فەهمی کاکەیی
نووسەر، سويد
……………..:
زمان ئامرازێکه بۆ ده‌ربڕین و لێکگه‌یشتن، هه‌ر بۆیه زمان هه‌ڵگر و گه‌یێنه‌ری فەرهەنگ (کو‌لتوور)ـە. له‌م گوتاره‌دا که باس له زمانی ئاخافتن و زمانی نووسين ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان زمانی یه‌کگرتوو نییه، چونکه باسه‌که تایبه‌ت نییه به‌و لایه‌نه‌وه، به‌ڵکوو مه‌به‌ستمان جۆری ئه‌و زمانه‌یه که له ئاخافتن یان له نووسیندا به‌کار ده‌هێنرێت. هه‌روه‌ک فەرهەنگی خوێنده‌واره‌کان و فەرهەنگی نه‌خوێنده‌واره‌کان لێک جودان، زمانی ئه‌و دوو توێژه‌يش لێک جودان. هه‌روه‌ک فەرهەنگی شارییه‌ک و هی گوندییه‌ک لێک جودان، زمانیشیان جودایه. ته‌نانه‌ت زمانی گه‌نجان و زمانی به‌ساڵداچووان لێک جودان، ئه‌مه لایه‌نێکی زمانی ئاخافتنه له ژیانی ڕۆژانه‌دا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی نووسین و بڵاوکردنه‌وه و هۆیه‌کانی گه‌یاندن ده‌توانین بڵێین زمانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن و سینه‌ما، زمانی کۆڕوکۆبوونه‌وه ئه‌گه‌ر چی له‌سه‌ر کاغه‌زیش نووسرابن، به‌و مه‌به‌سته نووسراون که بگوترێن هه‌ر بۆیه به زمانی ئاخافتن دەژمێردرین، به‌ڵام هه‌رچی زمانی ڕۆژنامه و گۆڤار و کتێب و بابەتی سەرهێڵ و هتد… به‌و مه‌به‌سته نووسراون که بخوێنرێنه‌وه بۆیه به زمانی نووسین له قه‌ڵه‌م ده‌درێن.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت زمانی ئاخافتن (ئه‌وه‌ی له میدیای گوتراو یان کۆڕ و سیمیناراندا به‌کار دهێنرێت) شیبکه‌ینه‌وه ده‌بینین که زمانی سینه‌ما و زمانی تەلەڤیزیۆن و زمانی ڕادیۆ هه‌ریه‌کەیان تایبه‌تمه‌ندیی خۆیان هه‌یه، زمانی ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆن ئه‌گه‌ر چی له یه‌که‌وه نزیکن به‌ڵام جیاوازیی ئه‌وه‌یان هه‌یه که له ڕادیۆدا به پێچه‌وانه‌ی تەلەڤیزیۆن هه‌ستی بینین به‌شداری ناکات، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر نووسه‌ران و ئاماده‌که‌رانی ئه‌و بابه‌تانه‌ی بۆ ڕادیۆ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه ڕەچاو بکه‌ن، واته هه‌میشه ئه‌وه‌یان له‌به‌ر چاو بێت که بۆ بیسه‌ر قسه ده‌که‌ن نه‌ک بۆ بینه‌ر، ساده‌تر بڵێین بۆ کوێر قسه ده‌که‌ن نه‌ک بۆ چاوساغ. هه‌روه‌ها زمانی کۆڕێکی ڕۆشنبیری که له تەلەڤیزیۆنه‌وه بڵاو ده‌کرێته‌وه پێویسته جیاوازی هه‌بێت له‌گه‌ل زمانی هه‌مان کۆڕ که له هۆڵێکدا پێشکه‌ش ده‌کرێت. بۆ ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بابه‌تێکی پڕمانا و سوودبه‌خش و سه‌رنجڕاکێش بنووسێت یان ئاماده بکات پێویسته له به‌راییدا ئه‌م پرسیارانه له خۆی بکات:
* بۆچی ده‌نووسم (ئامانج له نووسیه‌نه‌که‌م)
* چی ده‌نووسم (جۆری ئه‌و بابه‌ته‌ی له‌سه‌ری ده‌نووسم)
* بۆ کێی ده‌نووسم (خوێنه‌ره‌کانم کێن)
* چۆنی بنووسم (چۆن سه‌رنجی خوێنه‌ر ڕاکێشم)
* که‌ی و له کوێ بڵاوی بکه‌مه‌وه (ڕۆژنامه، گۆڤار، ئینته‌رنێت)
ئه‌گه‌ر وشه‌ی نووسین بکه‌ینه ئاخافتن و خوێنه‌ر بکه‌ینه گوێگر هه‌نگین ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه بۆ کۆڕی زیندوو یان بۆ په‌خشکراویش ڕاستن، به‌ڵام پێویسته نووسه‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌ر چاو بێت که له کۆڕی زیندوودا که‌سانێک ئاماده ده‌بن به و‌یست و حه‌زی خۆیان هاتوون، بابه‌ته‌که‌یان به لاوه مه‌به‌سته و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌يش گرنگه که له‌سه‌ر کورسی دانیشتوون. هه‌رچی کۆڕی په‌خشکراوه (بۆ نموونه ئه‌وه‌ی له تەلەڤیزیۆنه‌وه په‌خش ده‌کرێت)، ده‌چێته ماڵی خه‌ڵکه‌وه له جیاتی ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه خۆیان بێن ئاماده بن. هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان ده‌یبینن، به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی ئایا هه‌موویان حه‌زیان لێیه یان نا. ئه‌گه‌ر زمانی کۆڕێکی په‌خشکراو و چۆنیيه‌تی ئاماده‌کردن و په‌خشکردنی سه‌رنجی که‌سێکی پاڵکه‌وتووی ڕاکێشا‌و وای لێ کرد هه‌ڵسێت و دانیشیت و به جوانی ته‌ماشای بکات و گوێی لێبگرێت ئه‌وه بێگومان مه‌به‌ستی خۆی پێکاوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وای له که‌سێک کرد که به خۆی ئاره‌زوومه‌ندی گوێگرتنه له‌و بابه‌تانه، که‌ناڵی تەلەڤیزیۆنه‌که بگۆڕێت، ئه‌وه بێگومان کێماسی له زمان یان ئاماده‌کردن یان پێشکه‌شکردنی بابه‌ته‌کەدا هەیە.
ئه‌وه‌ی گومانی تیدا نه‌بێت ئه‌وه‌یه که کۆڕێکی په‌خشکراو به به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆڕێکی زیندوو (له هۆڵێکدا) پێویسته دوو زمانی جیاوازیان هه‌بیت، ڕه‌نگه مه‌ترسیی به‌جێهێشتنی هۆڵه‌که له لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه زۆر که‌متر بێت له مه‌ترسیی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بینه‌ر بابه‌ته‌که‌ی به‌دڵ نه‌بوو که‌ناڵی تەلەڤیزیۆنه‌که‌ی بگۆڕێت یان به جارێ تەلەڤیزیۆنه‌که‌ی دابخات. لێره‌دا پێویسته له‌سه‌ر نووسه‌ر ته‌نیا بیر له‌وه نه‌کاته‌وه که‌سانێک که بابه‌ته‌که‌یان به‌لاوه مه‌به‌سته به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر بینین و گوێگرتن، به‌ڵکوو ئه‌وانه‌ی بابه‌ته‌که‌یان به‌لاوه مه‌به‌ست نییه ببنه ئاشنای و حه‌ز و ئاره‌زوویان له لا دروست بێت.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر سیمیناری زیندوو، کاتێ کۆڕگێر ناونیشان هه‌ڵده‌بژێرێت، پێویسته ڕه‌چاوی ئه‌وه بکات که ناونیشانه‌که سه‌رنجڕاکێش بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌بووان زۆر بن، ڕه‌نگه هه‌ندێک بڵێن ژماره گرنگ نییه، به‌ڵکوو جۆری خه‌ڵکه‌که گرنگه، ئه‌مه به‌لای منه‌وه وا نییه، کۆڕگێڕی زیره‌ک ئه‌وه‌یه کونجکاوی له لای خه‌ڵک دروست بکات و ڕایانکێشێت بۆ لای بابه‌تگه‌لێک پێشتر به‌لایه‌نه‌وه مه‌به‌ست نه‌بووه، پاشانیش وا له ئاماده‌بووان بکات هه‌موو هزری خۆیان بده‌نه بابه‌ته‌که و به‌په‌رۆشه‌وه گوێی لێ بگرن و بیریان په‌رت و بڵاو نه‌بێته‌وه، به کورتی و زۆر به ساده‌یی پێویسته کۆڕگێر بازاڕ بۆ بابه‌ته‌که‌ی په‌یدا بکات. له هه‌مان کاتدا مه‌به‌ستم له ناونیشانی سه‌رنجڕاکێش هه‌رگیز ئه‌وه نییه قه‌به و زل، به که‌ش و فش و به پێچ و په‌نا بێت و خه‌ڵکی لێی بترسن، به‌ڵکوو هه‌تا ده‌کرێت ساده و ئارامبه‌خش و بێ گرێ و گۆڵ بێت و خه‌ڵک له خۆی کۆ بکاته‌وه.
مامۆستای پۆل له پۆله‌که‌ی خۆیدا ده‌زانێت بۆ کێ قسە ده‌کات، ئاستی زانین و تێگه‌یشتنی قوتابییه‌کانی له‌لای ڕوونه، ته‌نانه‌ت ده‌زانێت کام وشه بۆ قوتابییه‌کانی نوێیه و بۆیانی لێکده‌داته‌وه. قوتابییانی پۆلێک له زۆر لایه‌نه‌وه نزیکه‌ی له یه‌ک ئاستدان، هه‌ر بۆیه مامۆستا ده‌زانێت به کام زمان و به چ شێوه‌یه‌ک بابه‌ته‌که‌ی بۆ قوتابییان باس بکات، به‌ڵام ئه‌مه بۆ کۆڕگێڕ هه‌روا ئاسان نییه، لێره که‌سانێک دانیشتوون که ئاستێ زانین، ڕۆشنبیری، ته‌مه‌ن، ئاره‌زوو، حه‌ز، ديد و بۆچوون، تاقیکردنه‌وه و شاره‌زایی له ژیاندا، ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌زیان، جودان. لێره‌دا پێویسته کۆڕگێر زمانێکی ناوکۆیی هاوبه‌ش بدۆزێته‌وه بۆ ئاماده‌بووانی کۆڕه‌که‌ی، ئه‌مه‌يش کارێکی هه‌روا ئاسان نییه، ده‌بێ کۆڕگێر خاوه‌ن تاقیکردنه‌وه و شاره‌زاییه‌کی باشی هه‌بێت له ژیاندا و له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵ مامه‌ڵه‌ی کردبێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کۆڕگێر له بواری شانۆدا کاری کردبێت یان له نزیکه‌وه په‌یوه‌ندی به شانۆوه هه‌بووبێت زۆر یارمه‌تی ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی ئاماده‌بوون بۆ لای خۆی ڕاکێشێت. چۆنيیه‌تی دەربڕین، به‌رزکردنه‌وه و نزمکردنه‌وه‌ی ده‌نگ، به‌کارهێنانی ده‌ست و سه‌ر و هێما (زمانی جەستە) له جێی خۆیدا ئەمانه‌يش یارمه‌تی ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کۆڕگێر باشتر بابه‌ت و بۆچوونه‌کانی خۆی بگه‌یه‌نێته ئاماده‌بووان.

