فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

دەرۆزەکار نیم

بورھان بەرزنجی
شاعیر، کەرکووک

………………………

ئەوەی لەدەستت دەردەچێ ،
لە ڕای خودا ،
ماچێکی کۆنت ،
هەناسەیە بەکارهێنراوت ،
کەمێک تەماشات ،
بکە ساقەی جوانیت ،
دوو قوم لەخۆشەویستیت بخۆمەوە ،
بمژێنەوە .
لە ڕای خودا بمژێنەوە ،
دەرۆزەکار نیم ،
پۆشتەم بکەرەوە بە کراسە کۆنێکی دەروونت و ،
بە سەرپۆشێ لە قسەی شیرینی ناو ماڵت .
ڕۆژگار
ئەم خۆشەویستییەی پڕ بەبەرم دووری و
لەماڵێکی گەرمی دڵیدا نووستبووم ،
خەوێکی شادی دەهاتە ماڵم ،
دەستی بەسەرمدا دەهێنا و
ڕێژنەیە دەباری و
دەبوو بەلافاو ،
لە ئامێزی دەگرتم و دەیبردم .
ئێستا
شەست دەبارێ ،
نەدەبێتە لافاو و
نەدەستم دەگرێ و
نەدەمبات
بۆ کۆڵانە تەنگە بەرەکانی خۆشەویستی ،
لەو کۆڵانە تەنگە بەرانەدا
پێکەوە
شیعری ڕووتمان لەبەردەکرد و
پۆشتە دەبووین بە پێکەنین .!
لە ڕای خودا ،
دەرۆزەکار نیم ،
ئەوەی لەدەستت دەردەچێ ،
دڵم پڕ بکەرەوە
لەخۆت ،
لەو ئاوازانەی
ڕەنگی ڕەش دەگۆڕن بەسپی .!

٢٠٢٦/٩/٢٢