د.مستەفا زەنگەنە
نووسەر و مامۆستای زانکۆ، هەولێر
بەزۆری ڕۆشنبیرو زاناو فەیلەسووفەکان، لەکاتی بینینی هەڵەکاندا، بەتوندی قسە دەکەن و ڕەخنە دەگرن، ئەمەش ئەوپەڕی دڵسۆزییە بۆ حەقیقەت و ڕاستییەکان، بۆیە گەر ئەم وتارەی من تووڕەییەکی پێوە دیار بێ، ئەوە حەقیقەتەکانن کە تاڵن و کەمەرشکێنن.نەک خەسڵەتی دیاڵۆگی من.
یەکێک لەوڕاستییانە ئەوەیە کە،پەروەردەو خوێندنی هەر وڵاتێک، ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆجیای، دەسەڵاتی سیاسیی تیادا دادەڕێژرێت. لەنێوان بابەت و ڕستەو بایەخەکانی تاکدا دەپێچرێنەوە. هەر ڕۆژەی دڵۆپێک و هەرساڵەی سەتڵێکی ئەو فەلسەفە داگیرکارییە بەقوڕگی فێرخوازا،دەکەن ولەناخ و بیریاندا جێگیر دەبن کاتێک زانکۆ بەجێ دێڵێت، لە باتی ئەوەی ڕووبارێک زانستی پێبێت، سەیردەکات وا کەوتۆتە ڕووبارێکی بێ سەرو بنەوە و، خۆیشی مەلەوانی نازانێت،.بۆیە خوێندن و سستەم و پرۆگرامی خوێندن،دەکرێ کوشندەترین چەکی دواخستن ولەناوبردنی کۆمەڵگە بێت، ساڵانێک بوو، بەچاوی خۆمان دەمان بینی، هێزە کۆڵۆنیالزمەکانی دنیا، چۆن وڵاتانیان داگیر کردبوو، وڵاتی کوردستانیش بەهەمان جۆر، بگرە سیفەتی نیشتمان و یەک پارچەییشیان لێ سەندەوە، ئەوان کەهاتن، لەسەرتاسەری کوردستاندا قوتابخانەو پەیمانگەیان کردەوە، قوتابخانەی ڕوشدییە و هاوخوشکەکانی باشترین نموونەبوون، بۆنموونە لەوڵاتێکی وەکوو توونس و جەزائیر، کاتێ کەوتنە ژێر دەسەڵاتی فەڕەنسا، یەکەمین هەنگاویان ئەوەبوو، هەموو خوێندن و نووسراوی دەزگاکان بەفەرەنسی بن، تەنها فێری زمانەکە بن، دوور لەفێربوونی زانست، لەسەردەمی سەفەوی و عوسمانیشدا، هەمان ڕێکار و هەنگاوەکان گیرانە بەر، بۆیە زمانی فارسی و تورکی لە عێراقدا زاڵ بوو، ئێستايش لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی نەوەد و یەکەوە، کوردستان بەبێ ئاگاییەکی سەیرەوە، سستەمی جیاجیای وڵاتانی کۆڵۆنیالیزم دەکەنە سستەمی خوێندن،هەموو قوتابی، فێری زمانی تورکی و ئنگلیزی و زمانی سستمی ئەو وڵاتە دەکەن کەهێناویانەتە کوردستان، بەپشتبەستن، بەفەلسەفەیەکی بێ ناوەرۆک، ئەویش ئەوەیە کە گوایە (هەرکەسێک ئینگلیزی یان فرەنسی یان ئەڵمانی بزانێت،ئەوا کلیلی زانستەکانی دنیای لەدەستدایە.)
بڕوابوون بەم قسەیە بەنجکردنی عەقڵی نەوەکانمانەو لەدەستدانی متمانەیە بەعەقل و زمانی کوردی، تاکار گەيشتۆتە ئەوەی قوتابی وخوێندکاری کورد، هەوڵی ئەوە بدەن کەزمانی دایکی خۆیان لەبابەتەکانی خوێندن و خوێندنی زانکۆییدا هەڵگرن، بەبیانووی ئەوەی پسپۆرە جیاجیاکان چ پێویستییان بەزمانی کوردی نییە، ئێستا لەناو زۆرێک لەزانکۆکانی هەرێم و تەنانەت لەنێو ماڵانیشدا، نەوەکانمان بەغەیرە زمانی کوردی لێل یەکدا قسە دەکەن، ئەم ئاراستەیە، هاژووتنی شەمەنەفەری زانستە بەرەو شەتی سەرنگوومی.
بەڵام کاتێک دێین و سەیری باری زانست و ئاستی دەرچوانی قۆناغەکانی خوێندن دەکەین، هەموومان دەبینین و دەزانین،تووشی چ کارەساتێک بووینە، فەرموو بۆ نموونە، بەهەزاران ئەندازیارمان هەیە، بەڵام نەخشەی ئەپارتمان و فڕۆکەخانەو پردی هەڵواسراو و دەرهێنانی نەوت وکانزاکان و ئەندەرگراوند و، دەیان سێکتەری ديکە، دەبێ ڕاوێژکاری بیانی وکۆمپانیاو شارەزای بیانی چێی بکەن. نەک عەقڵێکی کوردی.خۆ لەبواری پزیشکیشدا هەمان ڕاستی دەبینی، ئەمەيش وایکردووە، نەخۆشخانەکانی دنیا بە نەخۆشی کورد خەنی ببن و نەخۆشخانە حکوومی ئەهلییەکانی خۆيشمان ئەوە وەزعیانە!!
لەماوەی ئەم زیاتر لەسی ساڵەی ڕاپەڕیندا، زانکۆکانمان، بەلێشاو قوتابی دەردەچوێنن، بەڵام بۆ وەدەسهێنانی بڕوانامەی باڵا یان بۆردی بوارەکانی پزیشکی ،جاران ڕوویاندەکردە،بەریتانیاو ئەمریکاو فەڕەنسا ، بەڵام وا پازدە ساڵێکە ڕوودەکەنە ئێران و ئۆکرایناو لبنان و میسر، چونکە قوتابیی دەرچووی ئێستا، دەزانێ لەم وڵاتانەدا، بڕوانامە هێنان فشەیەو ئەوانیش لەناو پرۆسەی وێرانکردنی زانستی ئەم وڵاتەدان،،
پرۆسەکانی خوێندن لەکوردسان، لەم هەموو ساڵانەدا بەو سیستمە ڕووکەش و ناوەرۆک بەتاڵانە فێرکردنیان سەپاندووە.ئەمەيش وایکردووە، ئێستا لەناو کۆمەڵگەدا، سەیری ناونیشانی جێگای وەدەسهێنانی بڕوانامەکان بکەن،تەنانەت ناوی زانکۆکانیش کاریگەریی لەسەر هەست و متمانەی تاک کردووە، سستمی جیاجیا وایکرد بیرو باوەڕی بێ توانایی زانکۆ حکوومییەکان لەناو خەڵکا لاواز بکات و ڕوو بکرێتە زانکۆی ئەهلی، ئێستايش هەرهەمان خەڵک وخاوەن ڕا، خەرێکە لەو بۆچوونانەیان پاشگەزدەبنەوە،
چونکە زۆرێک لەو زانکۆ ئەهلییانەیان بینی، کە ناوی گەورەو دێی وێرانن. تا کار گەيشتۆتە ئەوەی، بڵێن:-پارەی خۆت بدەو دەرچۆ….
یەکێک لە کارەکانی وڵاتە زلهێزەکان ئەوەیە، کە تاکی کورد بەچاوی گومانەوە سەیری هەموو بەهاو شکۆکانی خۆیبکات.
لەم سیاسەتەيشدا سەرکەوتنیان وەدەسهێناوەو توانییان بەسی ساڵ، سێ نەوەی ئەم نەتەوەیە، ئاوەزە وێران بکەن.
بۆیە لەماوەی ئەم سی ساڵەدا، کارلەسەر هەموو شتێک کراوە تەنها کارلەسەر ڕێکخست و گەشەسەندنی عەقڵ نەکراوە، گەر کرابێتیش جگە لەخەفەکردن و بەنج لێدان و سووکایەتیکردن بەعەقڵ،هیچی تر نەکراوە، ئێستا عەقڵی خوێنەواری کورد عەقڵێکی موعتادەو ئالوودەی مادە هۆشبەرەکانی دژ بە زانست و بەهاو داهێنان و خوێندنەو کتێبە، بۆیە نەدایکان و باوکان، نەدەسەڵات ناتوانن ڕێگاچارەی بەپەلە بۆ ئەم داڕمانە فرە ڕەهەندە بدۆزنەوە،کە ئەنجامێکی کارەساتباری لێدەکەوێتەوە.وڵاتی چین توانیی بەسی ساڵ ئەم کێشەیە چارەسەر بکات،بەڵام عەقڵی سیاسەتی پەروەردە لەهەرێمدا بەسەدساڵی ديکەيش ناتوانێ ئەم شەمەنەفەرە بەتاڵەلەهێڵ دەرچووە،بگەڕێنێتەوە سەرسکەکەی خۆی، چونکە، بۆ ئەم کارە مەزنە، شۆڕشێکی ڕۆشنبیرییانەی وەکوو هەنگاوەکانی ماوتسی تۆنغی دەوێت، ئەگینا بە ئاشکرا دەبینین.، هەرکاتێ عەقڵی کوردێک، بگاتە ئاستی داهێنان،ئەوا وڵات بەچێدێڵێت.
چونکە زەمینە سازی نەکراوە بۆگەشەکردنی درەختی داهێنان ، بۆیە لەم ژینگەیەدا سیس دەبێت و گەڵاکانی هەڵدەوەرێن. پێم ناخۆشە، من بەخۆم مامۆستای زانکۆ بم و نەتوانم هیچ گۆڕانکارییەک لەعەقڵییەتی پەروەردەدا ئەنجام بدەم، چونکە کێشەی کاربەدەستانی بوارو جمگەکانی دەسەڵات هێندەی قسە دەکەن، یەک لەسەر هەزاری قسەکانیان،گوێ لە خەڵکی دڵسۆزو لێزان ناگرن، سەیرلەوەیدایە، هەریەکەيشیان خۆی بە ئەنیشتاین و ئەفڵاتوون ناگۆڕێتەوە. لەکاتێکدا سەری زۆربەیان کوولەیەکی بەتاڵن. جگە لەزاراوەی بیانی کە بۆسەر لێشێواند بەکاریان دێنن، هیچ ڕێگاو پێشنیازو بیردۆزو ڕێکارو ڕێچکەیەکی نوێیان بۆدەرچوون لەم قەیرانە پێ نییە.