فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

زمانی کوردی ناسنامەی منە

 

فەهمی کاکەیی

نووسەر، سويد

 

دروشمێک کە باوە و لەسەر زارە، ئەوەیە کە دەڵێت: (زمانی من ناسنامەی منە). ئەم دروشمە بۆ هەر زمان و هەر فەرهەنگ و نەتەوەیەک دروستە، هەر بۆیە بۆ ئێمەی کورد دروستە کە بێژین: (زمانی کوردی ناسنامەی منە). پاشتر دێینەوە سەر باسی ئەوەی بۆچی گرنگە لەم دروشمەدا جەخت لەسەر زمانی کوردی بکەین.

 

زمان و ئەرکەکانی

مەبەست لە زمان لێرەدا زمانی ئاخاوتنە، کە پاشتر دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین. مەبەست زمانی جەستە یان ئاماژە یان زمانی نابینایان نییە. هەموو ئەم زمانانە ئامرازگەلێکن بۆ دەربڕین، گەیاندن، تێگەیاندن و لێکتێگەیشتن. لێ زمانی ئاخاوتن جۆرە تایبەتمەندییەکی دیکەی هەیە، ئەویش کە هەڵگر و گەیێنەری فەرهەنگ(کولتوور)ە. ئەوجا هەر زمانێک بووە، هەڵگری هەر فەرهەنگێک یان هیی هەر نەتەوەیەک بووە، با بێت.

زمان وەک ئامرازێک ئاسانکاریی گەیاندن دەکات. ئەوەی سەختە بە زمانی جەستە و بە زمانی ئاماژە دەریبڕین، بە زمانی ئاخاوتن ئاسانتر دەبێت. بە هۆی زمانی ئاخاوتنە هزر، بیروبۆچوونی خۆمان بە بەرانبەرەکەمان دەگەیەنین، تێمان دەگات و تێی دەگەین. لەم لایەنەوە زمان چەندین ئەرکی هەیە، لەوانە: فەرهەنگی، زانستی، کۆمەڵایەتی، هەستیاری و هتد…

بۆچی دەبێت جەخت لەسەر زمانی کوردی بکەین وەک ناسنامەیەک بۆ تاکی کورد؟ ئێمە دەزانین هەر کوردێکی خوێندەوار جگە لە زمانی خۆی کە کوردییە، زمانێک یان چەند زمانێکی سەردەست دەزانێت. لەو ڕووەوە (وەک پێشتر باسمان کرد) کە زمان هەڵگر و گەیێنەری فەرهەنگە، فەرهەنگیش ناسنامەمان پێ دەبەخشێت، دەتوانین بڵێین زۆر گرنگە ئێمە جەخت لەسەر زمانی دایک بکەین. ئەگەر وا نەکەین دوور نییە زمانی سەردەست فەرهەنگی خۆی بەسەرماندا زاڵ بکات و بیکات بە فەرهەنگی سەرەکیمان، ئەمە لە کاتێکدا بوونی فەرهەنگی کوردی بە فەرهەنگی سەرەکیمان دەبێت خەمی هەموومان بێت. هەوڵی هەموومان دەبێت بۆ ئەوە بێت کە زمانی  کوردی باڵادەست بێت و زمانەکای تر (کە زۆر چاکە بیانزانین) بە پلەی دووەم بێن.

 

فرە زمانی و فرەفەرهەنگی

ئەمڕۆکە لە وڵاتانی پێشکەوتوودا باسی فرەفەرهەنگی دەکرێت وەک دیوێکی درەوەشاوەی شارساتانی و دەوڵەمەندیی فەرهەنگ، بەڵام فرەفەرهەنگی بێ فرەزمانی نایەتە کایەوە. ڕەنگە بێ ویست و حەزی خۆشمان بووبێت، بەڵام بمانەوێت یان نەمانەوێت کورد نەتەوەیەکی فرەفەرهەنگە بە حوکمی ئەوەی فرەزمانە. ئێمە جگە لە فەرهەنگی خۆمان لە فەرهەنگەکانی عەرەب، فارس و تورکەوە بەهرەدارین. دەکرێت وا لێک بدرێتەوە کە ئەم بەهرەداربوونە لایەنی ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەبێت. ئەرێنی لەوەدایە کە بەهرەداربوونمان لەو فەرهەنگانە وەک دەوڵەمەندییەک وەربگرێن و بیخەینە ژێر ڕکێف و کاریگەریی فەرهەنگە سەرەکییەکەمان کە فەرهەنگی کوردییە. نەرێنیی لەوەدایە ئەگەر بهێڵین فەرهەنگەکانی دی دەسەڵاتیان بەسەر فەرهەنگەکەماندا بشکێت و پێشێلی بکەن و جێی بگرنەوە، ئەو کاتە بە شێوەیەکی خراپ کاردانەوەی لەسەر ناسنامە کوردییەکەمان دەبێت و ناسنامەیەکی دیمان پێ دەبەخشێت کە فەرهەنگی زمانە سەردەستەکە بۆمانی دەگوێزێتەوە. لێرەدا زمانە سەردەستەکە وەک زمانی دەسەڵات و بگرە داگیرکەر خۆی بەسەرماندا دەسەپێنێت.

 

ئایا کورد خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆیەتی؟

بەڵی بێگومان تا ڕادەیەکی زۆر تاکی کورد خاوەنی ناسنامەیەکی تایبەتە بە خۆی، بۆ دەڵێن تا ڕادەیەکی زۆر؟ چونکە جوگرافیای کوردستان وا  کەوتووە وەک هەموومان دەیزانین. ئەو کوردانەی پەرتەوازەی دەرەوەی کوردستان بوون زۆربەی جار دەکەونە ژێر کاریگەریی زمان و فەرهەنگی سەردەستی ئەو جێگایانەی تیایاندا دەژین، کە زمان و فەرهەنگی عەرەبی و فارسی و تورکییە. کەواتە ناتوانین بڵێین ئەو کوردانە ناسنامەیەکی پاقژی کوردییان هەیە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە هەستی نەتەوەییان لاواز بێت یان بە جارێک نەبێت. تۆ دەبینیت گەنجی کورد هەیە نازانێت یەک ڕستە بە کوردی بڵێت، بەڵام ئامادەیە بۆ کوردستان خۆی بە کوشت بدات، لەبەر ئەوەی خاوەنی هەستێکی کوردانەیە، بەڵام هەیە لە ناوجەرگەی کوردستاندا دەژیت کەچی هیچ شانازییەکی بە ناسنامە و کوردبوونی خۆیەوە نییە. ئەمڕۆکە هەندێک لە حیزبە کوردییەکان لە ڕقی یەکتر و لە مونافەسەیەکی ناشەریفانەدا وایان کردووە بڕێکی زۆر لە گەنجانی کورد بێزیان لە کوردبوونی خۆیان ببێتەوە و لە هەوڵی ئەوەدان ناسنامەی خۆیان لەکەدار بکەن یان بشێوێنن. هیچ حەز و وابەستەگییەکیان بۆ کوردستان نییە. لە زووترین هەلدا کە بۆیان بڕەخسێت کوردستان جێ دەهێڵن و بە تەمای ئەوە نین جارێکی تر بەسەردانیش بۆ کوردستان بێنەوە. ئیدی چۆن دەتوانین بڵیین ئەم جۆرە گەنجانە ناسنامەیەکی کوردییان هەیە، چونکە ناسنامە پەیوەستە بە خۆشەویستیی نیشتمانیشەوە،  لە ڕاستیدا ئەمانە دووچاری سەرلێشێوان کراون.

 

فرە ناسنامەیی

ئایا دەکرێت تاکێک چەند ناسنامەیەکی هەبێت؟ بەڵی بێگومان ئەوە دەکرێت بەڵام دەبێت هەمیشە ناسنامە ڕەسەنەکەی بناغە بێت، ناسنامەکانی دیکە تەنێ بۆ بەپێوەڕاگرتن و دەوڵەمەندکردنی ناسنامە سەرەکییەکە بن. ناسنامە مەرج نییە هەر نەتەوەیی بێت، دەکرێت نیشتمانی یان ئایینی بێت. بۆ نموونە: کەسێک دانیشتووی کوردستانە و سەر بە نەتەوەی کورد نییە، بەڵام چونکە لە کوردستان دادەنیشیت دەکرێت ناسنامەیەکی کوردستانیی هەبێت، بەڵام کوردێک کە بە ڕەسمی لە ناو سنووری دەوڵەتانی عێراق، ئێران و تورکیا دەژێت، هەستی وابەستەگیی بەو وڵاتانەوە کەمترە، چونکە کوردستان بە زۆری زۆرداری بەو وڵاتانەوە لکێنراوە، بۆیە ناسنامە (نیشتمانییەکەی) لاوازە، بگرە لە هەندێ حاڵەتەدا هەر بە جارێک نییە.

جۆرێکی تری ناسنامە، ناسنامەی ئاینییە. بۆ نموونە کوردێکی موسوڵمان ئەگەر باوەڕمەند بێت ئەوە ناسنامەیەکی ئیسلامییشی هەیە، لێرەدا گرنگە ئاگامان لەوە بێت ناسنامە ئاینییەکە بەسەر ناسنامە نەتەوەییەکەدا زاڵ نەبێت، چونکە ئەو کاتە تاکەکە وابەستەگیی ئاینی یان تایفەگەریی بەلاوە گرنگتر دەبێت وەک لە وابەستەگیی نەتەوەیی.

 

پیرۆزیی زمان

هەر زمانێک بۆ هەر نەتەوەیەک پیرۆزە. هیچ زمانێک لە زمانێکی تر پیرۆزتر نییە، با زمانەکە زمانی ئایینیش بێت، واتە بۆ کوردێکی باوەڕمەندی موسوڵمان نابێت زمانی عەرەبی لە زمانی کوردی پیرۆزتر بێت. میللەتان گشتیان گرنگی دەدەن بە زمانی خۆیان و لە وڵاتی خۆیاندا زمانی خۆیان بە گرنگ و باڵادەست دادەنێن. هیچ تاکێکی ئەڵمانی نییە زمانی ئینگلیزی یان فەرەنسیی بە لاوە گرنگتر بێت لە زمانی ئەڵمانی. سوێد وڵاتێکی بچووکە و زمانی سوێدی تەنیا لەو وڵاتەدا قسەی پێ دەکرێت و هەندێکیش هەن لە فنلەندا بە سوێدی قسە دەکەن، بەڵام زمانی سوێدییان بە لاوە گرنگە و بە هیچ زمانێکی دی نایگۆڕنەوە. لە قوتابخانەدا هەموو بابەتەکان بە زمانی سوێدی دەگوترێنەوە. تەنانەت زمانی ئینگلیزی ئەویش لە ڕێی زمانی سوێدییەوە دەگوترێتەوە. ئەوان لە بابەتە زانستییەکانیشدا وشەی بێگانە بە کار ناهێنن، تا ئەو ڕادەیەی توخمە کیمیاوییەکان ناوی سوێدییان هەیە. ئۆکسجین و نایترۆجین و هایدرۆجین و هتد… کە لە زۆربەی ولاتاندا هەمان ناویان هەیە، لە سوێد ناوی سوێدییان هەیە. گەلۆ ئەوە چۆن بوو لە کوردستاندا بابەتە زانستییەکان کرابوونە ئینگلیزی؟ لەسەر چ بنەماگەلێکی زانستی ئەو کارە کرابوو؟ لەسەر بناغەی کام تاقیکردنەوە، لێکۆڵینەوە و دەرەنجام ئەو بڕیارە درابوو؟ ئەو کارە خۆی لە خۆیدا بە دەستیکەمگرتنی زمانی کوردییە و پیرۆزکردنی زمانی ئینگلیزییە، کە نابێت بکرێت. لێرەدا پێویستە بێژم کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە جێی ڕێز و دەستخۆشییە. ئاساییشی نەتەوەیی بەندە بە ئاساییشی زمانەوە.