فیدراسیۆنی نووسەرانی کوردستان دیاسپۆرا

بوون، بوونێتی، زمان : تێڕامانێک لە سەر دیالکتیکی بوون و زمان!

یاداشت، عەبدولقادر نیازی
شاعیر و ڕەخنەگر، مەھاباد
( بە بۆنەی 25ی گوڵان، ڕۆژی زمانی کوردی)
ـــــــــــــــــــــــــ
زمان، کردەی نێوانگری نادیاری و دەرکەوتووییە. واتا زمان، ڕۆنانی بوونێتییە لە حاند نەبوونێتی دا و ڕەهایە لە هەر شتێک کە پێشتر خۆی دە خۆی دا هەبووە و بڕیارە ڕوو بدا. زمان ئیمکانە نەک مومکین. دازاین، نەک ڕوودان دە زماندا بەڵکوو مومکین کردنی ئیمکانە دە زەماندا. دازاین سۆبێکت نییە، ڕووداوە، بە واتای زاڵبوونی کردەی نمادین بە سەر دۆخی واقع دا. زمان ئامێری ئەو دەبەریەکدا ڕاوەستانەی کردەی نمادین و کردەی “واقع”ــە . بە واتای پڕبوونەوەی ئەو بۆشاییەی کە ئاگایی تێیدا هەست بە هێمنایەتی ئانتۆلۆژیک و بوونناسانە دەکا. ئاگایی زمانە کاتێ هەڵپەسێردراوە. خودئاگایی دەرچوونی زمانە لەو هەڵپەسێراوێتییە. مەودای نێوان بوون و نەبوون، سەلبییەتە. زمان درێخ کردنی سەلبییەتە لە بوون و مەودایە لە نێوان بوون و بوونێتیدا. بوونێتی درێژەی بوونە و زمان کردەی نێوانگری نێوان بوون و بوونێتی. بوونێتی پڕۆسەیە. بەو واتایە کە نەک کەرەستەی پێوەندی گرتن بەڵکوو بەستێنێکی تەواو مەعریفییە.
زمان، پرساژۆکردنی ئانتۆلۆژی و ڕەچەڵەکی بوونە. ڕووداو هەمان کاتمەندی ” بوون”ە کاتێ ڕەچەڵەکی هەیە. ڕەچەڵەک لێکەوتەی کۆناتووس و زمانە. بەو پێیە زمان هەمان کۆناتووسە و مومکین کردنی بوونێتی. زمان خودی بوونێتییە. درێژەی پڕۆسەی بوون. لەو سووچەوە زمان، تەرخان کراوێتییە بە کات و کۆناتووس. کۆناتووس، ستایلێکە لە دژبەرایەتی لە گەڵ بێ کاتێیەتی. سۆبێکتی بێ زمان بێ کاتیشە. مێژووی نییە. بایۆلۆژیکە. زمان، ستاندنەوەی بێ شوێنــ/ کاتییە لە بوون. زمان نەک مومکین کردنی بوون کە دەرخستنی ئیمکانەکانی مومکین بوونە. زمان مسۆگەر بوونی درێژەی پڕۆسەی بوونێتییە. کە باس لە بوون دەکرێ، نەک بە واتای حزووری فیزیکی بەلکوو بە واتای خۆ نواندن و ڕۆنانی خۆ وەک پاشکۆیەکی دیالکتیکیـ/مەعریفییە. وەک ڕیزبەند کردنی تۆێخەکانی ئاگایی لە پەنا یەکتر. یانی هاوشوێن کات کردنی نا/هاو شوێنــکاتەکان. نەبوون لەو گۆشە نیگایەوە پتر لەوەی دەلالەت بکا بە سەر عەدم یا نەبوونی فیزیکی، ئاماژەیە بە بێ هەڵوێستییەکی ئێگزیستانس لە حاند دۆخ و زەمان دا کە خۆی دەرهاویشتەی بەرهۆکاریی زمانە. نەبوون هەمان بەرگری کردنی مەعریفەناسانەیە لە ڕۆنران و نواندن. نەبوون واتا لەمپەڕدانان لە بەرامبەر زمان و کردەی مومکین و ئیمکانی بوون دا. ئەپۆخە یا هەڵپەسێراوی بۆ پێرسۆنای ئیگزیستانس کاتێکە کە لە سەر لێواری ئەو دوو دۆخە قەتیسماوە. ئەوە یانی زمان دیل و بارمتەیە و سۆبێکت هەروا دە دۆخی پێش مێژوویی یا ئاڕکائیک دا دەژی بەڵام نە مێژوومەندە نە بە نیازی ئافراندنێکی مەعریفیشە. ئەپۆخە یانی جودا نەبوونەوە لە سروشت و بە هەڵپەسێراو مانەوەی بوون. بەو پێیە، بوونێتی، نەستی ڕووحە واتا سۆبێکتبوون، واتا ئاخافتنی نەست لە ڕێگەی ئێگزیستەوە نەک دەرکەوتنی مرۆڤ بە یاریکاری زمانەوە. بوون، زمانی ڕووحە. ڕووح دەلالەتی زمانە بە سەر خۆیدا. بوون سەلبییەتی نەک زەوتکراو کە لکێندراوە بە کات. مرۆڤ کاتمەندە ئەویش کاتێ زمانمەند بێ. مرۆڤ زمانە و زمان بوون. سۆبێکتی بێ زمان سۆبێکتی مردوو و غایبە. بوون دە زماندا نەک بە واتای ئاخافتنی ڕووکەش و ڕووماڵ و شلەمەن و دەڵەمە بە زمان بەڵکوو بیرکردنەوە و تێڕامان و پرساژۆکردنی بوونە.

عەبدولقادر نيازی.jpg