دێرین جەمال
نووسەر، سلێمانی
…………………….
کاتێک هاوسەرگیری دەبێتە زیندانێکی ئەبەدی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان، بە تایبەت دامەزراوەی هاوسەرگیری، هەمیشە یەکێک بووە لە ئاڵۆزترین تەوەری ئەدەبیاتی جیهانی. بەڵام کەم نووسەر هەن وەک ئۆگوست ستێندبێرگ لە شانۆگەریی ((سەمای مەرگ))دا، توانیبێتیان بەو قووڵییە تاریک و ڕاستگۆییە ڕەقە، کێشە و ململانێ دەروونییەکانی نێوان ژن و پیاو ڕووت بکەنەوە. ئەم دەقە کە لە لایەن وەرگێڕ (خەبات عارف)ـەوە لە زمانی بنەڕەتییەوە (سویدی) گواستراوەتەوە سەر زمانی کوردی، دەروازەیەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە لایەنە پەنهاکانی دەروونی مرۆڤ.
قەڵایەکی گۆشەگیر و دۆزەخێکی هاوبەش
چیرۆکی شانۆگەرییەکە لە دەوری ژیانی (ئێدگار) کاپتنی تۆپخانە و (ئەلیس)ـی هاوسەری دەسووڕێتەوە، کە نزیک دەبنەوە لە یادی ٢٥ ساڵەی هاوسەرگیرییان. ئەوان لە قەڵایەکی کۆن و گۆشەگیردا لەسەر دوورگەیەک دەژین. ئەم شوێنە تەنیا جوگرافیا نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ گۆشەگیریی دەروونی و ئەو زیندانە سۆزدارییەی کە خۆیان بۆ خۆیانیان دروست کردووە.
نووسەر ئۆ گۆست ستریندبێرگ لێرەدا چەمکی هاوسەرگیری لە چوارچێوە ڕۆمانسییە باوەکەی دادەماڵێت و دەیکاتە مەیدانی جەنگێکی دەروونی بێبڕانەوە. ڕق، کینە، حەسادەت و تانە لێدان دەبنە ئەو زمانە باوەی کە ئەم دوو کارەکتەرە پێی دەدوێن. سەیرەکە لەوەدایە، سەرەڕای ئەو دۆزەخەی بۆ یەکترییان دروست کردووە، هیچ کامێکیان ناتوانن یەکتر بەجێبهێڵن، ئەوان بە زنجیری پێویستییەکی دەروونیی نەخۆش بە یەکەوە بەستراونەتەوە.
((سەمای مەرگ)) وەک هێمایەکی فەلسەفی، ناونیشانی دەقەکە (سەمای مەرگ) مانایەکی قووڵی فەلسەفی لەپشتە. ژیانی ئەم هاوسەرانە وەک سەمایەکی بەردەوام وێنا دەکرێت کە تێیدا لە جیاتی چێژ و جوانی، ماندوێتی و داڕووخانی تێدایە، سەمایەک کە تەنیا بە مەرگ کۆتایی دێت. هاتنی کارەکتەری (کورت) وەک خزمێکی نزیک، تەنیا تیشک دەخاتە سەر قووڵایی کێشەکانیان و دەبێتە ئاوێنەیەک کە جەنگە ساردەکەی نێوانیان ڕوونتر نیشان دەدات.
کاریگەریی دەقەکە لەسەر ئەدەبیاتی جیهانی
ئەم شاکارەیەکەم تێکستەی ستێندبێری تەنیا لە گێڕانەوەی ڕاستییەکاندا قەتیس نابێت ، بەڵکوو ڕێگ خۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی قوتابخانە ئەدەبییەکانی دوای خۆی.
لەکۆتاییدا
وەرگێڕانی ئەم جۆرە تێکستە کلاسیكە قورسانە بۆ سەر زمانی کوردی، دەستکەوتێکی گرنگە بۆ کتێبخانەی کوردی و ئاشناکردنی خوێنەری ئێمە بە فەلسەفەی درامای جیهانی. ((سەمای مەرگ)) تەنیا چیرۆکی ژن و پیاوێکی ناکۆک نییە، بەڵکو گەشتێکی قووڵە بە ناو تاریکییەکانی سروشتی مرۆڤدا، کاتێک عەشق دەگۆڕێت بۆ ئارەزووی کۆنترۆڵکردن و خاوەندارێتی هەمیشەیی.


