جوان محەمەد
چیرۆکنووس،سلێمانی
………………………
لەكەناری ڕووبارەکە دوو بۆق بە یەکەوە دەژیان ئەوان هاوڕێی یەکتربوون ، یەکێکیان زۆر دەنگخۆش ئاسوودە و دڵخۆش بوو، هەمیشە ئارەزووی گۆرانی وتنی دەکرد. ئەو ناوەی بەگۆرانی وتن ئاوەدان کردبۆوە. ئەوی دییان هەمیشە دڵتەنگ بوو هەستی بەبێزاری دەکرد، تەنانەت تاقەتی گوێگرتنیشی نەبوو، هەرچەندە بۆقی هاوڕێی گۆرانی بۆدەوت هەتا لەو بێزارییەی ڕزگاری بکات هیچ سوودی نەبوو.
ڕۆژێک وتی : هاوڕێ من دەڕۆم بۆئاهەنگ پێمخۆشە تۆیش لەگەڵ خۆم ببەم هەرچەندە بۆقە دڵتەنگەکە حەزی لەئاهەنگ نەبوو بەڵام دواجار بڕیاری دا کە لەگەڵ هاوڕێیەکەی بڕوات.
چونە نێو ئاهەنگەکە و بۆقە دەنگ خۆشەکە سەرقاڵی گۆرانی وتن بوو، بۆقە دڵتەنگەکە چاوی بەکەمانچەیەکی زۆر جوان کەوت سەرنجی ڕاکێشا ! دەستی برد بۆ ژێیەکانی کەمانچەکە و دەنگێکی خۆشیان لێوە دەهات! چەند جارێک دووبارەی کردەوە هەستی بەئاسوودەیی دەکرد بە دەنگی ژێی کەمانچەکە، بۆیە بڕیاری دا خۆی فێری کەمانچە ژەنین بکات. دوای هەوڵێکی زۆر بووە کەمانچەژەنێکی زۆر بەتوانا بەئاوازە خۆشەکانی خۆی و هەمووانی دڵخۆش دەکرد.

