شەرمین ڕەشید
مامۆستا و پسپۆری بواری سایکۆلۆژی،
دانمارک
……………………………………
گەشەکردنی هزری وجەستەیی مرۆڤ لە ژێر کاریگەری هەریەک لە ژینگە، کات، دەرفەت، چالاکی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ مرۆڤەکانی ديکەدایە.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم باسکردنی ئەو مرۆڤانەیە کە خاوەن نمرەی ژیریی و ئایکیوی بەرزن – ئایکیو- Intelligence Quotient ، بەتایبەت منداڵ و گەنج.
چۆن بزانین داخۆ ژیانکرن بە بەهرەی بەرزەوە چۆنە و چۆن لێیان تێبگەین و پێداویستییە تایبەتەکانیان بناسین.
بەهرەی بەرز دەتوانێت هەم دیارییەك بێت بۆ مرۆڤ، و بە داخەوە هەم ببێتە هۆی هەندێک ئاستەنگ و کێشە – تەنانەت دەتوانێت ببێتە دەردێکی رەگاژوويش بۆ خاوەنەکەی. سەرەتا با لەوەوە دەستپێ بکەین کە بەهرەی بەرز چییە؟
هەندێک منداڵ و گەنج بە خێرایی و بەشێوازێکی تایبەت فێر دەبن، لەمەيش نەشئەی خۆشی و سەرکەوتن دەبینن. زۆر پرسیار دەکەن، بیرکردنەوەی قووڵ و ناباویان هەیە ، زوو درک بە پەیوەندیی نێوان بابەتە ئاڵۆزەکان دەکەن و لێیان تێدەگەن، کە لەوانەیە منداڵی ئاسایی بەسەریدا تێپەڕێت و بیری بۆیان نەچێت.
ئەمانە زمانیێکی پاراویان هەیە و توانای فێربوونی زمانی تریان زۆرە. زۆر جار بەوە دەناسرینەوە کە وەڵامی پرسیاری باو بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو و تێروتەسەل و وردەکارییەوە دەدەنەوە. ئەوەی کە زۆرینە بە خەیاڵیشیدا نایەت بیری لێبکاتەوە.
لەم سەرووبەندەی ئێستادا ئەم منداڵانە لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا هەر بە زوویی لە رێگەی تاقیکردنەوە و خشتەی هەڵبژاردن و چاودێریکردنەوە، لە هاوتەمەنەکانیان جیا دەکرێنەوە. سەرەتا بە پشتبەستن بە پێوەرە ستانداردەکانی نمرەی ژییری-ئایکیو. تاقیکردنەوەی ژییریان بۆ دەکرێت، و بە گوێرەی چەماوەی پێوەرەکە لە پلەی ١٣٠ کەمتر نابن – مەودای ئاسایی بریتییە لە نێوان ٨٥ بۆ ١١٥، کەسانی خاوەن بەهرەی بەرز تەنیا دوو دەر سەد پێکدەهێنن لە نێو هاوتەمەنەکانیان. زۆر جار تاقیکردنەوە لەسەر خوشك و براکانیشیان دەکرێت چونکە ئەگەری زۆری هەیە ئەوانیش هاوشێوەی ئەمان بەهرەبەرز بن و درکیان پێ نەکرا بێت.
پێوانەکردنی نمرەی ژیریی – ئایکیو- Intelligence Quotient (مُعَامِل الذَّكَاء، حَاصِل الذَّكَاء)
تاقیکردنەوەی ویسك- WISC بۆ منداڵان
ئاینشتاین پێوانەی نمرەی ژیری بۆ نەکرابوو، بەڵام زۆرینەی پسپۆرانی بوارەکە مەزەندەی ئەوە دەکەن کە ئایکیوی لە دەوروبەری ١٦٠ دا بووە. وەلێ لەو سەرووتریش هەن، لەوانە ولیام جەیمز سیدیسی ئەمەریکی، کە ئایکیوەکەی لە نێوان ٢٥٠/٣٠٠ مەزەندە دەکرێت. ئەم بلیمەتە ٥٥ زمانی زانیوە و لە تەمەنی یانزدە ساڵیدا چووەتە زانکۆی هارڤارد، وەلێ ئەم ئاستە ئێجگار ناوازە و دەگمەنە.
منداڵی خاوەن بەهرەی بەرز هەفتانە دوو تا سێ کاتژمێر لەگەڵ هاوجۆری خۆیاندا کۆدەکرێنەوە و کاریان لەسەر دەکرێت، پاشان بایەخی تایبەتیان پێ دەدرێت و رێچکەی تایبەتیان پیشان دەدرێت بۆ سەفەری تەمەن، بۆ نموونە هەندێک جار رەوانەی خوێندنگەی تایبەت دەکرێن.
منداڵ و گەنجی ئەم گروپە توانای ئەپستمۆلۆژی و تێگەشتنی جیاواز و جۆراوجۆریان هەیە، خێرا لە کێشەکان دەگات. دەشێت زۆر داهێنەر و زرنگ و لاپڕەسەن بێت بۆ خۆی و شتەکانی دەوروبەری، زۆر تینووی زانین و مەعریفەیە، وزە و ئینێرجی زۆری هەیە، بەردەوام سۆراخ دەکات، فەنتازیاکانی وەگەڕ دەخات بۆ پشکنین و بەدواداچوون، هەندێك کات بەهۆی زۆری و بەردەوامی بیرۆکەکانی خەو لە چاوی دەتۆرێت و بە ئاستەم مێشکی ئامادە دەبێت بۆ خەوی قووڵ. هاوکات، دەتوانێت زۆر فشار بخاتەسەر خۆی و چاوەڕوانی زۆری لە خۆی هەبێت کە ڕەنگە دەرئەنجام بە بێزاری و ماندووبوونی دەروونیی بەسەریدا بشێکتەوە. لە هەندێک کاتدا نائارامیش دەبن، کاتێک بیرۆکەیەکیان بۆ دێت، دەیانەوێت بە زووترین کات بەیانی بکەن، ڕووداوەکان و ئاماژەکان پێکەوە گرێ بدەن، ڕاڤە و دیدگە و کڵێشەی نوێ بدۆزنەوە. هەندێک کات هەستیار دەبن بە دەنگەدەنگ، و تیشك و ڕووناکی، و شتەکانی دەوروبەریان، و ڕەنگە کاردانەوەی وەك تیکس –Tics –العرات لێیان دەربکەوێت، یان زیندەخەو.
ئەوەی گرینگە لێرەدا ئەوەیە کە هەوڵ بدرێت منداڵەکە خۆی بە باشی بناسێت و کاربکرێت تا متمانەی تەواوی بە خۆی هەبێت، شانازی بە تواناکانی خۆیەوە بکات، بەبێ ئەوەی هەست بکات لەوانی تر جیاوازە بە شێوەیەکی نەرێنی. ئەمەيش بەندە بە هەوڵدان وسەرنج خستنەسەر و بە سەلیقەیی دەوروبەرییەوە، کە چۆن هاوکاری بکەن، و بوار و ڕەهەندەکانی گەشەکردنی بناسن، تا هاوکاریی بکات پەیوەندییەکانی بەوانی ترەوە رێک بخات، و هاوکات مامەڵە لەگەل پێویستی و ئاستەنگیەکانی خۆیشی بکات.
شایانی سەرنجە کە منداڵی خاوەن بەهرەی بەرز جیاوازە لە منداڵی بەهرەدار لە بوارێکی دیاریکراودا، ئەمانە ئەو منداڵانەن کە ماتە وزەیەکیان هەیە لە بوارێکی تایبەتدا و لەرێگەی ڕاهێنان و دووبارەکردنەوە و مەشقکردنەوە زیاتر توانادار دەبن لە بوارەکەدا، بۆ نموونە، موزیک یان وەرزش ناخرینە ناو ئەم کەتەگۆرییە.
ئەرکی دایک و باوک و مامۆستا و گەورەکانە لە پشت هەر رەفتارێکی منداڵ و گەنجی خاوەن بەهرەی بەرز بگەڕێن بۆتێگەشتن لە پێداویستيیەکانیان. بۆ وێنە منداڵیک کە زۆر پرسیار دەکات و پرسیاری قووڵ دەكات، کارەکانی بە زوویی و بە سەرکەتوویی تەواو دەکات، هەوڵدەدات کارەکانی بێ کەموکوڕی ئەنجام بدات و پێی وایە بابەتەکانی خوێندن بۆی ئاسانە و تینووێتی مەعریفی ئەو ناشکێنن، لە هەمان کاتیشدا، بە ئاسانی بێزار دەبێت، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا و لە نێو هاوڕێ و هاوتەمەنەکانیدا کێشەی بۆ دروست دەبێت بەهۆی ئەوەی کە هەست بە جیاوازیی دەکات، ئەمەيش لە ئەنجامی ئەوەی کە هەست و ئاستی تێگەشتنی پێش تەمەنی خۆی کەوتووە. بەڵام دەبێت وریا بین لە ناسینەوە و دیاریکردنی ئەو رەفتارانە کە ئاخۆ تا چەند نیشانەی بەهرەی بەرزی منداڵەکەن، بۆیە دەبێت زیاتر چاو بخرێتە سەر رەفتار و گوفتاری منداڵەکە و بە وردی هۆکارەکانی بپشکنرێت و بەدواداچوونی تەواو بۆ پێویستییەکانی بکرێت، کە رەنگە لە یەکەم سەرنجدا بەدیار نەکەون. هەندێک جار تێکەڵاو بوون ڕوودەدات لە دایەگنۆسی منداڵی خاوەن بەهرەی بەرز و منداڵی خاوەن فرەجوڵە – ئەی دی ئێچ دی، بەهۆی ئەوەی کە ڕوودەدات منداڵی خاوەن بەهرەی بەرز لە هەمان کاتدا فرەجوڵەیی یان ئۆتیزم یان گرفتی تری هەبێت.
پەیامم ئەوەیە کە بەهرەی بەرز تەنها واتای ئەوە نییە کە منداڵێک لە ڕووی زانستییەوە زۆر زیرەکە؛ بەڵکو پێویستە منداڵەکە وەک مرۆڤێکی تەواو ببینین، نەونەمامێك کە هەست، پەیوەندی، توانای تایبەت، و کێشە و ئاستەنگی تایبەتی خۆی هەیە. هەر بۆیە لە جێگەی خۆیدایە کە پەروەردەکاران تەنیا سەرنجیان لەسەر ئەنجامی خوێندنی منداڵ نەبێت، بەڵکوو گرنگی بە ئارامی دەروونی، هەستی سەلامەتی، پەیوەندییەکان، و هەستی سەر بە کۆمەڵبوونی بدرێت.
هەموو منداڵێک بە گشتی و منداڵی خاوەن بەهرەی بەرزیش بەتایبەتی ، پێش ئەوەی فێر ببێت، پێویستی بەوە هەیە هەست بکات کە دەیبینین، تێدەگەین لێی، و قبووڵکراوە و هیچ کەسێك پەرژینی دەوری تاکایەتی و تایبەتیيەکانی ناشکینێت.

