فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وەسیەتنامەکەی پێرەمێرد و سێکۆچکەی: زانست و کوردییەت و ئەخلاق

وەسیەتنامەکەی پێرەمێرد و سێکۆچکەی: زانست و کوردییەت و ئەخلاق

حیسامەدین ( هیوا) خاکپوور/ نووسەر/ سنە

 

پێرەمێرد هەر وەک هاوسەنگەرانی  لە قوتابخانەی تەنویردا واتە حاجی قادر، قانع، فایەق بێکەس و… بە وێژمانی تایبەتی خۆیەوە، سەرلەبەری ژیان و ئاسەواری خۆی بۆ وەگەڕخستنی بیری نوێخوازی و ڕۆشەنگەری لە کوردستاندا دەکار کردووە. لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قوتابخانەیە سەرەڕای ئەوەی کە خوێندنی کلاسیکیان لە حوجرە و دیوەخانی کوردیدا هەبووە، بە گشتی دەتوانین بە چەن خاڵی سەرەکی وەکوو بەرکوڵێک بۆ باسەکەمان ئاماژە بکەین. هاوڕابوون لەگەڵ عەقڵی مۆدێرن و گۆڕانکارییەکانی مۆدێرنیتە، بانگەشە بۆ مافی مۆدێرن و ڕەوای کورد واتە سەروەری سیاسی، سڕینەوەی خوڕافە و گوتاری بانگەشە بۆ چاکسازی ئایینی، بانگەشە بۆ خوێندەواری و زانستپەروەری، بانگەشە بۆ دادپەروەری و یەکسانی و مافی ژێردەستان و لەوانە ژنان، خوێندنەوی سەردەمیانە لە ئایین و هاوڕێژکردنی لەگەڵ دۆخی کوردستان، بانگەشە بۆ ئەخلاق و ڕەوشتی بەرز، خەڵاسکردنی شێعر لە زنجیری نەریتی غەزەڵوێژی و تا ئاستێک بە سیاسییکردنی شێعر و هێنانە ئارای ناوەرۆکی شێعری ڕزگاری و… لە تایبەتمەندییەکانی ئەم قوتابخانەن کە لەم کورتەباسەدا ناگونجێن[1]. پیرەمێرد و دەقەکانی دەبێت لە نێو ئەو خانەدا خوێندنەوەی بۆ بکرێت و بیرۆکەکانی وەردوشەن بدرێت.

بە باوەڕی من “چووکە مانیفیستێکە” بۆ ئاشنایی لەگەڵ قوتابخانەی تەنویر

 

یەکێک لەو دەقانەی کە کەمتر سەرنجی دراوەتێ، دەقی وەسیەتنامەی پێرەمێردە[2] کە بە باوەڕی من “چووکە مانیفیستێکە” بۆ ئاشنایی لەگەڵ قوتابخانەی تەنویر و ئەو نوێخوازیانەی کە ئەوان بە پێی زەمینە و زەمانەی خۆیان دەیانویست لە کوردستاندا جێگیر بێت. لەم دەقەدا کە ئاخرمەنزڵ و کۆتاوێستگەی ژیانی هزری پیرەمێردە، وەکوو بەڵگەنامەیەک، بە گشتی نوێنەری قوتابخانەی تەنویر و بەرەی یەکەمی ڕۆشنبیرانی کورد و بیرۆکەکانیان و ڕوانینیان بۆ زانست و بۆ کوردستان و بۆ خۆ و بۆ ئەوانی ترە. بە تایبەتیش عەرزی ئەحواڵی ئەندێشە و هزری پیرەمێرد و ئارەزوو و خولیاکانیەتی: واتە زانسپەروەی، نیشتمانپەروەری و ڕەوشتبەرزی.

پیرەمێرد لە دەقی وەسییەتنامەکەیدا پاش ئەوەی کە دەڵێت لە عومری دوور و درێژی خۆیدا گەلێ ئەزموون و بەسەرهاتی دیوە و گەلێ شاران و وڵاتان گەڕاوە و گەڵی پادشا و گەورە پیاوی دیوە و تاڵی و سوێری و زیندان و دەربەدەری زۆری چەشتووە؛ لەوانەیە ئیتر کەڵکی خزمەت بە نیشتمانی نەمابێت، ئەوا بە سەربەرزی بێئەوەی ئازاری کەسێکی دابێت؛ بە دەروێشی و قەلەندەری و ئاخرخێری ڕوو دەکاتەوە قاپی ئەبەدی و تەنیا داوا دەکات دوو سەرچاوەی ڕۆشنبیریی، واتە قوتابخانەی “زانستی” و ” ڕۆژنامە ” ژین”  کە بۆخۆی سەرپەرشتی کردوون و شیرەی ژیانی ئەو بوون بپارێزیەن:

” ئەمجارە ئەمرم، لە مردن ناترسم، ژیانێکی باش و عومرێکی درێژم ڕابواردووە، گەڵێ شاران و وڵاتان گەڕاوم، گەورە و پادشاهانم دیوە، تاڵی و سوێری زۆرم چەشتووە، بە نیوەخوێندەواری لە سلێمانی دەرچووم و خوێندنێکی بەرزم هێنایەوە، بە سەربەرزی دەزانم کە لە ڕێیی باوەڕی خۆمدا حەپس و زیندانێکی زۆرم دیوە. لەم وڵاتە دوو چاوم هەبووە: یەکێ ( زانستی [3]) و یەکی ( ژین[4]). ئێستە کە ئیتر لەوانەیە کەڵکی خزمەتم نەمێنێ و ببم بە بار بەسەر خەڵکەوە، ڕوو دەکەمەوە قاپی ئەبەدی، ڕوو دەکەمە قاپی ئەبەدی بەبێ ئەوەی ماڵی کەسم خواردبێ، موحتاجی کەس بووبێتم، هیچم پاشەکەوت نەکردووە، هیچیشم لە دوا بەجێنەماوە، چاوم لە دوای خۆم نییە، خۆم بە ئاخرخێر دەزانم…”

هیوای ئەوە بوو قەوم و میللەتەکەی پلەیەک زانستیتر بن

پاشان  وەک ڕۆشنبیرێکی زەمانەی خۆی ئاواتە بەرزەکانی دەنووسێتەوە و یەکێک لە ناوەرۆکە زەقەکانی فیکری قوتابخانەی تەنویر دەنوێنێتەوە کە ئەویش بانگەشەیە بۆ زانست و زانستکاری لەلای نەتەوەی کورد. هیوای ئەوە بوو قەوم و میللەتەکەی پلەیەک زانستیتر بن و ئەمە وەکوو گرێیەک لەسەر دڵیدا مایەوە و بە چاوی خۆی ئەو پەرەسەندنەی نەدی بەڵام سەرەڕای ئەوەیش وەکوو “عەقڵێکی گەشبینانەی سپینۆزایی[5]” کە تاریکی و نەهامەتییەکان دەبینێت هیوامەندانە دەژی و چالاکی سازێنەرانە دژی دۆخی زاڵ دەنوێنێت، چونک بە باوەڕی پیرەمێرد هەموو جۆرە توانستێک لەم نەتەوەدا هەیە:

” هەرچەندە یەگانە هیوام ئەوە بوو کە ببینم قەوم و میللەتەکەم، پلەیەک لەمە بەرزتر و خوێندەوارتر و پێگەیشتووتربن، بوو بە گرێ لە دڵما و نەمدی، لەگەڵ ئەوەشا بەختیارم چونکە بۆم دەرکەوت کە قەوم و میللەتەکەم لە هەموو جۆرە توانا و قابلییەتێکیان تێدایە، ئامۆژگاریم ئەوەیە بخوێنن، کور و کچ تا خوێندەوار نەبن بێسوودە، هەموو شتێک بە عیلم و فەنەوەیە وەکوو وتوومە:لای من بە خوێندەوارییە ئاە خوێندەوارییە/ هەر میللەتێ کە فەنی نەبێ دەردی کارییە/ ئاە خۆزگە خوێندنیش وەکوو من ئارەزوو ئەکەم/ بیبینم و نەبێتە گرێی قورسی کفنەکەم…”

 

ڕۆشنبیرێکی وەکوو پیرەمێرد و حاجی و و قانع، دەیانزانی کە ماڵپەروەری لەگەڵ نیشتمانپەروەی و زانستپەروەری و ڕەوشتبەرزی پێکەوە گرێ نادرێنەوە

 

پڕڕوونە بەو پێیەی کە لەو سەردەمەدا خوێندەواری و زانست و فەن لە کوردستان کەم بووە، پیرەمێرد “ڕێگەی عیلم و  فەن” وەکوو ڕێگەیەکی پێشکەوتن و ئاوەدانی و ڕزگاری سەیر دەکات، ” بۆیە حەز لە خوێندن و مەکتەب ئەکەم / بە خوێندن ئاوا ئەبێ وڵاتەکەم[6]” کە بەشکوو ئەو خولیایە نەبێتە “گرێی قورسی سەر کفنەکەی” و ئەو ئاواتەی وەدیبێت. خالێکی دیکەی جێگەی سەرنج لەم بەشەدا ڕوانینی بەرابەریخوازانەی پیرەمێردە بە ژن و پیاو و دەڵێت دەبێت کچ و کور تێکڕای یەک ڕێگەی زانست بپێون. واتە پێرەمێرد دەیەوێت زانست لە چەپۆکی باوکمەزنی ڕزگار بکرێت و ژنانیش وەکوو نیوەی کۆمەڵگای کوردی هەوڵی زانستپەروەری خۆیان بخەنە گەڕ. هەروەها پیرەمێرد پێناسەی “عیلم و عالم”یش کە تاکوو ئەو سەردەمە وەکوو عیلمی ئایینی دەناسرا، دەگوازێتەوە بۆ عیلم و زانست بە مانا مۆدێرنەکەی و هەر وەک لەو دەقەدا هاتووە دوانەی “عیلم و فەن” پێکەوە دەکار دەکات و ڕێک ئەو دووانە پێشاندەری ئەو گواستنەوە پارادایمییەیە[7].

دواتر وەکوو ژیانێکی بە قەناعەت و ڕەوشتبەرزانە و دەروێشمەسلەکانە بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆر مادیاتپەروەر و ماڵپەرەست مەبن و دونیا بە کۆڵەوە مەگرن. هەڵبەت وێدەچێت لەو سەرەدەمدا هێشتا مەنتقی سەرمایەداریی زۆربەی کەلێن و قو‌ژبنەکانی ژیانی مرۆڤی داگیر نەکردبێت بەڵام ئەوەی هەیە کە ڕۆشنبیرێکی وەکوو پیرەمێرد و حاجی و و قانع، دەیانزانی کە ماڵپەروەری لەگەڵ نیشتمانپەروەی و زانستپەروەری و ڕەوشتبەرزی پێکەوە گرێ نادرێنەوە و جەستەی ئەوان ئیجتماعی دژیەکەکان هەڵناگرێت:

“ئامۆژگاریم ئەوەیە بە شوێن مادە مەکەون، دنیا زۆر بە گران مەگرن…”

ئینجا دێتە سەر باسی مەسەلەیەک کە دەتوانرێت بە دەستەواژەی “ناسیۆنالیزمی داڕێژراو[8]” چەمکاندنی لەسەر بکرێت. واتە ناسیۆنالیزم بە پێی شوێنکاتە مێژووییە جیاوازەکان دەکرێت هاوڕێژ لەگەڵ ڕەنگوڕواڵەتی ئەو بەستێنە جیاوازانەدا دابرێژرێتەوە. خۆیایە کە لە بەستێنی کوردستانیدا زۆرجار ناسیۆنالیزم تێکهەڵکێشی دین کراوە و “ناسیۆنالیزمی داڕێژراوی ئایینی[9]” سازێندراوە. واتە زۆربەی کەسایەتییە سیاسیی و ڕۆشنبییرییەکانی پێشتری کورد، هەم ئایینی بوون و هەم دەروەست بە مەسەلەی کورد. پیرەمێرد و قوتابخانەی تەنویر و زۆرەینەی ڕۆشنبیرانی بەرەی یەکەم لەم بازنەدا دەگونجێن. واتە “ناسیۆنالیزمی ئایینی” و هاوکات تا ئاستێک بانگەشە بۆ دادپەروەری و هەژارنەوازی دەکەن. پیرەمێرد بانگەشەی خزمەتی بێ چاوەنواڕی و ڕاست و درووست  بە نەتەوە و زمان و نیشتمان دەکات و هەروەها بە پێچەوانەی ئیسلامی سیاسیی خوێندنەوەیەکی ئەخلاقی لە دین دەخاتەڕوو و خوازیاری خواناسی و پێغەمبەرناسی و ڕەوشتبەرزییە و دەبێژێت:

“تا ئەتوانن خزمەتی ڕاست و بێ مقابلی قەوم و زمان و وڵاتەکەتان بکەن و دەستی داماوان بگرن و لە دین لامەدەن و خواو پێغەمبەری خۆتان بناسن و ڕەوشتتان پاک و خاوێن بێت”‌.

 

لێرەدایە گەر خوێندنەوە لە ئایین بەم شێوەیە بێت و لە شوێن خەلافەت و ئوممەی ئیسلامی نەگەڕێت کە دژبەری ناسیۆنالیزم بە گشتی و بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی کوردییە

 

لەم دێرەدا پشتبەستکردنی  ئایین بە ئەخلاق دەبینرێت واتە لێکەوتە و ئارمانجی ئایین و خواناسی پێویستە ببێتە ئەخلاقبەرزی و ئاکارپاکی و فەزیڵەتباوەڕی. لێرەدایە گەر خوێندنەوە لە ئایین بەم شێوەیە بێت و لە شوێن خەلافەت و ئوممەی ئیسلامی نەگەڕێت کە دژبەری ناسیۆنالیزم بە گشتی و بە تایبەتی ناسیۆنالیزمی کوردییە، دەکرێت لەگەڵ ناسیۆنالیزم گرێ بدرێتەوە[10]. ئەو شتەی کە ئاوێنەی باڵانوێنەکەی و سەرچەشنەکەی لای پیرەمێرد دەبینرێت[11].

بە ڕاشکاوی ئەو سێکۆچکەی لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا لەم ڕستەدا دەبێنرێت. زانست و کوردییەت و ئەخلاق. لەلای پیرەمێرد گەشەونەشەی زانست لە کورستان لە لوتکەی خزمەت بە نەتەوەدا دادەنرێت و وەکوو گرێیەکی دەروونی خۆی ناوی دەبات کە لە تەمەنی خۆیدا هێشتا پێینەگەشتووە.

نەورۆز لەوێڕا لە سەر دەستی پیرەمێرد خاڵێکی وەرچەرخان لە پرۆسەی ڕزگاریخوازی کوردیدا وەردەگرێت

 

پاشان لە بەشی ئاخری وەسییەتەکەیدا باسی ئەو میراتەی دەکات لێی بەجێماوە کە ئەوێش هەر لەو بازنەی زانستپەروەری و پەرەسەندنی زانایەتی لە کوردستاندا دەسووڕێتەوە. واتە چاپخانە و ڕۆژنامەکەی مەفەوتێنن:

” …ڕۆژنامەکەیش لە دەست مەدەن، چاپخانەکە ئیش پێ بکەن چونکە لەلایەکەوە ناکوژێتەوە و خزمەتێکی پێ ئەکرێت، لەلایەکی تریشەوە ئەو جیهەتانەی من یارمەتیم داون بەڵکوو بە هۆی ئیشکردنی چاپخانەکەوە ئەو یارمەتییەیان لێ نەبڕێت”.

لە ئاکامدا دەبێژێت شیعر و نووسینەکانم مەفەوتێنن و جێگەی کەڵکە و… گەر مردیشم لە “گردی مامە یارە[12]” بمنێژن. گردی مامەیارە ئاخێزگە و نمانای نەورۆزی کوردییە کە لەوێدا پیرەمێرد نەورۆزی بە ڕەنگوبۆی سیاسکراوی کوردی بەڕێوە دەبرد. نەورۆز لەوێڕا لە سەر دەستی پیرەمێرد خاڵێکی وەرچەرخان لە پرۆسەی ڕزگاریخوازی کوردیدا وەردەگرێت و دابڕانێک لە ڕابردوو دەسازێنیت[13] کە ئێستەیشی لەگەڵدا بێت ئەو مانا نوێیانە درێژەی هەیە:

” ئامۆژگاریم ئەوەیە شیعر و نووسینەکانم کۆکرایەوە مەیفەوتێنن، ئیستفادەی لی ئەکرێت. ئامۆژگاریم ئەوەیە لە گردی مامەیارە بمنێژن و بۆم مەگرین. ئەگەر زۆر بیرتان کردم جار جار سەرم لێبدەن…”

بە گشتی دەبێنین کە ئەم دەقەی پیرەمێرد بە سێ تێگەی سەرەکی واتە زانستپەروەری و نیشتمانپەروەری و ڕەوشتبەرزییەوە خەمڵێندراوە کە دەکرێت ئەمڕۆیش وەکوو سەرمەشقێکی فەرهەنگی کەڵکی لێوەربگیردرێت.

 

 

 

[1] . قوتابخانەی تەنویر لە مێژووی فیکری کوردیدا وەکوو کەلێنێکی توێژینەوەییی جیدی هەڵگری دەیان کتێب و وتارە تا لایەنەکانی بیری ئەو بیرمەندە شاعیرانە، چەمکاندنی سەردەمیانە و ئاکادمیکی لەسەر بکرێت.

[2] . دەقی وەسیەتنامەکە لەم ناونیشانە وەرگیراوە:

” دیوانی پیرەمێردی نەمر” چاپخانە محەمەدی سەقز، چاپی دووهەم 1386 هەتاوی، ل: 20 و 21.

[3] . “زانستی” ناوی قوتابخانەیەکی گەلی بووە لە سلێمانی کە سەرپەرشتەکەی پیرەمێرد بووە. ئەو قوتابخانەیە کە شەوانە کاری دەکرد بۆ ئەوە پێکهێنرابوو کە ئەو هەژار و کرێکار و دووکاندار و دەستگێڕانەی کە بە ڕۆژ لە بەر نان پەیدا کردن نەیان ئەپڕژایە سەر خوێندن، دەچوونە ئەو قوتابخانە و فێری خوێندن دەبوون. ئەو قوتابخانەیە وەکوو ڕکابەری حوجرە وابوو و دەیویست لەو خوێندنە کۆنانە وەکوو سەرف و نەحو تێپەڕێت و خوێندن و زانستی نوێ بێنێتە ئاراوە.

[4] . ئاماژەیە بەو رۆژنامەی کە پیرەمێرد سەرپەرشتیاری بووە و ژیانی بۆ تەرخان کردووە واتە رۆژنامەی “ژین”.

[5] . ئەم جۆرە گەشبینییە لە دەقی دیکەی پیرەمێرددا دەبینرێت. بۆ وێنە لەم بەیتەدا:

“شەوێ پیاوێک لە بەفراما، نەمرد ئاگرێکی لە دووری دێ/ لەلای من نائومیدی کفرە، ئەم ئاگرەی دڵم بۆ کێ”

بە بۆچوونی من چەن تایبەتمەندی سپینۆزایی لەم دەقەی پیرەمێرددا هەیە:

_ ئۆمێد لە دڵی تاریکیدا و تێپەڕاندنی بوونناسی نەرێنی ئاخرزەمانی.

_ گەشبینی عەقڵ و کرانەوەی بنبەستەکان بە هۆی هاتنی بابەتی نوێی ڕادیکاڵ.

_ ئیمکانە پێشبینینەکراوە بەدیعە دەروونماندەگارەکانی هەستی.

_ بەڵێ وتن بە ژیان و درێژەی ئاگری دەروون بۆ رئالیسمی شۆڕشگێڕانە…

[6] . ئەو بەیتە لە شێعری سروود بۆ قوتابی مناڵ وەرگیراوە. یان لە پارچەهەڵبەستێکی دیکەدا ئەو “هیوا بە زانست بۆ ئاوەدانی نیشتمانە” ئاوا دەردەبڕێت کە سروودی نەتەوەیی سروودێکی خوداوەندییە و قووتی دڵ و گیانە:

“شەماڵ دێنیتە گوێم دەنگی مناڵانی قوتابخانە / نەشیدی میللییان لاهووتیە قووتی دڵ و گیانە

هیوام پێیانە ئەم دەستە کوڕانە مەشخەڵێک هەڵکەن/ لە تاریکی نەزانیدا بە زانستی وەتەن دەرکەن…”

پیرەمێرد زۆر هۆشیارانە دەیزانی کە نەتەوە چەندە لە سەردەمی مۆدێرندا گرینگە کە زۆر جار بە شێوەی میتافۆرێک بە جێگەی “بە ناوی خوا: In the name of God” دەبێژرێت: “بە ناوی نەتەوە In the name of nation”. پیرۆز کردنی سروودی نەتەوەیی و ڕەنگی ئیلاهیاتی پێدانی لەو بازنەدا ڕاڤە دەکرێت. هەروەها لە تیۆرییەکانی “ناسیۆنالیزمی هەرڕۆژەیی: Banal nationalism”دا داکۆکی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانە دەکەن بۆ دەروونی کردنەوەی بیری نەتەوایەتی. هەر بۆیە پیرەمێرد زۆر هۆشیارانە ئەو بیرەی لە ڕێگەی قوتابخانەی “زانستی”یەوە بەربەرین دەکردەوە.

[7] . Shift Paradigm

[8] . ناسیۆنالیزمی داڕێژراو( Derivative Nationalism) لە داهێنانەکانی بیرمەندی پاشکۆلۆنیالیستی “پارتا کاترچی”یە. کاترچی لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ناسیۆنالیزم هەمێشە سکۆلار نییە و دەکرێت بە پێی شوێن-کاتە جیاوازەکان لەگەڵ کەلتوور و نەریت و یان ئایین تێکەڵاو بکرێت و فۆرماسیۆنی جیاواز بە خۆوە بگرێت. بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم بابەتە خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە کتێبی:

Partha Chatterjee, “Nationalist Thought and Colonial World: A Derivative Discourse”

[9] . ئەم دەستەواژە و چۆنیەتی ڕەنگدانەوەی لە ڕێبەرە ئایینییەکانی بزووتنەوە کوردستاندا لە کتێبی کەماڵ سولەیمانی بەم ناونیشانە شەنوکەو کراوە:

Soleimani, kamal, Islam and competing nationalism in the Middle East1876-1926, palgrave, 2016

[10] . بۆ نموونە لە ساڵی 1942بەڕێکەوت جەژنی نەورۆز و جەژنی مەولوود یەک دەکەون و پیرەمێرد جەژنی نەورۆز و جەژنی لە دایکبوونی پێغەمبەر لە پارچە هەڵبەستێکدا ئاوا دەردەبڕێت کە نیشانە لە گونجاندن و یەکخستنی نەتەوە و ئایین کە بە “ناسیۆنالیزمی ئایینی” چەمکاندنمان بۆ کرد:

“ڕەبیعی عەرەب، نەوبەهاری کورد/ دەست لە ملانیان لە بەهارا کرد

جەژنی مەولوودی پێغەمبەرانە / وا مەولوودمان کرد بە نەورۆزانە…”

[11] . شایانی ئاماژەیە کە خوێندنەوە و ڕاڤەی ئایین لای پیرەمێرد وتارێکی تایبەت و تێروتەسەل هەڵدەگرێت. بۆ نموومە دەتوانین بڵێین چەخماخەکانی ئیسلامی کوردی لای پیرەمێرد لێدراوە. پیرەمێرد کە دینداریشە لە وەڵامی مستەفا سائبی خۆشکەزای خۆی، کە بە تورکی نامەی بۆ نووسیوە لە شیعرێکدا وەڵامی دەداتەوە و  بەر تیر و توانجی دەدات و دەڵێت “مستۆ وادیارە تۆش جلخوارەکەی” جلخوار چەمکێکە وەکوو جاش کە کوردانی سەر بە تورکیا بوون و لە درێژەدا دەڵێت:

“ئێمە کە کوردین لەلامان وایە/ کوردی زمانێکی زۆر بێهاوتایە/ ناوی پێغەمبەر حەمەی ڕەسووڵە/ نوێژمان بە کوردی لای خوا قەبووڵە…”

پاشان باسی تەڵقین دەکات و دەڵێت:

ئەگەر تەڵقینم بە کوردی نەدرێ / گوێی لێ ناگرم با کفنم بدرێ/ گەر مەڕنەمووکەی عەرەب لێم پرسێ/ وای تێ ئەخۆرم کە ئەو بترسێ…”

لێکدانەوەی ئەم بەیتانە و کاریگەری ناسیۆنالیزم لەسەر دین لای پیرەمێرد مەجالێکی تایبەتی دەوێت.

[12] . مامەیارە گوایە یەکێک بووە لە دوانزە سوارەی مەریوان. پیاوێکی زۆر شۆخ و شەنگ بووە. ساباتێکی لە بەرماڵەکەی خۆی لە سلێمانی هەڵبستبوو. لە شەڕێکدا کە لە دەوروپشتی سلێمانی ڕوویداوە، هەر لەبەر ئەو گرد و ساباتە گولەتۆپێکی بەر دەکەوێت و دەکوژرێت. ئەو گردەیان بە ناوی ئەوەوە ناو ناوە مامەیارە. پیرەمێرد وەک خۆی دەڵێت ئەو شوێنەی کردە مەڵبەندی نەورۆزی کوردی.” ئاگری نەورۆز من هەڵمگرساندبوو و ساڵان لە گردی مامە یارە بوو…”. کە جەژنی نەورۆز ئەهات قوتابییەکانی زانستی کە دەستپەروەدی بیرۆکەی پیرەمێرد بوون دەبوونە پێشەنگ و سەرپەرشتی کەری گێڕانی ئاهەنگی نەورۆز. بەیانی ڕۆژی نەورۆز هەموو خۆیان ئەگۆڕی و تیپ تیپ بەرەو گردی مامە یارە ئەڕۆیشتن هەموو بە یەک دەنگ ئەیانوت:

یاد کەن برا کە یاد کەن / یادی کاوەی ئاسنگەر/ سەرڕی و شوێنی بگرن/ تاکوو وەتەن بێتە بەر…

لەم قۆناغە بەدوا چی دیکە نەورۆز تەنیا سەرهەڵدانی دووبارەی سرووشت و جوانی بەهار نییە بەڵکوو مانای سیاسی و ڕزگاری لە هەر جۆرە چەوساندنەوەیەک دەگرێتە خۆی.

پارچە هەڵبەستی “نەورۆز” کە بۆ کچان و کورانێ وتراوە کە لە ساڵی 1948دا خۆپیشاندانێکی گەورەیان کردووە، هەر لەم بازنەدایە کە ئێستەیش لە بۆنە نەورۆزییەکاندا دەخوێندرێتەوە:

“ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتە/ جەژنێکی کۆنی کوردە و بە خۆشی و بە هاتەوە… “