فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

کیژی لادێی

شیرین-پەرویزنیا
شاعیر، مەھاباد

……………………..

لەکاتی پیاسە لەنێو شەقامی پڕافسونی شار
دڵم تاسەی ڕێی مەڕدۆشین و تریقەی شەنگەبێریانی کردووە
لەکاتی پاککردنی سەوزەی بێ تام و بۆنی شار.
دڵم تاسەی کووزەڵەی دم جۆگەلەو ڕووباری کوێستانی کردووە
لە بەرامبەر سینک و شێرەی ماڕکداری شار
دڵم تاسەی ئاوی کانی و گۆزەڵەی سەرشانی کیژۆڵەی نازداری کردووە.
دوای گەڕان لەنێو چەند جووت پێڵاوی ڕەنگاوڕەنگی لەبار
دڵم تاسەی چەکمەی سووری مناڵی و قوڕ و چڵپاوی کۆڵانی شێداری کردووە
بەفرگری ماڵەکەم بەکۆ سەهۆڵ دێنێتە خوار
دڵم تاسەی بەفری دانار داناری دوای بارانی بەهاری کردووە
زۆر لەمێژە بەفر بە کلوکلو نەهاتۆتە خوار
دڵم تاسەی کڕێوەی نەرم و نیانی مانگی رێبەندانی کردووە
خۆزگە جارێکی دی پێش مردنم لەشار چیدی نەمدەکووت
لەدڵم تاسەی دۆیەکی ترشی سارد بوو
لە کانی درێژە و شەڕەف خانی کردووە
کاتی ئێوارە بۆ هێناوانەوەی لەنێو قریوە و قاقای بن چنار
دڵم تاسەی پێکەنینی کیژ و لاوی بە لەنجە و لاری کردووە
بە دیتنی خێڵی موبایل بە دەست و سیحرکراوی ئینتەرنێت و لقەکانی ،لە گووند و شار
دڵم تاسەی شۆڕە لاوی سەرگوێسوانان و سرتوو خورتی جێژوانی ئێوارەی پاییزانی کردووە .