فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی “سفری لە ماڵ مانەوە…” لە نووسینی مەنسوور تەیفووری

هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەیی بۆ کتێبی “سفری لە ماڵ مانەوە…” لە نووسینی مەنسوور تەیفووری

حیسامەدین (هیوا) خاکپوور/ نووسەر/ سەقز

کتێبی “سفری لە ماڵ مانەوە…” کتێبێکی زانستیی و ڕۆشنگەرانە یان خوێندنەوەیەکی تاکڕەهەندی ئایدیۆلۆژیک؟

 

کتێبی “سفری لە ماڵ مانەوە: چوونەدەر لە ماڵی نائۆمێدی” بە قەڵەمی مەنسوور تەیفووری لە لایەن وەشانخانەی 49کتێب، چاپی یەکەم، سوێد 2024، بڵاو کراوەتەوە. لەم یادداشتەدا هەوڵ دەدرێت زۆر بە کورتی پێداچوونەوەیەکی ڕەخنەیی لەسەر ئەو کتێبە بێتە ئاراوە و ڕەنگوڕواڵەتە زانستیی و هەروەها ئایدیۆلۆژیکەکانی[1] ئەو کتێبە شەنوکەو بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا لایەنە داهێنەرەکانی نووسەر لەو کتێبەدا کە بە باوەڕی من لە “مێژوونووسی تیۆریک بە گێڕانەوەی ژێردەستان”دا دەگونجێت، دەخرێتە بەر باس. پاشان لایەنە ئایدیۆلۆژیکەکان و “پڕۆپاگاندای زانستی و ڕیتۆریک-میتافۆریک بۆ جەریانێکی تایبەت” لەو کتێبەدا وەبەر تیشکی ڕەخنە دەدرێت. هەر بۆیە بە باوەڕی خاوەنی ئەم یادداشتە، هەڵسەنگاندنی ئەم یادداشتە بۆ کتێبەکەی تەیفووری، کردنەوەی دیالۆگێکی ڕەخنەیی لەسەر ئەم باسانەیە بەو هیوای ئاسۆیەکی ڕوونتر لە ئاستی کاری زانستیی لەسەر مەسەلەی کورد و خەباتی لایەنە جۆراوجۆرەکان بکرێتەوە.

بە کورتی نووسەر دەیهەوێت بڕگەیەک لە مێژووی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕاوێژی چەپی کۆمەڵەیی بە کەڵوەرگرتن لە هەندێ تیۆری و چەمک لە پێشخوانی مەعریفیی ئاگامبێن و فۆکۆ بگێڕێتەوە. تەیفووری بۆ ئەم مەبەستە بە زمانێکی تێکەڵاو لە زمانی تیۆریک و میتافۆریک[2] لەگەڵ هەندێک لە چالاکوانانی کۆمەڵەیی وتووێژیی کردووە و گێڕانەوەی ئەوانی لە ڕووداوەکانی سەردەمی هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان بە بەرچاوگەی تیۆریی “دۆخی ئاوارتە” و “دەسەڵاتی یەکلاییکەرەوەی حاکم” بۆ بڕیاردان لەسەر دۆخی ئاوارتەی کوردستان و “تەشریعی حاکمییەت لەسەر دەسەڵاتی ژیان و مەرگی خەڵکی کوردستان” دووبارەسازی دەکاتەوە و مێژووی بەشێک لەو چرکەساتە چارەنووسسازە سەرلەنوێ دەنووسێتەوە. لە ڕووداوە بەرچاوەکانی ئەم گێڕانەوە “کۆڕەوی خەڵکی مەریوان” بەرەو “کەمپی کانی میران” و چۆڵکردنی شار بۆ بەرگریی لە خۆیان لە هەمبەر تۆتالیتاریزمی هێرشبەری ئیسلامییە. هەروەها داکۆکی لە “شوورای بەڕێوەبەری شاری سنە” کە لەو شوێن-کاتەدا لە بۆشایی “خودا-دەوڵەتدا” شێوەگیر دەبێت و ژیانی خەڵک بەسامان دەکات. ئەم تایبەتمەندیانە بە داڕشتن و ڕاوێژی بە گوێرەی نووسەر، چەپی ڕزگاریبەخش ڕەنگوڕواڵەتی زانستی بە کتێبەکە داوە. لێرەدا موناقشەی ئەو چوارچێوە تیۆریکە ناکەم کە ئایا کەڵوەرگرتن لە چەمکی “دۆخی ئاوارتە” بۆ شیکاریی دۆخی کوردستان ڕەوایە یان نا؟ واتە ئایا دۆخی ئاوارتە لە کۆمەڵگە تا ئاستێک دیمۆکراتیکەکاندا ڕوو دەدات، یان لە شوێنانێکی دیکەیشدا وەک ئەو دەوڵەتە سەردەستانەی کوردستان مومکینە ڕوو بدات؟ و ئایا ئەو جۆرە چەمکاندنە  بۆ حاڵەتی کوردستان ڕەوایە یان نا؟ ئەمە باسێکی دیکەیە و مەبەستی ئەم وتارە نییە. هەر چۆن بێت ئەو جۆر ڕوانینەی نووسەر تازەیی خۆی هەیە بەڵام شایانی ئاماژەیە پێش لە مەنسوور تەیفووری کەسانێکی دیکەیش لەو چوارچێوە چەمکییە کەڵکیان وەرگرتووە[3] و نووسەر پێشینەی کار بەم چوارچێوە فیکرییەی نەدیوە و کارەکانی پێش لە خۆی یان نەبینیوە و یان ئیرجاعی پێنەداون، کەوایە ئەوە کەمایەسییەکی بەرچاوە بۆ هەر نووسراوەیەک بە تایبەت نووسراوەی زانستی.

 

هەر چۆن بێت ئەو جۆر ڕوانینەی نووسەر تازەیی خۆی هەیە بەڵام شایانی ئاماژەیە پێش لە مەنسوور تەیفووری کەسانێکی دیکەیش لەو چوارچێوە چەمکییە کەڵکیان وەرگرتووە

 

بە گشتی ئەم باسانە کە ئاماژەمان پێدا، ئەو چوارچێوە تیۆریکە چەمکاندنییە و دابەزاندنی لەسەر ئەو بڕگە مێژووییە بۆ شیکاریی ململانێی هێزە ژێردەستەکان و هێزە سەردەستەکان، ڕەنگوڕواڵەتی زانستی بە کارەکەی بەخشیوە و تا ئاستێک داهێنەرانەیە.

بەڵام لە لایەنێکی دیکەوە نووسەر بە ڕوونی لە تەپوتۆزی شیکاریی ئایدیۆلۆژیکدا نووقم بووە، بە جۆرێک کە ئاراستەیەکی پڕاوپڕ لایەنگیرانەی تاکڕەهەندی ئایدیۆلۆژیک دەخاتە بەردەستی خوێنەر. نووسەر سیمایەکی  پاک و خاوێن لە کۆمەڵە دەخاتە ڕوو کە خوێنەر وا هەست دەکات تەواوی کرد و کرداری ئەوان  لەو سەردەمەدا بە تایبەت “مەدینەی فازیلەی کانی میران”،  سەرڕاست  بۆ ڕزگاری مرۆڤایەتی بە گشتی و بە تایبەتی مرۆڤی بەشمەینەتی کورد بووە. مەدینەی فازیڵەی کانی میران ئەو شوێنەیە کە خولگە و تەوەری ڕزگارییە و هەموو شتێک تێیدا یەکسان و جوانە و هیچ شێوەیەک لە هیرارشی بوونی نییە. ئەمانە بەلایەک بەڵام هەر کەسێک لە ئەلف و بێیەکی سادەی میتۆدۆلۆژیی توێژینەوی مێژوویی سەر دەر بکات، دەتوانێت لە تەیفووری بپرسێت: ئایا وتووێژ لەگەڵ دارودەستەی یەک حیزبی تایبەت بۆ گێڕانەوەی ئەو بڕگە مێژوویی کارێکی زانستییە یا چالاکییەکی تاکڕەهەندی ئایدیۆلۆژیکە بە سوودی بزاڤێکی تایبەت کە نووسەر سەمپاتی لەگەڵیاندا هەیە؟! پڕڕوونە هێچ نووسراوەیەک خاڵی لە بەها و ئایدیۆلۆژیی نییە بەڵام نەک بەو شێوە زەقەی کە بە قازانجی بەرجەستەسازیی یەک بزاڤ و خامۆشکردن و بە پەڕاوێزخستنی لایەنگەلی دیکە، کۆی خەباتی خەڵکی کوردستان کاریکاتۆری و مشەوەش بنوێنرێتەوە. بە واتایەکی دیکە نووسەر لە ئەدەبیاتی “خزمەت و خەیانەت” تێنەپەوڕیوە و تەواوی هەوڵی لەوەدا دەخاتە گەڕ کە پاکنواندنەوە لە چەپی کۆمەڵەیی بگەیەنێتە لووتکە و بە جۆرێک پیشانی بدات کە ئەوان هەڵگری ڕیسالەتی ڕزگاری ئێران و کوردستان بوون. ئەوان فریشتەی نەجات بوون و “کانی میران” غاری حەرای ئەو فریشتانە. دیارە مەبەست دابەزاندنی زەحمەتەکانی ئەو بزاڤە نییە بەڵکوو پرسیارە لەو نووسراوە ئایدیۆلۆژیکە کە ئێستەیشی لەگەڵدا بێت لە ئاڵقەی داخراو و گومڕاکەری  “خزمەت و خەیانەت” دەرباز نەبووە!. کۆمەڵەی خزمەتگوزار فریشتەی نەجاتە و ئەوانی دیکە بە تایبەت ئیسلامییەکانی کوردستان شەیاتینی خائین بە میللەت. جواننواندنەوەی خۆییەکان و چەپەڵنواندنەوی غەیری خۆیییەکان. دەکرێت خوێنەری بێلایەن بپرسێت: بۆچی نووسەر یەک وتووێژیشی لەگەڵ کەسانی بێلایەن لەسەر ئەو ڕووداوانە نەکردووە؟ ئایا ئەوە باشتر نەبوو کە لە ئاکامدا لێکەوتەی هاوبەشی ئەو وتووێژانە بە پێوەر بگرێت؛ نەک گێڕانەوەی تاکڕەهەندی چالاکوانانی کۆمەڵەیی؟! ئەم تاکڕەهەندی بوونە، خەمە ئایدیۆلۆژیکەکانی نووسەر لەقاو دەدات. ڕێک وەک ئەوە وایە نووسەرێکی ئیسلامی بێت لەگەڵ لایەنگرانی ئیسلامی، بە تایبەت ئاماژەی نووسەر بە مەکتەبی قورئانی موفتی زادەیە، وتوووێژیان لەگەڵ بکات و ئینجا بە هەندێک زمانی زانستی، ڕیتۆریک و میتافۆریک چەمکاندنی لەسەر بکات. پڕڕوونە مومکینە ئەوانیش ئەو مێژووە بە سوودی خۆیان بگێڕنەوە و لایەنی بەرامبەر دابەزێنن و خۆیان لە لوتکەی خزمەتگوزاریدا هەڵسەنگێنن. بنەمایەکی مرۆڤناسیی سادەیە کە مرۆڤەکان لە گێڕانەوەدا خۆیان خەتابار ناکەن، بەڵکوو ئەگەر پێغەمبەرانە و حەق بە جانب، خۆیان خاوەنی ڕیسالەتی ڕزگاری و نەجات دانەنێن ئەوە هونەریان کردووە، ئیتر دەدان نان بە هەڵەکاری و گێچەڵەکان پێشکەشیان. دەی کەوایە ئەو کارەی تەیفووری چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ ئەوەی ئیسلامیستێک بیهەوێت بیکات؟! بە باوەڕی من هەر دوو گێڕانەوەوەکە دەبنە دوو ڕووی دراوی ڕکابەریی گێڕانەوەی ئایدیۆلۆژیک. لەم نێوانەدا ئەوەی دەبێتە ئاڵقەی گومبوو، حەقێقەتە ناحیزبییەکان و ڕاستییە بێلایەنەکانە. ئەوەیشی زیبح دەکرێت ڕاستینەی مێژوویی بڕگەیەک لە خەباتی خەڵکی کوردستانە!.

 

نووسەر بە ڕوونی لە تەپوتۆزی شیکاریی ئایدیۆلۆژیکدا نووقم بووە، بە جۆرێک کە ئاراستەیەکی پڕاوپڕ لایەنگیرانەی تاکڕەهەندی ئایدیۆلۆژیک دەخاتە بەردەستی خوێنەر

 

نموونەی دیکە و بە پێچەوانەی گێڕانەوەی نووسەر لە شوورای ئەودەمی شاری سنە و خۆبەڕیوەبەری ئەوانە. هەموان دەزانین ئیسلامییەکان دەنگی زۆرینەیان لە هەڵبژاردنەکاندا هەبووە( هەشت کەسی ئیسلامی، سێ کەسی سکۆلار-چەپی بوون). ئایا تەیفووری نەیدەتوانی جیا لە یووسفی ئەردەڵان لەگەڵ کەسێکی دیکە لەو شوورایە وتووێژ بکات؟! بۆ میناک، هادی مورادی مامۆستای خانەنشینی زانکۆی عەلامە و کەسی سێهەمی شوورای ئەو سەردەمە نموونەیەکی تا ئاستێک بێلایەن بوو کە نووسەر دەیتوانی لەگەڵی باسوخواس بکات؟ بۆ شایەتی لەسەر ئەم بانگەشەم، هادی مورادی بەشێک لە باسەکانی یووسف ئەردەڵان لە وتووێژی ئەردەڵان لەگەڵ “ڕادیۆدیالۆگ” بە ناراست دەزانێت، دیارە ئەردەڵان هەر ئەو شێوە حەق بە جانبییەی لەو وتووێژ لەگەڵ تەیفووری هەیە. بەهەرجۆر مەبەستی ئەم نووسراوە ئەوە نییە کە بڵێت کێ ڕاستە و کێ ناراستە؟! مەبەست ئەوەیە تاکڕەهەندیبوونی ئەو گێڕانەوانە بسەلمێندرێت کە زیاتر لەوەی دڵەڕاوکێیی ڕوونکاریی نووسینەوەی مێژوویی پێشان بدات، هاوسۆزی و سەمپاتی نووسەر بۆ بزاڤی کۆمەڵە و هەوڵی ئەوان بۆ سازدانی مەدینەی فازڵە لە کوردستان و فریشتەئاساکردنی چالاکوانانی کۆمەڵە دەنوێنێتەوە. نووسەر بەم جۆرە ئەو جەریانە غوسڵی تەعمید دەدات و تەنانەت لە هەڵە چووکە مرۆڤییەکان خاوێنسازییان دەکات، ئیتر باس لە هەڵە گەورە بەرچاوە مێژووییەکانیان با بمێنێت، وەک شەڕی براکووژی و نەبیستنی دەنگی غەیر و قایل نەبوون بە ئازادی ئەوان و ڕووبەڕووبوونەی نازانستیی و ڕقەبەرانە لەگەڵ هەندێک لە بوارەکانی ژیانی کوردستانی[4]. بۆ ئەمەیش نموونە تا دڵ بخوازێت زۆرە، مەسەلەن ئێستەیشی لەگەڵدا بێت لەگەڵ ڕێز بۆ زەحمەت و ڕەنجەکانیان و لایەنە ئەرێنییەکانی ئەو بزاڤە، لە سەتا نەوەدی نازانن مارکس لە کوێدا وتوویەتی ئایین تەریاکی ئاپۆرەی خەڵکە؟ بەڵام ئەو بەڕێزانە وەک نووشتەی شێخان ئاوەکەیان دەخواردەوە و لە کۆدەقی کوردستاندا دووپاتیان دەکردەوە و زۆر جار شەروقڕەی گوڕچکبڕ لەگەڵ لایەنی نەریتیی ئاییینی کوردستاندا لێدەکەوتەوە. مەبەستم لەم نموونانە یادهێنانەوەی ئەو خاڵە گرینگەیە کە نووسینەوەی مێژووی خەباتی کوردستان بەو شێوە تاکڕەهەندییەی نووسەر، هەم نووسین، هەم خەبات هەم ڕزگاری کوردستان نەزۆک دەکات.

 

مەبەست ئەوەیە تاکڕەهەندیبوونی ئەو گێڕانەوانە بسەلمێندرێت کە زیاتر لەوەی دڵەڕاوکێیی ڕوونکاریی نووسینەوەی مێژوویی پێشان بدات

لە درێژەدا و بۆ سەلماندی زیاتری ئەو لایەنە ئایدیۆلۆژیکانە لە قەڵەمی نووسەردا، نموونەیەکی دیکە لەو کتێبە باس دەکەین. تەیفووری لە بەشی “بەڵێنی شاعیر” بە درووسی باسی شاعیری چەوساوەکان “قانع” دەکات و خەباتی ئەو لە دژی دەرەبەگ و ئاغا و شێخ و مەلاکان شەنوکەو دەکات. بەڵام مەخابن لێرەیشدا وێناکردنێکی کاریکاتۆری و ئایدیۆلۆژێک لە قانع دەخرێتە بەردەستی خوێنەر. نووسەر لە ئەنقەست ئەو لایەنانە لە قانع زەق دەکاتەوە کە هاوتەریب لەگەڵ گوتاری خۆیدایە واتە گوتاری مارکسیستی. بەڵام وێدەچێت “چاویلەکەی کۆبینیی” گوتاری قانع لای نووسەر زۆر کز دەنوێنێت. بەڵگاندن چییە بۆ ئەوەی دەڵێم نووسەر تووشی نەبینینی تەعەموودی ئایدیۆلۆژیک بووە؟ بەو هۆکارەی کە قانع یەکێک لە بیرمەندە­شاعیرەکانی قوتابخانەی تەنویرە کە چەخماخەکانی لەسەر دەستی حاجی قادری کۆیی لێدراوە و بە دەستی قانع و پیرەمێرد و فایەق بێکەس و ئەحمەدموختار جاف و مەلای کۆیە و… خەمڵێندراوە. هەر خوێنەرێکی ئاسایی قانع بخوێنێتەوە دەزانێت قانع تەنیا هەڵگری ئاڵای چەوساوەکان نییە؛ بەڵکوو قانع باسی زانستپەروەری و نوێخوازی و ڕەخنەگەری لە نەریتی چەقبەستوو و هەروەها بە تایبەتی باسی “کوردستانی بوون” بە ڕیوایەتی ناسیۆنالیستی دەکات. بۆ ڕەتکردنەوەی بۆچوونی ئایدیۆلۆژیکی نووسەر تەنیا ئەوە بەسەندەیە کە بڵێین: قانع بە پێچەوانەی ئایدیۆلۆژیای نووسەر لە یەکەم کەسانێکە کە تەنانەت بەر لە هانا ئارێنت باسی ” بێدەوڵەتی: STATELESNESS” و خەسارەکانی بۆ نەتەوەی بێدەوڵەتی کورد دەکات و دەڵێت:”ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە”. قانع  شاعیری نوێخواز، ڕۆشنگەریی چەوساوەکان و نیشتمانپەروەر بە وەسیەتی  خۆی دەبێژێت ئەم دوو بەیتە شێعرە لەسەر کێڵی قەبرەکەی بنووسرێت کە بە پێیی تیۆرییەکانی سەردەم دەتوانین ئاوا بیچەمکێنین” بێدەسەڵاتی ( بێدەوڵەتی) و ماڵوێرانی و بەرپەڵی خەسار بوون” برابەشی کوردانە[5]:

“نەبوو ڕۆژێ لە کوردستان سەرۆکێ یاخۆ خەمخوارێ/هەمیشە بۆ ئەبێ کوردان بەڵا و ناسۆری لێ بارێ؟/ ئەگەر مردم لەسەر قەبرم بنووسن تۆ خوا یاران/ شەهیدی عەشقی میللەت بووی کەچی نەتدی پەلامارێ[6]“.

بە بۆچوونی من تەیفووری بە ئەنقەست و بە مەیلی خۆی بە جێگەی تەفسیر، شێواندنی کاریکاتۆری دەخاتە بەردەستی خوێنەر

 

ئێستە پرسیار ئەوەیە بۆچی نووسەر ئەم لایەنانە بە تایبەت لایەنی ناسسیۆنالیستی شێعری قانع خامۆش دەکات؟ ئەگەر نووسەر بینووسیبا کە قانع لایەنگەلێ لە فیکری سیاسیی مۆدێرن واتە ناسیۆنالیزمیشی تدایە و من لەم نووسراوەدا لایەنە یەکسانیخواز و دژەچەوسانەوەکانی وەردوشەن دەدەم ڕێیی تێدەچوو بڵێین نووسەر مەبەستی ئایدیۆلۆژیکی نەبووە لەو کارە. بەڵام بە بۆچوونی من تەیفووری بە ئەنقەست و بە مەیلی خۆی بە جێگەی تەفسیر، شێواندنی کاریکاتۆری دەخاتە بەردەستی خوێنەر. چونکە لە ئایدیۆلۆژیای نووسەردا دامودەزگای دەوڵەت و سەرمایەداری دێوەزمەی کوشتنی مرۆڤایەتین[7]. لێرەدا مەجالی لێکدانەوەی ئەم بۆچوونە بۆ دەوڵەت و دەوڵەتخوازیی قانع نییە، تەنیا دەمهەوێت قامک بۆ ئەو لایەنە لە نووسینەکەی نووسەر ڕابکێشم کە نووسەر قانعی دڵخوازی خۆی دەنوێنێتەوە نەک قانعی ڕاستەقینەی قوتابخانەی تەنویر[8]. بەم شێوەیە نووسەر درێژە بە خوێندنەوەی ئایدیۆلۆژیکی خۆی دەدات و تەنانەت لە باسی “مزگەوتی ڕزگاربوو” بە جۆرێک باسی نوێخوازی و سکۆلاریزمی سیاسی لای شێخ عێزەدین حسەینی دەکات کە گوایە تەنیا پێگەی چەپەوانەی ئەوانە وەها رۆشنگەرییەکی بۆ کوردستان کردووە. ئیتر خافڵ لەوەی شێخ عێزەدین لە ژێر کاریگەری گوتاری ریفۆرمیستی جیهانی ئیسلامدا وەک جەمالەدینی ئەسەدئاوایی و محەمەد عەبدۆ، باڵی کێشاوە بۆ لای نوێخوازی ئایینی کە پێشتر چەخماخەکانی لای مەلای کۆیە و شێخ محەمەدی خاڵ لێدرابوو، بەڵام نووسەر ئەمانە باس ناکات و تەنیا ئەوەی لە ئاراستەی مەیلی مارکسیستی ئەواندا بێت پێشانی دەدات و هەمووی ئەو لایەنانەی تر نەبینراو دەکات.

بە گشتی ئەم کتێبە مێژوو بە ڕاوێژی کۆمەڵە و چەمکاندنی چەپەوانە و ئایدیۆلۆژیک یان بە تەعبیرێکی دیکە جۆرێکە لە “نارسیزمی دەستەجاتی بۆ ڕزگاریبەخشی”. لێرەدایه دەتوانین بڵێین باسەکانی نووسەر  نەک هەمووی ڕاستییەکانی ئەو سەردەمەیە و نەک هەمووی خوێندنەوەکانی نووسەر لە دووتۆی ئەو کتێبەدا ڕاستن بەڵکوو تەپوتۆزی ئایدیۆلۆژیک چاویلکە زانستییەکەی نووسەری ڵێڵ کردووە. مەعلوومی زۆرینەی خوێندەوارانە کە کاری زانستی تا ئاستێک دەبێت بێلایەن بێت نەک بەو شێوەی کە سەمپاتی لەگەڵ حیزبێکی تایبەت بکەیتە پێوەر بۆ گێڕانەوەی بڕگەیەکی مێژوویی و بە نارسیزمێکی سەرمەستانەی دەستەجاتی وەک ئەوەی قورئان دەیڵێت:” کل حزب بما لدیە فرحون: هەموو حیزب و دەستەجاتەکان بەو شتەی هەیانە سەرمستن”، خۆییەکان و کاروباریان بە خەباتی ڕاستەقینە لە قەڵەم بدرێت و ئەوانی دیکە دزێو و قەوێح نیشانکەرد بکرێن بە شێوەیەک کە هیچ کارێکیان جگە لە خەیانەت بە نیشتمان و بە خەباتەکەی ئەوان نەکردووە. ئەمەیە کە گێڕانەوەکە گێڕانەوەیەکی مەیلی و دڵخوازانە و دەستەجاتی لێدەر دێت تا نزیکبوونە لە گێڕانەوەیەکی ڕاستەقینە.

 

ڕەخنە لەم کتێبە بە مانای دەنگدانەوەی قەیرانی زەینی کوردی بە ڕاوێژی حیزبییە. قەیرانی گێڕانەوەی زەینی نووسەری ئایدیۆلۆژیک کە مومکینە لە زیندانی تیۆر و تێگەی یەک چوارچێوەی فیکری یان حیزبی دەستەجاتیدا تووشی هاتبێت

 

بە باوەڕی من ئەمانە و هەندێ باسی ڕەخنەیی دیکە[9] بە خەستی کتێبەکەی نووسەری ئاوێتە لەگەڵ ڕوانگەی ئایدیۆلۆژیک کردووە و باندۆری لەسەر لایەنە زانستییە ڕۆشنگەرەکەی هەبووە. دەکرا نووسەری کتێب بڵێت: من ئەو برگە مێژووییە تایبەتە بە ڕوانگە و سەمپاتی لەگەڵ ئەو حیزبە دەخوێنمەوە و مومکینە کردوکاریان و گێڕانەوەکانیان تێکەڵاوێک بێت لە ڕاستی و ناڕاستی، درووستی و هەڵە و … ئەم کارە ئاوەزمەندتر بوو چونکە خوێنەر خۆی لەگەڵ وێنای حەقێقەتی ڕەهادا ڕووبەڕوو نەدەبینی بەڵکوو ئەو کتێبە دەبوو بە سوێنگەنیگایەک لە کۆی سوێنگەنیگاکانی بەو چرکەساتە مێژووییە بەڵام نووسەر هیچی ئەمانە ناڵێت و  خوێنەر خۆی لەگەڵ وێناکردنێکی فریشتەئاسا، کە نووسەر بۆ گێڕانەواکانی ئەو جەریانە قایلە، دەبینێتەوە و لێرەدایە کە حەقێقەتی ڕەهای ئەوان باڵی ئەندێشە دەشکێنێت و مێژوویەکی خوازراوی کۆمەڵە بە چەمکاندنی و وێژمانی تەیفووری دەخرێتە بەر دەستی خوێنەران.

ئەگەر ڕەخنە و قەیران لە وشە ئینگلیزییەکەیدا لە یەک ماددە بن، ڕەخنە لەم کتێبە بە مانای دەنگدانەوەی قەیرانی زەینی کوردی بە ڕاوێژی حیزبییە. قەیرانی گێڕانەوەی زەینی نووسەری ئایدیۆلۆژیک کە مومکینە لە زیندانی تیۆر و تێگەی یەک چوارچێوەی فیکری یان حیزبی دەستەجاتیدا تووشی هاتبێت و خۆیشی بە خۆی نەزانێت بەڵام بۆ خەڵکانی دەرەوی ئەو بازنە بەرهەست و دیار بێت.

وەک خاڵی کۆتایی ئەوەیش زیاد بکەم کە  کوردستان زیاتر لە هەر ساتێک لەم سەردەمەدا پێویستی نە عەقڵانییەتێکی ڕەخنەگرانەی سەروحیزبی هەیە  کە ڕامانێکی فیکری فەلسەفی لەسەر خۆی و ڕابردوو و جیهانی دەورووبەر و ئاسۆکانی داهاتووی هەبێت . ئەمەیش بە مەبەستی لەخۆگرتنی تەواوی خەڵکی کوردستان و مسۆگەرکردنی ژیانێکی کەمتر ڕەنجاوییە بۆ ئەوان، نەک تەنیا زەقکردنەوەی لایەنێکی تایبەت و خامۆشکردنی دەنگەکانی دیکە. ئەو عەقڵانییەتە تازەڕسکاوە ڕەخنەگرانە چوار پرسیاری بنەڕەتی: من کێم؟ من چێم؟ من چیم دەوێت؟ و من لە چ دۆخێکدام؟ وەک ئەجێندای تیۆریی و پراکتیکی خۆی ڕەچاو دەکات. بە باوەڕی من هێدی هێدی ئەو عەقڵانییەتە لەحاڵی ڕسکاندایە و نماناکانی لێرە ولەوێ دەبێندرێت.

[1]. مەبەستم لە دەستەواژەی ئایدیۆلۆژیا لەم نووسراوەدا، جۆرێکە لە هۆشیاریی لایەنگرانەی ئەنقەست کە حەقێقەت لە لایەنێکدا قەتیس دەکاتەوە و دیکەی لایەنەکان یان دادەپۆشێت یان وەپەڕاوێزیان دەخات. هۆشیارییەکی لێوڕێژ بە پرۆپاگاندای دەستەجاتی. دیارە ئایدیۆلۆژیا مانای جۆراوجۆری هەیە بەڵام مەبەستی من لە ئایدیۆلۆژیا لەم نووسراوەدا ئاگاییەکی تاکڕەهەندی لایەنگرانەی پاوانخوازە کە جیهان و مرۆڤ و دەوروبەر و ئەندێشە و خەبات و مەسەلەی کورستان و هتد بە چاویلکەی تەنگەبەری خۆی لێک دەداتەوە و حەقێقەت تەنیا بەوە دەزانێت کە لە چاویلکەی ئەندێشەی ئەودا دەبینرێت.

خوێنەر بۆ مانا جۆراوجۆرەکانی دەستەواژەی ئایدیۆلۆژیا دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی : Idiology: an Introduction By Tery Eagelton  پێشەکییەک لەسەر “ئایدیۆلۆژیا” لە نووسینی تێری ئیگەلتۆن.

[2] . ئەم زمانە لە نووسین ژانرێکی تایبەتە کە زۆر جار نووسەرانی سەر بە ئەندێشەی چەپ کەڵکی لێوەردەگرن. زمانێکی تا ئاستێک ناڕوون  و ژارگوون، زمانێ کە تێگەیشتنی تا ئاستێک ئەستەمە مەگەر بۆ کەسێک کە خوێندنەوەی لەو بوارەدا زۆر بووبێت، ئەگینا بۆ کەسانی دیکە ئالۆزیی خۆی هەیە و بگرە خوێنەران باش لێی تێنەگەن کە نووسەر دەیهەوێت چی بڵێت؟! و ئەمەیش بۆ خۆی ڕەخنەیەکی جێدییە.

[3] . بۆ نموونە نەریمان محەمەدی لە وتارەکانیدا کە لە گۆڤاری پۆلیتیا بڵاو بوونەتەوە بە تایبەت وتاری” پاندمی فانتزیها در فضای دیستوپیایی” لەو چوارچێوە چەمکییەدا دەسوورێتەوە. نووسەرانێکی دیکەیش وەک ئەحمەد محەمەدپوور و کەماڵ سلێمانی لەو خشتە تیۆریانەی بۆ شیکاری دۆخی کوردستان بە تایبەت لە بازنەی چەمکی کۆلۆنیالیزمی ناوخۆییدا کەڵکیان وەرگرتووە. هەروەها سارۆ ئەردەڵان لە وتاری ” کۆلۆنیالیزم و شۆڕش”دا( گۆڤاری تیشک) هەندێک موناقشەی تیۆریکی لەسەر چەمکی دۆخی ئاوارتە، هاوپەیوەند لەگەڵ مەسەلەی کۆلۆنیالیزم وەگەڕ خستووە.

[4] . خوێنەر بۆ ئالەنگاری لەگەڵ هەندێک لەو گێڕانەوانەی نووسەر و ئەو کەسانەی لەگەڵی وتووێژی کردوون، دەتوانێت بڕوانێتە ئەم گێڕانەوانەی خوارەوەیش کە بە باوەڕی من مومکینە ئەمانەیش تێکەڵاوی مەیل و ئارەزوو و ڕاستی و ناڕاستی بن بەڵام مەبەست تەنیا ئەوەیە بوەترێت: مێژوو بە ڕاوێژی یەک لایەن و یەک جەریان ناتوانێت لە ڕاستی نزیک بێت. بۆ وێنە بڕواننە باسی ڕەشاد مستەفا سوڵتانی بە سەرناوی “کۆمەڵە و سوپای ڕزگاری” لەم ئادرەسەدا: https://werash.wordpress.com/2009/05/04

یان بۆ نموونە خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی “شەڕی کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکرات، ئەو شەڕەی نەدەبوو ڕوو بدات”بە قەڵەمی برایم چوکەڵی”.

[5] .  بڕوانە وتاری ناسیۆنالیزم، جیهانوەتەنخوازی و بێدەوڵتی، نووسەر کرەیگ کاڵهۆن بە وەڕگێڕانی حیسام خاکپوور لەم ماڵپەڕەدا:  https://jineftin.krd/2023/12/17

[6] . بڕوانە دیوانی قانع، پێشەکی عەبدوڕەحمانی ئەشکۆ، وەشانخانەی ڕۆژ، 1399،ل: 27.

[7] . لەم باسەدا تا ئاستێک هاوڕای بەرەی چەپ هەم بەڵام بە باسێکی ناتەواوی دەبێنم و تا ئەم سەردەمەی ژیانی خوێندنەوەم لەسەر ئەو باوەڕەم دەوڵەت وەکوو دەرکەوتەی لایەنی سیاسیی مۆدێرنیتە وەک خودی مۆدێرنیتە شمشێرێکی دوولێوارە، هەم ڕزگاریدەرە هەم سەرکوتکەر. بۆیە ئاسۆی سیاسی جیهان لەو لایەنە ڕزگاریبەخشەی بەهرەدارە بەڵام بەشمەینەتییەی کورد لەوەدایە هەم لایەنی ڕزگاریدەرییەکەی نییە هەم بە خەستی لەلایەنە سەرکوتکەرەکانی دەوڵەتە سەردەستەکانی بەهرەمەندە. جیهان لە داهاتوودا بەرەو چ ئاراستەیەکی سیاسیی دەڕوات و دەوڵەت نەتەوە چی بەسەر دێت ئەوە پێشبینی ناکرێت، بەڵام ئەوەی دیارە کورد لە نەبوونی دەوڵەتدا بووەتە بەرپەڵی بەڵا و ڕەشەکوژی. باسی زیاتر لەسەر ئەم مەسەلە لەم مەجالەدا ناگونجێت.

[8] . بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ ئەم باسانە خوێنەر دوتوانێت بڕوانێتە ئەو دوو کارەی خۆم لەسەر قوتابخانەی تەنویر:

https://diasporawf.org/commentary-ckb-ku/1537

https://t.me/nvcubvfdcgnnb99/65?single

[9] . ناپەرژێمە سەر بەشەکانی دیکە کە لەوانیشدا ئەو بەرزاندنە ئایدیۆلۆژیکە دەبینرێت. بۆ نموونە لە بەشی” شانۆی سیاسەتی ژنانە” نووسەر بە درووسی چالاکییەکانی و زەحمەتەکانی ژنانی کۆمەڵە بۆ کوردستان و بۆ ژنان دەخاتە بەر باس. بەڵام لێرەیشدا بە زمانێکی تا ئاستێک زیادەبێژانە جۆرێک لە مەسەلەی ژن لای کۆمەڵە باس دەکات کە تۆ دەڵێی ئەو مەسەلە دەمئافرێندراو و خەلقوساعەی ئەو جەریانە بووە. لە کاتێکدا چەخماخەکانی ئەو مەسەلەیە بە شێوەی تیۆریک و پراکتیک لای قوتابخانەی تەنویر لێدراوە. میناک هەر لە حاجی قادر و مەلای کۆیە و قانع و پیرەمێردەوە تا دواتریش لای هێمن کە قەرزدارە بەو قوتابخانەیە بە تایبەت بە حاجی قادری کۆیی، ئەم باسانە خەمڵێندرابوون. شایانی ئاماژەیە و جێگەی سەرسووڕڕمان کە مەلای کۆیە وێڕای ئەوەی پیاوێکی ئایینی بووە بە چاویلکەیەکی کوردستانییە هەڵدەستێت بە ڕیفۆرم و نوێخوازی و بەرگری دەکات لە مافی ئافرەتان و بۆ نموونە کچەکەی خۆی لەگەڵ کوران دەنێرێتە قوتابخانە. ئەمە لەو سەردەمەدا نزێکەی 100 ساڵ لەمەو بەر ئەکتێکی تەواو ڕادیکاڵ بووە. بەهەرجۆر لای نووسەر هیچێک لە ڕێشە مێژووییەکانی باسی مەسەلەی ژن بە ئاماژەیش بووبێت وەبەر باس نادرێت و دیسانەوە جۆرێک نمایش دەکرێت کە هەموو شتێک دەمئافرێندراو ئەو جەریانە هێناویانەتە گۆڕێ.