فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

شوناس و شێواوی گوتار

ستار ئەحمەد
نووسەر و شاعر، کەرکووک

…………………………

​مێژووی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی کوردستان بەستراوەتەوە بەو ناوەندە بیریار و وێژەییانەی کە لە ڕابردوودا بڕبڕەی پشتی پاراستنی شوناس و زمانی دایک بوون. لە قۆناخە دێرینەکاندا، زانایانی نیشتمان پەروەر نەک هەر ڕێبەری گیانی، بەڵکوو چرای ڕووناک کەرەوەی ڕێگای هۆشیاریی نەتەوەیی بوون. ئەوان بەرهەم و داهێنانەکانی خۆیان کردبووە قەڵغانێک بۆ ڕێگریگرتن لە توانەوەی فەرهەنگی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی کورد. ئەو پێشەنگانە بە دیدێکی زانستی و فرەڕەهەندەوە سەیری کۆمەڵگایان دەکرد؛ ئەوان وێژە و زانستیان تەنیا بۆ خولیا یان دەستکەوتی کاتی بەکار نەدەهێنا، بەڵکوو نیشتمان پەروەری و داکۆکیکردن لە ئازادیی گەلیان خستبووە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەتییەوە. دەرەنجامی ئەم ڕوانگە بەرزەش، دروستبوونی سەرمایەیەکی مەزنی بیرۆکەیی بوو کە تا ئێستاش شانازیی پێوە دەکرێت و نەوە لە دوای نەوە وەک ڕێڕەوێکی ڕووناک بۆ پاراستنی خاک و زمان پشتی پێ دەبەستن.
​کاتێک لە دۆخی ئێستای بەشێک لە سەکۆ جیاوازەکانی کۆمەڵگا دەڕوانین، جۆرێک لە لادان و دابەزینی ئاستی گوتار بەدی دەکرێت. لەبری بڵاوکردنەوەی پەیامی پێکەوەژیان، قبووڵکردنی ئەویتر و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی تاکەکان، هەنێ جار دەبینین کە زمان و دەربڕینەکان بەرەو توندو تیژی، نزمکردنەوەی پایەداری و هێرشی ناڕەوا بۆ سەر بەها مرۆییەکان هەنگاو دەنێن. ئەم گۆڕانکارییە نەرێنییە تەنیا لە یەک کایەدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پەڕیوەتەوە بۆ ناو جیهانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش. تێکچوونی ڕێساکانی کاری ڕۆژنامەوانی و نەبوونی چاودێرییەکی نیشتمانیی ڕاستەقینە، وایکردووە، کە هەندێک جار سووکایەتی بە شکۆی هاوڵاتی و بەراوردکردنی بە بوونەوەری دیکە ببێتە دیاردە. پاراستنی ڕێزی مرۆڤی کورد و بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین، پێویستی بە هەڵوێستی یەکسان و بێلایەنانەی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەیە، نەک ڕوانینی ناتەواو و بەرژەوەند خوازانە کە تەنیا لە کاتی تایبەتدا دەنگ هەڵدەبڕن و لە ڕاستی لادەدەن.
​فەرامۆشکردنی ئەرکە نەتەوەیی و یاساییەکان لە لایەن ناوەندە بڕیار بەدەستەکانەوە، بۆشاییەکی گەورەی لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا دروستکردووە. کاتێک دامەزراوە باڵاکان تەنیا ناونیشان بن و لە کاتی قەیرانە هۆشمەندی و کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵی ڕاستەقینەی خۆیان نەگێڕن، ئاژاوەی گوتار و بەهاکان پەرە دەسێنێت و متمانەی تاک بە داهاتوو لاواز دەکات. گەشەی ڕاستەقینەی هەر نەتەوەیەک لە سەرچاوەی گوتارە فەرهەنگییەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک گوتاری گشتی بەرەو بازرگانی و بەرژەوەندی تایبەت هەنگاو دەنێت، پایەکانی هۆشیاریی نەتەوەیی درزیان تێدەکەوێت. ئەم دۆخە نەخوازراوە پێویستی بە ڕاوەستانێکی ڕاستەقینە و پێداچوونەوەیەکی سەرتاسەری هەیە لەسەر ئەو پەیامانەی کە ڕۆژانە ئاراستەی مێشکی تاکی کورد دەکرێن.
​پێویستیی گەورەی ئەمڕۆی کوردستان، گەڕانەوەیە بۆ ئەو شوناسە ڕەسەنەی ،کە مرۆڤدۆستی و نیشتمان پەروەری لە سەرووی هەموو شتێکەوە دادەنێت. نەوەی نوێ پێویستی بەو کەسێتیە بەرزانەیە کە وێنەیەکی جوانی گەلی کورد نیشانی جیهان بدەن،کە لەبری ململانێی کاتی و دەستکەوتی مادی، خەمی زمانی دایک، پاراستنی خاک و چەسپاندنی دادپەروەری بێتە هەوێنی کارەکانیان. پێشەنگی ڕاستەقینە ئەو لایەنەیە کە لە پێناو ڕاستی و ئازادیدا دەجەنگێت، نەک ئەوەی کۆمەڵگا بەرەو پەرتەوازەیی و تاریکی بەرێت. دەبێت پارێزەرانی گوتاری گشتی ببنە دەنگی ڕاستەقینەی نیشتمان و ئازادی، و پارێزگاری لەو ڕەسەنایەتییە بکەن کە پێشینانی ئێمە ژیانی خۆیان لە پێناودا بەخت کرد.