فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

چەمکی شوێن لە ڕۆمانی ميژووييدا

 

ماجيد نووری قادر

نووسەر، سويد

……………………………

`کەروێشک بۆ ڕزگارکردنی گیانی خۆی ڕادەکات، بەڵام تانجی (سەگی ڕاوچی) بۆ خاوەنەکەی ڕادەکات و ڕاوی بۆ دەکات. ئەم پەندە بۆ کەسێک بەکاردێت کە کارێک بۆ بەرژەوەندیی کەسێکی تر دەکات نەک بۆ خۆی..

بەندە لە نووسین و بە چاپ گەیاندنی دوا بەرهەمم كە ڕۆمانی (گەڕانەوەی ئەوڕەحمانی نفووس)ە، خۆم بە كەروێشكەكە دێتە بەرچاو، لە پێناوی بەجێگەیاندنی ئەركێكی مێژووی خەباتگێڕانەی كوردستان، هاوكات عیشقێكی خۆمە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوو بەسەرهاتەكانی كارەكتەرێكی قارەمان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان كە شەهید بووە و گۆڕغەریبە، ڕۆحی خۆی كردۆتە قوربانی بۆ ئەو ڕێبازەی كوردایەتی.

دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی موكریانی سەرپەرشتی چاپەكەیان لە هەولێر كردووە..

چەمك و ستاتیكای شوێن لە ڕۆمانی مێژووییدا

نووسین و ئامادەكردنی:ماجید نووری

هەر چەند پەرەگرافێكی ڕۆمانەكەی خۆیشم بە نموونە باس دەكەمەوە، بۆ ئەم باسكردنەی یەكێك لە كتێبەكانی خۆم، كەسایەتیەكی گەورەی وەك نالی دێتەوە بیرم كە ناچار بووە هەر خۆی بەرگری لە شێوازو زمان و ناوەڕۆكی شیعرەكانی خۆی بكات

كاتێك دەڵێت؛

((کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە.. هەرکەسێ نادان نەبێ، خۆی تالیبی مەعنا دەکا

واتا شاعیر لەم بەیتەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە وشە و داهێنانی ناو شیعری ئەو، ڕەسەن و قووڵن و تەنها قسەیەکی ڕووت یان لەخۆبۆیاخکراو نییە، بەڵکو هزر و مانای باڵایان تێدایە بۆ کەسانی تێگەیشتوو..

بێگومان من لەو بڕوایەشدام، هیچ خوێندنەوەیەك بۆ هەر بابەت و تێكستێك تەنانەت وتووێژ لە كۆڕێكی ئەدەبیشدا، دواخوێندنەوە نییە چونكە هەموو دەق و وتووێژێك ئەوە هەڵدەگرێت چەندین خوێندنەوەی تری بۆ بكرێت..

لەم بابەتەمدا پشتبەستوو بووم بە كتێبی (جوانكارییەكانی شوێن)ی (گاستۆن باشلار) – بە انگلیزی خوێندمەوە لێرە لە سوید لە بیبلۆتیكی سوندسڤال لۆنەم كرد، ئەو كتێبە بە ڕای من لە بواری ستاتیكادا، بە شۆڕشێكی كۆپەرنیكۆسی دەیبینم، پێش باشلار، پێشتر چەمكی (شوێن) لە ڕۆمان بە تاكڕەهەندی ئامادەیی هەبووە، واتا زیاتر چەمكی سیاسی شوێن زاڵ بووە بەسەر چەمكی شیعریدا، لێرەدا مەبەستم لە باسكردنی شوێن، مامەڵەكردنێكی فەلسەفییانە و ستاتیكیانەیە لەگەڵ چەمكی شوێن دا، زۆرجار لە تێكستی ئەدەبیدا شوێن چەمكێكی نەبینراو و دیوی دووەمی هەیە بۆ نموونە لەم ڕۆمانەدا، لە پەڕەگرافێكی لاپەڕە سەدو چل و دوودا لە زاری پاڵەوانەكەیەوە نووسیومە ((تیشكی خۆر خۆی كرد بە ناو لق و پۆپی درەختەكاندا، پەپولەی ڕەنگین لە سێبەریاندا وێنەی خاڵ خاڵی وردی دەخستە سەر جلوبەرگی خانمەكەم، پشتم تێی كرد و بە كۆڵانەكەدا داگەڕام، لایەكم كردەوە بۆ پەڵە چیمەنێكی بەرین كە لە پێش بینایەكی یەك نهۆمیی بە خشتی سوور ڕازاوەدا بوون، بە توولەڕێیەكی بەردەڕێژدا چوومە بەر قاپی بارەگای خەبات، لە دوورەوە ڕوانیمە قەڵاكەی كە تیشكی خۆری پێش نیوەڕۆی بەسەردا شۆڕ ببۆوە.)).

توخمی شوێنم لەم باسەدا كردووە بە سێ بەش

شوێنی گریمانكراو

ئەمیش دوو بەشە: شوێنی خەیاڵیی گریمانكراو؛ واتا ئەو شوێنەی بە تەنیا لە خەیاڵی نووسەری تێكستەكەدایە، هەندێك لە تایبەتمەندییەكانی لە واقیعەوە وەردەگیرێت، بەڵام بە دیاریكراوی نا.

ئەمەیان لەگەڵ ڕۆمانەكەمدا نایەتەوە، ئەمە بۆ ڕۆمانێك دەگونجێت كە نووسەرەكەی بیەوێت پاڵەوانەكەی لە ئاسمانی سیحر و خەیاڵدا بفڕێنێت، بۆ نموونە لە كتێبی (كۆمار)ی ئەفڵاتون/ یان لە ڕۆمانی (یۆتۆپیا)ی تۆماس مۆر،/ شوێن بە خەیاڵییانە دانراون، نووسەری ئەم كتێبانە شوێنی گریمانكراویان داناوە تا بە هۆیەوە جیهان بگۆڕن.

بەشی دووەم بریتیە لە (شوێنی كۆمەڵایەتی گریمانكراو)ە وەك لە كتێبی( المدینة الفاضلة)ی فارابی بوونی هەیە

بەڵام لەم ڕۆمانەدا بەندە شوێنی بابەتیم بەكارهێناوە، بە پێی بارودۆخە گشتیەكەی ڕووداوەكانی كە قارەمانی ئەم ڕۆمانە تێیدا ژیاوە، بۆ نموونە لەم پەڕەگرافەدا شوێنی داخراوم وەسف كردووە، هەرچەندە ڕووبەرێكی دیاریكراوی تێدایە، بەڵام شتە تایبەتەكان تێیدا تێكەڵی شتە گشتیەكان بوون لەو قۆناغە مێژووییەی شاری كەركووكدا- باسێكی شاری كەركووك- ئەوجا لە سەر زمانی قارەمانی ڕۆمانەكەوە نووسیومە((هەردووكمان چووینە هۆدەی بنەوە، ئاگری چرایەكەم داگیرساند، لەگەڵ تەواوكردنی ئاخافتنەكەمدا تیشكی چرایەكە بەسەر دیواری پێشمانەوە هەڵدەگەڕا و دادەگەڕا، ڕۆشناییەكی دی هاوشێوەی ئاگری كوردایەتیمان بوو، لە ئاوێنەی چاوماندا دایسا.)).

ئەمەیان وەك نموونەیەك بوو بۆ شوێنی داخراو- دەكرێت ماڵێك بێت یان ژوورێك یان پۆلێك، بەڵام بۆ شوێنی كراوە لەم ڕۆمانەدا نموونەی ترم بەكارهێناوە كە تێكەڵە بە باری دەروونی پاڵەوانی ڕۆمانەكەوە، تێكەڵ دەبێتەوە بە باری دەروونی خوێنەریشەوە، دواتر جووڵەی كردارێك لە ڕۆمانەكەدا دەردەخات، وێنەی ئەو شوێنە وەك فۆتۆیەك دەخاتە پێش چاوی خوێنەر بۆ نموونە نووسیومە((دەمەوئێوارەیەكی درەنگ بە بەغدا گەیشتم، خۆم گەیاندە كۆرنیشی شەقامی ئەبونوواس، بە وزەیەكی بریقەدارەوە لەوێ ئەوم بینی، هەمان تیشكی ئاگری چرای ناو ئاوێنەكەی ئەو شەوەی پێشووتر كە لەگەڵ (جەمالی حاجی ئەمین) لە چاوانماندا هێلانەی دانا بوو، لە چاوی ساڵح یووسفی-شدا تریفە و ترووسكەیەكی جاویدانی بە دەوربەرمان دەبەخشی.)).

لە هەندێك چیرۆكدا كە خوێندومنەتەوە (شوێن) ون بووە و تێكەڵ بە (هزر) بووە، نموونەی بەكارهێنراوو بەرجەستەكراوی ئەم جۆرەش ڕۆمانی (دایك) ی ماكسیم گۆركێ یە، یان ڕۆمانێكی بە ناوبانگ بە ناوی (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست)ی عەبدولڕەحمان مونیف ە، ئەمەش نموونەی شوێنێكە كە لە ڕۆمانەكەم دا شوێن تێكەڵ بە هزر دەبێت.((هەر بە پێوە وەستا بووم، هەمووشیان چاویان لە دەمی من بوو، كاتێك بارزانی دەستێكی بۆ كورسییەكی تەنیشتەخۆی درێژكرد و دەستەكەی تری بە شانمدا دا و بە خەندەیەكەوە گوتی: فەرموو لەسەر ئەو كورسییە دابنیشە، بزانم لەسەرژمێرییەكەدا چی ڕوویداوە..)) لە درێژەیدا نووسیومە؛

((منیش دانیشتنم لەسەر كورسییەك پێ خۆش بوو، كە دەیكردمە كەسێكی هەقبێژی وا بە خۆم بچم، من ئەزموونی خوێندنەوەم لەگەڵ بەرهەمێكی دانسقەی وەك فردریك نیچەدا هەیە بە ناوی ئەمەیە مرۆڤ، لەبەر ئەوە بە باشی دەمزانی چۆن چۆنی مرۆڤ دەبێتەوە بە خۆی.))

بزانین شوێنی تاك ڕەهەند لە ڕۆماندا واتای چییە: واتا شوێنێكی گشتییە لە كاری ئەدەبیدا، ناسنامەی تایبەت بە خۆی هەیە، ناسنامەی چینایەتی یان كۆمەڵایەتی بە دەست نەهێناوە و ڕەهەندێكی پلاستیكی هەیە، بۆ نموونە ماڵ یان شەقام ئەمانە گشتین، بەشێكن لە بینای كارە ئەدەبیەكە، ئیتر چ شوێنەكە لەسەر زەمین بوونی هەبێت یان لە خەیاڵی نووسەرەكەدا دروست كرا بێت، واتە سێ ڕەهەندی نییە، چونكە وەك دەزانن شوێن سێ ڕەهەندی (درێژی و پانی و بەرزی) هەیە، پاشان بە پێی بیردۆزی ڕێژەگەری ئەنیشتاین، ڕەهەندی چوارەمیشی بۆ دادەنرێت، كە زەمەنی شوێنە

لە ڕۆمانەكەمدا/ كە باسی ماڵی (موستەفا باخەوانم) لە كەركووك كردووە/ وەك شوێنێكی ئاسایی دامنەناوە/ بەڵكو هەوڵم داوە لە تاك ڕەهەندێتی دووری بخەمەوە، چونكە لەو شوێنە بەسەرهاتێك تێیدا ڕوویداوە، هەر لەسەر زاری قارەمانی ڕۆمانەكەوە نووسیومە؛

(كاتێك من و قەدریەی هاوسەرم و پاكیزەی كیژم/ شایی لە دڵماندا دەگەڕا، گەیشتینە ناو داڵان و حەوشەی ماڵی كاكە موستەفا، لەوێدا وەك ئەوەی بۆ ناسیارێك بگەڕێین چاومان بە ناو عەشاماتی بانگهێشتكاراندا دەگێڕا، لە ناو تیپی مۆزیكژەنانەوە حەسەن زیرەك و شەوكەت ڕەشید دەركەوتن، بەرزەپێ لە جێی خۆیان هەستان و لێمان نزیك كەوتنەوە.)

بە داخەوە ڕەگەزی شوێن و كەم ئامادەیی شوێن لە لایەن ڕۆمانووسانی كوردەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەری بایەخ نەدانی ڕەخنەی كوردی بەم لایەنە، شوێنەكان لە شوێنی جیۆگرافیایی تێنەپەڕیون، لە مانا فەلسەفیەكەی خاڵی كراونەتەوە، جوگرافیای سیاسی شوێن زاڵ بووە بەسەر جوگرافیای شیعری شوێندا.

بیرمەندێكی گەورەی وەك (جەلالەدینی ڕۆمی) لە ساڵی 1273 ز لە تێكستی (سروودی نەی) بە (زمانی نەی قامیش و شمشاڵەوە وتراوە) باس لە سەرەتای قامیشەڵان و بڕینەوەی و كرانی بە شمشاڵ دەكات، ئەو خەمەی خۆیمان بەرەو ڕوومان دەكاتەوە كە لە ئەنجامی ئەم دووركەوتنەوەیە لە قامیشەڵانەوە تووشی بووە وهەستی پێی كردووە.

ئەوەتا منیش لەم پەڕەگرافەی ڕۆمانەكەمدا لە زاری براكەی ئەوڕەحمانەوە كە ناوی قارەمانە ئاوا وەسفی ئەو زێدە دەكات كە بە منداڵی خۆی و براكانی گەمەیان تێدا كردووە و بە حەسرەتی ئەو ساتەوەختە شیرینانەوە دەیەوێت شوێنێك وەبیری ئەوڕەحمانی برای بهێنێتەوە دەڵێت:((ئارامگای شێخمحێدینی وەیادخستمەوە، ڕووی تێكردم و گوتی- بیرت دێ لەوێ ساوێنێك هەبوو، جووتێك كوپە ئاوی لێ بوو، كوپەكان گوشیان پێوە ئاڵێنرابوون، هەردەم ئاوەكەی ساوێن سارد بوو- منیش بە پێكەنینەوە گوتم؛ ئەو كوپانەی قەوزەیان گرتبوو!))

ئەگەر شوێنی مرۆڤ بگۆڕدرێت ئەوا سروشت و باری دەروونیشی دەگۆڕێت

ئەم پەرەگرافەم لە ڕۆمانی (براكوژی) نیكۆس كازانتزاكی وەرگرتووە، كاتێك باس لە ماڵوێرانی و جیابوونەوە و ئاوارەیی دەكات و دەڵێت؛

(چەند لەسەر دڵ گرانە، كاتێك لەو خاكەی هۆگری بوویت و خووت پێوە گرتووە، دوور دەكەویتەوە) من لەم ڕۆمانەدا

دوورخستنەوەی شێخ مەحموودی حەفید بەرەو هیندستان یان دەربەدەربوونی بەهەشتی بارزانی لە سۆڤییەت كە لەم ڕۆمانەدا باسم كردونەتەوە، پانتاییەكی فراوانترم لە بوونە جیوگرافیەكەیان خستونەتەڕوو، بە واتای دوور كەوتنەوەی ئەم كەسایەتیە مێژووییانە لە زێدی خۆیان، مانایەكی فەلسەفییان بە باڵادا بڕاوە بۆ نموونە لە پەرەگرافێكدا نووسیوومە:(( لە وێنەیەكی دیكەی ناو جانتا پڵنگیەكەی بێڵ-دا دیمەنی دڵهەژێنی شێخم بینی، لە تەنیایی و بێدەنگییەكی تەواودا بوو، كزو مەلوولانە دانیشێنرابوو، ڕووخساری لە سیمای پیاوێك دەچوو بیەوێت بە ناو ڕووبارێك لە ئاگردا بپەڕێتەوە، كاتێك لە جلوبەرگیم دەڕوانی بۆنی شێدارانەی ئەو خۆڵە؛ مەستی كردم، كە لە كاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمدا خۆی و یاوەرانی بەسەریدا گوزەریان كردووە، لەو وێنەیەدا حەزم دەكرد نیگام دانەبڕم بۆ ئەوەی دیمەنی خاكێكی پڕ بەرەكەت بە هەموو بیناییمدا تێپەڕێت.)

ئەم ڕۆمانە بە ناوی (گەڕانەوەی ئەوڕەحمانی نفووس)ە بە كورتییەكەی گەڕانەوەی شەهیدێكە بەرەو شوێنێك كە شاری كەركووكە، بە هۆی گەڕانەوەی ئەم شەهیدەوە توانیومە، باسی خاك و زمان وهەندێك لە دابونەریتی ئەو شوێنەیش بكەمەوە،كە بەشی زۆری ژیانی قارەمانی ڕۆمانەكە لەو شارەدا بووە و پێوەند بووە پێوەی، ئەوڕەحمان پێوەند بووە بە كێشەی سیاسی شوێنەكەشەوە،نەك تەنیا پێوەندی سۆزئامێز و جیوگرافیاكەی، واتا شوێن لەم ڕۆمانەدا پانتاییەكی فراوانتری لە بوونە جیۆگرافیاكەی پێدراوە..

ئەوەمان لەبیرنەچێت هەمیشە ڕەگەزی كات (لە میانەی گێڕانەوە) دەست پێدەكات، بەڵام ڕەگەزی شوێن (لە میانەی وەسف كردنەوە) دەست پێدەكات، وەسفی شوێن، بەشێكی دانەبڕاوە لە زۆربەی پەڕەگرافەكانی ئەم ڕۆمانەدا، جارێكیان (گۆستاف فلوبێر) لە بۆچوونێكیدا بۆ ڕۆمانە بەناوبانگەكەی (مادام بۆڤاری)گەورە ڕۆمانووسی جیهانی – بەلزاك- وتویەتی(بڕوام وایە ئەگەر بە بەردەوامی لە ئاسمان بڕوانین ئەوە لە كۆتاییدا جووتێك باڵمان لێ دەڕوێت.)

هاوواتای ئەم وەسفە كلاسیكیەی شوێن، من لە پەڕەگرافێكی ڕۆمانەكەدا نووسیومە

(لە قەرەداغەوە وەك ئاورینگێك ڕژاومەتە دنیاوە، دەستە سپییەكانی مامانێك ناوكی بڕیوم، كە سەری پەنجەكانی بۆنی فرمێسكی ئەستێرەكانی قۆپی هەڵگرتبوو، یەكەمین دیمەنێك بۆ یەكەمین جار منداڵێتی هێنابێتە بەردیدەنیم، مۆڵەتی ژیانی پڕ لە شانازی پێدام، دیمەنی هاتنەخوارەوەی تنۆك بە تنۆكی ئاوی ژێر ئەو مەركانەیە بووە كە لەگەڵ خۆیدا تیشكی زەردەپەڕی دەمكەلیان پرژاندۆتە ناو سۆمای چاوانمەوە.)

ئەم پەرەگرافەی خوێندمەوە لە خزمەتی ڕاستەوخۆی بینای ڕۆمانەكەدایە،وەسفی شوێن بە ڕاستەوخۆ لە خزمەتی بەرەو پێشچوونی ڕووداوەكاندایە..

لێرەشدا قارەمانی ڕۆمانەكە كە خاوەن ماڵە لە وەسفی ماڵەكەیدا جۆرێك لە تۆلێرانس تێكەڵ دەكات، كاتێك هاوكاری دوو توركمانەكەی دراوسێیان دەكات و دەڵێ؛

((هەردووكیان لە پشت پنچكێكی كەلاوەیەك خۆیان هەڵتروشكاندبوو، كاتێك ئەوانم لە گۆشەیەكی لای ماڵەوەمان بینی، قاپی حەوشەم لێكردنەوە، هاوارم لێكردن بێنە ماڵمان، هەتا بە دەستی سەربازەكانی ئەو تیپە سەربازییە عیراقیەوە نەكوژرێن.))

بێگومان (شوێن و كات) پێوەندییەكی لە پسان نەهاتوویان پێكەوە هەیە، شوێن لە ڕۆماندا بە بێ ڕووداو بوونی نییە، وە بە بێ كەسایەتیش هەر بوونی نییە، وەك نموونەی ئەم پەڕەگرافەی ناو ڕۆمانەكە

(هەڵۆ سپییە سەروەرەكە دەداتە شەقەی باڵ و لە بڵندایدا تیشكێكی زێڕین دەڕژێتە سەر گەردن و پشتەملی، ئەویش لەگەڵ مندا وەك زایەڵە و ترپەیەكی ڕاگوزەر گەڕاوەتەوە هەتا بە دیداری كەركووك شادبێتەوە، لاقەكانم بۆ گەڕابوونەوە و بەرەو شەقامەكانی شار هەڵیاندەگرتم.)

ئێستا لە وڵاتێكی وشك و بێ باران و بیاباناویدا، زەحمەتە ڕۆماننووس بتوانێت وەسفی باران بكات لەو شوێنەیدا، یان، جێی سەرسوڕمان نابێت ئەگەر لە وڵاتێكی بێ ڕووباردا باسی بەلەم لە ئارادا نەبێت، لە شوێنێكی شاخاوی و سەختەندا لە جیاتی باسكردنی ئۆتۆمبێل/ ڕۆماننووس بە ناچاری باسی هێستر دەكات، كەواتە بە گۆڕانی شوێن/ وەسفەكان و بیركردنەوە و جلوبەرگ وشتەكانیش دەگۆڕدرێن/ لە پەرەگرافێكی تردا نووسیومە(( لە ناو ئەو گەنگەشەیەدا لە پەنجەرەكەوە دەبینم وا پەڕەسێلكەكان كەوتبوونە فڕكە فڕك و چۆلەكەكانیش پۆل پۆل دادەوەرینە سەر تێلەكانی ئەلەكتریك و خەیاڵی منیش بەسەر سەربانی بینای پارێزگای كەركوكەوە خولی دەخوارد.)).

لەم ڕۆمانەدا من بە زاری ئەوڕەحمانی نفووسەوە بەسەرهاتەكان دەگێڕمەوە، لەبەر ئەوە وەسفی ئەو شوێنانەی زەمەنێكی ڕابردوو، پێویستی زۆریان بە خوێندنەوەی مێژووی ئەو شارە هەبوو، دیتنی وێنە ڕەش و سپییەكانی جاران سوودیان هەبوو، هەروەها ئەو كەسایەتیانەی لەو سەردەمەدا ژیابوون و هێشتا هەناسە دەدەن، لە ڕۆمانی مێژوویدا شوێنی جیوگرافیایی ئاسانتر دەێنە وەسف كردن وەك لە شوێنی نیمچە جیۆگرافیایی( مەبەست لە نیمچە جیۆگرافیایی بۆ نموونە خەون بینینی كارەكتەرەكانی ئەوێ سەردەم) تا ڕادەیەك توانیومە پانتاییە مەرجەعیەكانی كەركووك بەسەر بكەمەوە بۆ نموونە لەم پەرەگرافانەدا دەڵێم((سێبەرەكەم لە پێش خۆمەوە دەكشێت، تێكەڵاوی سێبەری لق و پۆپی درەختەكانی ئیمام قاسم و بەرتەكیە دەبێت..))

یان ئەمەیان جۆرێكە لە پانتایی خەیاڵكردن و خەون

((ئاراسی كوڕم لە خەونەكانی من دوورتر و بەرزتر دەفڕی، بەدوای ئاسمانێكەوە بوو نوچدانی تێدا نەبێت، حەزی دەكرد باڵندەكان پەلی بگرن، تێكەڵاوی جیهانێكی بكەن كە خەڵكەكەی دوور بن لە جەنگ و ماڵوێرانی.))

گوتاری ڕۆمان هەوڵدانە بۆ تەفسیرکردنەوەی واقیع و خستنەڕووی ڕابردوو و ئیستا و داهاتووە، هاوکات وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئەزموونی تاک بەرجەستە دەکات.

كاتێك بیرۆكەی نووسینەوەی ڕۆمانی مێژوویی بە مێشكمدا هات، ئەو وتەزایەی ڕەسوول هەمزاتۆڤ هەردەم لە زەینمدا ماخۆلانی بوو كە دەڵێت (ئەوەی گوللە بە ڕابردووە دەنێت داهاتوو تۆپی بە خۆیەوە دەنێت) لەبەر ئەوەی مرۆڤ وەك بەراز نییە كە نەتوانێت ئاوڕ بۆ ڕابردوو نەداتەوە، بەڵام بە پێی تیۆری زۆربەی زانایانی سایكۆلۆجیش كاتێك مرۆڤ ئاوڕ بۆ ڕابردوو دەداتەوە سێ بەشی ئەو چركەساتانەی كە دێتەوە پێش دیدەی بریتیە لە ساتە پڕ لە خەم و ئازارەكانی پێشان، ئینجا لەبەر ئەوەی ئەو مێژووەی لەم ڕۆمانەمدا ئاوڕم لێ داوەتەوە مێژووی ساڵانێكە كە بە هۆی هەلومەرجی بەرژەوەندی نێودەوڵەتی وڵاتانێكی زلهێزی دنیا و وڵاتانی ناوچەكەشەوە شاری كەركووك لە كوردستان حەرام دەكرا و خەڵكی كورد بە تایبەتی لەو شارەدا كە بە شارێكی پڕ لە كۆمپانیای نەوتی بەریتانی ناسراوە، خەڵكی كورد دوچاری ڕاگواستنی بەردەوام و بە عەرەباندنێكی زۆر بۆتەوە، لەبەر ئەوە لە ڕووی سیاقی مێژووەوە ئەو ڕابردووە لەو شوێنەدا تا ڕادەیەك لێكترێزێنراوە، لە ئێستادا بۆ ئێمە، بۆیە پێویست دەكات لە ڕێی ئەدەب و هونەر و كولتوورەوە بە ئێستاو داهاتووی چارەنووسی خاك و نیشتمان و نەتەوەی كوردی گرێ بدەینەوە، یادەوەری ئەو شارە و ناوی شوێنە دێرینەكانی و زمان و ژیانی قارەمانەكانی بگێڕینەوە

ولیام سارۆیانی ئەرمەنی و چیرۆكی دوو ئەرمەنیەكەی لەسەر گندۆرە شەڕیانە لە ئەمەریكاـ خۆشەویستی شوێن كە ئەرمینیایە،كاڵەكەكانیان لە بۆنەیەكدا پێ دابەش دەكات

ئەوەی کتوپڕ دەربارەی شوێن راماندەگرێ هەستوسۆزە، تۆ تا چەندێک پەیوەستیت بە شوێنەوە هەیە و پێوەندییەکانت پێوەی زیندوون، هەستکردن بەشوێن کارێکی سادە و ئاسان نییە و پێویستی بە وانە و راهاتن هەیە، تا رێگەیێک بۆ هەستکردن بە شوێن دەدۆزینەوە، دەیان رێگەی دی ئەو هەستەمان لا دەکوژن، زۆرێک هەن لە دایکدەبن و دەژین و دەمرن و هێشتا هەستیان بە جوانی و ناشرینی و گرفتەکانی ئەو شوێنە نەکردووە کە لێیدەژین..

لێرەوە هەست بەوە دەکەین ئەو درۆیەی بۆمان هەڵدەبەسترێ دەربارەی مرۆڤی جیهانی، بێ لە تەفرەیێک شتێکی دی نییە، هەر مرۆڤێک ئەو زەمینەیە لەگەڵ خۆی دەباتە ناو قەبرەوە کە بۆ یەکەمینجار چاوەکانی لەسەر پشکوتوون و هیچ شوێنێکی دی ئەو جێگەیەی بۆ ناگرێتەوە..

ئەمڕۆ لێرە و لەوێ بەسەر ئەو هەقیقەتەدا دەکەوین، کە شارێکی وەک نیوێۆرک وێنای لە چەندین شاری دیدا دەبینینەوە، بە جۆرێک کە نیوێۆرکی هەقیقی بۆ خۆی وونبووە، هەموو مرۆڤەکانی جیهان بەدووی ئەوەوەن شارەکانی خۆیان بکەن بە نیوێۆرک، بەڵام هیچ شارێک چەندە لە نیوێۆرکیش بچێ هێشتا ئەو زەمینە هەقیقییە نییە کە لە پێشدا بووە، شارێکی گۆڕدراو لە رەگوڕیشە و سروشتی هەقیقی خۆی کتومت وێنای مرۆڤێکی هەڵگەڕاوەیە لە زەمینەی خۆی.

دەبێ شتێكی باڵاتر هەبێت لەسەرو ژیانی ئاسایی و ڕۆژانەییەوە خەڵكی ببەستێتەوە بە یەكەوە، بیری نەتەوەیی هەموو مرۆڤەكانی نیشتمانێك لە شوێنێكدا بە جیاوازی چین و دین و ئیدیۆلۆژیاوە بە یەكەوە دەبەستێتەوە، دین ناتوانێت هەموو خەڵكی كورد پێكەوە ببەستێتەوە، چونكە كۆمەڵگەكە فرە دینییە، بەڵام فەلسەفەو ئەدەب و هونەر دەتوانن ئەو ئەركە جێبەجێ بكەن لە ئەدەبیشدا پێش هەموو ژانرەكانی تر ڕۆمان..

مرۆڤبوونی ئێمە لە كوردبوونەكەماندایە لەو شوێنەی كە تێیدا ماوینەتەوە، نەك لە ئاینی ئیسلامێتی و كۆمەنیستیدا، كورد كە لە ئیسلامیشدا باڵادەست بوو بێت بە نموونەی سەڵاحەدینی ئەیوبی، سەڵاحەدین كوردبوونەكەی وای لێ كردووە تۆلێرانس بێت و كچان نەكاتە سەبیە، من ڕام وایە بادینی و بە تایبەتیش شوێنی بارزان بۆ دەسەڵات، شوێنی هەورامییەكان بۆ بیركردنەوە، شوێنی سۆرانییەكانیش بە تایبەت سولەیمانی بۆ گاڵتەو گەپ و نوكتەو جنێوەو شوێنەكەی ئەوەی لێ دەوەشێتەوە.

دەقی ئەدەبی، کە توانای تێکشکاندنی یاسا و پێوەرەکانی هەیە، لە گەردوونی ئاسایی فرەوانترە، ڕۆمانی مێژوویی پێویستە بەرینایی گێڕانەوەكەی لە ڕووداوەكان قووڵتر بێت، ئەگەر گەردوون بەپێی یاسا تایبەتەکانی بە ڕێوە دەچێت، ئەوە ئەدەب توانای هەیە زیاتر لە یاسایەک بۆ ئەوانە دابنێت، ئەدەب پێی دەکرێت لە شوێنی خۆیەوە خۆر، زەوی، مانگ و ئەستێرە بە هەموو لایەکدا بجووڵێنێت، باران، بەفر، تەرزە و کڕێوە بە شێوازی جۆراوجۆر ببارێنێت. لە بەستەڵەکدا ئاسن بتوێنێتەوە و لەناو کوورەی ئاگردا بێژمار پەپوولە بخاتە باڵەفڕەوە.

عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ پێی وایە دەستکاری ڕووداوی مێژوویی كارێكی ناپەسەندە، بۆ پاراستنی ئەمانەتی مێژوویی، هەرچەند دەتوانیت دەستکاری شتە مێژووییەکان بکەیت، بەڵام شوێن و ساڵ و کەسایەتییە مێژووییەکان گرنگە بپارێزرێن، بەڵام بۆچوونگەلێکمان دژی ئەمە هەیە، کە ناوی کەسایەتییەکان و هەڵبژاردنی کەسێتییەکان ئازادیی ڕۆماننووسە، چونکە ڕۆماننووس مێژوونووس نییە، جیاوازییەکانی ڕۆماننووس و مێژوونووس فرەن، لەوانە ڕۆماننووس بە خەیاڵ و شێواز و تەکنیکی خۆی ڕووداوە مێژووییەکان بەرجەستە دەکات و کاریگەری لەسەر هەست و سۆزی خوێنەر جێ دەهێڵێت.

مێژوونووس پابەندە بە گەیاندنی ڕاستی ڕووداوەکان وەک ئەوەی ڕوویانداوە، وەلێ بۆ ئەدیب چۆنێتی ڕوودانی و چۆن ڕووبدەن و ڕوویان بدایە گرنگە، لەبەر ئەوەی ئەدەب بایەخ بە خەیاڵی هونەری دەدات، ئەمەش لە لایەن ئەرستۆوە خراوەتە ڕوو، ڕۆماننووسی مێژوویی دەبێت باش ئاگاداری ڕووداوەکان و مێژووی ئەو ماوەیە بێت کە ڕۆمانەکەی لەبارەوە دەنووسێت، تا نەکەوێتە هەڵەی مێژوویی زەقەوە، چونکە ڕۆماننووس لەم کاتەدا ڕۆڵی شایەد و حاکمیش لە شانۆی ڕووداوەکاندا دەبینێت، لەبەرئەوە ناکرێت ڕۆماننووسی مێژوویی باسی سەدەیەک پێشتر بە زمانی ئەم سەردەمە بکات، یاخود ڕووداوگەلێک باس بکات ڕوویان نەدابێ، شوێنێک نیشان بدات نەیبینبێت. شێرزاد حەسەن پێی وایە مێژوو پڕە لە درۆ، درۆیەک ئەدیب قەت نایکات، گەڕانی ئەدەب گەڕانە بەنێو ڕۆحی ژیان و نهێنییەکان کە مێژوو قەت ناینووسێتەوە، “ئەدەب و مێژوو لەناو خۆیاندا جێی هەموو شتەکان دەکەنەوە، بەڵام ئەدەب دەگاتە ئەو چینانەی ژیان کە مەحاڵە لە ڕێی زمانی مێژووەوە پێی بگەین”. ئەدەب ئەو زام و گریان و ئازارە دەنووسێتەوە کە مێژوو نایبیستێت، ئەو ساتانە دەنووسێتەوە کە مێژوو نایبینێت، توێژەر پێی وایە دەبێت مێژوونووس و ڕۆماننووس بێلایەن بن و خاوەن تێڕوانینی بابەتی بن لە ئاست تۆمارکردنی ڕووداوە مێژووییەکان.