فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

وشەی جوان

داستان شەریف
نووسەر، سلێمانی
……………….
زمانەکەمان لە هەموو ڕوویەکەوە دەوڵەمەندە، بە تایبەتی لەڕووی کەسایەتییەوە. تۆ بڕوانە، کورد بە برای دایک وشەیەک بەکار دەبات و بۆ برای باب وشەیەکی جیا. بە خوشکی دایک و باب وشەیەک دەڵێت و بە براژنەکانیان دوو وشەی جیا. بۆ براژنی دایک؛ دەڵێین: خاڵۆژن، بە براژنی باوکیش دەڵێین: ئامۆژن یان مامۆژن. بە منداڵی برای دایک دەڵێین: خاڵۆزا، بە منداڵی برای باوک دەڵێین: ئامۆزا. بە خوشکەزاکانیشیان دەڵێین: پوورزا. بە خوشکی مێرد دەڵێین: دش، بە خوشکی ژنیش: ژنخوشک. بە برای مێرد دەڵێین: شووبرا یان هێوەر، بە برای ژنیش دەڵێین: ژنبرا. بە مێردی خوشک دەڵێین: زاوا، بە ژنی برا دەڵێین: براژن… بڕوانە ئەو هەموو وشە جوان و ڕەسەن و ماکەمان هەیە.
بە دایکی مێرد وشەیەک و بە باوکی مێرد وشەیەکی دیکە: خەسوو و خەزوور. ئەگەر پیاوی کورد ژنی دووەم یان زیاتر بهێنێتەوە ئەوا ژنەکەی بۆ منداڵەکانی دەبێتە باوەژن یان زڕدایک و کورد پێی دەڵێت باجی و منداڵەکانیشی دەبنە: هەنەزای ئەو ژنە. ئەگەر ژن شووی دیکە بکاتەوە ئەوا مێردەکەی دەبێتە: باوەپیارە یان زڕباوکی منداڵی ژنەکە.
خۆ ئەگەر بشڕوانینە باری ئەو وشەی هاوسەرگیرییەی ئێستا لەناو خەڵکدا بڵاوە. ئەوا دەردەکەوێت کە وشەی هاوسەرگیری، دەق وەرگێڕراوی  وشەی (زواج)ی عەرەبی و (married)ی ئینگلیزییە.
کورد لەمێژە گوتوویەتی: کچ شوو دەکات و کوڕیش ژن دەهێنێت.
کاتێک کچ دوای چەند ڕۆژێک دەچێتەوە ماڵی باوکی و شەوێک یان چەند شەوێک لەوێ دەمێنێتەوە، بەو خەوە دەڵێن: باوەخوون.
وەک دەشڵێن؛ ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکێشێت. خوا یار بێت بە تێروتەسەلتر لەم بابەتە دەکۆڵینەوە و ئەو کاتە بە توێژینەوەیەکی پوخت و بەسوود بڵاوی دەکەینەوە.