،
ڕای حه‌ق ڕاستییه‌ن، بڕانان وه ڕا
پاکی و ڕاستی و نیستی و ڕه‌دا
قه‌ده‌م وه قه‌ده‌م، تا وه مه‌نزڵگا
واته: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی یارپه‌رستن، خوداپه‌رستن، ڕێگای حه‌قپه‌رستی ڕێگای ڕاستییه به باوه‌ڕه‌وه بیگرنه به‌ر، که بریتییه له: پاکی، ڕاستی، نیستی و ڕه‌دا. هه‌نگاو به هه‌نگاو دوای بکه‌ون تا ده‌گه‌ن به مه‌نزڵگا. به‌م شێوه‌یه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که کۆنترین ناوێک بۆ ئه‌م ئایینه و ڕاستترینیان (یارسان)ه. ئەمە بە چاوپۆشین لەوەی لە لایەنی مێژووییەوە کاکەیی لە هیندوستان هەبووبن یان نا، لەبەر ئەوەی بۆمان ساخ نەبووەتەوە باوەڕی ئەو کاکەییانە چی بووە.
تێبینی: ده‌روازه‌یه‌ک بۆ ناسینی ئایینی یارسان، گوتارێکی درێژە، هەوڵ دەدەین بە چەند بەشێک لێرەدا بڵاوی بکەینەوە.
سەرچاوەکانی ئەم بەشە:
(1) کاکەیی، هەردەوێڵ. (٢٠١٢) پەیامی کاکەیی، ئامادەکردن و شیکردنەوە، چاپی یەکەم، کەرکووک.
(2) بۆره‌که‌یی، صدیق (صفی زاده). (١٣٧٠) مێژووی وێژه‌ی کوردی، جلد اول، چاپخانه: چهر تبریز، إنتشارات ناجی، بانه/کوردستان.
(3) گولیاموف، صلوات. (٢٠١١) آريا القديمة و کوردستان الأبدية، ترجمها عن الروسية د. اسماعيل حصاف، مطبعة ڕۆژهەڵات/هەولێر.
(4) کاکەیی، فەلەکەدین. (٢٠١١) ئایینی کاکەیی(یارسان)، دەسنووس.

